ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی عێراق و ڕۆڵی کورد تیایاندا؛ ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئازاری ساڵی ١٩٩١ی.ز:

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی عێراق و ڕۆڵی کورد تیایاندا؛ ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئازاری ساڵی ١٩٩١ی.ز: 


دەبێ میللەت مافی خۆی وەربگرێت و تۆڵەی زوڵم و زۆرداری هەر بکاتەوە و هەر واش بوو، بۆیە بەرەی کوردستانی بە ئەنجامدانی پلانێکی تۆکمە داڕێژراو بە پشتیوانی سەرتاسەری جەماوەری کوردستان، لە ڕۆژانی یەکەمی مانگی ئازاری ساڵی ١٩٩١ی.ز دا بە گوڕوتینێکی واوە ڕێبەرایەتی ڕاپەڕینە مەزنەکەی کرد، کە پیاوانی ڕژێم و خوێن ڕێژەکانی وەکوو پووش و پەڵاشی دەم ڕەشابایان لێ هات.

دەزگاکانی ڕژێم لە بارەگای حیزبی و ئەمن و ئیستخبارات و موخابەرات و جەیشی شەعبی و سوپا کەوتنە بەر زەبری ڕق و تۆڵەی ڕۆڵەکانی میللەت و شۆڤێنییەکان سزای ڕەوای خۆیان وەرگرت، ئەوەشی دەرفەتی هێنا هەڵهات و چووە نێو باوەشی ڕژێمەوە.

ئەوە لە یاد نەکەین کە ئەم ڕاپەڕینە مەزنە لەناکاو و لە خۆەوە رووی نەداوە، ڕاستە سەرانسەری میللەت بە پیاو و ژن و منداڵە بەشداریان تێداکرد، بەڵام هەر وەکوو ئاماژەمان پێکرد، نەخشەی ڕاپەڕین کێشرابوو بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٩١ی.ز کە بڕیاردرابوو تێکۆشانی چەکدارانە لەناو شارەکاندا دەست پێ بکات هەر پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی کوردستان رێ نیشاندەربوون و هەر ئەوانیش بەهاناوە هاتن.

ڕاپەڕینەکەی ئازاری ١٩٩١ی.ز چی بەدەست هێنا…؟

١- ڕزگارکردنی سەرتاپای کوردستان لە زاخۆەوە تا خانقین.
٢- هەموو پارت و چینەکانی کوردستان هاوبەشیان لە ڕاپەڕینەکەدا کرد.
٣- ڕژێم سووک و ڕیسوا بوو، ئەو هەیبەتە ترسناکەی لەناو خەڵکدا هەیبوو سڕایەوە.
٤- چەک کردنی زیاتر لە دوو فەیلەق و خۆ بەدەستەوەدانی زیاتر لە ١٠٠هەزار سەرباز و دەست بەسەراگرتنی هەموو چەکەکانیان بەچەکی قورسیشەوە.
٥- دەست بەسەراگرتنی هەموو نهێنەکانی ئەمن و ئیستخبارات.
٦- کەلوپەل و کەرسەی حیزبی و سەربازی وکەرسەی سەر بە مەقەڕ و پارت و سوپا، کە بەهای سەدان ملیۆن دینار بوو، کەوتە دەست خەڵکەوە.

تعليقات