بزووتنەوەی ئیستعیماری نوێی ئەورووپی لە نیشتمانی عەرەب لە سەدەی نۆزدە و بەرهەڵستی عەرەب لەسەدەی (١٩) و سەرەتایی سەدەی (٢٠)دا:

بزووتنەوەی ئیستعیماری نوێی ئەورووپی لە نیشتمانی عەرەب لە سەدەی نۆزدە و بەرهەڵستی عەرەب لەسەدەی (١٩) و سەرەتایی سەدەی (٢٠)دا: 


ئەلف- هاتنە ناوەوەی دەسەڵاتی بەریتانیا بۆ کەنداو و عێراق:-

مێژووی هاتنە ناوەوەی دەسەڵاتی بەریتانیا بۆ کەنداو بۆ سەدەی حەڤدەی زایینی دەگەڕێتەوە، ساڵی ١٦٠٠ی.ز بەریتانیا کۆمپانیای هیندی-خۆرهەڵاتی لە لەندەن دامەزراند بۆ ئەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ بڵاو کردنەوە و جێگیرکردنی سیاسەت و بەرژەوەندییەکی بەریتانیا لە نزماییەکانی زەریای هیندی و ناوچەکانی دەورووبەری.

بەریتانییەکان لە کەنداودا (بەندەر عەباس)یان کردە مەڵەبەندێکی سەرکەی چالاکییە سیاسی و بارزگانییەکانیان بۆ ماوەی زیاتر لە ١٥٠ساڵ.

کاتێک بایەخی ئەم بەندەرە ڕووی لە کەمی کرد لە ئەنجامی ئەو ئاژاوەیەی ناوچەکەی گرتبووەوە لە ناوەڕاستی سەدەی (١٨) لەبەر ئەوە بەریتانییەکان بنکەکانیان بۆ بەسرە گواستەوە و لە ساڵی ١٧٦٢ی.ز دا بەریتانییەکان بارەگایان بردە (بووشەهر)، ئەو کاتەش کە بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە هیندستان بەهۆی شۆرشی فەڕەنسا و هێرشی تاپلیۆن بۆ میسر و هەڕەشەکردنی لە ڕێگای هاتووچۆی بەریتانی لە خۆرهەڵاتدا کەوتە مەترسیەوە، بەریتانیا نرخ و بایەخی ستراتیژی کەنداوی بۆ دەرکەوت بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی لە هیندستاندا، لێرەوە بەریتانیا کەوتە هەوڵدان بۆ دەست بەسەرداگرتنی کەنداو دوواتریش بۆ هاتنە ناو عێراق، چونکە عێراق کەوتبووە سەر ریگای هیندستان.

١- بەرژەوەندییە ئابوورییەکان:-

١- بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بەریتانیا لە ڕووی ئابوورییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٦٣٥ی.ز ئەو ساڵەی یەکەم کەشتی بەریتانی گەیشتە بەندەری بەسرە.

لەساڵی ١٧٣٣ی.ز یشدا بەریتانییەکان بەمەبەستی سەرپەشتیکردنی بەرژەوەندییەکان مەڵبەندێکی هەمیشەییان لە شارەکەدا کردەوە.

سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی بوو بەهۆی زۆربوونی ڕێژەی نێردراوەکانی بەریتانیا بۆ دەرەوە، ئەمەش پێویستی بە بازاڕ هەبوو بۆ ساغکردنەوە کاڵا پیشەسازییەکان، جگە لەمەش کردنەوەی نۆکەندی سوێس لەساڵی (١٨٦٩ی.ز) بووە هۆی کورتکردنەوەی ڕێگای هاتووچۆی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوا و کەمبوونەوەی تێچوونی گواستنەوەی ئاوی.

عێراق جگە لەوەی دانەوێڵە و خورما و خوری و پێستەی بۆ بەریتانیا دەنارد، بازاڕێکیش بوو بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی بەریتانیا، ڕێگایەکی هاتووچۆش بوو کەلوپەلەکانی بەریتانیای پێدا تێدەپەڕی بۆ ئێران.

هەروەها لە عێراقدا لقی چەند بانقێکی بەریتانی دامەزرا بۆ کار ئاسانی بازرگانی و بەرهەمهێنانی سەرمایەی بەریتانی.

دۆزینەوەی نەوت چالاکی دەوڵەتە ئەورووپییەکانی بەتایبەت بەریتانیا و ئەڵمانیای لە عێراقدا زیاتر کرد لە پێناو وەرگرتنی مافی دەرهێنانی نەوت لە دەوڵەتی عوسمانی.

پاش ململانێیەکی زۆر بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا ڕێککەوتن لەسەر دامەرزاندنی کۆمپانیای نەوتی تورکی، کە مافی دەرهێنانی نەوتی لە دەوڵەتی عوسمانی پێدار، بەڵام هەڵگیرسانی جەنگی یەکمی جیهانی پرۆسەی دەرهینانی نەوتی دوواخست.

٢- بەرژەوەندییە ڕامیاری و سەربازییەکان:-

بەریتانیا بایەخێکی زۆری بەپاراستنی ڕێگاکانی هاتووچۆی بازرگانی دەدا، بەتایبەتی ڕێگای هیندستان، بۆ ئەم مەبەستەش لەماوەی سەدەکانی حەڤدە و هەژدەدا ڕووبەرڕوووی پورتوگالییەکان، هۆڵەندییەکان، فەڕەنسییەکان وەستایەوە، لێرەوە بەرژەوەندییە سیاسی و سەربازییەکانی بەریتانیا لە عێراق دەستی پێکرد.

سەرەتا بەریتانیا هەوڵی ئەوەیدا ڕووباری فورات بۆ هاتووچۆی نێوان دەریای ناوەڕاست و کەنداو بەکاربهێنێ و ئەوە بوو ساڵی ١٨٦١ی.ز (هینری لینج) مافی بەڕێ خستنی کەشتی وەرگرت لە حکوومەتی عوسمانی لە ڕووبارەکانی عێراقدا و خێزانی لینج ( کۆمپانیای کەشتیوانی بازرگانی دیجلە و فورات)یان دامەزراند، ئەم کۆمپانیایە ڕۆڵێکی گرنگی بینی لە چەسپاندنی بەرژەوەنییەکانی بەریتانیا لە عێراقدا.

هەروەها بەریتانیا بایەخیدا بە دامەزراندنی ڕێگا نوێیەکانی کە بە عێراقدا تێدەپەڕین چونکە دەست بەسەر داگرتنی نۆکەندی سوێس لە لایەن فەڕەنسییەکانەوە، هانی سەرمایەدارە ئینگلیزەکانی دا بۆ بیرکردنەوە لە دۆزینەوەی رێگایەکی نوێ تا بەربەرکانێی نۆکەندی سوێسی پێبکەن.

بۆ ئەم مەبەستە بەریتانییەکان لیژنەیەکیان دامەزراند بۆ لێکۆڵینەوە لە پڕۆژەی ڕاکێشانی هێڵێکی ئاسن لە نێوان دەریای ناوەڕاست و کەنداو.

بەڵام بەهۆی تێچوونی زۆری پڕۆژەکەوە حکوومەتی بەریتانی پڕۆژەکەی پەسەند نەکرد، بەریتانییەکان دژی پڕۆژەی هێڵی ئاسنی (بەرلین-بەغدا-بەسرە)ش وەستانەوە کە ئەڵمانیا دەیویست ئەنجامی بدات.

هەروەها بەریتانیا بایەخێکی گەورەیدا بە دروستکردنی هێڵی برووسکەیی، تا لە ڕێی عێراق و کەنداو و ئێرانەوە بەهیندەوە ببەسترێتەوە.

دەسەڵاتی بەریتانیا لە عێراق وردە وردە زیاتر دەبوو، تا وای لێهات دەستیان دەخستە نێو هەموو کاروبارێکی ناوخۆی عێراقەوە.

هاتنە ناوەوەی بەریتانیا بۆ عێراق و کەنداو ڕووبەڕووی زۆر کۆسپ و تەگەرە بووەوە، وەک ڕووبەرووبوونەوەی والی عێراق سلێمان پاشای بچووک (١٨٠٨-١٨١٠ی.ز) لەگەڵ نوێنەری نیشتەجێبوونەوەی بەریتانیا لە عێراق (کلۆدیوس جیمس ریچ) کە نەیدەویست دەست لە کاروباری ناوەوەی عێراق وەربدات.

بەڵام دەوڵەتی عوسمانی لە زۆرکاتدا دەیوست بەرنگاری چوونە ناوەوەی بەریتانیا ببێتەوە، بەڵام ئەم کێشەیەی ئەوەندە بە بایەخ نەگرتبوو، لە هۆیەکانی سەرنەکەوتنی ئەم هەوڵانە لاوازیی حکوومەتی عوسمانی و نەتوانینی بوو لە بەرهەڵستی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا بەهێزی سوپایی.

لە کەنداویشدا بەریتانییەکان تووشی بەرەنگاربوونەوەی خێڵە عەرەبییەکانی وەک (ئەلقەواسم) لە عومان و عەرەبەکانی مەسقەت و بەحرەین و قەتەر و کوەیت.

مەترسی بەریتانییەکان لە پەرەسەندنی بەرهەڵستی عەرەبی لە لایەک و هەروەها مەترسی لە ململانێی دەوڵەتە ئەورووپییەکان لە لایەکی تر پاڵی بە بەریتانیاوەدا تا کۆمەڵێک رێکەوتننامەی نابەرامبەر لەگەڵ میر و شێخەکانی مەسقەت و بەحرەین و کوەیت و قەتەر ببەستێت، بەمەبەستی مانەوەی دەسەڵاتی لە شێخ نشینەکاندا ڕاگرتنی سەربەخۆیی فەرمانڕەواکان و بەستنەوەی ڕامیاری دەرەوەیان، بەڵام ئەم ڕێککەوتنانە نەبوون بە ڕێگر لەبەردەم سەرهەڵدانی چەندین ڕاپەڕین دژ بە بەریتانییەکان.

تعليقات