بزووتنەوەی ئیستعیماری نوێی ئەورووپیی لە نیشتمانی عەرەب لە سەدەی نۆزدە و بەرهەڵستی عەرەب لەسەدەی (١٩) و سەرەتایی سەدەی (٢٠)دا؛ پەلاماری بەریتانیا بۆ سەر سوودان ساڵی ١٨٩٨ی.ز:

بزووتنەوەی ئیستعیماری نوێی ئەورووپیی لە نیشتمانی عەرەب لە سەدەی نۆزدە و بەرهەڵستی عەرەب لەسەدەی (١٩) و سەرەتایی سەدەی (٢٠)دا؛ پەلاماری بەریتانیا بۆ سەر سوودان ساڵی ١٨٩٨ی.ز:


بەریتانیا بە گەرمی کەوتە کارکردن بۆ ڕووخاندنی ئەو دەوڵەتەی کە (مەهدییەکان) لە سوودان دایانمەزراندبوو.

بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە خدێوی میسر(عەباس حلیمی) کرد هاوکاری بکات، سوپایەکی هاوبەش لە هەر دوولا بەسەرکردایەتی (کتشنەر) فەرماندەی گشتی سوپای میسر پێکهێنرا.

دەوڵەتی مەهدییە لە چەندین لاوە ڕووبەڕووی هێرش و پەلامار بووەوە، ئەو کاتەی لە ساڵی ١٨٩٦ی.ز زلهێزەکانی بەریتانیا بە فەرماندەیی کتشنر لە باکوورەوە هێرشیان دەکردە سەر سوودان، لە هەمانکاتدا هێزێکی فەڕەنسا لە باشوورەوە بە فەرماندەیی (مارشان) پەلاماریان دەدا، هەر دوو هێزەکە ڕووبەڕوو بە یەکگەیشتن، لە فاشودە (پایتەختی خێڵەکانی شلک لە باشووری سوودان) ئەو ڕووبەڕووبونەوەیەش بە (کێشەی فاشودە) ناسراوە لە مێژوودا.

ئەم کێشەیە بەپێی ڕێککەوتتامەی ٢١ی ئاداری ساڵی ١٨٩٩ی.ز لە نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا لەسەر بنچینەی یەکسانی هێزەکانیان نەک تەنها لە ئەفریقیا بەڵکوو لە هەموو جیهاندا کۆتایی پێهات و بەپێی ڕێککەوتنەکەش سوودان بوو بە ناوچەیەکی دەسەڵاتی بەریتانی.

دووای ئەم رێککەوتنە هێزەکانی بەریتانیا هێرشیان کردە سەر مەهدییەکان و سەرنجام سوپای بەریتانیا توانی لە چەند شەڕیکدا بەسەر مەهدییەکاندا زاڵ بێت، لەو شەڕانەدا خەلیفەی مەهدی ( عەبدوڵڵا نەعایشی) لەگەڵ بەشێک لە فەرماندەکانی کوژران، بەمەش دەسەڵاتی مەهدییەکان کۆتایی پێهات و سوودان داگیر کرا.

لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٩٩ی.ز بەریتانیا بە پێی ڕیککەوتنێک لە قاهیرە لە نێوان بەریتانیا و میسر، فەرمانڕەوایی دوو قۆڵی (بەریتانی-میسری) دانا بۆ بەڕیوەبردنی سوودان بە دووقۆڵی، بەڵام لە ڕاستیدا دەسەڵات هەر بە دەست بەریتانیەکانەوە بوو.

تعليقات