خەوننامەی کوردی، بەشی پە؛ پۆشاک:

خەوننامەی کوردی، بەشی پە؛ پۆشاک:



دانیال پێغەمبەر دەفەرمێ: جلک لە خەودا، کار و کاسبی پیاوە.
ئەگەر جلکەکانی خۆی بە جوان و باش هاتنە بەرچاو، ئەوا کار و کاسبییەکەی باش دەبێت.
ئەگەر جلی ناشرینی بینی، واتە کار و کاسبییەکەی خراپ دەبێت.
ئەگەر حاکم و فەرمانڕەوا لە خەویدا دیتی جلکەکانی ڕەشن، نیشانەی باشی حاڵ و بارودۆخییەتی.
ئەگەر هەژار و خەڵکی سادە بینی جلکەکانی ڕەشن، نیشانەی خەم و مەینەتییە و جلی زەرد لە خەودا، نەوخۆشییە و جلی سوور لە خەودا، دڵخۆشییە و سەرکەوتن و گوێڕایەلیش بۆ جلی سەوزە، چونکە پۆشاکی بەهەشتییەکانە، ئەوەش چاکە.
هەروەها جلی سپی شوردراو، جێبەجێ بوونی کاری خەڵکییە و جلی کەوە دێز (خۆڵەمێشی)، نیشانەی زەرە و زیانە و جلی سووتاو، زیانە بەهۆی فەرمانڕەوا و جلی دڕاو، ئاشکرابوونی ڕاز و نهێنییە و جلی تووکن و نەوگ و پەڵاس، هەموو واتە ماڵ و سامان و خواستەکانی بەدەست دێنێت و جلی پینەکراو، نیشانەی هەژاری و دەست کورتییە و جلی چڵکن لە هەر جۆرە جلێک بێت، نیشانەی خەم و مەینەتییە و جلی کاغەزی، نیشانەی سەرزەنشت و دزێوییە و جلێک کە لە پێستی گیانەوەرە چوارپێیەکان دروست کرابێ، خێر و قازانجە کە پێ دەگات.
جلی بێ تەقەڵ وەکوو کفن، واتە کارە ئایینییەکانی تەواو بووە و تەمەنی گەیشتووەتە کۆتاییەکانی.
ئەگەر دیتی پێستی کەری پۆشیوە، ئەوا ڕێز و گەورەیی پەیدا دەکات.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی جلی زۆر باش و بەشکۆی پۆشیوە، ئەوا ئەگەر خۆی بەڕاستی ئەو جلانەی لەبەر دەکرد، کارەکەی پتەوتر دەبێت.
ئەگەر دیتی جلی شالیاری لەبەر کردووە، پارە و سامانی زۆر پەیدا دەکات، بەڵام خەڵکی سەرزەنشتی دەکەن.
ئەگەر دیتی جلی بەرگری (وەکوو گوللە نەبڕ و شتی وا)ی لەبەر کردبوو، واتە لە لێبوردنی گەورە بەرپرسانەوە بێبەش دەبێت.
ئەگەر بینی گەنجێک جلی فریاکەوتنی لەبەر کردبوو، ئەوا لە لایەن ئەو کەسەی کە هاوکاری کردووە، بەخشیشی دەدرێتێ.
ئەگەر دیتی جلکی جەلادی (زاڵم و بێ بەزەیی) پۆشیبوو، واتە قازانجی دەست دەکەوێت.
ئەگەر دیتی جلی یاوەران (سەحابەکان)ی لەبەر کردبوو، واتە دەست پاک و زمان پاراو دەبێت و بە میوانی رێکخستنی خەڵکییەوە سەرقاڵ دەبێت.
ئەگەر دیتی جلی سۆفییایەتی لەبەر کردووە، واتە بیروباوەڕی ئایینی زیاتر دەبێت.
ئەگەر بینی جلی داوێن پاکانی لەبەر کردییە، واتە دەست پاکە.
ئەگەر بینی پۆشاکی کەسە گەورەکانی پۆشیوە، واتە کار و کاسبییە دونیاییەکی باشە.
ئەگەر بینی پۆشاکی پیاوچاکان و کەسە باشەکانی لەبەر کردووە، واتە کارە ئایینییەکەی بە چاکە بۆ دەگەڕێتەوە.
ئەگەر دیتی جلکی خراپەکارانی لەبەر کردووە، واتە کەسانی خراپەکار تووشی خەم و مەینەتی دەکەن.
ئەگەر بینی جلی سوور یان جلی کرێی لەبەر کردبوو، واتە دوو دڵ و پەرێشان دەبێت.
ئەگەر دیتی جلی پزیشکەکانی پۆشیوە، واتە ئەو کارەی دەیکات، باشە و ناوبانگی لە نێوان خەڵکیدا دەنگ دەداتەوە.
ئەگەر بینی جلی جوولەکەکانی لەبەردایە، واتە بە فێڵ و تەڵەکەبازی، کەسێک دەکوژێت و دوواجار کارە گەنەکەی ئاشکرا دەبێ.
ئەگەر دیتی جلی مەسیحییەکانی لەبەردایە، واتە کارێک دەکات کە بە هۆیەوە، لەلای دۆست و دوژمنەکانیدا لە ئاسایشدا نابێت.
ئەگەر دیتی جلی قەشەی لەبەردایە، واتە بەرژەوەندیخوازە، مەیلی بە لای گومڕاییدایە.
ئەگەر دیتی جلی موغان (گرووپێکی دینی، ئێرانی و کوردی)ییە لەبەر دابوو، واتە ئارەزووی بەلای بێ بڕواکان و نەزانەکاندایە.
ئەگەر دیتی جلی کەسێکی هەڵگەڕاوە لە دینی لەبەردایە، واتە کەسێک بەخشیشێکی دەداتێ و پاشان لێ دەستێنێتەوە.
ئەگەر بینی جلی بت پەرستی لەبەردایە، واتە بە خزمەت کردنی فەرمانڕەوا سەرقاڵ دەبێت و یانیش خزمەتی کەسێکی گەورە دەکات.
ئەگەر دیتی جلکی ژنێکی لەبەردایە، واتە لە کوێخا و گەورەکەی خۆی دوور دەکەوێتەوە.
ئەگەر دیتی جلکی زیندانیانی لەبەردایە، ئەوا بەهۆی کارێکەوە دڕدۆنگ و خەمبار دەبێت.
ئەگەر دیتی جلکی حەمباڵێکی پۆشیەوە، واتە ئەوەندی دەست پاک دەبێت کە خەڵک ئەمانەتی لەلا دادەنێن و بەرچاو و بەناوبانگ دەبێت.
ئەگەر بینی جلی گۆڕکەن (گۆڕ هەڵکەن-چالەکە-قولەبەشە)ی لەبەردابوو، واتە بە خزمەتکردنی پیاوێکی پەست و ئاست نزم و تێنەکۆشەرەوە سەرقاڵ دەبێت.
ئەگەر بینی جلی قەشەکانی لەبەردایە، واتە لە لایەن کەسێکی چاکەکارەوە ڕزق و ڕۆزی حەڵاڵی دەست دەکەوێت.
ئەگەر دیتی جلی قەسابی لەبەردابوو، واتە زەرە و زیانی پێدەگات.
ئەگەر دیتی جلێکی بەشان و شکۆی لەبەر کردووە، واتە لەگەڵ ئافرەتاندا قسەی ڕاست و دروستی هەیە و درۆیان لەگەڵ ناکات.
ئیبن سیرین دەڵێ: ئەگەر دیتی جلی هاوینەی لە زستاندا لەبەر کردبوو، ئەوا بەقەدەر جلەکەی بەری، ماڵ و پارەی دەست دەکەوێت.
ئەگەر دیتی جلکی زستانەی لە هاویندا لەبەر کردبوو، نیشانەی ترسە، ئەگەر ژنێک لە خەویدا دیتی جلکی پیاوانی لەبەر کردبوو، نیشانەی سوود و قازانجە.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی جلکی کەسە گەورەکان و خانەدانەکانی لەبەر کردبوو، نیشانەی گەورەییە.
ئەگەر دیتی جلکی زیناکار و داوێن پیسەکانی لەبەردابوو، نیشانەی گوناه و تاوانە.
ئەگەر بینی جلوبەرگی سوڵتانەکانی لەبەر کردبوو، واتە لەلایەن پاشاوە سوودی پێدەگات.
ئەگەر بینی جلوبەرگی زاناکانی لەبەردابوو، واتە دەست لە دونیا بەردەدات.
ئەگەر بینی جلی دەوڵەمەندەکانی لەبەردا بوو، واتە حەزی لە کۆکردنەوەی پارە و سامانە.
ئەگەر بینی جلی مەسیحی و جوولەکەکانی لەبەردا بوو، واتە بینەری خەوەکە زیاتر حەزی بەلای ئایینی ئەواندا دەچێ.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵی: ئەگەر جلی تازەی هەبوو و پارچە پارچەیان نەکردبوو، باشە و جلی تەسک و لەش دەرپەڕیو خراپە و جلی خام لە جلی دەستکاریکراو باشترە و جلی زێڕین و سیمدار، ژنی چاک و کەنیزەکی بەهرەدارە و جلی هێڵدار و خەت خەتی، خێر و قازانجە و جلی قوماشێکی خراپیش، برینی قامچییە، یان خەمێکی قووڵ و سەختە کە تووشی دەبێت و جلی دیاریکراو و باش ماڵ و سامان و خواستەکانە.
جابری مەغریبی دەڵێ: لێکدانەوەی خەو دیتن بە جلوبەرگەوە، دوو جۆرە: جۆرێکیان پەیوەندی بە دینەوە هەیە و جۆرەکەی تر پەیوەندی بە دونیاوە هەیە و جلی سپی دینە و جلی تازە و مەندێل، دونیایە.
ئەگەر کەسێک دیتی جلکی سپی و تازە و خاوێنی لەبەردابوو، واتە هەم دین و هەم دونیای بە باشە بۆ دەگەرێت.
هەروەها ئەگەر جلی سەوز و تەسکی دیت، واتە هەم دین و هەم دونیاشی خراپە و ئەگەر جلی چڵکن و دڕاوی بینی، ئەوا واتای گەندەڵی دین و گەندەڵی دونیایە و جلی سوور بۆ ئافرەتان واتای باش دەگەینێت لە دونیادا و بۆ پیاوانیش هەر باشە.
هەروەها جلی ڕووپۆش و عەبا و فەقیانە و ئەوانە هەموو بۆ پیاوان، خەم و مەینەتییە یان شەڕ و ناکۆکییە و جلی زەرد بۆ پیاوان نەخۆشییە و بە گوتەی هەندێ لە لێکدەرەوانی خەو: ئەگەر بینی ئافرەتێک جلی زەردی پۆشیوە، واتە شوو دەکات، ئەگەر مێردی هەبوو واتە نەخۆش دەکەوێت.
جلی سەوزیش بۆ ئافرەتان و پیاوان واتای دین دەگەینێ، ئەگەر لەبەر مردوودا بینی، لەبەرژەوەندی باشی دیندایە و واتای ڕزگاربوونە لە دوواڕۆژدا و جلی ڕەش بۆ کەسێک کە خۆی بەردەوام جلی ڕەش لەبەر دەکات باشە، بەڵام بۆ کەسێک کە بەردەوام جلی سپی دەپۆشێت، جلی ڕەش بینین لە خەویدا، باش نییە بۆی نە لە دین و نە لە دونیایدا.
هەروەها دیسان لەبارەی جلی ڕەشەوە، هەندێ لە لێکدەرەوانی خەو دەڵێن: بۆ وتاربێژ و قازی و فەرمانڕەوا باشە، بۆ هەژار و خەڵکی ئاسایی، خەم و مەینەتییە، هەروەها جلی کەوە و بۆر و بۆز، بوختان و خەم و بەڵایە.
ئەگەر بینی جلی ڕەنگاوەڕەنگی لەبەردابوو، واتە سەوز و سوور و زەرد، ئەوا لە حاکم و فەرمانڕەوا و والی ئەو وڵاتە: قسەیەکی توندی گوێ لێدەبێت کە ئەو پێی خوشحاڵ نابێ.
ئیسماعیلی کوڕی ئەشعەس دەڵێ: ئەگەر کەسێک لە خەویدا دیتی جلێکی پۆشیوە کە بەری لە ڕەنگێکە و پشتی لە ڕەنگێکی تر، واتە لە نێوان ئەهلی دین و دونیادا بە پەستی و سووکی دەژیت.
ئەگەر بینی جلکەکانی خۆی دەخوارد، واتە پارە و سامانی زۆر خەرج دەکات.
ئەگەر بینی جلی ژێرەوەی لەبەر کردبوو، واتە لە گەشتێکدا دەمێنێتەوە، یانیش بەهۆی کارێکەوە دەخرێتە زیندانەوە و هەروەها ئەگر دیتی جلکەکانی لەناو چوون، یان لێیان سەند و ئەویش بە ڕووتی مایەوە، واتە ڕێز و حورمەتی کەم دەبێتەوە و سووک و بێ کەڵک دەبێت.
ئەگەر بینی جلەکانی خۆی دڕاند، واتە خەمبار و بێزار دەبێت و لەگەڵ ژنەکەی خۆیدا ناکۆکی دروست دەکات.
ئەگەر بینی جلەکانی خۆی یان جلەکانی ماڵ و کەسەکانی خۆی مۆماوی کرد، واتە لە نێوان خۆی و خزم و کەسەکانیدا ناکۆکی دروست دەبێت.
ئەگەر بینی کەسێک جلەکانی برد و ئەویش بە ڕووتوقووتی مایەوە، واتە ڕێز و حورمەتی نامێنێت.
ئەگەر دیتی جلی دەقکراوی کردەوە، واتە گەشت دەکات.
ئەگەر بینی جلکی کراوەی دەق کرد، واتە کەسێک کە لێ دوور کەوتووەتەوە، دەگەڕێتەوە.
ئەگەر بینی جلوبەرگی ژنانی لەبەر کردووە، واتە پارە و سامانی زۆر دەبێت و بەڵام ئەگەر ترسێکی زۆر ڕووی تێکرد، ئەوا بە گوتەیەک کە دەڵێن: واتە تووشی خەم و خەفەت دەبێت و بێ ڕێز دەبێت.
ئەگر بینی جلکی پاسەوانی لەبەردایە، واتە خێر و قازانجی دەست دەکەوێت و دۆزینەوەی جل لە خەودا، گەشتە و بە ئەندازەی درێژی و کورتی جلەکە، لەو گەشتەدا دەمێنێتەوە.
ئەگەر دیتی جلکەکانی تەواو کرد، واتە لە خەم و مەینەتی ڕزگاری دەبێت.
ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: جلی نوێ لە خەودا، چوار واتای هەیە.
یەکەم: ژن. دووەم: حاکم و فەرمانڕەوا، سێیەم: پارە و سامان. چوارەم: خێر و قازانج.
هەروەها دەشڵێت: ئەگەر بینی جلکەکانی خۆی بە مەقەست-قەیچی دەبڕی، واتە شتێکی دەست دەکەوێت.
ئەگەر بینی گیرفانی جلەکانیان دەرکێشایە دەرەوە، واتە خراپەکاری لە نێوان ژنەکانیدا سەر هەڵ دەدات.
هەروەها بینینی جلوبەرگ بەگشتی، حەوت واتای هەیە.
یەکەم: دینی پاک. دووەم: دەوڵەمەندی. سێیەم: ڕێز و پێگە. چوارەم: سوود و قازانج. پێنجەم: ژیانی خۆش. شەشەم: کار و کردار. حەوتەم: دادپەروەری.

تعليقات