بەشی سی و چوارەمی مێژوو؛ میرنشینی بابان:

لەم ماوەیەدا بابان لە هەموو میرنشینەکانی تری باشووری کوردستان بەهێز و تواناتر بوو، بۆیە جار پێی دەگوترا حکوومەتی کوردستان.


لە کۆتاییەکانی سەدەی پازدەیەمی زایینی لە ڕۆژهەڵاتی میرنشینی سۆران میرنشینێک بە ناوی (بابان) دامەزرا.
ئەم میرنشینە دوای ملکەچکردنی هەندێ ناوچە و هۆزی دەورووبەر بەرەو باشوور فراوانخوازی کرد و ناوچەکانی شارباژێڕ و کەرکووک و کفری بەدەستەوە گرت.
لەم میرنشینەدا چوار بنەماڵە حوکمیان دەکرد تا لە کۆتاییەکانی سەدەی شازدەیەمدا هەڵوەشایەوە.
لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدیەمەدا (فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە) لە ناوچەی مەرگە و پشدەر سەر لە نوێ بناغەی میرنشینی بابانی دامەزراندەوە، ئەمە بنەماڵەی پێنجەمی بابانە کە تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم بەردەوام بوو.
فەقێ ئەحمەد و نەوەکانی لە فراوانکردنی دەسەڵاتیان بەردەوام بوون تا ناوچەی ماوەت و شارباژێڕ و هەروەها هۆزی (بڵباس)یان خستە نێو چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیانەوە.
لە سەردەمی بابا سڵێمان لە ساڵی (١٦٦٩ی.ز تاکوو ساڵی ١٦٩٩)ی.ز دەسەڵاتی بابان گەیشتە ناوچەکانی شارەزوور و قزڵجە و سەروچک و هەروەها قەرەداغ و بازیان، لە دەورووبەری ساڵی ١٦٧٠ی.ز دا قەڵاچوالانی کردە پایتەختی خۆی.
دواتر بە هەوڵ و کۆششی بەکر بەگ ساڵی (١٧٠٣ی.ز تاکوو ساڵی ١٧١٤)ی.ز سنووری بابان زۆربەی ناوچەکانی نێوان زێی بچووک و زێی سیروانی گرتەوە، بەڵام هەر ئەو فراوانکردنە عوسمانییە داگیرکەرەکانی ورووژاند و توانیان بەکر بەگ لە ناو ببەن.
لە ساڵی ١٧٢١ی.ز دا “خانە پاشا” دەسەڵاتی گرتە دەست و سیاسەتێکی نوێی گرتەبەر و خۆی لە عوسمانییەکان نزیک کردەوە.
ئەوەبوو لەم ماوەیەدا بەشداری گرنگی هەبوو لە هەڵمەتەکانی عوسمانی بۆ سەر سەفەوییە داگیرکەرەکان، بەم هۆیەوە دەسەڵاتی بابان بەهێزتر و فراوانتر بوو، تەنانەت بۆ ماوەیەک میرنشینی ئەردەڵانیشی گرتەوە.
میرانی بابان خاوەن هەڵوێست بوون و چەندین جار لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی میرنشینەکەیان و پەرەپێدانی دەسەڵاتیان ڕاپەڕینیان بەرپاکردووە و لە بەرامبەر دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەردا وەستاون.
هەر ئەمەش وایکردبوو دەسەڵاتدارانی عوسمانی سەرباری بەکارهێنانی هێز، پەنا ببەنە بەر نانەوەی دووبەرەکێ لە نێو بنەماڵەی بابان، لە ئەنجامی ئەمەدا دوو دیاردە لە نێو میرنشینەکە پەیدابوون:
یەکەم- ململانێی میرەکانی بابان لە سەر دەسەڵات لە میرنشینەکەدا.
دووەم- پەنا بردنە بەر سەفەوییە داگیرکەرەکان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان، ئەمەش ڕێگای بۆ دەست تێوەردانی دەرەکی خۆش دەکرد.
بێگومان ئەم دیاردانە گیروگرفتی زۆریان بۆ میرنشینەکە پەیدا دەکرد و ئارامییان لەناو دەبرد، سەرەڕای ئەمەش میرنشینی بابان لە گەشەسەندن نەدەکەوت و بە گشتی لە پەرەسەندن دابوو، ئەوەتا لە ساڵی ١٧٦٤ی.زدا “سلێمان پاشای کوڕی خالد پاشا” کە میری بابان بوو دەسەڵاتی بە سەر “کۆیە و هەریر و پردێ و قەرەحەسەن و زەنگاباد و بەدرە و جەسان و هەولێریشدا” دەڕۆیشت.
لە سەردەمی “ئیبراهیم پاشای” بابانیشدا کارێکی شارستانی گرنگ کرا کاتێ لە ساڵی ١٧٨٤ی.ز دا لە نزیک گوندی (مەڵکەندی) شاری سلێمانی بنیادنرا.
ئەوەبوو “کۆشک و سەرای میری و مزگەوت و گەرماو و بازاڕ و چەند خانوویەکی” لێ دروستکرا، هەر لەم ساڵەدا دامودەزگای میرایەتی لە قەڵاچوالانەوە بۆ ئەم شارە گوازرایەوە و کرایە پایتەختی میرنشینەکە، زۆری نەبرد سلێمانی بووە مەڵبەندێکی کارگێڕی و ئابووری و رۆشنبیری گرنگ لە کوردستاندا.
لەم ماوەیەدا بابان لە هەموو میرنشینەکانی تری باشووری کوردستان بەهێز و تواناتر بوو، بۆیە جار پێی دەگوترا حکوومەتی کوردستان.
ئەم بەهێزییە لە سەردەمی (عەبدولڕەحمان پاشا)دا لەوپەڕی بەهێزی خۆیدا بوو، تەنانەت میری ناوبراو لە ساڵی ١٨١٠ی.ز دا ڕۆلی کاریگەری هەبوو لە لادانی “سلێمان پاشا”ی بچووک و دانانی “عەبدوڵا پاشا” لە پۆستی ویلایەتی بەغدا.
“عەبدولڕەحمان پاشا” کە لە ماوەی ساڵانی (١٧٨٩ی.ز تاکوو ساڵی١٨١٣)ی.زدا بە پچڕپچڕی حوکمی کردووە لە میرە هەرە بەناوبانگەکانی بابانە، بەردەوام هەوڵی سەربەخۆیی دەدا، لەو پێناوەشدا دوو جار لە دەربەندی بازیان لە ڕووی هێزەکانی بەغدا وەستایەوە، بەڵام بە هۆی ناپاکی “خالید پاشای” ئامۆزای سەرنەکەوت، لە جاری سێیەمیش لە ساڵی ١٨١٢ی.ز دا لە جەنگی کفری ڕووبەڕووی لەشکرێکی گەورەی بەغدا بووەوە، بەڵام ئەم جارەش ئاواتەکانی نەهاتەدی.
لە کۆتاییدا دەبێ ئەوە بزانین کە لە میرنشینی باباندا بەردی بناغەی زمان و نووسینی کوردی دانرا و هەروەها هەڵبەستی کوردی گەیشتە لووتکە.


























تعليقات