بەشی سی و یەکەم: میرنشینی بۆتان

دوای ئەوەی کە دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر ترسی لە دوڵەتی سەفەوی داگیرکەر نەما، کەوتە هەوڵدان بۆ داڕژاندنی دەسەڵاتی زیاتر لە کوردستاندا، بۆ ئەم مەبەستەش تۆوی دووبەرەکی دەخستە نێوان میرە کوردەکان لە نێو یەک میرنشیندا، بۆیە برای بەگژ براو کوڕی بە بەگژ باوکدا دەنا.


میرعەبدولعەزیز سلێمان بە دامەزرێنەری ئەم میرنشینە دادەنرێت کە لە ناوەڕاستی سەدەی سێزدەهەمی زایینی بەدیارکەوت، بۆیە بە بنەماڵەی دەسەڵاتداری ئەم میرنشینە گوتراوە (ئازیزان).
ئەم میرنشینە لە ناوچەی جزیرەی بۆتان (جزیرة ابن عمر) و دەورووبەری پێکهات کە شوێنی هۆزی (بۆتی) یا (بوختی) بوو، بۆیە بە میرنشینی بۆتان ناوی دەکرد، ئەم هۆزەش هۆزێکی گەورە و دێرینی کوردە.
لەم میرنشینەشدا ژمارەیەکی زۆرمیری بە توانا و لێهاتوو میرایەتیان کردووە و توانیویانە میرنشینەکە بپارێزن و سنوورەکەشی فراوان بکەن و لە دەست دوژمن و نەیاران دووری بخەنەوە، لەوانە میر(شەرەف کوڕی میر بەدر بەگ) کە توانی سێ جار لەشکری زۆر و گەورەی شا ئیسماعیلی سەفەی تێک بشکێنێ، ئەو کاتەی شاڵاوی بۆ میرنشینەکە هێنا.
هەروەها کوردانی بۆتان لە ژێر سەرکردایەتی (شا عەلی بەگ) ساڵی ١٥١٥ی.ز ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لە شکاندنی لەشکری سەفەوییەکان کاتێ گەمارۆی شاری ئامەد (دیاربەکر)یان دابوو، دواتریش عوسمانییەکان کە شاری (موسڵ)یان داگیرکرد، حوکمی شارەکەیان دا بە میر(بەدربەگ کوڕی شا عەلی بەگ).
دوای ئەوەی کە دەوڵەتی عوسمانی ترسی لە دوڵەتی سەفەوی نەما، کەوتە هەوڵدان بۆ دابەزاندنی دەسەڵاتی زیاتر لە کوردستاندا، بۆ ئەم مەبەستەش تۆوی دووبەرەکی دەخستە نێوان میرە کوردەکان لە نێو یەک میرنشیندا، بۆیە برای بە گژ برا و کوڕی بە گژ باوکدا دەنا، ئەمە لە میرنشینی بۆتان بە ئاشکرای بەرچاو دەکەوێت بە تایبەتی لە نیوەی دووهەمی سەدەی شازدەهەم .
یەکێک لەو میرە بەناوبانگانەی کە لە سەرەتاکانی سەدەی حەڤدەهەم حوکمی میرنشینی بۆتانی گرتە دەست (میر شەرەف کوڕی خان ئەبدال) بوو، کە توانی دادپەروەی و هێمنی و ئاسایش لە ناوچەکە سەقامگیر بکا و بارودۆخی خەڵک بەرز بکاتەوە، هەروەها چەندین بینا و قوتابخانە و مزگەوتی دروست کرد لەوانە (مەدرەسا سوور) کە چەندین ژووری تایبەتی بۆ مامۆستایان و قوتابیان تێدا بوو، هەروەها چەندین مامۆستای بە توانا لە هەموو بوارەکانی زانست و هونەر وانەیان دەگوتەوە و هەڵبەستوانی گەورەی کوردیش “مەلای جزیری” دەرچووی ئەو قوتابخانەیەیە.











تعليقات