بەشی سی و دوویەمی مێژوو؛ میرنشینی بادینان:

بۆ نموونە لە ساڵی ١٧٧٩ی.ز دا (عەبدولباقی پاشا)ی والی موسڵ هێرشێکی کردە سەر ناوچەکانی بادینان و کوشتار و کاولکاریەکی زۆری لە گوند و دێهاتەکاندا ئەنجامدا و تاڵانی کردن، بەڵام لە گەڕانەوەیدا لە لایەن خەڵکی بادینان هێرشی کرایە سەر و کوژرا.


بناغەی ئەم میرنشینە لە نیوەی دوویەمی سەدەی سێزدەیەمی زایینی لە قەڵای ئامێدی دامەزراوە.
میرانی بادینان بە پشت بەستن بە قایمی شوێنەکەیان توانیان لە بەرامبەر شاڵاوی هێزەکانی دەورووبەر بەرگری لە قەوارەی میرنشینەکەیان بکەن و بۆ ماوەیەکی درێژ لە حوکمدا بەردەوام بن.
لە ناو میرانی بادینان هەندێک میری بە توانا هەبوون کە توانیویانە سنووری میرنشینەکەیان فراوان بکەن و ئاوەدانی بخەنە ناوچەکەوە، لەوانە (میر حەسەنی کوڕی سەیفەدین) کە نزیکەی ٦٠ ساڵ حوکمڕانی کردووە، لە سەرەتای حوکمڕانیدا میرنشینەکەی تووشی پەلاماری لەشکری “ئاق قوینلۆ” بوو، بەڵام لەشکری بادینان بە سەرۆکایەتی میر حەسەن توانیان لەشکری “ئاق قوینلۆ” بشکێنن و زۆریشیان لێ بکوژن، هەروەها ئەم میرە توانی زاخۆ و دهۆک بخاتە ژێر فەرمانڕەوایی خۆیەوە، کاتێکیش “سوڵتان سەلیمی عوسمانی” لە جەنگی چاڵدێراندا بە سەر سەفەوییەکاندا سەرکەوت، حەسەن بەگی میری بادینان لەگەڵ میرە کوردەکانی تر پەیوەندی بە عوسمانییە داگیرکەرەکانەوە کرد و ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە هەڵگرتنی گەمارۆی سەفەویە داگیرکەرەکان لەسەر دیاربەکر و لە ناوبردنی دەسەڵاتیان لە ناوچەکەدا، لە ئەنجامی ئەم هەڵوێستە و بەهۆی بایەخ و سەنگی میرنشینەکە، میری بادینان پێگەیەکی دیاری لای سوڵتانی عوسمانی هەبوو.
لە سەردەمی (سوڵتان حوسێن)ی کوڕی حەسەن بەگیش- کە لە ساڵی ١٥٣٤ی.ز دا بووە میری بادینان- ئەم پێگەیە بە بایەختر بوو، تەنانەت هەموو میرەکانی کوردستان لە ڕێگەی ئەوەوە کاروباریان لای سوڵتانی عوسمانی ڕادەپەڕاند، لە بەرامبەریشدا ئەم میرە چەندین ئەرکی بۆ دەوڵەتی عوسمانی جێبەجێ دەکرد، ئەم پەرەسەندنانە ڕەنگدانەوەیان لە سەر ئاوەدانی و لایەنی زانستی لە بادینان هەبوو.
دوای ئەوەی لە ساڵی ١٥٧٣ی.ز دا سوڵتان حوسین مرد، ئەم بووژانەوەیە لە بادینان بەردەوام نەبوو، لە بەر ئەوەی کێبڕکێ لە سەر دەسەڵات لە میرنشینەکەدا بەرپابوو، بەڵام لە سەرەتای سەدەی حەڤدەهەمدا بادینان هێزی هاتەوەبەر و دەسەڵاتی لە ناوچەکە لە زیادبوون دابوو، تەنانەت لەم ماوەیەدا میرێکی بادینان حوکمی ویلایەتی موسڵی پێ سپێردرا، هەروەها پلە و پایەی میرەکانی بادینان لەم کاتەدا لەبەرزبوونەوە دابوو.
لە ساڵی ١٧١٤ی.ز دا بارام پاشا لە ئامێدی دەسەڵاتی وەرگرت کە یەکێکە لە میرە بەناوبانگ و بە تواناکانی بادینان، بۆیە بە (پاشایی مەزن) بەناوبانگە، ناوبراو هەوڵیدا ئاسایش و ئارامی لە میرنشینەکەیدا بەرقەرار بکا و پێگەی خۆی لە دەسەڵتدا بە هێز بکا، بە دادپەروەری و دەستکراوەیی خۆشی پشتیوانی خەڵکی بادینانی مسۆگەر کرد، هەروەها پەرەی بە پەیوەندییەکانیدا لە گەڵ حکوومەتی عوسمانی و گوێی بە والیەکانی دەورووبەر نەدەدا، بەتایبەتی (ئەحمەد پاشا)ی والی بەغدا کە دەیویست هەژموونی خۆی بەسەر بادیناندا بسەپینێ، ئەمەش ئەم والیەی تووڕە کرد، بۆیە چەندین شێوازی گرتەبەر بۆ دژایەتیکردنی بارام پاشا، وەک هاندانی دووبەرەکێ و ڕکابەر دروستکردن بۆی، بەڵام ئەم هەوڵانە هیچیان لێ نەهاتەبەر، تا لەکۆتاییدا دوای هەڵمەتێکی سەربازی لە ساڵی ١٧٢٧ی.ز بارام پاشا ناچاربوو دان بە پاشکۆیەتیەکی سەر زارەکی بنێ بۆ ویلایەتی بەغدا.
دوای مردنی بارام پاشا لە ساڵی ١٧٦٨ی.ز دا ئیسماعیل پاشای کوڕی هاتە شوێنی، بەڵام ئیتر نائارامی ڕووی لە بادینان کرد، ئەمەش لە ئەنجامی کێشە و هەرای ناوەخۆیی لە لایەک و ناکۆکیەکان لە گەڵ ویلایەتی موسڵ لە لایەکی تر.
بۆ نموونە لە ساڵی ١٧٧٩ی.ز دا (عەبدولباقی پاشا)ی والی موسڵ هێرشێکی کردە سەر ناوچەکانی بادینان و کوشتار و کاولکاریەکی زۆری لە گوند و دێهاتەکاندا ئەنجامدا و تاڵانی کردن، بەڵام لە گەڕانەوەیدا لە لایەن خەڵکی بادینان هێرشی کرایە سەر و کوژرا.




















تعليقات

إرسال تعليق