چل: ڕاپەڕینی دەڤەری بۆتان

یەزدان شێر بە هەلی زانی بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی عوسمانییان بە سەر کوردستان لایەنگیرێکی زۆری لە دەور کۆبووە و توانی بەدلیس و موسڵ و هەکاری و چەندین ناوچەی تر ڕزگار بکا، بەڵام "پیلانی بەریتانیا" و بێ بەزەیی و دڵڕەقی هێزەکانی عوسمانی ئەم ڕاپەڕینەیان دامرکاندەوە.
دەڤەری بۆتان دوو ڕاپەڕینی بەخۆوە بینی، ڕاپەڕینی یەکەم بە سەرکردایەتی (یەزدانشێر)ی خزمی "بەدرخان پاشا"ی پاشای بۆتان بوو، کاتێک لە ساڵی ١٨٥٤ز لە پێناو نەهێشتنی دەسەڵاتی عوسمانی لە کوردستاندا باروودۆخی جەنگی(قرم)ی قۆزتەوە کە لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و ڕوسیا لە ئارادابوو. یەزدان شێر بە هەلی زانی بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی عوسمانییان بە سەر کوردستان لایەنگیرێکی زۆری لە دەور کۆبووە و توانی بەدلیس و موسڵ و هەکاری و چەندین ناوچەی تر ڕزگار بکا، بەڵام "پیلانی بەریتانیا" و بێ بەزەیی و دڵڕەقی هێزەکانی عوسمانی ئەم ڕاپەڕینەیان دامرکاندەوە، دوای ئەوەی توانیان بە ناپاکی یەزدان شێری سەرکردەی راپەڕینەکە لە شاری موسڵ دەستگیر بکەن.
ڕاپەڕینی دووەم لە ساڵی ١٨٧٩ز داو بە سەرکردایەتی "عوسمان پاشا و حوسێن کەنعان پاشا" بوو کە لە بنەماڵەی بەدرخانی بوون. ئەویش ڕاستەوخۆ دوای تێکشکانی دەوڵەتی عوسمانی لە بەرامبەر ڕوسیا لە ساڵی ١٨٧٨ز دا هەڵگیرسا، بە هۆی بێزاری کورد لەو باروودۆخە دژوارەی کە لە ئەنجامی ئەو جەنگەدا تووشی ناوچە کوردیەکان هاتبوو. کوردەکان بەڕێبەرایەتی ئەو سەرکردانە دەستیان کرد بە ڕزگارکردنی ناوچەکانیان لە دەسەڵاتی عوسمانی سەرەڕای ئەو سەرکەوتنانەی لەم بارەیەوە بەدیهات، کەچی چارەنووسی ئەم راپەڕینەش لەمەی پێشوو باشتر نەبوو، هەروەها سەرکردەکانیش بە هەمان شێوە بە نامەردی دەستگیرکران. 

تعليقات