بەشی سی و پێنجەمی مێژوو؛ کۆتایی هاتنی سەردەمی میرنشینەکان:

سوڵتان مەحموودی دووەم ساڵی (١٨٠٨تاکوو ساڵی ١٨٣٩ی.ز) بڕیاریدا دەسەڵات و قەوارە خۆماڵیەکان لە هەموو دەڤەرێکی دەوڵەتدا لە ناوبەرێت و ڕاستەوخۆ سەر بە دەسەڵاتی ناوەندی بن لە پایتەخت.


لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەمی زاینیدا دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر گەیشتە بارودۆخێکی ناهەموار لە هەموو لایەنەکانی سیاسی و سەربازی و کارگێڕی و ئابووریدا.
بۆیە لەو ماوەیەدا سەردەمێک دەستی پێکرد کە بە سەردەمی چاکسازی دەناسرێت لە مێژووی عوسمانیدا، کە تیایدا هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو ناهەمواریانە و پەرەپێدانی دەوڵەت درا لە هەموو بوارێک.
لەبەر ئەوەی لایەنی کارگێڕیش یەکێک بوو لەو بوارانە، بۆیە سوڵتان مەحموودی دووەم ساڵی (١٨٠٨تاکوو ساڵی ١٨٣٩ی.ز) بڕیاریدا دەسەڵات و قەوارە خۆماڵیەکان لە هەموو دەڤەرێکی دەوڵەتدا لە ناوبەرێت و ڕاستەوخۆ سەر بە دەسەڵاتی ناوەندی بن لە پایتەخت.
لەم ڕێگەیەش بڕیارو هەنگاوەکانی تر لەو دەڤەرانە بسەپێنرێ بەتایبەتی زیادکردنی باج و ڕاپێچانی پیاوەکانی ئەو دەڤەرانە بۆ خزمەتی سەربازی زۆرەملێ.
ئەم هەنگاوەش لە کوردستاندا مانای پێشێلکردن و ڕەتکردنەوەی ڕێکەوتننامەی کوردی-عوسمانی بوو.
بۆیە لەو ناوچانە بڕیارەکە وا بە ئاسانی جێبەجێ نەکرا، چونکە کوردەکان کە سەدەها ساڵ بوو سەربەست بوون و خاوەنی میرنشین و دەسەڵاتی خۆماڵی خۆیان بوون، ئامادەبوون بەرگری لە قەوارەی دەسەڵاتی خۆیان بکەن و دەستبەرداری ئەو ماف و دەستکەوتانە نەبن، کە دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر لە بنەڕەتدا دانی پێدانابوو، بەم پێیەیش ئەم دەسەڵاتانی کورد ڕەسمی بوون و جیاوازبوون لە گەڵ ناوچەکانی تری دەوڵەت، کە بە دەست بەسەردا گرتن قەوارەی سیاسییان تێدا پێکهاتبوو، بۆیە لە کوردستان چەندین ڕاپەرین دژی عوسمانییە داگیرکەرەکان بەرپابوو.








تعليقات