شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری:

شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری:


شێخ عوبەیدوڵڵا کە لە گوندی(نەهر)ی سەر بە ناوچەی شەمزینان دادەنیشت ڕێبەرێکی ئایینی تەریقەتی نەقشبەندی بوو لە باکووری کوردستان. لە هەردوولای سنووری عوسمانی و ئێرانیش رێز و دەسەڵاتێکی زۆری هەبوو، وە دەیتوانی ڕۆڵێکی گرنگ لە ناوچەکەدا ببینێ، بۆیە نەیتوانی چیتر خۆی بێدەنگ بکا بەرامبەر ئەو هەموو خراپە کاری و ڕووتاندنەوەی کە دەسەڵاتدارانی عوسمانی و ئێرانی لە کوردیان دەکرد. بەتایبەتی کە چاوەڕوانی هەڵوێست نواندنی لێدەکرا لە لایەن دانیشتووانی ئەو هەرێمە کوردیانە کە ستەمی داگیرکەران و قات و قڕی و برسیەتی زۆری بۆ هێنابوون.لە ئەنجامدا شۆڕشێکی بەرفراوان لە ساڵی ١٨٨٠ی.ز بەرپابوو. کە سەرەتا ناوچە کوردیەکانی (ڕۆژهەڵاتی کوردستان)ی گرتەوە، لە بەر ئەوەی دەوڵەتی قاجاری بێهێزتر بوو لە چاو دەوڵەتی عوسمانی، هێزەکانی شۆڕش توانیان لە ماوەیەکی کورتدا تەواوی ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوا و باشووری دەریاچەی ورمێ ڕزگاربکەن و شاری(تەورێز) مەڵبەندی ئازەربایجانیش بدەنە بەر هەڕەشە.

‌هەڵوێستی بەریتانیا و ڕووسیا و سەرکوتکردنی شۆڕشەکە:

شێخ عوبەیدوڵڵا دەیزانی پاڵپشتی وڵاتە بە هێزەکان هۆکارێکی یارمەتیدەرە بۆ سەرخستنی هەوڵەکانی کورد، بە تایبەتی ڕووسیا و بەریتانیا کە خاوەن دەسەڵاتی زۆربوون لە هەردوو دەوڵەتدا. بۆیە چەندین نامە و نێردراوی تایبەتی بۆ نوێنەرانی هەردوو وڵات نارد. بەڵام دەسەڵاتدارانی ڕووسیا و بەریتانیا بەرژەوەندییەکانیان لە گەڵ لایەنی عوسمانی و قاجاریدا هەبوو، هەر لە بەر ئەمە لە جیاتی بە هانا هاتنی کورد کەوتنە یارمەتیدانی دوژمنەکانی کورد.

لەشکری قاجاری کە هێزی هاتەوە بەر بەو یارمەتیانەی ڕووسیا و بەریتانیا، دژە هێرشێکی ئەنجامدا و بەو پەڕی دڕندەیی کەوتە وێزەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە. دووای ئەوەی چەندەها گوندی وێران کرد و هەزارەها کوردی کوشت، توانی شۆڕشەکە دابمرکێنێتەوە.

شێخ عوبەیدوڵڵا دووای پەرتەوازەبوونی شۆڕشگێڕان پاشەکشەی کرد بۆ سنووری باکووری کوردستان. بەڵام لە سەر داوای ڕووسیا و بەریتانیا لە ساڵی ١٨٨١ ی.ز بانگ کرایە ئیستانبووڵ و لەوێ دەست بەسەرکرا، هەرچەندە دوواتر تۆانی خۆی دەرباز بکات و بگاتەوە کوردستان، بەڵام زۆری پێنەچوو دەستگیر کرایەوە و دوور خرایەوە بۆ حیجاز و هەر لەوێ کۆچی دوایی کرد.































تعليقات