گشتپرسی لە باشووری کوردستان

گشتپرسی لە باشووری کوردستان، بۆ ئەوەیە کە بزانن گەلی کوردستان دەیانەوێت لە عێراق جودا ببنەوە یان
باشوری کوردستان بە داگیرکراوی بمێنێتەوە؟
هەتا ئێستا نەک سەربەخۆی ڕانەگەیندراوە بەڵکو گشتپرسیش نەکراوە و رای خەڵک نەزانراوە بزانین ئاخۆ دەنگ بە سەربەخۆی دەدەن یان نەخێر، کەچی داگیرکەرانی چواردەور نەیاران و دەم چەور کراوەکانیان دژی ئەوەن کە گەلی کورد لەسەر خاک و نیشتمانی خۆی بە شێوەیەکی دموکراتیانە بڕیار لە سەر چارەنوسی خۆی بدات
مەسەلەی کات کە دەڵێن گونجاو نییە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی بیانویە و پیلانی لە پشتەوەیە، لێرەدا کورد نەیگوتووە پێش ڕاپرسی سەربەخۆی رادەگەیەنم یان هەر گشتپرسی کرا ئەگەر خەڵک دەنگی بە بەڵی بۆ سەربەخۆی کوردستان دا دەم ودەس سەربەخۆی رادەگەیەنین، بەڵکو ئێستا گشتپرسی دەکرێت بزانن خەڵکی کوردستان چی دەوێت ئەگەر دەنگیان بە بەڵێ دا ئەوکات دیاری دەکرێت کە چ کاتێک گونجاوە سەربەخۆی رابگەیەنن. 
بۆ گشتپرسی هەموو کاتێک گونجاوە بکرێت بەتایبەت ئێستا کە ناوچە کێشە لە سەرەکان کە ١٤ ساڵ حکومەتی ناوەندی عێراق خۆی لە مادەی ١٤٠ دەشاردەوە بە مەبەستی ئەوەی کە مەسەلەی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان یەکلا نەکرێتەوە و نەگەرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان دوای هاتنی داعش هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچە دابڕاوانەی کوردسستانیشی رزگار کردووە و خستویەتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. کەواتە بە پێچەوانەی ئەوەی کە نەیاران و تەنانەت ئەو لایەنانەی کوردیش کە دەڵێن کات گونجاو نییە بۆ گشتپرسی، کات ئێستا بە حوکمی ئەوەی کە هەموو ناوچەکانی کوردستان لە دەس کوردەوەیە و ناوچە دابڕاوەکانیش دەتوانن بەشدار بن لە گشتپرسی زۆر گونجاوە بۆ کورد گشتپرسی بکات.
ئەو وڵاتانەی کە دەڵێن باوەڕیان بە دموکراسی و مافی چارەنووسی گەلان هەیە، داوا لە هەرێمی کوردستان دەکەن گشتپرسی دوابخات هەموویان لە لایەن ئەم داگیرکەرانەی ناوچەکەوە کە هەر یەکەو پارچەیەک لە کوردستانیان داگیر کردووە راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ داوایان لێ دەکرێت و دەمیان چەور کراوە کە پێش ئەنجامی ئەم راپرسیە بگرن.
پیلانیان لەوەی کە بە کورد دەڵێن کات گونجاو نییە بۆ گشتپرسی زۆر ڕوون و ئاشکرایە لە خودی وشەی کە تێیایدایە: داگیرکەران بۆ رێگرتن لە سەربەخۆی کوردستان پێویستیان بە کاتە کە بتوانن کەرکووک بگەڕێنەوە ژێر کۆنترۆڵی هێزی عەرەبی شۆڤێنی، بە واتایەکی دیکە داوا لە کورد دەکەن کات بە بەغدا بدات هەتا خۆی کۆ دەکاتەوە، کە مەترسی داعش نەما لە ناوچەکە لە رێگەی هێزەوە کەرکووک لە ژێر کۆنترۆڵی کورد دەربێنن.
و کاتێک کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان کە ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی کوردە بکەوێتەوە دەست هێزی عێراق بە کورد دەڵێن لە دەرەوەی کەرکووک دەبێت ڕێفراندۆم بکەن، بەم شێوەش هەتا سنوورێک کۆسپ لە بەردەم کورد دروس دەکەن کە نەتوانێت بریاڕ لە سەر چارەنووسی خۆی بدات ئەوان دەزانن بە بێ کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان گشتپرسی و سەربەخۆی راگەیاندن مانایەکی وای بۆ کورد نامێنێت کە لە سەدا چل ( ٤٠%) خاکی کوردستان لە هەرێمی کوردستان داببرێت و بەشدار نەبێت لە گشتپرسی.
بۆیە وڵاتانی داگیرکەری چواردەور و نەیاران دەیانەوێت لە هەر رێگەیەکەوە و بە هەر شێوەیەک بووبێت ئەم دەرفەتە زێرینەی کە دەس کورد کەوتووە لە دەست کوردی بدەن تەنانەت کاتی ئەوەش لە کورد بستێنن نەک هەر ئێستا بەڵکو هیچکات نەتوانێت گشتپرسی بکات.
وڵاتانی رۆژاوا و ئەمریکا کە جاڕی دموکراسی دەدەن لەو لاشەوە لە سەر داخوازی وڵاتانی داگیرکەری ناوچەکە بە پەڵە کۆمەڵێ نوێنەری خۆیان دەگەیننە کوردستان کە داوا لە کورد بکەن گشتپرسی دوا بخات، بۆنی رێکەوتنێکی نەهێنیان لەگەڵ داگیرکەرانی ناوچەکە لێیەوە دێت ئەگەر سەرکەوتوو بوون بە کۆمەڵێک وادەی سەر زارەکی کورد هەڵخەڵەتێنن و کورد ڕازی بکەن پاشگەز بێتەوە لە ئەنجامدانی ڕێفراندوم ئەوە ئیمتیازی خۆیان لە وڵاتانی داگیرکەری ناوچەکە وەردەگرن لە پێناو ئەوەی کە نەیانهێڵاوە کورد لەو کاتەی کە دیاری کردبوو واتە ٢٥/٩/٢٠١٧ گشتپرسی بکات، لێرەدا سەر لە نوێ ئەم پرسیارە لای هەر تاکێکی کورد دروس دەبێتەوە کە بڵێت دیسان هاو شێوەی ئەو سناریۆیانەی ڕابردوو کە لە مێژوودا تۆمار کراوە و هەتا ئەمڕۆ ماڵی کوردی وێران کردووە دوبارە دەبێتەوە و بۆ جارێکی دیکە خەریکە پرسی کورد دەبێتە قۆربانی سیاسەتی نێودەوڵەتی.
با کەمێک ڕاستبیرانە لە سەر بابەتەکە بڕوانین نەک بەشێوەیەکی عاتفی: وڵاتانی زلهێزی رۆژاوا بەریتانیا بەتایبەت و ئەمریکا پێش هەموو شت قازانجی خۆیان لە بەرچاو دەگرن لەو بارودۆخەی ئێستا کە لە ناوچەکە هاتووەتە ئاراوە و باسی رێفراندومی کورد گەرمە، شتێکی سەیر و تازە نییە ئەگەر وەک ساڵانی رابردوو وەک کارتێکی گوشار بۆ زیاتر باج ورگرتن لە وڵاتانی داگیرکەری ناوچەکە و بە چۆکداهێنانیان کەڵک لە کورد و ئەم پرسە گەورەیەی کورد وەربگرن و لە چرکەی کۆتایشدا ئەگەر بە نەتیجە گەیشتن لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری ناوچەکە، رێگە لە ئەنجامدانی گشتپرسی و سەربەخۆی کوردستان دەگرن و دیسان کورد ببێتەوە قۆربانی سیاسەتی زلهێزان.
ئەگەر کۆمەڵێک وڵات ناو بە ناو پشتگیری لە سەربەخۆی کوردستان دەکات ئەم پشتگیریە زیاتر وەک هەڕەشەیەک بەرانبەر داگیرکەری ئێران بەکار دێت ئەوان لەو رەوانگەوە سەیری سەربەخۆی کوردستان دەکەن کە دروس بوونی دەوڵەتی کوردستان لە ناوچەکە شکست بە هەموو پیلانەکانی ئێران و ریگە لە پێش ڕەوی و زیادەرەوی ئێران دەگرێت.سەربەخۆی کوردستان لە ڕوانگەی ئیسرائیل و کۆمەڵێک وڵاتی دژی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران تاکە شتێکە کە شکست بە تەواو پیلانەکان و پێشرەویەکانی ئێران دێنێت لە ناوچەکە.
بەڵام سەبارەت بەوەی مانای گشتی گشتپرسی وەک خۆی بزانین چیە؟: راپرسیەکە کە بزانرێت گەڵێک بە چ لایەک بڕیار لە سەر چارەنوسی خۆی دەدات، ئیتر بە مانەوە بێت یان بە جودا بوونەوە، دەبێت ئەو گەلە ئازادیەکی تەواویشی هەبێت کە خۆی دیاری بکات چ کات و کەی ویستی بریار لە سەر چارەنوسی خۆی بدات، نەک کەسانی دیکە لە دەرەوە بۆی دیاری بکەن پێ بڵێن تۆ چ کات بۆت هەیە گشتپرسی بکەی یان خود پێ بڵێن تۆ بۆت نییە گشتپرسی بکەی ئەمە لەگەڵ ئەسڵی دموکراسی کە باسی لێیەوە دەکرێت دوو شتی جودایە و یەک ناگرێت.
بۆیە لەسەر بابەتی گشتپرسی کە پەیوەندی بە چارەنووسی گەلی کوردستانەوە هەیە بە هیچ شێوەیەک نابێت هیچ لایەنێکی کوردستان و هیچ تاکێکی کورد کۆتا بێت لەم بابەتە و گوێ بەوانە نەدەن کە داوا دەکەن لە کورد گشتپرسی دوا بخات، دوا خستنی گشتپرسی مانای وایە کورد خاوەن بڕیار و ئیرادەی خۆی نییە دوا خستنی گشتپرسی واتە سەرکەوتنی بریاری داگیرکەرانی ناوچەکە بە سەر کورد، هەم دیسان لە دەستدانی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان کە ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەیە.
تاکە شتێک کە کورد دەگەیەنێت بە ئامانجەکەی سوور بوونە لە سەر بڕیاری خۆی پشت بەستن بەگەلی خۆی و گوێ نەدان بەو شتەی کە داگیرکەرانی ناوچەکە داوا دەکەن لە کورد.
هیچ دەست تێ وەردانێکی دەرەکی لە سەر ئەم پرسە بە قازانجی کورد نییە ئەوانەی کە داوا لە کورد دەکەن دەڵێن گشتپرسی دوا بخەن لەبەر قازانجی خۆیانە بە بیانوی جۆراوجۆرەوە هەوڵدەدەن رێگە لە ئەنجامدانی گشتپرسی بگرن، چۆن دەتوانن بە کورد بڵێن گشتپرسی کوردستان نایاسایە لە کاتێکدا ئەمە ویست و خواستی نەک یەک تاکە بەڵکو لە سەدا نەوەدی گەلی کوردستانە کە دەیانەوێت بڕیار لە سەر چارەنوسی خۆیان بدەن، ئایا پێش ئەوەی کوردستان دابەش و داگیر بکرێت کەس لە کوردی پرسی بزانن کورد ڕازیە بەوەی کوردستان دابەش و داگیر بکەن کەس ئیزنی لە کورد وەرنەگرت و لە کوردی نەپرسی، ئێستا چۆن داوا لە کورد دەکەن کە گشتپرسی دوا بخات؟
هیچ بەدیل زەمانەت و بەڵێنێکی کەتبی کە هەموو نوێنەرانی وڵاتانی رۆژاوا ئەمریکا و نەتەوەیەگرتووەکان بەشدار بێت تێدا و باوەڕ پێ کراو بێت بە کورد نەدراوە کە ئەگەر کورد گشتپرسی دوا خست بێ خەم بێت لەوەی کە لە کاتێکی دیکەدا ئەم گشتپرسیە بە بێ هیچ کێشە و کۆسپێک ئەنجام بدات یان خود ئەو ناوچە دابراوانەی کوردستان کە ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی کوردە دوای دواخستنی گشتپرسی لە ژێر کۆنترۆڵی کورد دەرنەهێنرێتەوە، ئەوەی کە ڕوونە هەموو هەوڵێک لە لایەن عێراقیە شۆڤێنیەکانی سەر بە ئێران دەدرێت کە کورد رازی بکەن یەک دوو ساڵی دیکە گشتپرسی دوا بخات، و هەتا ئەوکاتەی کە کورد لە گەڵ عێراق بێت پێش تەواو بوونی ئەو یەک دوو ساڵە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانی دیکەی کوردستان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگە دەربێننەوە
هەر جۆرە بریار دان لە دوا خستنی گشتپرسی بە بێ راپرسی خەڵکی کوردستان هەڵەیە و دەتوانێت بە لایەکی خراپیشدا بۆ حیزبەکانی کوردستان بشکێتەوە بمانەوێت و نەمانەوێت ئەو گومانە لای بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان دروس دەبێت، کە بڵێن حیزبە کوردیەکان مامەڵەیان بە پرسێکی گەورە وەک گشتپرسیەوە کرد واتە حیزبێک یان چەند حیزب بۆ ئەوەی به‌غدا بخه‌نه‌ ژێر گوشار هتد... بابەتی رێفراندۆمیان وروژاندبوو
کەواتە بە بێ ڕازی بوونی خەڵک گشتپرسی دوا بخرێت نەک هەر کورد ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان لە دەست دەدات حیزبەکانیش پێگە و پایەی خۆیان ناو خەڵکدا لە دەست دەدەن، دڵ ساردی و بێ هیوایەک دەخەنە ناو کورد کۆمەڵێک لایەنی نەیار و دوژمنانی کورد کەڵکی لێ وەردەگرن.
نادر عینایتی
#Nader_Anayeti

Comments