بەشی سی و سێهەم: میرنشینی سۆران

بەڵام عوسمانیەکان دواتر ئەم ڕێکەتتنامەیان پێشێلکرد. کاتێ "سوڵتان سلێمانی قانوونی" دوای ئەوەی لە ساڵی ١٥٣٤دا بەغدای گرت لە ڕێگای گەڕانەوەیدا بە هەولێردا تیپەڕی، کە ئەوکاتە پایتەختی سۆران بوو. لەوێ بیانووی بە(عزەدین شێر)ی میری سۆران گرت و کوشتی.
 ئەم میرنشینە لە سەرەتاکانی سەدەی پازدەهەم لە لایەن (میر عیسا کوڕی کەلۆس بەگ) لە ناوچەی باڵەکایەتی و ڕەواندز دامەزراوە، ئەم میرە سەردارێکی بە توانا و دەست ڕۆیشتووی زیرەکی کورد بووە و توانیویەتی لە ماوەیەکی کەمدا دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپینێ، پاش ئەوەی کەوا توانی هێرشی هێزێکی دەرەکی بۆ سەر ناوچەکە تێک بشکێنێت و لەمەوە خەڵکی ناوچەکە کردیان بە سەرداری خۆیان. دوای ئەم میرە چەند میرێکی تر پێشی حوکم دەگرنە دەست و سنووری میرنشینەکەش فراوان دەکەن تاکوو تەواوی ناوچەکانی نیوان زێی گەورە و زێی بچووک(واتە پارێزگای هەولێری ئێستا)دەگرێتەوە.
یەکێ لەو میرانە (میر سەیدی کوڕی شا عەلی بەگ) بوو، کە شاری (شەقڵاوە)ی کردە پایتەختی میرنشینەکەی خۆی، سەردەمی ئەم میرە هاوکات بوو لە گەڵ جەنگی چاڵدێران ساڵی ١٥١٤، بۆیە شکانی سەفەوییەکانی لەم جەنگە بە هەل زانی بۆ ئەوەی سنووری میرنشینەکەی فراوان بکات و ئەو ناوچانە رزگاربکات کە تا ئەو کاتە لە ژێر دەستی سەفەوییەکان مابوون، لە ئەنجامدا دەستی بە سەر هەولێر و کەرکوودا گرت.
بێگومان لەم سەردەمەدا میرنشینی سۆران وەک زۆربەی میرنشینەکە کوردیەکانی تر بەپێی ئەو رێکەوتتنامەی پیشتر باسمانکرد دەسەڵاتی عوسمانی قەبۆڵکردووە، بەڵام عوسمانیەکان دواتر ئەم ڕێکەتتنامەیان پێشێلکرد. کاتێ "سوڵتان سلێمانی قانوونی" دوای ئەوەی لە ساڵی ١٥٣٤دا بەغدای گرت لە ڕێگای گەڕانەوەیدا بە هەولێردا تیپەڕی، کە ئەوکاتە پایتەختی سۆران بوو. لەوێ بیانووی بە(عزەدین شێر)ی میری سۆران گرت و کوشتی. ناوچەی سۆرانیشی خستە سەر دەسەڵاتی میر(حوسین بەگی داسنی) کە میرێکی کوردی ئێزیدی بوو. بەڵام میرانی سۆران دوای ماوەیەک توانییان بە زەبری هێز میرنشینەکەیان وەربگرنەوە. ئەگەرچی دەوڵەتی عوسمانی هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی دووبارە سۆرانیان لە دەست دەربێنێ، بەڵام سەرکەتوو نەبوو. تا لە ساڵی پەنجای سەدەی شازدەدا بە ناچاری دانی بە دەسەڵاتی (قٶڵی بەگی کوڕی سلیمان بەگی سۆران) دانا بە سەر میرنشینەکەیان کە ئەو کاتە مەڵبەندەکەی لە (هەریر) بوو.
لە ماوەی دواتر میرنشینی سۆران بووژایەوە و پەیوەندیەکانی لە گەڵ دەوڵەتی عوسمانی لە پەرەسەندن دا بوو، بە تایبەتی لە سەردەمی میر(سلێمان بەگی کوڕی قولی بەگ)، ئەویش بە هۆی ڕۆڵی سۆرانیەکان لە جەنگەکانی دژی دەوڵەتی سەفەوی.
یەکێک لە ئافرەتە بە ناوبانگەکانی ئەم میرنشینە(خانزادی سۆران) بوو کە خوشکی میر "سلێمان بەگ" بوو. ئەم خاتوونە سۆرانیە ناوی لە بەیتە فلکلۆریەکان ڕەنگی داوەتەوە و تا ئێستا ناوبانگی لە نێو خەڵکی ناوچەکەدا ماوە. ئەمیش بە هۆی ئازایەتی و ڕۆڵی مەردانەی لە پاراستنی سۆران لە مەترسی ناوەخۆیی و دەرەکی. هەروەها لێهاتووی لە کاری ئاوەدانکاری و خزمەتگوزاری.
لە سەرەتای سەدەی حەڤدەهەمدا (عەلی بەگی کوڕی سلێمان بەگ) لە هەریردا حوکمی سۆرانی دەکرد، هەروەها ناوچەکانی (خەلیفان) و (ڕەواندز) و(باڵکیان) و(دوین) لە نێو سنووری میرنشینەکە دابوون. هەر یەکە لە (هەولێر) و (کۆیە)ش لە لایەن میرانی سۆران حوکم دەکران بەڵام بە جیا لە میرنشینەکە.
میر عەلی بەگ بایەخی بە زانست و زانایان دەدا و لە بواری ئاوەدانکاریش کاری گرنگی ئەنجامدا وەک دروستکردنی پردێک لە سەر زێی گەورە لە نیوان باڵەکیان و رەواندز. هەروەها رێگای گەلی عەلی بەگی چاکردەوە کە بە ناوی ئەوەوە ناو نراوە. چەندین قەڵا و قوللەی دامەزراند.
لەم ماوەیەدا میرنشینەکە لە ڕووی سیاسی و سەربازیش لە پەرەسەندن دابوو. بۆیە لە جەنگەکانی ئەم ماوەیەدا رۆڵی دیاربوو. ئەوەتا هێزەکانی سۆران لە نێو ئەم لەشکرە دابوون کە لە ساڵی ١٦١٠دا هەوڵیاندا ئابلوقەی سەفەویەکان لە سەر قەڵای دمدم بشکێنن. هەروەها بەشدارییان هەبوو لە هەڵمەتەکانی عوسمانی بۆ داگیرکردنەوەی بەغدا دوای ئەوەی سەفەویەکان لە ساڵی ١٦٢٣ دا داگیریان کردبوو.
بەڵام لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەهەم بە دواوە میرنشینی سۆران بەرەو لاوازی دەچێت و تەنانەت لەم ماوەیەدا زۆر ناوچەیان لە دەستدا، وەک ڕەواندز وهەریر و کۆیە . بەڵام لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەم هەندێک دەبووژێتەوە و دەسەڵاتی وەبەر دێتەوە. هەر لەم ماوەیەدا ڕەواندز دەگرنەوە و دەیکەنەوە پایتەخت.
ناو و دەنگی میرنشینی سۆران لە مێژوودا زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ(میر محەممەد)ی ناسراو بە(پاشای گەورە)، کە لە ساڵی ١٨١٣ز دەسەڵاتی گرتە دەست و چاکسازی لە سەرجەم بوارەکاندا ئەنجامدا.


گرنگترین چاکسازیەکانی پاشای گەورە لە سۆران:

١- لە بواری سەربازیدا لەشکرێکی هەمیشەیی و ڕاهێنراوی ئامادەکردو بە یارمەتی وەستا(ڕەجەب)ی لێهاتوو کارخانەی دروستکردنی دامەزراند بەتایبەتی (تۆپ).
٢- هەروەها جەندین  قەڵاو قوللەی سەختی لە شوینە گرنگەکاندا دروست کرد بۆ بەرگریکردن و پاراستنی ئاسایشی رێگاوبانەکان.
٣-ڕژێمێکی کارگێڕی تۆکمەی نداناو بەدەستێکی پۆڵاین دادوەری بەرقەرار کرد.
٤- لەڕووی ئابووریەوە پارەی تایبەت بە میرنشینەکەی لێداو لە ڕیگەی هێمنی و ئاسایش ئابووری وڵات بووژایەوە.
هەموو ئەو کارانە کە بوونە هۆی ئەوەی میرنشینی سۆران بگاتە ئاستێکی بەهێزو پەرەسەندوو، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ فراوانکردنی قەوارەی میرنشینەکە و هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی کە دواتر باسی دەکەین.



تعليقات