رۆژنامەی ئەمەریكی "واشنتن تایمز" بڵاوی كردەوە كە دوای كۆتاهاتنی جەنگی داعش، ئەگەری زۆرە شەڕ لە نێوان ئەمەریكا و میلیشیاكانی سەر بە ئێران روو بدات، بۆیە ئەمەریكا لە ئێستەوە خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەكات لە میلیشیاكانی حزبوڵا لە عێراق بدات.
رێبەرانی حزبوڵا پیشتر لە چەندان بەیاننامە و لێدواندا داوایان لە ئەمەریكا كردووە دوای جەنگی داعش، خاكی عێراق بەجێ بهێڵێت.
لەگەڵ نزیكبوونەوە لە كۆتاهاتنی داعش پرسی پێوەندی نێوان هیزەكانی ئەمەریكا و هیزەكانی ئێران لە عێراق زیاتر زەق دەبێتەوە و ئەمەریكاش هۆشداری ئەوەی داوە بە پێی ئەو خوێندنەوەیەی بۆ دۆخی سیاسی و تەناهی عێراقیان كردووە، شەڕی داهاتوویان لەگەڵ میلیشیاكانی سەر بە ئێران دەبێت.
بە گوتەی رۆژنامەكە، ئەمەریكا خەریكی داڕشتنی پلانێكە بۆ لێدان لەو میلیشیایانە. لە سێ ساڵی رابردوودا كە ئەمەریكا سەركردایەتی جەنگی دژی داعش كردووە لەگەڵ زۆرێك لەو هێزانەی دژی داعش جەنگاون هاوكاری كردووە. ئەمەریكا بەوە دڵگران بووە ئێران پرسی داعش لە قازانجی خۆیدا بقۆزێتەوە، بۆیە حەزی بە بوونی هێزەكانی سەر بە ئێران نەكردووە و ئێرانیش لە رێی حەشدی شەعبی و میلیشیای ترەوە خۆی خزاندووەتە نێو پرسەكان و بە ئاشكراش دەڵێت حكوومەتی عێراق خۆی داوای لێ كردووە لە جەنگی دژی داعش یارمەتی بدات.
لە جەنگی رزگاركردنی تەلەعفەر میلیشیاكانی شیعە رێیان نەدا ئەمەریكا لە رزگاركردنی تەلەعفەردا بەشداری بكات.
بەگوێرەی "ئەلعەرەبیە" لە روانگەی حزبوڵاوە گەورەترین كێشەی عێراق بریتییە لە بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لەو وڵاتە و ئەوانیش پێشبینی ئەوەیان كردووە دوای نەمانی داعش لە عێراق، گەورەترین ئەركیان ئەوەیە دژی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بجەنگن.
ئەمەریكا باش ئەوە دەزانێت مەبەستی حزبوڵا لەو بەیاننامانە ئەوەیە بە خەونی تەواوكردنی هیلالی شیعی بگات و تاران بە ئاسانی دەستی بە دیمەشق و لبنان رابگات.
ئەمەریكا بە هەموو شێوەیەك دژی ئەو پڕۆژەیەی ئێرانە و حزبوڵاش بە مەترسیداترین گرووپ لە نێو خاكی عێراق هەژمار دەكات.
بە گوتەی رۆژنامەكە، حزبوڵای عێراق لە ساڵی ٢٠٠٧ لە لایەن سوپای قودسی ئێرانی دامەزرا كە بە لقی دەرەوەی سوپای پاسدارانی ئێران هەژمار دەكرێت و قاسم سلێمانی فەرماندەیی ئەو هێزە دەكات.
ئەمەریكا ترسی لەوە هەیە ئەو گرووپە دەست بە كردەوەی تیرۆریستی بكات و بە دانانەوەی بۆمب بە توانا و تەكنەلۆجیای نوێ دۆخەكە تێك بدات.
پێویستە بگوترێت لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ كە رژێمی سەدام حوسێن لە لایەن ئەمەریكاوە رووخێنرا، دوژمنێكی گەورە لە كۆڵ ئێرانیش بووەوە و لەگەڵ بە دەسەڵات گەیشتنی شیعەكان لە عێراق، ئێرانیش خۆی خزاندە ناو عێراق و دەستی بەو پیلانانە كرد كە دەیان ساڵ بوو خەونی پێیانەوە دەبینی.
سەرەتا ئەمەریكا بە ئاساییكردنەوەی دۆخی عێراق و پرسی دەستوور و دامەزراندنی دەوڵەتێكی نوێی فیدراڵی و بنبڕكردنی تیرۆر سەرقاڵ بوو و كاتێك دۆخەكە تا رادەیەك ئاسایی بووەوە، حكوومەتی عێراق بە فەرمی داوای لە ئەمەریكا كرد هێزەكانی خۆی لە عێراق بكشێنێتەوە و بە هاندانی ئێران و تا رادەیەك گوشاری نێودەوڵەتی، ئەمەریكا لە ساڵی ٢٠١١ تەواوی هێزەكانی خۆی لە عێراق بردە دەرەوە و گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی و تەناهیی عێراقی هێندەی تر بە رووی ئێراندا كردەوە.
رێك لە دوای ساڵی ٢٠١١ەوە دووبارە دۆخی تەناهیی عێراق ئاڵۆز بوو و ناكۆكییە سیاسییەكانیش رۆژ بەرۆژ قووڵتر بوونەوە و دواجار لە حوزەیرانی ٢٠١٤ عێراق بە شێوەیەكی دیفاكتۆ دابەش بوو و تیرۆر لە چوارچێوەی دەوڵەتێكدا هاتە ناو گۆڕەپانەكە.
ئەمە هاوكات بوو لەگەڵ درێژەی كێشە ناوخۆیییەكانی سووریا و پشتیوانی ئێران لە بەشار ئەسەد بەرامبەر بەو خەڵكەی دەیانویست رژێمی سیاسی بگۆڕن.
دەگوترێت ئێران بۆ پاریزگاریكردن لە حكوومەتی بەشار ئەسەد و لە هەمان كاتدا هێشتنەوەی هەژموونی خۆی لە عێراق، ناراستەوخۆ یارمەتی دا داعش گەشە بكات بۆ ئەوەی خۆی بە بیانووی شەڕی تیرۆر هەژموونی خۆی زیاتر بسەپێنێت و بەشوێن خەونە مێژوویییەكانی خۆی بكەوێت.
رزگاركردنی تەلەعفەر لە دەستی داعش بۆ ئێران زۆر لەوە ئاسانترە لە هەر رێیەكی تر ئەو وڵاتە بیەوێت دەسەڵاتی خۆی پەرە پێ بدات. جاران كە ئێران زیاتر لە باشوور و بەغدا دەسەڵاتی هەبوو، ئێستە دەسەڵاتی ئێران گەیشتووەتە سنوورەكانی نێوان عێراق و سووریا.
ماوەی رابردوو حزبوڵای لبنان بە فەرمی لەگەڵ داعش رێككەوتنی واژوو كرد و بە هەزاران چەكداری داعشی بۆ سنوورەكانی عێراق گواستەوە، ئەگەر ئەمەریكا پێش بەو پیلانانە نەگرێت، دیار نییە لە داهاتوودا ئێران چ سیناریۆیەكی تر رێك دەخات.
Comments
Post a Comment