بەشی سی و شەشەمی مێژوو؛ کۆتایی میرنشینی بۆتان و بابان:

بەشی سی و شەشەمی مێژوو؛ کۆتایی میرنشینی بۆتان و بابان:

بەدرخان پاشای میری بۆتان هەوڵیدا خاڵی لاوازی ڕاپەڕینەکانی پێشوو ڕەچاو بکات و ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری بەرپا بکات بۆ ئەوەی بەسەر ناوچەگەرێتیدا زاڵبێت، بۆ ئەو مەبەستە (پەیمانی پیرۆز)ی پێکهێنا کە تیایدا ژمارەیەک میر و سەرکردەی ناوچەکانی(وان، هەکاری، موش، بەدلیس، سەعەرد، موسڵا، جەزیرە) بەڵێنی یەک هەڵوێستیاندا.
هەروەها میری بۆتان چەند هەنگاوێکی تری لە بواری ناوەخۆدا هەڵهینا بۆ پەرەپێدانی تواناکانی میرنشینەکەی، وەک: دامەزراندنی کارگەی دروست کردنی چەک و کەرەستەی جەنگی لە شاری(جزیرە) و هەناردنی قوتابیان بۆ ئەورووپا بۆ بەدەستهێنانی پسپۆڕیی پێویست، هەروەها لێدانی سکە (پارە) لە ساڵی ١٨٤٢ی.ز بەناوی خۆی و بووژاندنەوەی ئابووری و دادوەری لە فەرمانڕەواییدا، هەروەها دروست کردنی کەشتی گەلێکی بچووک لە “گۆلی-دەریاچەی وان” بۆ ئەوەی هاتووچۆ بۆ هەموو لایەک بە ئاسانی بکرێت، هەروەها هەستایە لابردنی چەندین باج و سەرانەی قورس کە عوسمانییەکان پێشتر سەپاندبوویان لە گەڵ چەندین کاریتر.
ئینجا دەستی کرد بە لکاندنی دەڤەرە کوردییەکانی دەورووبەری بە سنووری قەڵەمڕۆی بۆتان، بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی کوردی بەرفراوان.
لەم بوارەشدا سەرکەوتنی گرنگی بەدەست هێنا و هێز و توانای ڕاپەڕین لەپەرەسەندن دابوو.
بۆیە ئەم ڕاپەڕینە بووە جێگەی بایەخ دانی بەرپرسانی عوسمانی داگیرکەر.
هەروەها ئەو دەوڵەتە ئەورووپیانانەی بەرژەوەندیان لەو ناوچەیەدا هەبوو، دەستیان خستە ناو بابەتەکەوە و هانی دەسەڵاتدارانی عوسمانییان دا بۆ لە ناوبردنی ڕاپەڕینەکە.
دوای چەند هەوڵێکی نەزۆکی عوسمانییەکان لە کۆتاییدا بەسەرکردایەتی عوسمان پاشا هێرشێکی لەشکری کرایە سەر ئەو دەڤەرانەی هاوپەیمانی میر بەدرخان بوون و لێکیان دابڕین، لە ئەنجامدا توانیان لە ساڵی ١٨٤٧ی.ز دا لە جەنگێکی یەکلاکەرەوەدا لە قەڵای(ئارۆخ) دوای گەمارۆیەکی توند بەسەر هێزەکانی بۆتان سەربکەون و دوای ماوەیەک بەدرخان پاشا ناچار بوو خۆی بداتە دەست و دوور خرایەوە بۆ دوورگەی (کریت).
دوای ئەمە زۆری پێنەچوو میرنشینی بۆتان هەڵوەشێندرایەوە.
هەر لە چوارچێوەی بە ناوەندی کردنی دەوڵەتی عوسمانی و بەستنەوەی گشت ناوچەکان بە پایتەختەوە لە ساڵی ١٨٥١ی.ز میرنشینی بابانیش هەڵوەشێندرایەوە کاتێ کە بە فەرمانێکی سوڵتانی عوسمانی لەو ساڵەدا “عەبدوڵڵا پاشای بابان” لە پایەی قائیمقامی سلێمانی دانرا، پێشتریش لە ساڵی ١٨٤٧ی.ز ئەحمەد پاشای بابانیان لابردبوو، کە دوا کەس بوو لە بابانەکان وەکوو میر لە سلێمانی حوکم بکات.









تعليقات