پەیمانەکان و ڕێککەوتنەکانی عوسمانی-سەفەوی و پەیوەندییان بە گەلی کوردەوە؛ دووەم ڕێککەوتننامەی زەهاو-زەهاوی (پەیمانی ڕێکخستنی سنوور)(١٦٣٩)ی.ز:

پەیمانەکان و ڕێککەوتنەکانی عوسمانی-سەفەوی و پەیوەندییان بە گەلی کوردەوە؛ دووەم ڕێککەوتننامەی زەهاو-زەهاوی (پەیمانی ڕێکخستنی سنوور)(١٦٣٩)ی.ز:

ئەم ڕێککەوتننامەیە لە ١٧/مایسی/١٦٣٩ لە نێوان سوڵتان مورادی چوارەم و “شا سەفی” سەفەویدا لە شاری زەهاوی (سەرپێڵ و زەهاو)ی نزیک قەسری شیرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەستراو بە پێی ئەم ڕێککەوتننامەیە شەڕی-جەنگی درێژخایەنی نێوان داگیرکەرانی عوسمانی و سەفەوی کۆتایی هات.

ئەگەر سەرنج بدەین لەم ڕێککەوتننامەیەی نێوان دەوڵەتانی داگیرکەری عوسمانی و سەفەوی بۆمان دەردەکەوێت کە:

ئەم ڕێککەوتننامەیە لە ناو خاکی کوردستاندا مۆر کراوە و لە لایەکی تریشەوە، یەکەمین دابەشکردنی خاکی کوردستان بوو بە ڕەسمی لە نێوان هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی و سەفەیدا و هەروەها تەواوی بەندەکانی-خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنامەیە و نە هیچ ڕێککەوتننامەکانی تر، کە لە سەر چارەنووس و دابەشکردنی خاکی کوردستان دەبستران و مۆر دەکران، نە بە ئاگاداری کورد و نە هیچ نوێنەرێکی کوردییان تێدا بەشدار نەبووە.

بە پێی بەندەکانی-خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە کوردستان بەم شێوەیەی لێ دێت لە نێوانیاندا کە ئەم بەندانە-خاڵانە لە گرنگترین بەندەکانی-خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە بوون:-

١- ئەم ناوچانە دەکەونە نێو سنووری دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەرەوە: (بەدرە. جەسان، مەندەلی، درنە، سەرپێڵ و ئەو گوندانەی کە دەکەونە نێوان قەڵای زنجیر تا قەڵای زەڵم لە شارەزوور و هەموو شاخەکانی دەورووبەری ئەم قەڵایە تا ئەو دەروازەیەی بۆ شارەزوور دەڕوا و خاڵی سنووری هەردوو دەوڵەتی داگیرکەر پێک دێنێ، سەرەڕای قەڵای قزڵجە و دەورووبەری).

٢- دەبێ حکوومەتی داگیرکەری سەفەوی دەست وەرنەدات و خۆی نەدا لە قەرەی هەموو ئەو قەڵا و زەوییانەی دەکەونە سنووری قارس و وان و شارەزوور و ئەو قەڵایانەی دیکە کە سنووری عوسمانی داگیرکەر دەپارێزن.

٣- دەبێ حکوومەتی سەفەوی داگیرکەردەست لە جنێودان بە خەلیفەکانی ڕاشدین و ئەسحابەکان هەڵبگرێت.

٤- ئەو قەڵایانەی دەکەونە ئەو بەرەوە لە نێوان مەندەلی و دەرتنک و شوێنەکانی: بیرە، یەکە، زومردهاوا و گوند و قەڵاکانی ڕۆژهەڵاتی قەڵای زنجیر و مەریوان و دەورووبەریان بۆ سنووری دەوڵەتی سەفەوی داگیرکەر، نابێ دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر دەست لە کاروباریان وەربدات.

٥- هەردوو تیرەی (پیرە) و (زەردووی) عەشیرەتی جاف سەر بە سەفەوی داگیرکەر دەمێننەوە.

٦- ڕووخاندنی قەڵای زنجیر و هەردوو قەڵای قوتور و ماکۆ دەکەونە سەرووی (وان) و قەڵای (موغاز برد) دەکەوێتە ناوچەی قارس.

٧- هەردوو دەوڵەتی داگیرکەر دەست لە کاروباری یەکدی وەرندەن.

ئەم پەیمانە توانی بۆ نزیکەی هەشتا ساڵ شەڕ-جەنگ و کوشتاری نێوان هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری (عوسمانی و سەفەوی) ڕابگرێت.

ئەگەر بە وردی سەرنج لەو ڕێککەوتننامەیە بدەین، بۆمان دردەکەوێت کە کاریگەری لە سەر کوردستان زۆر هەبووە ئەویش سەرەڕای دابەشکردنی کوردستان لە نێوان هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی و سەفەویدا، کە بە یەکەم دابەشکردنی ڕەسمی کوردستان دادەنرێت لە نێوانیاندا.

ئەم پەیمانە دیسانەوە هەر لە یەکەم ڕۆژی مۆر کردنەکەیەوە، هەردوو دەوڵەتی داگیرکەر هاریکاری دەکەن دژی هەموو جووڵانەوەیەکی ڕزگاریخوازی کورد لە کوردستاندا ئەگەر ڕوویدا لە پێناوی سەربەخۆییدا.

لە دوای ئەم ڕێککەوتننامەیە ئیترعوسمانییە داگیرکەرەکان ترسیان لە سەفەوییە داگیرکەرەکان نەماو و هەروەها ئیشیان بە هەمان شێوەش بە کورد نەما، کەوتنە چەسپاندنی سیاسەتی مەرکەزی لە کوردستاندا و بە پێجەوانەی هەموو ئەو بەڵێن و گفتانەی کە دابوویان بە میرنشینە کوردییەکان و وردە وردە کەوتنە لاوازکردن و پاککردنەوە و داگیرکردنی کوردستان و نەهێشتنی دەسەڵاتی میرنشینە کوردییەکان.

تعليقات