پەیمانەکان و ڕێککەوتنەکانی عوسمانی-سەفەوی و پەیوەندییان بە گەلی کوردەوە؛ سێیەم:- رێککەوتننامەی ئەرزرۆمی یەکەم (١٨٢٣) و کاریگەری و پەیوەندی بە کوردەوە:-

پەیمانەکان و ڕێککەوتنەکانی عوسمانی-سەفەوی و پەیوەندییان بە گەلی کوردەوە؛ سێیەم:- رێککەوتننامەی ئەرزرۆمی یەکەم (١٨٢٣) و کاریگەری و پەیوەندی بە کوردەوە:-

کێشە و شەڕی لە مێژینەی نێوان هەردوو داگیرکەری عوسمانی و سەفەوی ساڵآنێکی زۆری خایاند، سەرنجام هەردوو دەوڵەتەکەی بە قەناعەت گەیاند کە واز لە شەڕ بهێنن و پێکەوە ڕێکبکەون، بۆ ئەم مەبەستەش گفتۆگۆیەک لە شاری (ئەرزرۆم) لە باکووری کوردستان لە نێوان نۆێنەرانی هەر دوو لادا دەستی پێکرد و ڕێککەوتنێکی لێ کەوتەوە لە ٢٨ی/تەممووزی/١٨٢٣دا واژۆ کرا، کە بە رێککەوتننامەی ئەرزرۆمی یەکەم ناو دەبرێت، ئەم ڕێککەوتننامەیە بووە هۆی ئاشتی لە نێوان هەر دوو دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی و سەفەی.

ناوەڕۆکی ئەم پەیمانە دەریخست کە کێشەی نێوانیان کوردستانە، چونکە لە گرنگترین باسەکانی ئەو دوو دەوڵەتە داگیرکەرە بووە، واتە کوردستان هۆکار و باسی گرنگی ڕێککەوتننامەکە بوو لە نێوان هەر دوو دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی و سەفەویدا.

بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەش، لە حەوت خاڵی ڕێککەوتنەکە سێ خاڵیان پەیوەندی بە کوردستانەوە هەبوو، کە ئەوانیش خاڵی یەکەم و خاڵی دووەم و خاڵی سێیەم بوو، کە بریتین لە:-

خاڵی یەکەم:- نابێ ئەم دوو دەوڵەتە داگیرکەرە دەست لە کاروباری یەکتر وەربدەن، سەفەوی نابێت دەست وەربداتە ناو کاروباری کوردەکانی ویلایەتی شارەزوور، کە دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر بە بەشێک لە ویلایەتەکانی خۆی دەناسێ، لەوانە:-

ناوەند و سنجاقەکانی کوردستان کە کەوتوونەتە ناو سنوورەوە بە هیچ شێوەێەک و لە هەر ڕوویەکەوە، دەوڵەتی سەفەوی نابێ ڕێگە بە دەست تێوەردان بدات.

خاڵی دووەم:- هەر دوولا (عوسمانی و سەفەوی) لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە ڕاکردووەکانی یەکتری پەنا نەدەن و پشتیوانیان لێ نەکەن و سەبارەت بە عەشیرەتەکانیش هەر بەو شێوەیە ڕەفتار بکەن.

خاڵێ سێیەم:- پەیوەندی بە عەشایەری کوردی (حەیدەرانلو) و (سیبیکی)یەوە هەیە، کە بوون بە هۆی سازدانی شەڕ لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا و ئێستا لە وڵاتی عوسمانیدا نیشتەجێبوون، دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر بە پێی ئەم رێککەوتننامەیە بەڵێن دەدات پێش لە هێرشی ئەو عەشیرەتانە (حەیدەرانلو) و (سیبیکی) بۆ ناو خاکی سەفەوی داگیرکەر بگرێت.

خاڵەکانی تری ئەم ڕێککەوتننامەیە بە کورتی ئەمانەن:

خاڵی چوارەم:- هیچ دەوڵەتێک باوەش بۆ هەڵاتووانی ئەوی دیکە نەکاتەوە.

خاڵی پێنجەم:- ڕێککەوتننامەکە کاروباری بازرگانیشی بەخۆەوە گرتووە.

خاڵی شەشەم:- سامان بەجێ هێڵراوەکانی سەفەیە داگیرکەرەکان لە دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەردا بۆ خاوەن واریسە شەرعییەکان دەگەڕێتەوە.

خاڵی حەوتەم:- ڕێککەوتنی هەردوو لا (عوسمانی و سەفەوی) بۆ گۆڕینی باڵیۆزەکانیان هەر سی ساڵ جارێک.

ڕێککەوتننامەی ئەرزرۆمی یەکەم نەیتوانی وەکوو پێویست چارەسەری کێشەکانی سنووری (عوسمانی و سەفەوی) بکات، چونکە کێشەکانی ئەم دوو دەوڵەتە داگیرکەرە پەیوەندیان بە سنووری وڵاتی سێیەمەوە هەیە کە هەردووکیان بەبێ هیچ لەبەرچاو گرتنی جوگرافی و تەکنیکی و ئەخلاقیش لە ناو خۆیاندا دابەشیان کردبوو کە ئەو وڵاتەش ((کوردستانە)).

هەر بۆیە لەناو کێشەی پەیوەندییەکانی سنووری هەردوو دەوڵەتی داگیرکەردا (عوسمانی-سەفەوی) کێشەی سنووری وڵاتێکی بێ سنوور بەر چاو دەکەوێت کە لە ناو ئەم کێشەیەدا شاردراوەتەوە.

کێشەکانی سنووری عوسمانی و سەفەی و دواتر سەفەوی-عێراقی و هەروەها عێراقی-عوسمانی، هیج ڕۆژێک ناتوانن ئارامی بە خۆیانەوە ببینن، چونکە بە ناڕەوا بە ناو کوردستاندا ڕەتبوون و هیچ هەڵکەوتەیەکی نەتەوەیی کوردییان لەبەر چاو نەگرتووە.

هەردوو دەوڵەت بە پێی ڕێککەوتنامەکە باش لەوە تێگەیشتبوون کە کوردەکان کۆسپی سەرەکی ڕێگای ئەو دوو دەوڵەتە داگیرکەرەن و دەبوایە کێشەی کوردەکان لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دوو رێگایان لەبەردەمدا بوو:-

یەکەمیان:- بە گوێرەی ڕێکەوتننامەکە ڕێگری لە عەشیرەتە کوردەکانی سەر سنوور بکرێ بە هەموو توانایەکەوە بۆ سنووری ئەو دوو دەوڵەتە ببڕن، لە ناوبردنی هەر چەشنە بزووتنەوە و جووڵانەوەیەکی کوردەکان کە لەوانەیە سەرهەڵبدەن.

دووەمیان:- کۆتایی بە دەسەڵاتدارێتی میر و بەگە کوردەکان لە ناوخۆی وڵاتەکانیان بهێنن.

بڕیاری ڕێکەوتننامەی ئەرزرۆمی یەکەم سیاسەتێکی تازە داڕێژراوی عوسمانی و سەفەوی داگیرکەر بوو کە بە ڕەزامەندی دوو هێزی گەورەی جیهانی ڕووسیا و ئینگلیز دەرحەق بە کوردەکان بەڕیوە دەچوو، ئەو بریارە لە بنەڕەتدا دەست پێکردنی سەرکوتی نەتەوەیی کورد بوو، لە هەردوو پارچەی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و سەفەوی داگیرکەردا.

ئیتر پەیوەندی کوردەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر کەوتنە تەنگژەی ژیان و سەربەستی ناوچەیییان لێ تێک چوو، قۆناغێک تر کە بریتی بوو لە سەرەتای دەستپێکردنی ستەمی هەمە لایەنی نەتەوەیی ڕێی تێکردن و دەستی پێکرد.

تعليقات