کوردستان لە ڕووی (کارگێڕی، ڕامیاری، کۆمەڵایەتی، ئابووری)یەوە لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا؛ کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە:

کوردستان لە ڕووی (کارگێڕی، ڕامیاری، کۆمەڵایەتی، ئابووری)یەوە لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا؛ کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە:


 زۆرداری و ڕووتاندنەوە و خوێن مژینی ڕژێمی دەرەبەگایەتی لە کوردستاندا سرووشتێکی تایبەتی سەبارەت بە میللەتەوە/گەلەوە هەبوو، ئەو میللەتەی/گەلە پێک هاتبوو لە هەمە جۆری دانیشتوان، واتە ئەوانەی بە زەوی چاندنەوە خەریک بوون و لەگەڵ ئەوانیشدا نیوە کۆچەر و هەروەها ژیانی عەشیرەتیش هەبوون.

کوردە نیوە کۆچەرەکان ئەوانەی بە بەخێوکردنی مەڕوماڵاتەوە خەریک بوون کە هاتنە سەر ئەوەی دابمەزرێن و بکەونە زەوی چاندن، ئەم کردەوەیە شێوە و ڕوخسارێکی ئاڵۆز و تایبەتی خۆی وەرگرت.

کوردە نیمچە کۆچەرییەکان، ئەوانەی خەریکی زەوی چاندن و بەخێوکردنی مەڕوماڵات بوون، زۆر توند بەو جۆرە ئابوورییەوە بەسترابوون باشترین نموونەش عەشیرەتی جافە لە ئەیالەتی (شارەزوور)، هەموو تایەفەکانی ئەم عشیرەتە گەورەیە بە سێ بەش و جۆری زەوییان هەبوو.

١- زەوی و زاری زستانە، لە قەزای سلێمانی.
٢- لەوەڕگا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ناوچەی سنە.
٣- پارچەیەک زەوی لە دەشتی شارەزوور.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر باسمان کرد کوردستان لە ماوەی دەسەڵاتی عوسمانی داگیرکەردا بەسەر چەندین میرنشینی جیا جیادا دابەش ببوو، هەر یەک لەو میرنشینانە جۆرێک سەربەخۆییان هەبوو، دانیشتوانی ئەم میرنشینانە لە شارو گوند و هۆزی کورد پێکهاتبوون.

سەرۆکی گوند خاوەنی گوند و زەوی و زاری کشوکاڵی بوو، وەرزێڕ و جوتیاری کورد لە خزمەتی ئەوان دابوون و کاریان دەکرد، سەرۆکە گەورەکان بەرپرسی سەرۆکە بچووکترەکان بوون، واتە شێوازی ئەم هۆزانە شێوازی دەرەبەگایەتی بوو.

لەو سەردەمەشدا سیستەمی دەرەبەگایەتی لە کوردستاندا باو بوو، وە کوردستانیش وەکوو باسمان کرد ناوچەیەکی بە پیت و بەرەکەت بوو بۆ کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ، وەک ئەوەی زۆربەی هۆزەکان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا پێوەی خەریک بوون وەکوو عەشیرەتی جاف کە لە پێشەوە باسمان کرد.

هەر وەک لەو کاتەشدا هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی و سەفەوی کوردستانیان داگیر کردبوو لە نێوان هەردووکیشیاندا بەشیان کردبوو، کە واتە کوردستان خۆی نەک هەر خاوەنی بارودۆخێکی باش نەبوو لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵکوو تا ڕادەیەکی زۆریش ببوون بە مایەی دواکەوتنی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری بۆ گەلی کورد.

کوردستان لە رووی سامانی سرووشتی و کەرەستەی خاوی پیشەسازییەوە وڵاتێکی دەوڵەمەند بوو، بەڵام کاربەدەستانی عوسمانی داگیرکەر وەکوو پێویست ئاوڕیان لەو سەرچاوانە نەدەدایەوە و ناوچە دووردەستەکان لە ڕووی خراپی باری ئابوورییەوە گەیشتبوونە ئاستێکی زۆر مەترسیدار کە لە کشتوکاڵ کردندا ئامێری هەرە کۆن بەکار دەهێنرا.

سەرەرای کشتوکاڵ کردن لە کوردستاندا، بەخێوکردنی مەڕو ماڵات بە هەمان شێوەی کشتوکاڵ پایەیەکی تری ئابووری کوردستان بوو، چونکە خاوەنی لەوەڕگایەکی زۆری سرووشتی بوو لە قەدپاڵ و شاخ و دۆڵەکانیدا، ئەمەش وای لێ کردبوو کە سنووری بەخێوکردنی مەڕوماڵات زۆر فراوان بێت.

کوردستان سامانی سرووشتی زۆری هەبوو، بەو سامانەی خۆی دەیتوانی پیشەسازی خۆماڵی پێش بخات و گەشەی پێ بدات، بەڵام وەک باسمان کرد دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر وەک پێویست ئاوڕی لێ نەدەدایەوە، سەرەڕای بوونی کانی زۆر لە ژێر زەویدا کە جۆرەها کانزای بەنرخی تێدا بوو، ئەمە بێجگە لەوەی ئەو کانزایانە لەسەر ڕووی زەوییەوە ئەوەندە نزیک بوون کە لە ڕووی دەرهێنانەوە پارەی زۆریان نەدەویست، هەتا ئەمانەش واتە ئەو کانزایانەش لە لایەن بازرگانە بچووکەکانەوە لە سنووری پێویستی ناوچەیەکدا بەکار دەهێنران سوودیان لێ وەردەگیردرا.

لە ناوچەی (خانقین-مەندەلی) نەوت لە زەوییەکانەوە دەهاتە دەرێ و دەڕژایە ڕووبارەکانەوە، هەتا یەکێک لەو جۆگانەی نزیک مەندەلی ناوی (نەوت-چای) لێ نرابوو، ئەم زەوییە بە پیت و بەرەکەتانە درابوون بەکرێ و نەوتیان بە خەڵکی دەفرۆشت.

بەرهەمی پیشەسازی خوری و کاغەز لە شاری دیاربەکر داهاتەکەی هەموو ساڵێک (٦٠٠) هەزار ((روبڵ)) بوو، ئەو بەرهەمانە دەنێدران بۆ موسڵ و بەغداد و ناوچەکانی تری کوردستان و دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر.

کوردستان بەرهەمێکی زۆری ڕۆنی زەیتون و کونجی هەبوو، ئەو بەرهەمەش بە زۆری بۆ دەرەوە دەنێردران، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە کوردستان سەرچاوەیەکی گەورەی بەروبوومی مەڕوماڵات بەخێوکردن بوو.

لە شارەکانی حەڵەب و دیمەشق و شارەکانی تری ڕۆژهەڵاتی نزیکەوە، زستان و بەهار ژمارەیەکی زۆر لەوانەی مەڕوماڵاتیان دەکڕی و دەڕژانە کوردستانەوە، ئەمانە هەموو جارێک نزیکەی (٤٠) هەزار سەریان دەکڕی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کوردەکان خۆشیان ژمارەیەکی زۆری مەڕوماڵاتیان دەناردە سەرەوە، نەک هەر بۆ ناوچە نزیکەکان، بەڵکوو هەتا بۆ (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) و میسریان دەنارد.

بەڵام لە ڕووی سەپاندنی باجەوە لە لایەن دەوڵەتەوە ئەوا ئەرکێکی قورسی خستبووە سەر هاوڵاتیانی کورد، لەو شوێنانەدا هەژاری و بێ دەرامەتی پەرەی سەندبوو، یەکێک لەو باجانە کە زۆر قورس بوو کەوتبووە سەر شانیان بریتی بوو لە باجی (خانە) واتە باجی (خانووبەرە).

بۆ کۆکردنەوە و وەرگرتنی باجی خانە، پیاوانی ناسراو دادەنران، ئەمانەش سوودیان لەو هەلە وەردەگرت و بەشێکی باجەکانیان بۆ خۆیان دەبرد.

سەرۆکەکانی قەزا و ناحیەکان، ئەوانە خۆیان بەتاکە خاوەن دەسەڵات دادەنا، بە ئارەزووی خۆیان باج و سەرانەیان دادەنا و لە دوایشدا بە هەموو جۆرێک دەیان سەند، ئەوە دەردەخات، کە تا چ ڕادەیەک قورس و گران بوون بەسەر میللەتەوە/گەلەوە و تا چ ڕادەیەکیش مووچەخۆرەکان و دەرەبەگەکان دڵڕەق و بێ ویژدان بوون.

میللەتی/گەلی کورد لە کوردستانی خۆیدا چەندها جار لەم زۆرداری و دڵڕەقی چەوساندنەوانە ڕاستبووەتەوە دژی ئەوانەی کە بەزەیییان بەخەڵکەکەدا نەدەهاتەوە و دوا دڵۆپی خوێنیان دەمژین و ڕووتیان دەکردنەوە و ناچاریان دەکردن ڕاست ببنەوە ڕاپەڕین دژییان ئەنجام بدەن، کاربەدەستانیش بەجۆرێکی خوێناوی لەو ڕاپەڕینانەیان دەدا و دایان دەمرکاندنەوە.

تعليقات