کوردستان لە ڕووی (کارگێڕی، ڕامیاری، کۆمەڵایەتی، ئابووری)یەوە لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا؛ کوردستان لە ڕووی کارگێڕییەوە:-

کوردستان لە ڕووی (کارگێڕی، ڕامیاری، کۆمەڵایەتی، ئابووری)یەوە لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا؛ کوردستان لە ڕووی کارگێڕییەوە:- 

دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر لە ڕووی کارگێڕییەوە هەندێک گۆڕانکاری کرد و بە تایبەتی لە دوای چاکسازییەکانی سوڵتان (مەحموودی دووەم)، ناوچە کوردنشینەکان ڕاستەوخۆ خرانە ژێر دەسەڵاتی ناوەندەوە و عوسمانییە داگیرکەرەکانیش خۆیان بەڕێوەیان دەبرد و والییان بۆ ناوچە کوردنشینەکان دادەنا.

یەکێک لە والییە دڵسۆزەکانی دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر کە ئەویش مەدحەت پاشا بوو لە ساڵی (١٨٦٩-١٨٧٢ی.ز) هەوڵێکی باشی دا بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی مەرکەزیەت و بەستنەوەی ویلایەتەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی بە (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) ناوەند-پایتەختەوە لە هەموو ناوچەکاندا بە کوردستانیشەوە لەبەر ئەوە هەموو هەوڵەکانی خۆی خستە گەڕ بۆ ئەم مەبەستە چەند هەنگاوێکی بۆ نا، لەوانە:

هەوڵیدا دەرەبەگەکان و سەرکردەکان بە لای خۆیدا ڕابکێشێ، بۆ ئەم مەبەستەش هەندێک لە زەوی دەوڵەتی پێ فرۆشتن و چەندین چاکسازی لە بوارەکانی ئاودێری و ئاوەدانکردنەوەی جێبەجێ کرد و هەوڵی پەرەپێدانی پەروەردەیی بە کردنەوەی قوتابخانە و ئاسانکردنی ڕێگا و بانی هاتۆچوو، هەوڵی چاککردنی کۆمەڵایەتی تا ڕادەیەک بە ئەنجام گەیاند.

بە داواکاری مەدحەت پاشا ڕێکخستنی کارگێڕی بۆ باشووری کوردستانی ئیستا ئەنجامدرا و ناوی لێ نرا (ویلاتی موسڵ)، ئەم ویلایەتەش کرا بە سێ سەنجەقەوە کە بریتی بوون لە:

١- سەنجەقی ناوەند (موسڵ) کە بریتی بوو لە قەزاکانی: (دهۆک، زاخۆ، ئامێدی، شەنگال، ئاکرێ).

٢- سەنجەقی کەرکووک کە بریتی بوو لە قەزاکانی: (هەولێر، ڕانیە، ڕەواندز، کۆیە، کفری).

٣- سەنجەقی سلێمانی کە بریتی بوو لە قەزاکانی: (بازیان، هەڵەبجە، شارەزوور، مەرگە).

پاش داگیرکردنی کوردستانی باشوور لە لایەن ئینگلیزەوە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، ویلایەتی موسڵ بە هەمان شێوەی ڕێکخستنی کارگێڕی پێشووەوە کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیز و پاشان کەوتە ناو چوارچێوەی سنووری عێراقی عەرەبی لە ساڵی (١٩٢٢)ی.ز دواتریش سەنجەقەکان بوون بە لیوا و پاشان لیواکانیش بوون بە پارێزگا.

تعليقات