پەیمانەکان و ڕێککەوتنەکانی عوسمانی-سەفەوی و پەیوەندییان بە گەلی کوردەوە؛ چوارەم:- رێککەوتننامەی ئەرزرۆمی دووەم (١٨٤٧) و پەیوەندی بە گەلی کوردەوە:-

 پەیمانەکان و ڕێککەوتنەکانی عوسمانی-سەفەوی و پەیوەندییان بە گەلی کوردەوە؛ چوارەم:- رێککەوتننامەی ئەرزرۆمی دووەم (١٨٤٧) و پەیوەندی بە گەلی کوردەوە:-

ڕێککەوتننامەی ئەرزرۆمی یەکەم (١٨٢٣)ی.ز دا گیانی گفتۆگۆ و لە یەک گەیشتن و هاوکاری لە نێوان عوسمانی و سەفەویدا دامەزراند بوو، ڕێگای بۆ هەر دوولا خۆشکردبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان، کە ئیتر لەمەودوا پەنا بۆ شەڕ نەبەن و ڕێگاچارەی سیاسیان بۆ بدۆزنەوە.

بەو حاڵەش زۆر کێشەی چارەسەر نەکراو مابوو کە ئاگری شەڕ و کێشەی کۆن و درێژخایەن لەبن سەریاندا بوو کە هەمووی کۆببووەوە.

سەرەڕای جاربەجارێ ئەو ناکۆکیانە دەبوونە هۆی پێکدادان و بەردەوام دەبوون وەک ئەوەی ساڵی (١٨٣٧)ی.ز عەلی ڕەزا پاشای والی بەغدا شاری موحەممەرە (خورەمشەهر)ی داگیرکرد و سەفەوییەکانیش لە ساڵی (١٨٤٢)ی.ز شاری (کەربەلا)یان داگیر کرد.

ئەم شەڕانەش لەوەوە ڕوویاندا کە دیاری نەبوونی هێڵی سنووری نێوانیان و سکاڵای زیارەتکارانی کەربەلا و نەجەف کە لە لایەن عوسمانییە داگیرکەرەکانەوە ئازار درابوون و سەرەڕای ناکۆکی لە سەر شار و بەندەری (موحەممەرە) دەستی پێ کرد.

هەرچەند کات بەرەو پێش دەڕۆیشت و دەست تێوەردانی ڕووسیا و ئینگلیز لە نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکان زیاتر دەبوو، سەرەڕای ئەوەی ئەگەر ئەو دەوڵەتە گەورانەی ڕووسیا و ئینگلیز نەبوونایە لە ساڵی (١٨٤٢)ی.ز لە کاتی داگیرکردنەکەی کەربەلادا لە لایەن سەفەوییەکانەوە، ئەوا شەڕێکی زۆر گەورە و خوێناوی لە نێوان داگیرکەرانی (عوسمانی و سەفەوی)دا رووی دەدا، ڕووسیا و بەریتانیا لەبەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ڕووی ئابوورییەوە و هەر یەکە لە ڕووی فراوانبوونی دەسەڵاتی ئەوی تر، ناوبژێوانیان دەکرد.

گفتوگۆکردن جارێکی تر لە شاری ئەرزرۆم دەستی پێ کردەوە لە نێوان نوێنەرانی داگیرکەری عوسمانی و سەفەویدا بە چاودێری ئینگلیز و ڕووسیا، لێژنەیەکیان پێکهێنا کە لە نوێنەرانی ئەو چوار دەوڵەتە پێک هاتبوو کە بریتی بوون لە نوێنەرانی داگیرکەری عوسمانی و سەفەوی و ئینگلیز و ڕووسیا و ئەم لێژنەیە بەناوی لێژنەی تێکەڵاو ناسرا.

دوای گفتوگۆی زۆر توانرا کە ڕێککەوتننامەیەک لە شاری ئەرزرۆم مۆر بکەن بەناوی ڕێککەوتننامەی ئەرزرۆمی دووەم لە ساڵی (١٨٤٧)ی.ز دا.

بە گوێرەی ئەم ڕێککەوتننامەیە هەر دوو دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی و سەفەوی سازش شکێنیان بە کوردستان کرد و جارێکی تریش کوردستانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردەوە.

ئەم ڕێککەوتننامەیە لە ((نۆ)) خاڵ پێکهاتبوو، کە دیسانەوە زۆرترینی ئەم خاڵانە پەیوەندییان بە گەلی کورد و خاکی کوردستانەوە هەیە کە بریتی بوون لە خاڵەکانی:
دووەم، سێیەم، پێنجەم، هەشتەم تیایاندا هەریەکەیان لە سەر جۆرێک دەدوێن وەک:

ماددەی دووەم:- دەوڵەتی سەفەوی بەڵێن دەدات دەست لە دەشتەکانی بەشی ڕۆژئاوای زەهاو هەڵبگرێت بۆ دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر، وە دەوڵەتی عوسمانیش بەهەمان شێوە بەڵێن دەدات دەست لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوچەی زەهاو هەڵبگرێت بۆ سەفەوییەکان، واتە: هەموو زەوییە شاخاوییەکانی ناوچەی زەهاو لەگەڵ (دۆڵی کرند) بۆ دەوڵەتی سەفەوی داگیرکەر دەمێنێتەوە.

هەروەها سەفەوی بە گەرمی پەیمان دەدات کە واز لە هەموو خواستەکانی خۆی بهێنێ لە بەرامبەر شار و ناوچەی سلێمانی و هیچ کاتێک و بە هیچ شێوەیەک دەست نەخاتە ناو سەروەرێتی دەوڵەتی عوسمانییەوە کە لەو ناوچانەدا هەیەتی.

خاڵی سێیەم:- هەر دوو لا بە بێ پشت گوێخستن کەسانی تایبەت و پسپۆڕ لە ئەندازیاران دەست نیشان دەکەن بۆ ئەوەی بە پێی خاڵی دووەم سنووری هەردوو لا دەست نیشان بکەن.

خاڵی پێنجەم:- هەر دوو دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی و سەفەوی بەڵێن دەدەن کە بە پێی ڕێککەوتننامەی ئەرزرۆمی یەکەم گشت پەنابەرەکانیان بدەنەوە بە یەکدی.

خاڵی هەشتەم:- هەر دوو دەوڵەتی داگیرکەر بەڵێنیان دا بۆ ڕێگرتن لە دزی و جەردەیی، بۆ ئەم مەبەستەش ڕێوشوێنی پێویست دابنرێت.

سەرەڕای مۆرکردنی رێککەوتننامەی ئەرزرۆمی دووەم لە ساڵی (١٨٤٧)ی.ز دا شەڕ و کێشەی سنوور هەر درێژەی هەبوو، تا دوا جار ئینگلیز و ڕووس هەڕەشەیان لەو دەوڵەتە دەکرد کە حورمەت و ڕێزی سنوور دەشکێنێ، بە شێوەیەک کە هەر لایەک ئەگەر ڕێزی سنووری لایەنەکەی (دەوڵەتە داگیرکەرەکەی) تری نەگرت، ئەوا ئینگلیز و ڕووس دەچنە پاڵ لایەنەکەی دیکە و هەموو یارمەتییەکی پشکەش دەکەن، دژی لایەنەکەی تر.

بەم شێوەیە ڕێککەوتننامەی ئەرزرۆمی دووەم لە ساڵی (١٨٤٧)ی.ز کۆتاتی بە فەرمانڕەوایی ناوخۆی کورد هێناو، لە ساڵی (١٨٤٩)ی.ز بە دواوە، ناوچەی شارەزوور ڕاستەوخۆ بەسترایەوە بە (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) و داوی جەنگی یەکەمی جیهانیش تا ئەمڕۆ وەکوو میراتێکی ناڕەوا بۆ دەوڵەتی ناۆسیونالیستی عێراقی عەرەبی ماوەتەوە.

لە دوای ڕێککەوتننامەی ئەرزرۆمی دووەمدا، تا ڕادەیەکی باش ئاشتی لە نێوان عوسمانی و سەفەوی داگیرکەردا چەسپا و ناکۆکییەکانیان تا ڕادەیەک کەم بوونەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ئەم ڕێککەوتننامەیەی بە چاودێری هەردوو دەوڵەتی ئینگلیز و ڕووسیا بوو کە تا ڕادەیەکی زۆر هەردوو لایان پابەند بوون پێیەوە.

ئەمەش وایکرد کە عوسمانییەکان مەترسییەکانیان کەم بێتەوە لە دەسەڵاتی سەفەوی داگیرکەر، وە هەروەها دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەریش ئیشی بە کورد نەما و لەو بەڵێنانەی دابووی پەشیمان بووەوە.

تعليقات