خوتبەیەک بۆ نۆێژی جەژن و بابەتێک لە سەر جەژنی قوربان:

خوتبەیەک بۆ نۆێژی جەژن و بابەتێک لە سەر جەژنی قوربان:


جەژنی قوربانی پیرۆز دەکاتە دەیەمین ڕۆژی زیلحەججە، کە گەوەرەترین و پیرۆزترین ڕۆژەکانی ساڵن، هەر وەک جابر (خوای لێ ڕازی بێت) گیڕاویەتییەوە، کە پێغەمبەری خوا (دروودی خوای لەسەر بێت) فەرموویەتی: (أفضل ایام الدنیا ایام العشر)، دووەمین جەژنی موسڵمانانە لە دوای جەژنی ڕەمەزانەوە، کە هەر دووکیان دوای عیبادەت و پەرستش و خواپەرستی و نزا و پاڕانەوە و جێبەجێکردنی فەرمانەکانی پەروەردگارەوە دێن.

ڕۆژانی جەژنی قوربان یەکێکە لە ڕۆژە پڕ خێر و بەرەکەتەکانی موسڵمانان و هەر وەک پێغەمبەری خوا (دروودی خوای لەسەر بێت) فەرموویەتی: (افضل الایام عند الله یوم النحر ثم یوم القر) کە ڕۆژانی ١٠ و ١١ی زیلحەججە دەکات و ئەم ڕۆژانە (يومُ عرفةَ ويومُ النَّحرِ وأيَّامُ التَّشريقِ عيدُنا أهلَ الإسلامِ وهي أيَّامُ أكلٍ وشربٍ و ذکر الله) ڕۆژانی جەژن و شادی و ئاشتەوایی و خواردن و خواردنەوە و بەخشین و قوربانی کردن و زیکری خوایە و تایبەتمەندی و گەورەیی خۆیان هەیە و ئەحکام و درووشم و ئادابی جیاوازتریان هەیە لە ڕۆژانی دیکە، کە دەبێ موسڵمانان ئاگاداری بن و بیانزانن و جێبەجێیان بکەن، ( وَمَن و يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِن تَقْوَى الْقُلُوبِ).

گرنگترین ئادابەکانی جەژنی قوربان:

یەکەم: (تکبیر-تەکبیر) واتە: زۆر دووبارە کردنەوەی وشەی (الله أکبر)، کە دیارترین درووشمی جەژنە و خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَاذْكُرُواْ اللّهَ فِي أَيَّامٍ مَّعْدُودَاتٍ…) هەر لە شەوی یەکەمی جەژن تا چواردەیەمین ڕۆژی زیلحەججە، لە هەموو شوێن و کاتێکی گونجاو، هەر وەک صەحابەکان (خوایان لێ ڕازی بێت) ئەم زیکرەیان کردووە و شێوازەکەیشی بەم جۆرەیە: (“الله أكبر، الله أكبر، الله أكبر، لا إله إلا الله”، “الله أكبر، الله أكبر، و لله الحمد”).

دووەم: بەشداری کردن لە نوێژ و خوتبەی جەژن: هەر وەک لە فەرموودەدا ئوم عەتیە ڕیوایەتی کردووە: (عَنْ أُمِّ عَطِيَّةَ ، قَالَتْ : أَمَرَنَا رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ، أَنْ نُخْرِجَهُنَّ فِي الْفِطْرِ وَالْأَضْحَى ، الْعَوَاتِقَ ، وَالْحُيَّضَ ، وَذَوَاتِ الْخُدُورِ ، فَأَمَّا الْحُيَّضُ فَيَعْتَزِلْنَ الصَّلَاةَ ، وَيَشْهَدْنَ الْخَيْرَ ، وَدَعْوَةَ الْمُسْلِمِينَ ، قُلْتُ : يَا رَسُولَ اللَّهِ إِحْدَانَا لَا يَكُونُ لَهَا جِلْبَابٌ ، قَالَ : لِتُلْبِسْهَا أُخْتُهَا مِنْ جِلْبَابِهَا)، کە نوێژەکە دەکەوێتە بەیانی ڕۆژی یەکەمی جەژن، لە دوای هەڵاتنی ڕۆژ، پاشان هەردوو وتاری جەژن لە لایەن مامۆستا و وتاربێژەوە دەخوێندرێتەوە.

سێیەم: قوربانی کردن: باشترین و گەورەترین کار و کردەوە لە ڕۆژانی جەژنی قوربان لە دوای نوێژی جەژن، ئەنجامدانی قوربانیە و بەخشینی گۆشتی قوربانیەکەیە بە موسڵمانان، هەر وەک بەرأ (خوای لێ ڕازی بێت) لە فەرموودەیەکدا گێڕاویەتییەوە و دەفەرمووێت:کە پێغەمبەری خوا دووردی خوای لەسەر بێت) فەرموویەتی: (إِنَّ أَوَّلَ مَا نَبْدَأُ بِهِ فِي يَوْمِنَا هَذَا أَنْ نُصَلِّيَ، ثُمَّ نَرْجِعَ فَنَنْحَرَ، مَنْ فَعَلَهُ فَقَدْ أَصَابَ سُنَّتَنَا).

چوارەم: لەبەر کردنی جل و بەرگی جوان و خۆ پۆشتە کردن: چونکە سیمای جەژن جوانتر دەکات و خۆشییەکان زیاتر دەکات و خوای گەورەش جوان و پاکە و حەز دەکات بەندەکانیشی وابن، هەر وەک پێغەمبەری خواش (دروودی خوای لەسەر بێت) بۆ جەژنەکان جوببەی تایبەتی هەبووە.

پێنجەم: دەربڕینی خۆشی و خۆشحاڵی بە هەندێک ڕیوڕەسمی کلتووری و یاری و سروود و هۆنراوە و ئاوازی شەرعی، هەر وەک دایکمان عائیشە (خوای لێ ڕازی بێت) دەفەرمووێت: (دخل علی رسول الله صلی الله علی و سلم و عندی جاریتان تغنیان…) هەروەها دەفەرمووێ: (و کان یوم عید یلعب فیە السودان بالذرق و الحراب….)، ئیبن حەجەر (ڕەحمەتی خوای لەسەر بێت) دەفەرموویت: ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر مەشرووعیەتی دەربڕینی خۆشی و شادی بەشێوازی شەرعی لە ڕۆژانی جەژندا.

شەشەم: گۆڕینی ڕێگای چوونە مزگەوت و هاتنەوە بۆ ماڵ: لە فەرموودەدا هاتووە، پێغەمبەری خوا (دروودی خوای لەسەر بێت) ( کان إذا خرج إلی العید رجع من غیر الطریق الذی ذهب فیە)، واتە: لە نوێژی جەژندا، کاتێک کە چووە بۆ مزگەوت بە رێگایەکداچووە، پاشان کە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵ، بە ڕیگایەیێکی تردا گەڕاوەتەوە.

حەفتەم: پیرۆزبایی کردن لە یەکتری: سوننەتە کە موسڵمانان پیرۆزبایی لە یەکتری بکەن و بە زەردەخەنە و خۆشییەوە تەوقە لەگەڵ یەکتر بکەن و گەردنی یەکتر ئازاد بکەن و هەلێکە بۆ یەکتر بەخشین و وەلانانی تووڕەیی و ناخۆشییەکان، لە فەرموودەشدا هاتووە: (كان أصحابُ رسولِ الله صلَّى اللهُ عليه وسلَّم إذا الْتَقَوْا يومَ العيدِ يقولُ بعضهم لبعضٍ: تَقبَّلَ اللهُ مِنَّا ومِنكم).

ماوەتەوە بگوترێ، کە هەندێک هەڵەش هەن ناکرێ باسیان نەکرێت و موسڵمانان لێ ئاگادار نەبن:

یەکەم: دروست نییە لە ڕۆژانی جەژندا موسڵمانان بە ڕۆژوو بن، ئەبو سەعیدی خودری (خوای لێ ڕازی بێت) دەفەمووێت: (نهی رسول الله صلی علیە و سلم عن صیام یومین: یوم الفطر و یوم النحر) ، هەروەها :”نوبەیشەی هوزەیلی” (خوای لێ ڕازی بێت) دەفەرمووێت: ( أیام أکل و شرب و ذکر الله عز و جل).

دووەم: نابێ و دروست نییە، کە بە ناوی جەژنەوە تێکەڵاوی و تەوقەکردن هەبێت لە نێوان پیاوان و ئافرەتان، یان کچان و کوڕاندا.

سێیەم: بۆن و ڕازاندنەوە و خۆ دەرخستنی لەش و لار و جەستەی ئافرەتان بەدەر لە سنووری شەرعی، لە هیچ بۆنە و لە ژێر هیج ناوێکەوە ڕێگە پێدراو نییە، بە تایبەتیش کە جەژنی قوربان بۆنەیەکی ئاینییەوە و دەبێ ڕەچاوی حورمەتی ئەو بۆنەیە بگیردرێ.

چوارەم: هەرچەندە بەخشینی پارە و سەرفکردنی لە ماڵ و منداڵ و پێداویستییەکانی جەژن یەکێکە لە سوننەتەکانی جەژن و خێرێکی گەورەیە، بەڵام زێدەڕۆیی و سەرفکردنی پارە و پوڵی زۆر لە جل و بەرگ و خواردن و بەخشینی جەژنانەی منداڵان بە شێوەیەکی بێ سنوور و بەربڵاو کارێکی ناشەرعیە و دەچێتە خانەی ئیسراف و بەهەدەردانی ماڵ و موڵک.

پێنجەم: قوربانی کردن خێرێکی گەورە و نەبڕاوەیە، بەڵام تەنها وشتر و مانگا و بزن و مەڕ، هەریەکەو بە مەرجی خۆی، بۆ قوربانی دەشێن و ناکرێت گیانداری دیکە و پەلەوەر بکرێتە قوربانی، مەگەر بۆ خواردنی ئاسایی ناو ماڵ و بەخشین بێت، بەڵام بە ناوی قوربانییەوە نەبێت.

شەشەم: هیچ نوێژێکی سوننەت لە پاش و پێشی نوێژ و خوتبەی جەژنەوە نییە و لە فەرموودەدا هاتووە: (أن النبي -صلى الله عليه وسلم- خرج يوم الفطر فصلى ركعتين لم يصلِّ قبلهما ولا بعدهما).

حەفتەم: تێکەڵکردنی نوێژی جەژن لەگەڵ نوێژی بەیانی، بۆ ئەو کەسانەی لە ڕۆژی یەکەمی جەژندا نوێژی بەیانیان لەکیسچووە، بە بۆچوونی زۆرینەی زانایان کارێکی ناڕێکە، چونکە نوێژی جەژن تایبەتمەندی و شێوازی خۆی هەیە و جیاوازە لەگەڵ نوێژی بەیانیان.

خوای گەورە عیبادەت و چاکەی هەموومان قەبوڵ بکات و جەژن لە هەموو موسڵمانان پیرۆز بێت.

تعليقات