قۆناغەکانی گەشەسەندنی ئایینی مەسیحییەت.

قۆناغەکانی گەشەسەندنی ئایینی مەسیحییەت.

خۆی لە خۆیدا لە دایک بوونی مەسیح (د.خ) و مردنی قسە و باسێکی گەورە بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، پێش هاتنی ئەم پێغەمبەرە موژدەی هاتنی پێش لە دایک بوونی هاتبوو.

ئێمە لێرەدا بە پێی گێڕانەوەکانی ناو کتێبە ئاسمانییەکان باسی مەسیح دەکەین:

مەسیح واتە عیسا (د.خ)، باوکی هەر لە ئەزەلەوە نەبووە و بێ باوک هاتووەتە دونیاوە.

بەڵام لە ژنێکی پاک لە دایک بووە بە ناوی”مریەم/مەریەمی کچی عیمران” (د.خ).

هەر بە پێی پەرتووک و کتێبی ئاسمانی تەورات و قورئانی پیرۆز وەک پێغەمبەر ناوی هێنراوە و دان بە پێغەمبەر بوونیدا نراوە.

مەسیح لە (٦)ی.پ.ز لە دایک بووە لە ۳٠ی.ز کەسێک هاوشێوەی ئەو لە خاچ دراوە هەر بە پێی کتێبە ئاسمانیەکانیش خودا مەسیحی لە دەست ستەمکاران پاراستووە و هەڵیکێشاوەتە ئاسمان لە کۆتایی زەماندا واتە (قیامەت/ڕۆژی هەستان)دا دادەبەزێتە سەر زەوی و بە شمشێرێک دەجال دەکوژێت و شەراب و خواردنە سەرخۆشکەرەکان بە حەرام دەزانێت و گوشتی بەرازیش بە تەواوەتی ڕەد دەکاتەوە.

هەر بە پێی سەرچاوە نافەرمییەکان ژمارەی پەیڕەوانی ئەم ئاینە ۲،۲ملیارد مرۆڤە.

ئەرکەکانی ئایینەکە:

ئەم ئایینە کۆمەڵێک ئەرکی بەسەر باوەڕدارانیدا سەپاندووە.

لە گرنگترین ئەرکەکانیشیان ئەمانەن:

۱- باوەڕداربوون یەکەم بە خودا.


دووەم، بەوەی عیسا (د.خ) کوڕی خودایە.
سێهەم، عیسا (د.خ) پێغەمبەرە و لە کۆتایی ژیاندا دەگەڕێتەوە سەر زەوی بۆ ئەوەی ڕێنمایی مرۆڤایەتی بکات و ئەمە جگە لەوەی لە ڕۆژی دوایی بە فەرمانی خوای گەورە موژدەی خەڵکی بێ باوەڕ دەدات بە سزایی دۆزەخ و موژدەی باوەڕدارانیش دەدات بە پاداشتی بەهەشت.

۲- نوێژ کردن.

لای ئەمانیش وەک سەرجەم ئایینەکانی تر نوێژ کردن دووەم ئەرکە لە ئایینەکەیان و ئەم ئەرکەش لای ئەمان سێ جارە لە ڕۆژێکدا.
بە یانی
نێوەڕۆ
ئێوارە.

۳- ڕۆژوو.

ئەمەش یەکێکە لە ئەرکەکانی تری مەسیحییەکان، بەڵام دەستپێکی کاتی ڕۆژووگرتنیان گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە لە سەرەتایی ئایینەکەوە هەتاکوو ئێستا.
ئەوەشی کە بە نەگۆڕی ماوەتەوە ئەوەیە کە لە نێوان ڕۆژانی (۲ی شوبات) تاکوو (۲ی ئازاری) هەموو ساڵێک ڕۆژووگرتن تێیدا ڕۆژێکی پیرۆزە.

ڕۆژوو لە لای ئەمان وازهێنانە لە خواردن و خواردنەوە، لە سپیایی نیوە شەوەوە هەتاکوو نیوەڕۆ بە ڕۆژوو دەبن، پاشان دەیشکێنن.

٤- زەکات.

ئەرکێکی تری ئایینەکەیە کە وەک خێر تەماشایان کردووە دەبێت بدرێت بە کەسانی شایستە و هەژار و کەم دەرامەت.

ئەمە جگە لە (باجی دەیی) کە دەیەکی بەرهەمی ساڵ دەبەخشن بە کەسانی کەم دەرامەت و دەبێت بیدەن .

۵- حەج کردن.

بۆ ماڵی خودا لە شاری ئۆرشەلیم سەردانی بەردی (سەهیۆن) و (داری زەیتوون) لە یەک جاری تەمەندا، ئەگەر کرا هە موو ساڵێک، بەڵام فەرز نییە.

کتێبی “ئینجیل”

ئینجیل بە واتای (مزگێنی) دێت ئەم کتێبەش پاش ماوەیەک لە خاچ دانی هاوشێوەکەی مەسیح لە لایەن چوار خوێندکاری مەسیحەوە نووسراونەتەوە.
ئەوانیش(مەتی/مەتا، مەرقوس، لۆقا ، یۆحەننا) ئەگەرچی جیاوازیش لە نێوان دەقەکانیشیاندا هەیە لە گێڕانەوەکانیاندا بەڵام هەر چواریان لە لایەن باوەڕدارانی ئەو ئایینەوە قبوڵکراون.

قۆناغی کەنیسە و گەشەسەندنی پەیڕەوە لێک جوداکان:

کەنیسە مەبەست لە کەنیسە ماڵی خودایە جێگایەکە بۆ پەرەستن و ستایشکردنی خودای گەورە، مێژووی دەرکەوتنی یەکەم کەنیسە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (۳۱۳ی.ز)، ئەو کاتەی کە (قوستەنتینی یەکەم ۳٠۵ز_۳٦۱ز)ی ئیمپراتۆرێتی بیزەنتی ئایینی ڕەسمی دەوڵەتەکەیان مەسیحییەت بوو.

بەمەش دەرکەوتن و دروست کردنی کەنیسە بووە ئەرکێکی گەورەی ئایینی.

بە درێژایی سەدەکانی ناوەڕاست دوو پەیڕەوی گەورەی دروست کرد ئەوانیش:

۱- کەنیسەی خۆرئاوا کە لە لایەن (پاپا) ڕابەری ڕۆحی مەسیحییەکان سەرپەرەشتی دەکرا مێژوویەکەشی بۆ سەرەتایی سەدەی دووەمی زایینی دە گەڕێتەوە بە
(کەنیسەی کاتۆلیک/کاثولیک) ناسرا.

۲- کەنیسەی خۆرهەڵات کە لە لایەن (بەتریاریکی قوستەنتینیەوە) سەرپەرەشتی دەکران کە ناسرا بە (کەنیسە ئۆرتۆدۆکس/ئارثوزکس) مێژوویەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی زایینی.

پەیڕەوەکانی ئایینی مەسیحی سێ پەیڕەون:

۱- پەیڕەوی کاتۆلیک/کاثۆلیک.

ئەم پەیڕەوە بە گەورەترین پەیڕەوی مەسیحی دادەنرێت لە گشت جیهاندا.

زاراوەی کاتۆلیک/کاثولیک لە (katholikos)ی یونانییەوە وەرگیراوە بە واتای (جیهانی) دێت، بە کورتی لە گرنگ ترین باوەڕەکانی ئەو ئایینەیە.

۱- باوەڕیان وایە مەسیح مرۆڤ بووە و کوڕی خوداش بووە.
۲- باوەڕیان بە پاک داوێنی مریەم/مەریەم هەبووە.
۳- باوەڕیان وایە کە پترۆس/بتروس لە پاییەی جێنشینی مەسیحدایە و پاپا و باوک و ڕابەری ڕۆحی مەسیحییەکانە.
٤- باوەڕیان بە تەڵاق نیە دەبێت پیاو بە تەنیا یەک ژن بهێنێت و نەوەشیان لە کەنیسە دەبێت.
۵- ژن و ژن خوازی بەدەر لە پەیڕەوانی کاتۆلیک/کاثۆلیک بۆ کەسانی دیکە ڕەوا نیە.
٦- باوەڕیان وایە دۆزەخییەکان دوای سزای دۆزەخ لە تاوانەکانیان پاک دەبنەوە و دەچنە بەهەشتەوە.
۷- باوەڕیان وایە باوەڕدارانی ئایینەکانی تر دەتوانن لە مەسیح داوای نزا بکەن و مەسیح لێیان خۆش بێت.
۸- نابێت ڕەبەن و ژنانی کەنیسە هاوسەرگیری بکەن.
۹- باوەریان وایە کە دوای تاوان و خراپەکاری ئەگەر داوا لە خودا بکەن و لە کەنیسەکانیان قوربانی بکەن ئەوا خودا لە تاوانەکانیان خۆش دەبێت.

۲- پەیڕەوی ئۆرتۆدۆکس/ئارثوذكس.


دووهەم پەیڕەوی گەورەی مەسیحییەکانە کە مێژوویەکی گەورەیان لە ململانێ و پێکەوە ژیاندا هەبووە لەگەڵ کاتۆلیک/کاثولیک.
زاراوەی (ئۆرتۆدۆکس/ئارثوذکس)یش لە زاراوە (orthodoxy)ی یۆنانییەوە هاتووە بە واتای (باوەڕی پتەو) دێت.

گرنگترین باوەڕەکانیان:

۱- باوەڕیان وایە کە گیانی پیرۆز لە خوداوە بۆ مریەم/مەریەم (د.خ) و لە مریەم/مەریەمەوە بۆ عیسا(د.خ)وەیە و بەمەش عیسا یەک تایبەتمەندی خودایی تێدایە نەک دووان.
۲- باوەڕیان وایە کە مریەم/مەریەم دایکی عیسا (د.خ)یە و بەڵام باوەڕیان بەوە نیە کە لە لایەن ئەم ژنەوە خێر و شەڕ دابەش بکرێت مریەم/مەریەم (د.خ) بە مرۆڤێک دەزانن کە بە دەر نیە لە هەڵە و تاوان.
۳- باوەڕیان بەوە نیە کە پترۆس/بتروس جێنشینی عیسا(د.خ) بێت ئەویش هیچی کەمتر و زیاتر نەبووە لە ۱۱ هاوەڵەکەی عیسا (د.خ).
٤- پاپایان بە ڕابەری خۆیان و باوکی خۆیان نەزانیوە بەڵام وەک ڕابەرێکی مەسیحییان زانیوە.
۵- لە هەندێک کاتدا باوەڕیان بە تەڵاق هەیە و ئاساییە پیاو جارێک ژنەکەی تەڵاق بدات.
٦- ڕێگە نەدراوە پەیڕەوانیان ژن و ژن خوازی لە گە ڵ بێ باوەڕاندا بکەن.
۷- باوەڕیان وایە لە ڕۆژی دوایدا خودا بە میهرەبانی خۆی لە گەڵ بەندەکانیدا ڕفتار دەکات، نەک بە کردەوەکانیان.
۸- باوەڕیان وایە کە مەسیح لەو دونیا شەفاعەت بۆ شوێن کەوتوانی خۆی دەکات لە لای خودای گەورە.
۹- ڕێگە دراوە ڕەبەنەکان و کچە خزمەت کارەکان هاوسەرگیری بکەن.
۱٠- باوەڕیان بەوە نیە کە لە دوای تاوان کردن سەردانی کەنیسە و قوربانی کردن و داوای نزاکردن لە پاپا، خودا لە تاوانەکانی بەندە خۆش ببێت.

۲- پەیڕەوی پڕۆتستانت:

ئەم پەیڕەوە لە سەرەتایی سەدەی۱٦ی.ز زایینی لە لایەن (مارتن لۆسەر ۱٤۸۳ز_۱۵٤٦ی.ز) لە ئەڵمانیا سەری هەڵدا، یەکەم جار بە پەیڕەوێکی سەربەخۆ سەری هەڵدا بەڵام زۆری نەخایاند چەندین پەیڕەوی جیا جیای لێبوویەوە، زاراوەی پڕۆتستانتیش لە زاراوەی (protistanr) وەرگیراوە کە بە واتای (ناڕەزاییەکان) دێت چونکە ئەم پەیڕەوە تازەیە ڕەخنەی لە هەر دوو پەیڕەوانی ( ئۆرتۆدۆکس/ئارثوذکس و کاتۆلیک/کاثولیک)دەگرت و دەگرێت.

لە گرنگترین باوەڕەکانیان:

۱- باوەڕیان وایە کە گەیشتنی مرۆڤ بە خودا و لێخۆش بوونی تەنیا لە ڕێگەی ئیمانی پتەوی بەندەکەوە دەبێت نە وەک لە ڕێگەی کار و کردوەوەکانی مرۆڤەوە.
۲- تەنیا باوەڕیان بە دەقەکانی ئینجیل هەیە هەرگیز بۆچوون و ڕا و سەرەنجی پاپا و قەشە لە سەر ئایینەکەیان وەرناگرن بەدەر لە ئینجیل.
۳- باوەڕیان بە پەیوەستی نێوان خودا و بەندە نیە بۆیە تەنیا داوای نزا و پاڕانەوەیان تەنیا لە خودا کردووە.
٤- باوەڕیان بە وەرگێڕانی ئینجیل هەیە بۆ سەرجەم زمانەکانی دونیا.
یەکەم وەرگێڕانیش مارتن لۆسەر کردی کە ئینجیلی وەرگێڕایە سەر زمانی زگماکی/زگماگی خۆی کە ئەڵمانی بوو.
۵- باوەڕیان بەوە هەیە کە بە زمانی باوەڕ نوێژ و ئەرک و ڕێوڕەسمەکان ئەنجام بدرێت نەک بە زمانی ئینجیل.
٦- لای ئەوان مەرج نیە لە کاتی نوێژ کردن ڕوو بکەنە خۆرهەڵات و لە کاتی سروودە ئاینیەکانیاندا مۆسیقا و گۆرانیش ناڵێن.
۷- ستایش و پەرەستن و دۆعایان لە مریەم/مەریەم ڕەت کردووەتەوە.
۸- پەرەستگا و کەنیسەیان بە ناوی هاوەڵانی مەسیح و پاپاوە ناو نەناوە.
۹- باوەڕیان بە پەیکەر و وێنەی عیسا (د.خ) و مریەم/مەریەم (د.خ) و پاپا لە کەنیسەکانیاندا نەبووە هەر بۆیە کەنیسەکانیان بێ وێنە و پەیکەرە.
۱٠- باوەڕیان بە ئازادی بیرکردنەوە و فێربوون هەبووە.
۱۱- باوەڕیان بە ڕۆژووگرتن نەبووە، پەیڕەوانیان سەرپشک کردووە لە گرتن و نەگرتنی ڕۆژوو.
۱۲- ڕەبەنی پیاو ژن لە م پەیڕەوەدا نەبووە.
۱۳- تا ڕادەیەک باوەڕیان وابووە خودا خۆی چارەنووسی مرۆڤەکان دیاری دەکات هەر بۆیە مرۆڤ ئازاد نیە.

نووسین و ئـامـادەکردنی: زانـکۆ ڕەبـاتی.
پێداچوونەوەی بابەت: ماڵپەڕی کوردزانست.

تعليقات