ئایا كوردستان به‌ زه‌بری خوێن فه‌تح كراوه‌، یان به‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌؟

ئایا كوردستان به‌ زه‌بری خوێن فه‌تح كراوه‌، یان به‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌؟ وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ له‌ ئێستادا هه‌ندێجار ره‌هه‌ندێكی سیاسی ‌و فیكری وه‌رگرتووه‌.

یه‌كه‌م: ئایا كوردستان به‌ زه‌بری شمشێر ئیسلامی گه‌یشتۆتێ ‌و  به‌ناچاری قبوڵی كردووه‌، یان به‌ ئاشتی‌و ئاره‌زوو پێشوازی له‌ فاتیحه‌ مسوڵمانه‌كان كردووه‌؟ زۆر جار سیاسییه‌كان یان رۆشنبیران به‌ فاكته‌ری ئایدۆلۆژی له‌ جیاتی مێژوو وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌ده‌نه‌وه‌، وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ زیاتر ره‌هه‌ندی ده‌مارگیری سیاسیی و كه‌لتووری دروستكردووه‌، ئه‌وه‌ی خۆی به‌ دیندار و ئیسلامیی بزانێت، ده‌بێت بڵێت به‌ ئاشتی ئیسلام گه‌یشتۆته‌ كوردستان، ئه‌وه‌ی پاشخانی عه‌لمانییه‌ ده‌بێت بڵێت به‌ زه‌بری شمشێر ئیسلام گه‌یشتۆته‌ كوردستان، ئه‌م دابەشبوونە ئایدۆلۆژیه‌ بۆ؟ چه‌ند له‌ ڕاستی قۆناغه‌ مێژووییه‌كان جێگه‌ی ده‌ببَته‌وه‌؟
فاتیحه‌ مسوڵمانه‌كان له‌ مه‌دینه‌وه‌ ده‌ستیان پێكردووه‌، له‌ رۆژهه‌ڵات هه‌تا دۆڵی “سیند”ی = پاكستانی ئێستا”، له‌ رۆژئاوا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و په‌ڕی رۆژئاوای باكووری ئه‌فریقیا و نیوه‌ دوورگه‌ی ئیبریا = ئه‌نده‌لوس. باشه‌ له‌م سنووره‌ به‌رفراوانه‌، به‌شێكی جیهانی كۆنی له‌ كیشوه‌ره‌كانی ئاسیا ‌و ئه‌فریقیا و به‌شێكی ئه‌ورووپای گرتۆته‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم سه‌دان، ئه‌وه‌ ده‌یان نه‌ته‌وه‌ی غه‌یری عه‌ره‌ب وڵاته‌كه‌یان رووبه‌ڕووی هه‌مان شاڵاوی فاتیحه‌ مسوڵمانه‌كان بۆته‌ له‌ ساڵانی ١٦ كۆچی بۆ كۆتایی ئه‌و سه‌ده‌یه
‌.
پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئایا له‌ ئه‌ده‌بیاتی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێژوو ‌و قسه‌كردن له‌سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌ و ناسیۆنالیزم هه‌مان جه‌ده‌ل ‌و دابه‌شبوون له‌ ناو ئه‌وانیشدا هه‌یه‌؟ یان به‌ ته‌نیا نوخبه‌ی سیاسیی ‌و رۆشنبیری كورد له‌و دابه‌شبووون ‌و جه‌ده‌له‌دا ده‌ژی؟  ئه‌م وڵامه‌ لێده‌گه‌ڕێم، بۆ خوێنه‌ران، ئه‌مڕۆ له‌ دونیای فراوانی میدیا و چاپه‌مه‌نی وا ده‌زانم زوو ئه‌و وه‌ڵامه‌یان ده‌ستده‌كه‌وێت، كه‌ كورد تاكه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ نوخبه‌ سیاسییه‌كه‌ی خۆی سه‌رقاڵی ئه‌و جه‌ده‌له‌ كردووه‌. بۆ ئه‌مه‌ سرووشتی ناسیۆنالیستی كوردییه‌، كه‌ چه‌ند ختایبەتمەندییەکی نەرێنی تێدایه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رابردوودا بكات، ئه‌مه‌ش ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و تایبەتمەندیانەیە، ئێره‌ جێگای درێژه‌دان به‌و باسه‌ نییه‌، ته‌نیا ئێمه‌ له‌ ڕوانگه‌ی چه‌ند پرسیار و ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی تره‌وه‌ درێژه‌ به‌م باسه‌ ده‌ده‌ین.
ده‌پرسین باشه‌ ئه‌گه‌ر ئیسلام به‌ ئاشتی هاتبێت ئه‌مه‌  بۆ ئه‌مڕۆ چ مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت؟ یان ئه‌گه‌ر به‌ زه‌بری شمشێر بێت، چ مانایه‌كی پێچه‌وانه‌ ده‌گه‌یه‌نێت؟ ئه‌گه‌ر به‌رگری و وه‌ستانه‌وه‌ دژی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیسلام بۆ ئێستای كورد و مسوڵمانبوونی عه‌یبه‌ بێت، ئه‌ی بۆ  دانیشتوانی ئێستای شاری (مه‌كه‌)‌و هۆزی قوڕه‌یش رۆژانه‌ ئاره‌قه‌ی شه‌رمه‌زاری هه‌ڵناڕێژن؟ ئه‌ی بۆ ئه‌و باسه‌ له‌ ناو ئه‌واندا نییه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ بابه‌تێكی مێژووییه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی فیتره‌تی مرۆڤ و قه‌ناعه‌تی قبوڵ ‌و به‌رگریدا هاتووه‌.  بۆ ئیستا هیچ مانایه‌ك نابه‌خشێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا من هه‌رگیز نه‌مویستووه‌ بكه‌ومه‌ ناو ئه‌و جه‌ده‌له‌ی كه‌مترین كه‌س له‌ شاره‌زایانی مێژوو به‌شداریان تێدا كردووه‌، به‌ڵام لێره‌دا به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان ئه‌و بابه‌ته‌ ڕوون ده‌كه‌مه‌وه‌.
دووه‌م: چه‌ند به‌سه‌رهاتێك هه‌یه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی كورد ‌و ئیسلام له‌ سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای لێ بێت)، وه‌كوو ئه‌وه‌ی  (واقیدی) باسی كردووه‌ له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌رگه‌، كه‌ پێش هاتنی ئیسلام هه‌واڵی پێغه‌مبه‌ر و ئاینی تازه‌ی هه‌بووه‌. یان به‌سه‌ر هاتی (بغدوزی كوردی) كه‌ گوایه‌ به‌ ناوی نوێنه‌ری پاشای توركستان سه‌ردانی مه‌دینه‌ی كردووه‌، كه‌ (خواجه‌ سه‌عده‌دین) له‌ كتێبی (تاج التواریخ) باسی كردووه‌ ‌و له‌ شه‌ره‌فنامه‌دا هاتووه‌، یان چوونی چه‌ند بارزگانێكی ده‌ڤه‌ری بۆتان بۆ مه‌دینه‌ له‌ سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای لێ بێت). ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ هه‌موویان له‌سه‌ر به‌یه‌كگه‌شتنی ئیسلام ‌و كورد بنه‌ڕه‌تێكی مێژوویی نییه‌ ‌و ئه‌فسانه‌یه
‌.
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ (جابانی كوردی = گابانی كوردی = ئه‌بو به‌سیر)ه‌، كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا ناوی خۆی ‌و (مه‌یموون)ی كوڕی هاتووه‌، هه‌ریه‌ك له‌ (الاصابه‌ ج٢)‌و (تأریخ الگبری) ‌و سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ باسیان كردووه‌، كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ پێغه‌مبه‌ر (درودی خوای لێ بێت) كردووه‌ ‌و وه‌كوو  سه‌حابه‌ ژماره‌یه‌ك فه‌رمووده‌ له‌سه‌ر زاری ئه‌وه‌وه‌ ده‌رباره‌ی نیكاح گێڕدراوه‌ته‌وه‌. له‌ مێژووی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست هۆزی به‌ناوبانگی (گاوان) هه‌بووه‌، كه‌ به‌ عه‌ره‌بی به‌ (جاوان) هاتووه‌، له‌ ده‌رووبه‌ری رووباری سیروان نیشته‌جێ بوون، ده‌گونجێ (جابان) له‌و هۆزه‌ بووبێت، له‌ عه‌ره‌بیدا پیتی (گ) نیه‌ و  گاوان بۆته‌ (جابان).
له‌ سه‌رده‌می خه‌لیفه‌ ئه‌بووبه‌كر فتوحاتی ئیسلامی فراوان نه‌بوو، ئه‌مه‌ش به‌هۆی سه‌رقاڵی به‌ شه‌ڕی (الرده‌) ‌و ته‌مه‌نی كورتی ئه‌بووبه‌كر له‌ خه‌لافه‌تدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فتوحاتی ئیسلامی له‌ سه‌رده‌می ئه‌بووبه‌كر له‌ عێراق نزیك بۆوه‌، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تای خه‌لافه‌تی عومه‌ری كوڕی خه‌تاب فتوحات به‌ره‌و خاكی عێراق ده‌ستی پێكرد، كه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ساسانیه‌كاندا بووه‌.
پایته‌ختی ده‌وڵه‌تی ساسانی شاری (مه‌دائین) بووه‌. كه‌ ده‌كه‌وێته‌ خوارووی شاری به‌غدا ‌و نزیك به‌ شاری (كوت)ی ئێستا، بۆ ئه‌وكات نزیك له‌ كورد و به‌شێكبوون له‌و ده‌وڵه‌تی ساسانی. هه‌تا ئاماژه‌ هه‌یه‌ كه‌ پاشاكانی ساسانی كورد بووبن.
عومه‌ری كوڕی خه‌تاب له‌ ساڵی ١٥ی ك سوپایه‌كی به‌ سه‌رۆكایه‌تی (سه‌عدی كوڕی ئه‌بی وه‌قاس) نارد، ئه‌م سوپایه‌ هه‌ر له‌و ساڵه‌ له‌ شه‌ڕێكی گه‌وره‌ به‌ ناوی (قادسیه‌) سوپای ساسانی شكاند.
(یه‌زده‌گورد) پاشای ساسانی له‌ دوای شه‌ڕی قادسیه‌، پاشه‌كشه‌ی كرد، جارێكی تر هێزی به‌رگری له‌ (جه‌له‌ولا) دامه‌زراند، شه‌ڕی جه‌وله‌ولا له‌ ١٦ی ك دابووه‌، یه‌كه‌م به‌یه‌كگه‌شتنی مسوڵمانه‌كان بووه‌ به‌ خاكی كوردستان.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وكات وشه‌ی (كوردستان) له‌لایه‌ن مێژوونوس ‌و بولدانیه‌كانه‌وه‌ به‌كارنه‌هاتووه‌، زیاتر ناوچه‌ كوردیه‌كان ده‌ناسرێنه‌وه‌، بۆیه‌ بۆ به‌رچاوڕوونی خوێنه‌ر هه‌رێمه‌ كوردیه‌كانی ئه‌وكات ده‌سنیشان ده‌كه‌ین وه‌كوو
:
ناوچه‌ی چیا (الاقلیم الجبال): ناوچه‌كانی ئێستای كرماشان ‌و هه‌مه‌دان ‌و لوڕستان ‌و دینه‌وه‌ر ‌و نهاوه‌ندو حه‌لوان ده‌گرێته‌وه‌. كه‌ به‌زۆری ناوچه‌ی شاخاویین. هه‌ریمی شاره‌زوورر: یاقوتی حه‌مه‌وی ده‌ڵی له‌ نێوان هه‌ولێر ‌و هه‌مه‌دان هه‌ڵكه‌وتووه‌، ئه‌و شارانه‌ی میژوونوس ‌و بولدانیه‌كان باسیان كردووه‌، ئیستا نه‌ماون، به‌پێی دیاریكردنی سنووره‌كه‌ی له‌ سنه‌ی ئێستاوه‌ هه‌تا كه‌ركووك بووه‌، كه‌ ده‌كاته‌ پاریزگای سلێمانی ‌و كه‌ركووك و ئوستانی سنه‌ی كوردستانی ڕۆژهەڵات. هه‌رێمی جه‌زیره‌ و موسڵا: ناوچه‌ ‌و شاره‌كانی (ئامه‌د، میاڤارقین، حەسن كیف، جه‌زیره‌، سه‌عره‌ت، موسڵ، ژه‌نگار … هتد) ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ ده‌كاته‌ به‌ شێك له‌ كوردستانی توركیای ئێستا و به‌شێك له‌ كوردستانی عێراق. هه‌ریمی ئاران: ناوچه‌كانی ئه‌وپه‌ڕی باكووری رۆژهه‌ڵاتی توركیای ئێستا و به‌شێك له‌ ئه‌رمه‌نستانی سۆڤیه‌تی ده‌گرێته‌وه‌، وه‌كوو شاره‌كانی (دوین، ئیریڤان، ده‌ربه‌ند، كه‌ره‌باغ … هتد). هه‌رێمی ئاره‌زه‌ربایجان: پارێزگای ئاره‌زه‌ربایجانی رۆژئاوای ئێستا ده‌گرێته‌وه‌ وه‌كوو شاره‌كانی (ورمێ، شنۆ، ئه‌رده‌بیل، سه‌لماس، خوی … هتد).
سێیه‌م: پیش فتوحاتی ئیسلامی به‌ زۆری هه‌رێمه‌كانی جه‌زیره‌ و ئاران له‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ی سیاسی ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانی بوون، هه‌رێمه‌كانی ئازه‌ربایجان ‌و چیا و شاره‌زوور له‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ی سیاسی ساسانی بوون.  له‌ ڕووی ئاینییه‌وه‌: ئاینی زه‌رده‌شتی له‌ هه‌رێمه‌كانی ئازه‌ربایجان ‌و شاره‌زوور ‌و چیا بڵاوببووه‌وە، ئاینی مه‌سیحی له‌ هه‌رێمه‌كانی ئاران ‌و جه‌زیره‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئاینی جووله‌كه‌ كه‌ به‌شێوه‌ی په‌رت‌وبڵاو له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان هه‌بوون. ئه‌مانه‌ ئه‌وكات ئاینی سه‌ره‌كی بوون له‌ كوردستان، سه‌ره‌ڕای چه‌ند ئاین ‌و رێڕه‌وێكی دیكه‌.
ئایا كوردستان به‌ زه‌بری خوێن فه‌تح كراوه‌، یان به‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌؟ وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ له‌ ئێستادا هه‌ندێجار ره‌هه‌ندێكی سیاسی ‌و فیكری وه‌رگرتووه‌، كه‌ له‌ ڕاستیدا به‌ هه‌ردوو شێواز  به‌ زۆر ‌و به‌ زه‌بر (العنوه‌)، یان به‌ ریكه‌وتن ‌و ئاشتی (صلحا) له‌ سه‌رچاوه‌كان له‌ به‌رانبه‌ر شاره‌ دیاره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ناوچه‌ كوردیه‌كان هاتووه‌، زاراوه‌ی (عنوه‌) له‌گه‌ڵ (صلحا) هیچ مانا و ڕه‌هه‌ندێكی سیاسی نییه‌، به‌ رای من هه‌ردووكیان دوور له‌ ڕاستی مێژووی باسی فه‌تحی كوردستان ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌و باره‌شه‌وه‌ دوو سه‌رچاوه‌ی هاوچه‌رخ زۆر زه‌ق ده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌وانیش (كوردستان له‌به‌رده‌م فتوحاتی ئیسلامی) م. حه‌سه‌ن حه‌مه‌ كه‌ریم و (پرۆسه‌ی به‌ ئیسلام كردنی كورد)ی د. شوان عوسمان، كه‌ هه‌ردووكیان له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ هاوسه‌نگی له‌و بابه‌ته‌ نه‌دواوون چونكه
‌:
١– دانیشتوانی كوردستان ئاینی (ئیسلام)یان نه‌ناسیوه‌، له‌و حاڵه‌ته‌دا له‌ نێوان دانیشتوان ‌و هێزی نه‌ناسراو هه‌ر پێكدادانێك هه‌بێت، ئاساییه‌ و هیچ مانا و مه‌به‌ستێك ناگه‌یه‌نێت.
٢– كورد پێشتر خاوه‌نی (ئایین) و (قه‌ناعه‌تی خواناسی) خۆی بووه‌، ناكرێت بێ ناسینی ئاینی تازه‌ ده‌ستبه‌رداری ئاینی خۆی بووبێت.
٣– بابه‌تی گه‌یشتنی فاتحه‌ مسوڵمانه‌كان ته‌نیا كوردستانی نه‌گرتۆته‌وه‌، زۆر هه‌رێمی دیكه‌ هه‌بووه‌ له‌ رێگه‌ی هێزه‌وه‌ (عنوه‌) یان له‌ رێگه‌ی ئاشتیه‌وه‌ (صلحا) ده‌سه‌ڵاتی فاتیحه‌ مسوڵمانه‌كانی گه‌یشتۆتێ، ئه‌مه‌ش به‌ ڕێژه‌ی جیاواز، ناوچه‌ كوردییه‌كان له‌و زه‌مانه‌ شاز نه‌بووه‌، له‌ هه‌موویان شار و ئاوه‌دانیه‌كانیان به‌ (شه‌ڕ) یان (ئاشتی) بووبێت، به‌ڵام كوردستان به‌ ته‌نیا یان هه‌موو شه‌ڕ بووبێت، یان هه‌مووی به‌ ئاشتی بووبێت، وه‌كو دوو ئاراسته‌ی جیاواز به‌و شێوه‌ی وێنا ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ شوێنه‌كانی دیكه‌ كه‌متر به‌ زه‌بری هێز بووه‌.
٤– كوردستان ئه‌وكات له‌ رێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ساسانی ‌و بیزه‌نتیه‌كانه‌وه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی كراوه‌، بۆیه‌ به‌شێك له‌ به‌رپرسیاریه‌تی شێوازی مامه‌ڵه‌ی كورده‌كان له‌ به‌رانبه‌ر مسوڵمانه‌ فاتیحه‌كان ناكه‌وێته‌ ئه‌ستۆی كورده‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌موو كورده‌كان له‌ پێشوازی فاتیحه‌ عه‌ره‌به‌كاندا بووبن ‌و ساسانی و ڕۆمه‌كان به‌ ته‌نیا به‌رگریان كردبێت.
٥– له‌ دوای ئه‌و پشێوه‌یه‌ی دوای شه‌هیدكردنی خه‌لیفه‌ی سێیه‌م (عوسمانی كوری عه‌فان) ڕوویدا له‌ ساڵی (٣٤ی ک/ بۆ ٤١ی ک) داموده‌زگای خه‌لافه‌ت ‌و سوپای یه‌كگرتوو شیرازه‌ی تێكچوو، كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌رفه‌تی ره‌خساو هه‌بووه‌ بۆ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی دانشتیوانی كوردستان، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێ له‌ هه‌رێمه‌ كوردیه‌كان به‌ زه‌بری  هیز (عنوه‌)یش ده‌ستی فاتیحه‌ مسوڵمانه‌كانی گه‌یشتبێتێ، ئه‌وه‌ دوایی به‌ ئاره‌زوو وه‌ریانگرت ‌و له‌ ده‌رفه‌تی ره‌خساو لێی هه‌ڵنه‌گه‌ڕانه‌وه‌.
چواره‌م: له‌به‌ر فراوانی بابه‌تی فه‌تحی ئیسلامی بۆ هه‌رێمه‌ كوردیه‌كان، له‌ رێگه‌ی خشته‌یه‌كه‌وه‌ چۆنیه‌تی به‌شێك له‌ فه‌تحی ئیسلامی
ڕوونده‌كه‌ینه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رنجانه‌ی خواره‌وه‌:
ئەلف – له‌ ناو سه‌رچاوه‌كان، له‌سه‌ر سه‌ركرده‌كانی فه‌تحی ئیسلامی بۆ هه‌ریه‌ك له‌ شاره‌ كوردیه‌كان ‌و چۆنیه‌تی فه‌تحكردن، جیاوازی زۆر هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ پێیگه‌یشتووین، زیاتر پشت به‌ستنه‌ به‌و سه‌رچاوانه‌ی پێشتر باسمانكردن..
بە –  چۆنیه‌تی فه‌تحی شار و هه‌رێمه‌كان له‌ نێوان چه‌ند حاڵه‌تێكدا بووه‌ وه‌كوو:
١– به‌ ئاشتی ‌و رێككه‌وتن (الصلح)  پیاوماقوڵانی شار له‌گه‌ڵ فاتیحه‌ مسوڵمانه‌كان رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌رك ‌و مافانه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانیان، له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا وه‌كوو ئه‌وه‌ی مسوڵمان بن یان له‌سه‌ر ئاینی خۆیان بمێننه‌وه‌.
٢– شه‌ڕ ‌و به‌ره‌نگاری (العنوه‌)، به‌ڵام سه‌ربازانی ساسانی یان بیزه‌نتی له‌و شاره‌، شه‌ڕیان هه‌ڵبژاردووه‌، كه‌ له‌ زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا  دیار نییه‌ كورده‌كان چه‌نده‌ به‌شداری ئه‌و به‌رگریه‌یان كردووه‌.
٣– شه‌ڕیان هه‌ڵبژاردووه‌ به‌ڵام دوای یه‌كه‌م جه‌وله‌ی شه‌ڕ، ڕازیبوون به‌ ئاگربه‌ست ‌و دوایی ریككه‌وتن.
٤– ئاشتیان هه‌ڵبژاردووه‌، به‌ڵام دوایی به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م كه‌ سوپای فاتیحه‌ مسوڵمانه‌كان شاریان به‌جێهێشتووه‌، په‌شیمان بوونه‌ته‌وه‌، جارێكی دیكه‌ شه‌ڕ دروست بووه‌ ‌و دووباره‌ ریككه‌وتوونه‌ته‌وه‌. هه‌ر چوار جۆره‌كه‌ش له‌و خشته‌یه‌ی خواره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت.
جیم –  به‌ پێی سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ به‌ گردبوونه‌وه‌ی سوپای ساسانی یان بیزه‌نتی ده‌كرێت بۆ شه‌ڕ له‌ هه‌رێم ‌و شاره‌ كوردییه‌كان، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ تۆڕی به‌رگری سه‌ربازی له‌و شوێنانه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌وان بووه‌، نه‌ك خه‌ڵكی هه‌رێمه‌ كوردییه‌كان، له‌ هه‌ندێك له‌و شارانه‌ی كه‌  سه‌ركرده‌كانی ساسانی یان بیزه‌نتی لێنه‌ماوه‌ به‌رگری نه‌كراوه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌، ئایا به‌شداری :كورد له‌ سوپای ساسانی یان بیزه‌نتی چه‌نده‌ بووه‌ له‌ شه‌ڕ به‌رانبه‌ر فاتیحه‌ مسوڵمانه‌كان، ئه‌مه‌ به‌زه‌حمه‌ت دیاری ده‌كرێت چونكه
١– مێژوونووسه‌كان له‌سه‌ر پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌ باسی دانیشتوانی ئه‌و هه‌رێمانه‌یان بۆ نه‌كردووین.
٢– له‌و سه‌رچاوانه‌ی باسی ده‌وڵه‌تی ساسانی یان بیزه‌نتی ده‌كه‌ن، دووباره‌  له‌ سه‌ر بنه‌ڕه‌تی پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی باسیان له‌ سوپاكانیان نه‌كردووه‌.
٣– كوردستان ئه‌وكات خاوه‌نی قه‌واره‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی نه‌بووه‌، به‌سه‌ر دوو ده‌سه‌ڵاتی ساسانی ‌و بیزه‌نتی دابه‌شكراوه‌، كه‌واته‌ پێكهاته‌ی به‌رگری تایبه‌ت به‌ خۆی نه‌بووه‌. كورده‌كان به‌شێك له‌ پێكهاته‌ی كارگێڕی ‌و سه‌ربازی ‌و ئاینی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ بوون.
٤– به‌ هۆی سه‌ختی هه‌رێمه‌ كوردیه‌كان ‌و بوونی قه‌ڵای به‌رگری، دوای شه‌ڕی جه‌له‌ولا، هه‌رێمه‌ كوردیه‌كان بوونه‌ته‌ شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی سوپا په‌رته‌وازه‌كه‌ی ساسانی، هه‌میشه‌ شوێنی سه‌خت ‌و قه‌ڵا گیانی به‌ره‌نگاری ‌و ملنه‌دان بۆ ئاشتی ده‌خاته‌ ده‌روونه‌وه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ له‌و ناوچه‌ سه‌ختانه‌ پاشماوه‌ی سوپای ساسانی ‌و بیزه‌نتی ‌و دانیشتوانی هه‌رێمه‌كان له‌ هه‌ندێ حاڵه‌ت به‌رگریان هه‌ڵبژاردووه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سه‌یری ئه‌م خشته‌یه‌ بك.
هێڵكاری فه‌تحی ناوچه‌ كوردیه‌كان:
یه‌كه‌م: هه‌رێمی چیا، فه‌رمانده‌ی گشتی سه‌عدی كوڕی ئه‌بی وه‌قاس بووه‌. له‌ ساڵه‌كانی نێوان ١٦بۆ ١٨ك فه‌تحكراوه‌. له‌ شاره‌ گرنگه‌كانی ئه‌وكاته‌:
شار هێزی به‌رهه‌ڵستكار سه‌ركرده‌ی به‌رهه‌ڵستكاران سه‌ركرده‌ی فاتیحه‌ مسوڵمانه‌كان چۆنیه‌تی فه‌تحكردن.
-حولوان ساسانی یه‌زده‌گورد +مهران جریر بن عبدالله البجلی +قعقاع بن عمرو شه‌ڕ ئینجا ئاشتی.
ماسبژان ساسانی ئازین بن مهران عبدالله بن وهب الراسبی + چرار بن خگاب یان حژیفه‌ بن الیمان شه‌ر ئینجا ئاشتی.
كرمنشاه‌ ساسانی   – جریر بن عبدالله البجلی + نعمان بن المقرن ئاشتی.
-نه‌هاوه‌ند سزپای ساسانی + هێزی هه‌رێمه‌كانی فارس ‌و ئه‌حواز ‌و چیا و شیراون یه‌زده‌گورد نعمان بن المقرن
+ع بدالها بن عمر شه‌ری (الفتح الفتوح).
دینه‌وه‌ر سوپای ساسانی یه‌زده‌گورد جریر بن عبدالله البجلی  یان ابو موسی الاشعری به‌رگری ئینجا ئاشتی.
دووه‌م: هه‌رێمی ئازه‌ربایجان. جیاوازی هه‌یه‌ له‌ نێوان ساڵانی ٢١، ٢٢ فه‌تحكراوه‌.
ئازه‌ربایجان (ئەردەبیل، سه‌لماس، ورمێ، مه‌راغه‌،) ساسانی ئیسفەندیار عتبه‌ بن فرقد السلمی = حژیفه‌ بن الیمان شه‌ڕ ئینجا ئاشتی.
سێیه‌م/ هه‌رێمی ئاران. له‌ قوڵی وڵاتی شامه‌وه‌ به‌ ڕێنومایی (معاویه‌ بن ابی سفیان)
شاره‌كانی ئاران ئاران (دوبیل، دربه‌ند، كاكیلالا، كنجه‌) سوپای ساسانی + هێزی ناوچه‌كه‌ + بیزه‌نته‌ موریانۆس + واریك حبیب بن مسلمه‌ الفهری + بیكر بن عبدالله اللیپی + سلمان بن ربیعه‌ شه‌ڕ + ئاشتی.
چواره‌م/ هه‌رێمی جه‌زیره‌. له‌ ساڵه‌كانی ١٧، ١٨، ١٩ له‌ قۆڵی وڵاتی شامه‌وه‌ فه‌تحكراوه
‌.
حران بیزه‌نتی + مه‌سیحیه‌كانی حه‌رران عیاچ بن غنم به‌رگری ئه‌وجا ئاشتی ‌و ڕێككه‌وتن.
الرها (ئورفه‌) عیاچ بن غنم ئاشتی.
ئامه‌د (دیاربه‌كر) دانیشتوانی شار عیاچ بن غنم  یان مالك بن الاشتر ئاشتی.
نوسه‌یبین دانیشتوانی شار عیاچ بن غنم دوای گه‌مارۆدان – خۆبه‌ده‌سه‌ته‌وه‌دان‌ و  ڕێككه‌وتن ‌و ئاشتی.
میاڤارقین دانشتوانی شار عیاچ بن غنم ئاشتی ڕێككه‌وتن.
پێنجه‌م: هه‌رێمی شاره‌زوور.
شاره‌كانی شاره‌زوور دانیشتوانی هه‌رێمه‌كه‌ هاشم بن عتبه‌ + عروه‌ بن قیس + جریر بن عبدالله ئاشتی.
به‌ كورتی ‌و پۆختی:
١– پرسی چۆنیه‌تی فه‌تحی ناوچه‌ كوردیه‌كان به‌ سه‌رچاوه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان نه‌بێت. له‌ رێگه‌ی سه‌رچاوه‌ تازه‌كان ‌و رۆژهه‌ڵاتناسانه‌وه‌ یه‌كلایی ناكرێته‌وه‌.
٢– له‌و سه‌رچاوانه‌ی ئێستا به‌ دیدی ئایدۆلۆژی ‌و كار و كاردانه‌وه‌ نووسراون، دابه‌شبوونێكی نا ڕاستی ده‌بینین له‌سه‌ر پرسی هاتنی فاتیحه‌ مسوڵمانه‌كان بۆ هه‌رێمه‌ كوردیه‌كان، به‌ره‌یه‌ك ده‌یه‌وێت بیسه‌لمێنێت به‌ ئاشتی بووه‌ و له‌و باره‌وه‌یه‌ هه‌موو دیكۆمینته‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، به‌ره‌ی به‌رانبه‌ر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خۆی له‌و هه‌موو به‌ڵگه‌ و دیكۆمینتانه‌ نادیده‌ ده‌گرێت ‌و ده‌یه‌وێت بیسه‌لمێنێت هه‌موو به‌ زه‌بر‌و شه‌ڕ ‌و شمشێر بووه‌.
٣– زۆر به‌كه‌می ئه‌كادیمیست ‌و ناوه‌نده‌كانی دیراساتی مێژوویی به‌ پشتبه‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تی به‌شداری ئه‌و دیبەیتانە بوون، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ زۆربه‌ی لێدوان ‌و نووسینن به‌ فاكته‌ری كاروكاردانه‌وه‌ و ئایدیدۆلۆژی نووسراون..
٤– له‌و بڕوایه‌داین ئه‌و جه‌ده‌له‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بێمانا و بێگوزارشته‌، بۆیه‌ دابه‌شبوونه‌كه‌ش هیچ مانایه‌ك ناگه‌یه‌نێت. هیچكام له‌ جۆره‌كانی فه‌تحی كوردستان نه‌ سه‌ربه‌رزیه‌ بۆ لایه‌نی عه‌لمانی ‌و نه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، نه‌ سه‌ربه‌رزیه‌ بۆ لایه‌نی ئیسلامی ‌و نه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، گرنگه‌ بزاوتی مێژووی له‌ شوێن ‌و كاتی خۆی‌و وه‌كوو میًژووی مرۆڤ هه‌ژمار بكرێ.
سەرچاوە:
http://www.xalkurd.com/Article-18

Comments