بەرپرسێک: ٧٠%ی کاڵا و خۆراکی پارێزگای سلێمانی، ئێرانییە

گەمارۆکانی سەر ئێران کاریگەریی زیاتری لەسەر سلێمانی و بازرگانەکانی ئەو شارە دەبێت.
خولی دووەمی گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە شێوەیەک لە شێوەکان کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان بەگشتی و سنووری پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی دەبێت، ئەویش بەهۆی هەبوونی چەند مەرزێکی سنووری و هەبوونی کاڵایەکی زۆری ئێرانی لە بازاڕەکانی سلێمانیدا.
خولی یەکەمی گەمارۆکانی ئەمەریکا لە مانگی ٨ـی ئەمساڵ جێبەجێ کرا و کەرتی بازرگانی و دارایی ئەو وڵاتەی کردە ئامانج. ئەمەریکا داوای لە وڵاتان کردووە، کاری بازرگانی و گواستنەوەی پارە بۆ ئێران رابگرن. خولی دووەمی گەمارۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، کەمکردنەوەی قەبارەی هەناردەکاری نەوتی ئێرانە.
هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە گرنگترین هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران و ئەو وڵاتە دوای تورکیا و چین، سێیەم هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستانە. دوای جێبەجێکردنی خولی دووەمی گەمارۆکان و توندبوونەوەی گوشارەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران، چاوەڕوان دەکرێت، کاریگەریی نەرێنی بکەوێتە سەر ئابووری و بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت بۆ سنووری سلێمانی.
مەلا یاسین مەحموود ، گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان رایگەیاند، گەمارۆکانی سەر ئێران یان کاریگەریی ئەرێنییان دەبێت بۆ سەر هەرێمی کوردستان، یان کاریگەریی نەرێنی، گوتی: “ئەگەر ستراتیژێکمان هەبێت، ئەوە دەتوانین دۆخەکە بە ئەرێنی بشکێنینەوە، بەتایبەت ژێرخانی ئابووریی خۆمان بەهێز بکەین، بۆ نموونە، کاتی خۆی ئێران توانیی سوود لە ئابڵووقەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ سەر عێراق وەربگرێـت، ئێمەش دەتوانین ئەوە بکەین”.
زیاتر گوتیشی: “ئەگەر پلانمان نەبێت، ئەوە دووچاری زیان دەبین و هەلی کاری زۆر لەدەست دەدەین و کاڵا و کەلوپەلەکانیش گران دەبن، کە رەنگە لە مانگی ٣ی ٢٠١٩ دەربکەوێت، چونکە ئێستا کاڵایەکی زۆر لە بازاڕەکاندا هەیە”.
سێ سنووری نێودەوڵەتی و ٥ سنووری لاوەکییش بۆ بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا هەن.
ئەو بەرپرسەی وەبەرهێنەرانی کوردستان ئاشکرای کرد: “٧٠%ی کاڵا و خۆراکی پارێزگای سلێمانی، ئێرانییە و لە پارێزگای دهۆکیش ٦٥%ی کاڵا و خۆراکی هاوردەکراو تورکین، پارێزگای هەولێریش لە نێوان کاڵای ئێرانی و تورکیدا ٥٠ بە ٥٠یە. گەمارۆکانی سەر ئێران نرخی کەلوپەل و خۆراک لە پارێزگای دهۆک زۆر بە کەمی دەجووڵێنێ، بەڵام بەو پێیەی سلێمانی ناچارە روو لە تورکیا بکات، نرخی کاڵا و خواردن بەهۆی کرێی گواستنەوە 25% بەرز دەبێتەوە”.
بەهۆی جموجۆڵەکانی پەکەکە لە ناوچەکە، تورکیا گەشتی فڕۆکەخانەی لە سلێمانییەوە بۆ تورکیا و بەپێچەوانەش قەدەخە کردووە، ئەوەش وا دەکات گەیشتنی کاڵاکانی تورکیا بۆ سلێمانی خەرجیی زیاتریان بوێت.
مەلا یاسین ئاماژەی بەوەش دا، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەنەوە، گرانیی گەورە لە کوردستان دروست نابێت و دەتواندرێت بە کاڵای تورکی، پێداویستیی بازاڕەکانی کوردستان پڕ بکرێتەوە، گوتیشی: “تورکیا نزیکترین شوێنە بۆ هێنانی کاڵاکان لێیەوە، دەشتواندرێت کاڵا و خۆراکە ناوخۆییەکان زیاتر پەرەیان پێ بدرێت، بۆیە لە قۆناخی یەکەمدا هیچ کێشەیەک رووبەڕووی کوردستان نابێتەوە”.
٣٦٠ کۆمپانیای ئێرانی و ١٣٥ کارگەی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستانن و زۆربەی چالاکییەکانیان لە سنووری سلێمانییە.
ئێرانییەکان چاویان لەوە بوو، قەبارەی بازرگانییەکە زۆرتر بچێتە سەرەوە و لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، وەزیری بازرگانیی ئێران گوتی، بەنیازین ناوچەی بازرگانیی ئازاد لەسەر سنوورەکان دروست بکەین، بەڵام گەڕانەوەی سزاکانی ئەمەریکا ئەو پلانەی تێکدا.
لە ساڵی ٢٠١٧دا، قەبارەى ‌ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران و هەرێمی کوردستان ٨ ملیار دۆلار بووە.
شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سلێمانی زیاتر لە دوو هەزار هاوردەکار لە ئێرانەوە کاری بازرگانی دەکەن و کاڵا دەهێنن، گوتی: “لە سلێمانی زیاتر لە دوو هەزار هاوردەکار لە ئێرانەوە کاری بازرگانی دەکەن، داوامان کردووە  ئێرانییەکان کارخانەکانیان بگوازنەوە بۆ کوردستان، ئەمەش بۆ سوودی هەردوو لا دەبێ”.
روونیشی کردەوە، گەمارۆکانی سەر ئێران کاریگەریی بۆ سەر سلێمانی زیاتر دەبێت، گوتیشی: “زۆرینەی کۆمپانیاکانی سلێمانی لە هەولێر و دهۆک نووسینگەیان هەیە، ئەوان دەتوانن لە تورکیاوە کاڵاکان بۆ سلێمانی بگوازنەوە و هیچ کێشەک لەئارادا نییە”.
جەختیشی کردەوە، ئێستا بازرگانانی هەرێم بۆ زۆرترین کاڵا ڕوویان کردووه‌تە تورکیا و زیاتر لە ٥ هەزار هاوردەکار کاڵا و کەلوپەل لە تورکیاوە دێننە کوردستان.

باسنیوز

تعليقات