“بەرهەم ساڵح” بۆ خۆی دەزانێ لەم گەمە سیاسیانەدا تەنها وەکوو “مقەبایەک”ی لێهاتووە.

پاڤڵ تاڵەبانی و لاھوور جەنگی چاودێریی تەواوی جووڵە ئیداری و سیاسییەکانی بەرھەم ساڵحیان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری نێو یەکێتی ئاشکرای دەکات، پاڤڵ تاڵەبانی و دەزگای زانیاریی یەکێتی، بەتەواوی کۆنتڕۆڵی جووڵە و دارایی بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقیان کردووە و چاودێریی ھەموو بابەتەکانی پەیوەندیدار بە سەرۆک کۆماری عێراق دەکەن. لیوایەکی یەکێتی بەناوی سەرۆک کۆمارەوە لە دەباشانەوە مووچە لە بەغدا وەربگرێت، نایاساییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار رای دەگەینێت، پاڤڵ تاڵەبانی و لاھوور جەنگی لە بەغدا، چاودێریی تەواوی جووڵە ئیداری و سیاسییەکانی بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق دەکەن و لەڕێگەی دانانی چەند راوێژکار و بەرپرسێکی دیوانی سەرۆکایەتیی کۆمارەوە، چاودێریی تەواویان خستووەتە سەر کارە سیاسی و ئیداری و داراییەکانی، بەشێوەیەک تەنیا بە رووخسار بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقە، تەواوی دەسەڵاتەکانی لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ دیاری کراوە و گەمارۆ دراوە.
سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، بنەماڵەی تاڵەبانی لە رێگەی دانانی ئاراس جەنگی، بە راوێژکاری باڵای سەرۆک کۆماری عێراق، لەو ڕێگەیەوە دەزگای زانیاریی یەکێتی ئاگاداری ھەموو بابەتەکانی پەیوەندارە بە کاری سەرۆک کۆمار و ھەموو پەیوەندییەکانیشی خراوەتە ژێر چاودێریی خۆیانەوە، بە شێوەیەک فشاری خراوەتە سەر، کە بەرھەم ساڵحی نیگەران کردووە.
سەرچاوەکە ئەوەشی درکاند، بنەماڵەی تاڵەبانی بەنیازن ھەموو ئەو راوێژکار و بەرپرسانەی یەکێتی لە سەرۆکایەتیی کۆمار بگۆڕن، کە پێشتر کاریان بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی نەکردووە و سەر بە باڵەکانی دیکەی یەکێتی بوونە.
ھەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، لەلایەن ئیدارەی گشتیی یەکێیتەوە، لیژنەیەکی دارایی و ئابووری بۆ بودجەی تایبەتی سەرۆک کۆمار و خەرجییەکانی بەرھەم ساڵح دانراوە، ئەو لیژنەیە مافی ھەیە تەسفییە و چاودێریی تەواوی خەرجییەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار بکات.
بەپێی ھەندێ سەرچاوەی رۆژنامەوانیی عێراقی، بودجەی تایبەتی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، ساڵانە نزیکەی ٥٢ ملیۆن دۆلار دەبێت.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، بە مەرجی بنەماڵەی تاڵەبانی بۆ بەرھەم ساڵح و ھەندێ لە راوێژکاران و بەرپرسانی پێشوو (سەردەمی تاڵەبانی و فواد مەعسوم)، ھەریەک لە نزار ئامێدی و کەسێکی دیکە بە ناوی ئامانج و شێخ ماکوان، کە بەڕێوبەری گشتییە لە سەرۆکایەتیی کۆمار، لە پۆستەکانیان دەمێننەوە، چونکە ئەوانە لە پێشتریش کاری زۆریان بە قازانجی بنەماڵەی تاڵەبانی، لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقدا کردووە.
ھاوکات سەرچاوەکە جەختی کردەوە، لیوایەکی سەرۆک کۆمار، کە لە دەباشانە و فەرمان لە بنەماڵەی تاڵەبانی وەردەگرێت، تەواوی میزانییەکەی لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە بۆ دابین کراوە، ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەو لیوایە بەپێی یاسا و دەستووری عێراق، دەبوایە پاسەوانیی بەرھەم ساڵح بکات.
لەمبارەیەوە، عەبدوڵا عەلیاوەیی، راوێژکار لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رای گەیاند، ھەر سەرۆک کۆمارێک کە دەگۆڕێت، دەستکاریی ستافی گرێبەستی سەرۆکایەتیی کۆمار بە کەسانی گونجاو لەگەڵ خۆیدا دەکات، گوتیشی :“زۆربەی راوێژکارەکان بە گرێبەست دادەنرێن، لەبەر ئەوە ھەر سەرککۆمارێک کە دێت ستافی خۆی دەھێنێت و ئەو گرێبەستانە ھەڵدەوەشێنێتەوە“.
عەلیاوەیی، ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی یاسا، ژمارەی راوێژکارەکانی سەرکۆمار ٥ راوێژکارن و سەرۆک کۆمار دەبێت خۆی دابەشی سەر کاروبارەکانیان بکات، بەڵام ئێستا چۆن دادەنرێن، ئەوە بابەتێکە سەرۆک کۆمار خۆی دەیزانێت، گوتیشی: ”راوێژکار ھەیە ھی سەردەمی مام جەلالە و ماوەتەوە، وەکوو د.مۆفەق و شاڵاوی شێخ سەڵاحەدین و شێخ سەڵاحەدین شەرەف، ئەوانە کۆنن و ماونەتەوە و شێخ ماکوان بەڕێوبەری گشتییە و ماوەتەوە، ئەوانە فەرمانبەرن و ناتوانرێ دەستکارییان بکرێت، چونکە فەرمانبەری فەرمین و گرێبەست نین، تەنیا بە خانەنشینکردن دەتوانرێ ئەوانە دوور بخرێنەوە، چونکە ئەگەر دووربخرێنەوە، مافی ئەوەیان ھەیە سکاڵا تۆمار بکەن“.
لای خۆشیانەوە، بەھار مەحموود، شارەزای یاسایی و پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا، لەبارەی ئەو لیوایەی سەرۆک کۆمار کە لە دەباشان دەوام دەکەن، رای گەیاند، سەرۆک کۆمار، سەرۆک کۆماری عێراقە و بۆ ھیچ حزبێک نییە لیوایەکی لەسەر ئەو سەرۆکایەتییە مووچە وەربگرێت، گوتیشی: ”ئەوەی بەناوی سەرۆک کۆمار مووچە وەردەگرن، تەنیا دەبێ پاسەوانەکانی خۆی بن، ئەگەر لە رووی یاساییەوە پاسەوانیی لە سەروک کۆمار دەکەن و لە بەغدان، ئەوە بابەتەکە جیاوازە، بەڵام ئەگەر لیوایەکە سەر بە یەکێتی بێت و لە دەباشان بێت، ئەوە نایاساییە“.   
جەختیشی کردەوە، بەپێی یاسا، ژمارەی پاسەوانەکانی سەرۆک کۆماریش دیاری کراوە و ناکرێت لەو ژمارەیە زیاتر پاسەوان بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار و سەرۆک کۆمار دابنرێت.
سەرچاوە: باس نیوز

تعليقات