بەشی دووەمی فەلسەفە؛ پێداویستییەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفیانە.

لە ڕاستیدا گومانکردن تایبەتمەندیەکی ژیرێتی مرۆڤە.
لە هەموو ئەو شتانەی گوترا و لێمان کۆڵیەوە دەتوانین بە کورتی هۆکار و پێداویستی فەلسەفەکاری لەم خاڵانەی خوارەوەدا کۆ بکەینەوە:
١- ڕامان و سەرسامبوون:
گرنگترین سیفەتی مرۆڤ لە پاڵ گردبوونەوە و بە کۆمەڵ بوونیدا، لەوەدایە کە مرۆڤ تاکە بوونەوەرێکە، سەبارەت بە بوونی خۆی و شتەکانی دەورووبەری پرسیار بکات، مرۆڤ کە بۆ یەکەمجار هۆش و هەست دەکات بە جۆرێک بوونی خۆی دەسەلمێنێت کە پیویستی بە لێکدانەوە نەبێت، بەڵام ئەم حاڵەتە زۆر ناخایەنێت، چونکە دوایی پرسیار دەکات، ( ئەو پرسیارکردنە بریتییە لە فەلسەفە، پرسیارکردن مرۆڤ تووشی سەرسامبوون و واق وڕمان دەکات، ئیتر چەند ئاستی بیرکردنەوەی نزم بێت، پرسیارەکانی لەمەڕ نهێنی ئەو شتانەی کە هەن کەمتر دەبێت، بەڵام چەندە هۆشیاری مرۆڤ ڕوون و فرە بێت، کێشەکەی بەلاوە گەورەتر دەبێت و ئەو کاتە ڕامان و سەرسامییەکەی دەبێتە واق وڕمان و دوای ئەوە بڕیاری ئەوە دەدات کە شت بزانێ.
٢- گومان و تاقیکردنەوەی زانیاری:
لە ڕاستیدا گومانکردن تایبەتمەندیەکی ژیرێتی مرۆڤە، گومان کاتێک سەرهەڵدەدات کە زانیارییە هەستییەکانی مرۆڤ وا بەرچاو دەکەون کە خەڵەتێنەرن (وەک: “تێنوو تەراویلکە( سەراب)ی ئاو دەبینێ”، “تادار هەست بە تامی ئاو ناکات لە کاتی داگرتنی لەرزوتادا”، “بە چاو دیتنی قەبارەی خۆر وەک فتبۆڵێک”، “نەبینینیی ڕەنگ لە لایان کوێرانەوە”. “بە خواڕی، یان بە شکاوەیی دیتنی قەڵەمێک (پێنووسێک) لە نێو ئاودا”و…هتد) لەوە گومان لای مرۆڤ دروست دەبنێت، چونکە وا هەست دەکات کە ژییری و هۆشی مرۆڤ لە دژواریدایە، (هەروەک ئەم هەموو ڕا و بۆچوون و بڕیار و باوەڕە جیاجیانەی لە ئارادایە، تا ئەو ڕادەیەی فەرمان دانی جیاواز لەسەر تاکە شتێک دەدرێت لە لایەن کەسانێکی زۆرەوە). هەروەها مرۆڤ لای وایە، ئەو زانیارییانەی خەڵکی بە هۆی لاسایکردنەوە پەیدایان کردووە، پشت بە خۆبە دەستەوەدان دەبەستێت کە لەوانەیە هیچ بنچینەیەکی نەبێت، ئینجا گومان لە ناخ و بیریدا دەورووژێنێت، بۆیە دەکەوێتە خۆی بۆ گەڕان بە دوای زانیارییە ڕاست و دروستەکان (کە گومان هەڵناگرن).
٣- ترس لە کاری نەبینراو و (نەدیتراو):
بەشێکی زۆر لەو کێشانەی رووبەڕوومان دەبنەوە، کە مرۆڤ دەخاتە دڵەڕاوکێوە، وەک: مەرگ و نەخوشی و ئێش و ئازار و تێکۆشان لە ژیاندا، ملکەچێتی بۆ ڕێکەوت و هۆکارە نادیارەکان و شتی دیکە، هەموو ئەمانە سەرچاوەیەکن لە سەرچاوە بنچینەکانی فەلسەفەکاری.
٤- بە یەکگەیشتن و گفوگۆی نەوەکان:
بە یەکگەشتن و پەیوەندی نەپساندن لە تەک کەسانی دیکەدا، گرنگترین هۆکارە و یەکێک لە فەلەسفە نوێیەکان لەو باوەڕەدایە بەهای فەلسەفە بەستراوە بە پەیوەندیکردنی خەڵکی بە یەکدیەوە، چونکە هەرچی فەلسەفە هەیە هەوڵی ئەوە دەدات بگاتە خەڵکی دی و خۆی بناسێنێت و دربکەوێت و خەڵکی بیبیسن، چونکە مرۆڤ بە یەکگەیشتن و پەیوەندی نەپساندن دەگاتە ئامانجی فەلسەفە و لە کۆتاییدا هەست بە هەموو ئامانجەکانی دیکەی دەکات لە تێگەیشتن لە بوون (الوجود) و ئارامبوون.

تعليقات