فەلسەفە؛ بەشی یەکەم: جۆرەکانی بیر کردنەوە

فەلسەفە بەشی یەکەم: جۆرەکانی بیر کردنەوە.

دەتوانین جۆرەکانی بیرکردنەوە، بەم شێوەیە پۆلێن بکەین:
١- بیرکردنەوەی داستانی(ئەفسانەیی کۆن).
٢- بیرکردنەوەی ئایینیانە.
٣- بیرکردنەوەی زانستیانە.
٤- بیرکردنەوەی فەلسەفیانە.
دەست دەکەین بە دیارکردنی تایبەتمەندییەکانی هەر چوار شێوازی بیرکردنەوە کە بەم جۆرەی خوارەوەیە:
یەکەم: بیرکردنەوەی داستانی(ئەفسانەیی کۆن):
پێوسیتە بە کورتی لە بارەی ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە بدوێین، چونکە ئەمەیان قۆناغێکی مێژوویی زۆر دوورودرێژ دەگرێتەوە لە چاو قۆناغەکانی دیکەی بیرکردنەوەی فەلسەفی و زانستیانە، و هێشتا گەلێک لە ئامراز و تایبەتمەندییەکانی لە کۆمەڵگەکەمان و چەندان کۆمەڵگەی دیکەی جیهاندا بە جۆرێک لە جۆرەکانی هەن و دەبینرێن، ئەم تایبەتمەندیانەش ئەمانەن:
١- لاوازی ئاستی بیرکردنەوە:
مرۆڤی سەرتایی پشتی بە هەستەکانی دەبەست و بیرکردنەوەکانی لەو سنوورە تێنەدەپەڕی، بەڵام خەیاڵی خۆی زۆر بە فراوانی بەکار دەهێنا، مرۆڤ (بە تایبەتی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی یەکەمیدا) گیاندار و بێ گیانی لێک جیا نەکردۆتەوە، هەرچی شتەکانە گشتیان لە ئاستێکی زۆر لە یەکدی نزیکە بوونە، زۆر لەوە نزیکتربوون کە ئێمە دەیانبینین، لای وابوو جۆرێک پەیوەندی شاراوە بە یەکی بەستوونەتەوە، هەرچی دیاردە و بوونەوەرە سرووشتیەکان هەن بەلای مرۆڤی سەرەتاوە وادیاربوون کە تێکەڵن بە شتە نهێنی و شاراوەکان، هەر کاتێک دیاردەیەکی تایبەتی بە خۆیەوە(لایەنی دەروونی) تووشی بووایە یان ڕووی بدایە وەک: خەوبینین، یان تایبەت بەو شتانەی دەورووبەریەوە، وەک: لافاو، باران، پەتا، قات و قڕی، یەکسەر پەنای دەبردە بەر هێزێکی نادیار کە لە پشتەوەیەتی و کاری لێدەکات و لێی دەپاڕایەوە و قوربانی پێشکەش دەکرد و نزای دەکرد، تەنانەت کاتێک کە دەیبینی مرۆڤ لە سەرمادا ڕەق دەبێتەوە، وای دادەنا سەرما بریتییە لە لایەنێکی جادووی جادووگەرێک، یان هێزێکی نادیاری تایبەتی وەک گیان مردووان، یان شەڕانگێزی ڕۆحە بەدکارەکان.
٢- زیندۆێتی ماددە(بوونەوەر)؛ ئەمە دوو واتا دەبەخشێت:
یەکەم: ئەویە مامەڵەی مرۆڤی سەرەتایی بۆ شتەکان وەک زیندوو کراوە، واتە شتێک نییە زیندوو بێت و شتێکی دینە زیندوو نەبێت.
دووەم: باوەڕیان وابوو کە هەرچی شتەکان هەیە گشتیان گیانیان تێدایە، ئەمە سەرەتای لێک جیاکردنەوەی نێوان بێ گیان و گیاندار بوو، یاخود مادە و گیان بوو. ئەگەر بەردێک غلۆر بۆوە، ئەمە ئەوە دەگەینێ گیانێکی تێدایە و غلۆری کردۆتەوە، لێرەدا دەردەکەوێت مرۆڤی سادە چۆن تێڕوانینی بۆ خودی خۆی و ویستەکانی و سەربەستی و جوولەی خۆی بەسەر هەموو شتەکاندا سەپاندووە، تا ئەو ڕادەیەی ئەگەر بەردێک قاچی بریندار بکردایە. سزای بەردەکەی دەدا. بیرکردنەوەی ئەفسانەیی لە بنەڕەتدا لەسەر ئەوە دامەزراوە کە دیاردە سرووشتییە نازیندووەکان بە ڕەنگی ژیان ڕەنگ بکات، هەروەکوو چۆن بوونەورە زیندووەکان هەست دەکەن و هەڵدەچن یاخود وەکوو مرۆڤ سۆز و کینەیان هەیە.

تعليقات