ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بارەگای تەڤگەری ئازادیی
کۆمەڵگەی کوردستان کە گرووپێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان
(پەکەکە)یە، گەمارۆ دەدات و بەرپرسێکی تەڤگەریش ڕای دەگەیەنێت کە بەرگری لە
خۆیان دەکەن.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی ١١ی ٢٠١٨، ئاسایشی یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان، لە گەڕەکی چوارباخی شاری سلێمانی، بارەگای تەڤگەری
ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانیان گەمارۆ داوە کە گرووپێکی سەر بە پەکەکەیە.
لەمبارەیەوە تارا حوسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی
ڕاyگەیاند: ”هێزێکی ئاسایشی یەکێتی گەمارۆی بارەگاکەمانی داوە و داوا دەکەن
بە زووترین کات بارەگاکە چۆڵ بکەین، هەڕەشەی ئەوەشیان کردووە کە ئەگەر
بارەگاکە چۆڵ نەکەین، هێز بەکار دەهێنن“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەوان پێیان ڕاگەیاندوون، بارەگاکە چۆڵ
ناکەن و ”چی دەکەن با بیکەن“. لەبارەی ئەگەری بەکارهێنانی هێزیش لەلایەن
ئاسایشی یەکێتی، تارا حوسێن گوتی: ”خوازیارین هیچ حاڵەتێکی نەخوازراو
ڕوونەدات، ئێمەش هەموو لایەنگرەکانمان هاتوونەتە ناو بارەگاکە و حەز ناکەین
هیچ ڕووبدات، بەڵام پارێزگاری لە خۆمان دەکەین“.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی
هەرێمی کوردستان لە پشکی یەکێتی، بە مەبەستی ڕازیکردنی تورکیا، بڕیاری
داخستنی بارەگای گرووپ و ڕێکخراوەکانی سەر بە پەکەکەی داوە، بە پاساوی
داخستنی بارەگای ئەو لایەنانەی کە مۆڵەتی فەرمییان نییە.
ھەر پەیوەست بەو پرسە فایەق گوڵپی، سەرۆکی ئەکادیمیای سیاسەت و هزری
دیموکراسی و ھاوسەرۆكی پێشووتری پارتی چارەسەری نزیك لە پەكەكە گوتی:
“مەبەستی سیاسی لە پشت ئەو بڕیارەوەیە، یەكێتی دەیەوێت پەیوەندییەكانی
لەگەڵ توركیا ئاسایی بكاتەوە، بەمەش دەبێ دژایەتی ئەو ھێزانە بكات كە سەر
بە پەكەكەن یان لێی نزیكن. ئەو بڕیارە ئەگەر بڕیارێكی فەرمی حكوومەت بێت،
دەبێ وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری تەڤگەری ئازادی بكاتەوە، نەك قوباد
تاڵەبانی”.
ھەروەھا محەمەد عەبدوڵڵا، ھاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان
رایگەیاند: “بارەگاكانی ئێمە نا یاسایی نین، چونكە پێشتر داوای مۆڵەتمان
كردووە و وەڵاممان نەدراوەتەوە، بەڵكو بڕیاری داخستنی بارەگاكانمان یاسایی
نییە و سیاسییە”.
ئاشكراشی كرد: “لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەت لە سنووری
سلێمانی لە گفتوگۆداین، چونكە بڕیارەكە بەناوی جێگری سەرۆكی حكوومەت دراوە
نەك بەناوی مەكتەبی سیاسی حزبێك، بەپێی لێكدانەوەكانی ئێمە ئەو بڕیارە لە
ژێر فشارەكانی توركیا دراوە. بارەگاكانمان لە سنوورەكانی ژێر دەسەڵاتی
حكوومەتی عێراق ھیچ كێشەیەكیان نییە و ئەو بڕیارە تەنھا بارەگاكانمان لە
سنووری پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە”.
Comments
Post a Comment