حکوومەتی زەند لە ئێران ١٧٥٣-١٧٩٤ی.ز:

حکوومەتی زەند لە ئێران ١٧٥٣-١٧٩٤ی.ز: 


باری حکوومەتی ئێران پێش دامەزراندنی حکوومەتی زەند:

دوای کوژرانی نادر شای ئەفشار لە ٢٠ی حوزەیرانی ساڵی ١٧٤٧ی.ز دا، جارێکی تر بارودۆخی ڕامیاری حکوومەتی ئێران تێکچوو، چونکە هەر میر و سەرۆکێک لە هەر هەرێم و ناوچەیەکدا هەوڵیان دەدا دەسەڵاتێکی سەربەخۆ و تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن و سنووری دەسەڵاتیشیان لە سەر حیسابی دەسەڵاتی هەرێمەکانی تر فراوان دەکرد، ئەمەش بوو بەهۆی سەرهەڵدانی ئاژاوە و پاشاگەردانی و دزی و ڕێگری لە ناو دەسەڵات لە ناو نەتەوەکانی ئێراندا.

یەکێک لە بەهێزترین ئەو کەسایەتیانەی لەو ماوەیەدا لەسەر شانۆی سیاسی ڕووداوەکانی حکوومەتی ئێراندا دەرکەوت (کەریم خانی زەند) سەرۆکی عەشیرەتی (زەند)ی کوردی بوو، کە لە خۆرئاوا و باشووری خۆرئاوای ئێراندا نیشتەجێ ببوو واتە (ڕۆژهەڵاتی کوردستان).

سەرەتا کەریم خان توانی بناغەی حکوومەتێکی نەتەوەیی-میللی لە باشووری ئێران بەتایبەتی لە ناوچەکانی (شیراز و ئەسفەهان) دابمەزرێنێت، دواتر سنووری دەسەڵاتی کەریم خان هەموو ئێرانی گرتەوە.

لە سەرەتای دامەزراندنی دەسەڵاتی زەندییەکاندا، (ئەسەد خانی ئەفغانی) بناغەی حکوومەتێکی تری لە هەرێمی ئازەربایجان (تەبرێز-تەورێز و ئەردەبیل) دامەزراند بوو، هەروەها (محەممەد حەسەن خانی قاجار) بناغەی حکوومەتێکی تری لە (مازەندەران) و دەور و پشتی دامەزراند بوو.

سەرەتا کەریم خان لای قەزوین ڕووبەرڕووی (ئەسەد خان) بووەوە، بەڵام زەندییەکان شکستیان خوارد و بەرەو چیاکانی دەوروپشتی شیراز پاشەکشەیان کرد.

هۆز و تیرە کوردییەکانی دەورووبەری شیراز چوونە پاڵ هێزەکانی کەریم خان و دوای شەڕی یەک لە دوای یەکی زەندییەکان توانیان (ئەسەد خان) تێکبشکێنن، دواتر (ئەسەد خان) لە بەرامبەر هێزەکانی (محەممەد حەسەن خانی قاجار)دا شکست دەخوات، بۆیە بە ناچاری ڕوو دەکاتە بەغداد بۆ لای عوسمانییە داگیرکەرەکان، بەڵام عوسمانییەکان پەنایان نەدا، بۆیە دووبارە گەڕایەوە بۆ ناو حکوومەتی (کەریم خان) و ئەویش ڕێزی زۆری لێگرت و وەک کەسی خۆی پەسەندی کرد.

یەکێک لە دوژمنە بەهێزەکانی تری کەریم خان (محەممەد حەسەن خانی قاجار) بوو، تا ئاستێکی زۆر سەرکەوتنی یەکجارەکی کەریم خان بە لە ناوبردنی (محەممەد حەسەن خانی قاجار)ەوە بەسترا بووەوە.

دوای تێکشاندنی (ئەسەد خان)، (محەممەد حەسەن خانی قاجار) بە لەشکرێکی ئێگجار گەورەوە پەلاماری کەریم خانی داوە، زەندییەکان لە شەڕەکەدا تێکشکاون و بەرەو شیراز پاشەکشەیان کردووە، لەشکری قاجار گەمارۆیەکی توندیان خستە سەر شیراز، لەم کاتەدا کەریم خان هێزێکی بە سەرکردایەتی (شێخ عەلی خانی زەند) لە دواوە ناردە سەر لەشکری قاجار، دوای شەڕێکی قورس زەندییەکان سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەست هێنا، بەمەش هێزەکانی قاجار شیرازەیان تێکچوو و پەرش و بڵاو بوونەوە.

محەممەد حەسەن خانیش خۆی گەیاندووتەوە مازەندەران، دوای ئەم سەرکەوتنە لە ساڵی(١٧٥٦ی.ز) کەریم خان گەڕایەوە بۆ ئەسفەهان و لەوێش خەڵک بەخۆشییەوە پێشوازیان لێ کردووە، بەمجۆرە زۆری نەبردووە تا هەموو وڵاتی ئەو کاتەی بەناو ئێران کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی کوردانی زەند، بەمجۆرە کەریم خان بە ئامانجی خۆی گەیشت کە بریتی بوو لە دامەزراندنی حکوومەتێکی سەربەخۆ.

کارەکانی کەریم خان:

کەریم خانی زەند دوای سەرکەوتن بەسەر دوژمنەکانی و دامەرزاندنی حکوومەتی سەربەخۆ، گەلێک کاری گرنگی لە ناو حکوومەتەکەیدا ئەنجام دا، لەوانە:

١- بەمەبەستی نەهێشتی مەترسی قاجارەکان، هێرشی کردە سەر ناوچەی (مازەندەران) و پاش شەڕێکی خوێناوی لەشکری قاجارەکانی شکاند و (محەممەد حەسن خان)ی بە دیل گرت و لە (شیراز) خستیە بەندیخانەوە.

٢- دوای مازەندەران دەستی گرت بەسەر (گەیلان، ئازرەبایجان، خوراسان) و تەواوی ئێرانی ئێستا و حکوومەتێکی نەتەوەیی دادپەروەری تێدا دامەزراند.

دوای ئەمەش کەوتە هەوڵدان بۆ نەهێشتی زوڵم و زۆرداری و ستەم و بڵاو کردنەوەی دادپەرەوەی، تەنانەت کەریم خان و بە دادپەروەرترین فەرمانڕەوا دادەنرێت لە مێژووی نوێی ئەو کاتەدا و ئەورووپییەکان ناویان ناوە (پاشای باش-الملک الصلاح). د.عەبدولرەحمان قاسملۆی شەهید لەبارەی ماوەی حوکمڕانی کەریم خانەوە دەڵێ: (( سەردەمی دەسەڵاتی کەریم خان لە ساڵانی( ١٧٥٣تاکوو١٧٧٩) جوانترین وەرزی مێژووی گەلی کورد بوو لە ئێران)).

کۆنسۆڵی فەڕەنساش لە بەغدا لە نامەیەکدا کە لە ساڵی ١٧٦٣ی.ز بۆ (پاریس)ی ناردووە لە باەری (کەریم خان)ەوە دەڵێت: ((لە ژێر ڕابەرایەتی کەریم خاندا کە خاوەن دەسەڵات و کەسیاتەی و ئاکارێکی زانایانەیە، وادیارە وڵاتی ژێر دەستی کەریم خان کەوتووەتە گەشەکردن و بارودخۆی جێگیری بووە و هێمنی و ئاسایش جێگای ئاژاوە و بشێوی گرتووەتەوە)).

٣- کەریم خان پیاوێکی ڕەفتار جوان بووە، لە ئیش و کاریدا لێبووردە بووە، پشتگیری زانست و زانیاری و خوێندەواری دەکرد، هەمیشە کوڕی دانیشتنەکانی بە هەڵبسەتوانان و خوێندەواران و ڕۆشنبیران گەرم و گۆڕ بووە، لە ماوەی حوکمڕانی ئەودا گڵکۆی (حافزی شیرازی) و (سەعدی شیرازی) سەر لەنوێ هەڵبەستراونەتەوە و نۆژەن کراونەتەوە.

٤- بایەخی زۆری بە بابەتی ئاوەدانکردنەوەی وڵات داوە، لە ماوەی دەسەڵاتیدا بارزگانی گەشاوەتەوە، کشتوکاڵ پەرەی سەندووە، مێژوونووسێکی ئێرانی لەم بارەیەوە دەڵێت: ((دەنگی ئاوەدانی هەموو ناوچەکەی ژێر دەسەڵاتی گرتبووەوە ، بەڵام ڕۆشنایی ئەم ڕووناکییە لە هەموویان زیاتر بەر شیراز کەوتبوو، لە کاتی حوکمڕانی کەریم خاندا شاری شیراز زۆر لە پەرەسەندندا بووە، خەڵکەکەی دەوڵەمەند بوون، شارەکە پڕ بووە لە باغ و بێستان و کۆشک و تەلار، وەک بەهەشتی لێهاتبووە، سەیرانگای هەموو ئێرانییەکان بووە)).

٥- لە ساڵی ١٧٧٦ی.ز دا لەشکری کەریم خان پەلاماری شاری (بەسڕە)ی داوە لە باشووری عێراق، کە ئەو کاتە لە ژێر دەستی عوسمانییە داگیرکەرەکاندا بووە، دوای دەست بەسەرداگرتنی بۆ ماوەی (٣) سێ ساڵ لەژێر دەسەڵاتی زەندییەکانەوە ماوەتەوە.

دوای مردنی کەریم خان ساڵی ١٧٧٩ی.ز باری وڵات تێکچووە و بە هۆی ئاژاوەی نێو بنەماڵەی کەریم خان و شەڕی ناوخۆ و بێتوانای کوڕانی کەریم خان، کە نزیکەی (١٥)ساڵ لە دوای مردنی کەریم خانەوە حوکمیان کرد، دەرفەت ڕەخساوە لە لایەن بنەماڵەی قاجارییەکانەوە، بۆ لە ناوبردنی حکوومەتی زەند لەساڵی ١٧٩٤ی.ز دا.

حکوومەتی زەند لە دوای مردنی کەریم خانەوە تا ڕووخانی:

دوای مردنی کەریم خان ئاژاوە لەسەر کورسی دەسەڵات کەوتووەتە نێو بنەماڵەی کەریم خانەوە، شەڕ و هەرای زۆر کەوتووەتە نیو کوڕ و برا و برازاکانیەوە و جارێکی تر حکوومەتی زەند هێمنی و ئارامی بە خۆیەوە نەبینیوەتەوە.

کەریم خان چوار کوڕی جێهێشتبوو، ئەمانە هیچیان کەڵکی فەرمانڕەواییان نەبووە، لەگەڵ یەکتری ناکۆک بوون و یەکتریان لەناو بردووە، دوای کەریم خان (فەتح عەلی خان) بووەتە حاکمی ئێران.

(سادق خان)ی برای کە مردنی کەریم خانی بیست لە بەسڕەوە گەڕاوەتەوە بۆ شیراز و ویستوویەتی شارەکە بگرێت، بەڵام بۆی نەچووەتە سەر و ڕایکردووە بۆ ناوچەی (کرمان).

لەو کاتانەدا بوو کە (ئاغا محەممەد خانی قاجار) لە بەندیخانەی شیراز ڕادەکات و خۆی دەگەینێتەوە (مازەندەران) و دواتریش حکوومەتی زەندی لەناوبرد.

پاش ئەوەی سادق خان برای کەریم خان بە مەرامی خۆی گەیشت و (فەتح عەلی خان)ی لە دەسەڵات دابەزاند و خۆی کرد بە شای ئێران، ئینجا (عەلی مراد خان) لە تاران خۆی بە شای ئێران ڕاگەیاند و بە سوپایەکی زۆرەوە ڕوویکردە ئەسفەهان، لە لای هەمەدان لەشکری (سادق خان)ی مامی تێکشکاند و چووە سەر شیراز و گەمارۆی شارەکەیدا، سەرنجام (سادق خان) و کوڕی لە ساڵی (١٧٨١ی.ز)دا کوشت، بەمجۆرە (عەلی مراد خان) بوو بەشای ئێران و (ئەسفەهان)ی کردە پایتەخت، بەڵام هێمنی و ئارامی زۆر درێژەی نەکێشا، کاتێک (جەعفەر خان) کوڕی سادق خان یاخی بوو و چووەتە سەر ئەسفەهان، دوای مردنی عەڵی مراد خان لە (١٧٨٥ی.ز)، (جەعفەر خان) گەیشتە ئەسفەهان و خۆی بە شای ئێران ڕاگەیاند.

حکوومەتەکەی جەعفەر خان بەردەوام ڕووی لە بێهێزی بوو، ئاژاوەی ناوخۆ تەواو لاوازی کردبوو، تا کار گەیشتە ئەوەی پیاو ماقوڵانی خۆی لە ساڵی ١٧٨٩ی.ز دا لە پیلانێکدا کوشتیان.

دوای (جەعفەر خان) ئاژاوەیەکی قورستر کەوتووەتە نێو حکوومەتی زەندەوە، کار بەدەست و پیاوماقوڵان بۆ ئاگربڕ و گەڕاندنەوەی ئاسایش و هێمنی (لوتف عەلی خان)ی کوڕی (جەعفەر خان)یان کرد بە شای ئێران.

لوتف عەلی خان لە تەمەنی (٢٠)ساڵیدا هاتووەتە سەر کورسی ، لوتف عەلی خان دوای هاتنە سەر کار لەگەڵ (ئاغا محەممەد خانی قاجار)دا کەوتووەتە شەڕەوە، سوپای قاجار پەلاماری شیرازی داوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە.

بەهۆی ناکۆکی نێوان لوتف عەلی خان و یەکێک لە کار بەدەستە بەرزەکانی، هەروەها ئەو شەڕ و ئاژاوە ناوخۆییە کە کەوتبووە نێو بنەماڵەی زەندییەکانەوە، ئەمانە هەموو دەرفەتیان بۆ (ئاغا محەممەد خانی قاجار) ڕەخساند، تا بکەوێتە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی حکوومەتی زەند، ئەوەبوو سەرنجام بە دەستگیرکردنی (لوتف عەلی خان) دوا پادشای زەند و ئینجا کوشتنی، حکوومەتی زەند لە ساڵی ١٧٩٤ی.ز کۆتایی بە تەمەنی هات.

بەم جۆرە کۆتایی بە دەسەڵاتی زەندییەکان هات و دەسەڵاتێکی نوێ لە ئێران لە سەردەستی (ئاغا محمەممەد خانی قاجار) دامەزرێندرا، کە زۆر دڕندانە لەگەڵ کورد ڕەفتاریان کردووە، ژمارەیەکی زۆری کوردیان لە مەڵبەندەکانی خۆیان ڕاگواستووە، کوشتارێکی زۆری لێکردوون و بەزۆریش مەزهەبی شیعەی بەسەردا سەپاندوون.

تعليقات