میرنشینی بۆتان:-

(میر _عەبدولعەزیز)بە دامەزرێنەری ئەم میرنشینە دادەنرێت، بۆیە زۆر جار بەم میرنشینە گوتراوە میرنشینی (ئازیزان) یا خود (عەزیزان)، لە ناوچەی (جزیرە) و دەوەووبەری دروست بووە.


ئەو هۆزەی لەم ناوچەیەدا جێگیر بووە، هۆزی (بۆتی) یاخود (بوختی)بووە کە هۆزێکی گەورە و کۆنی کوردە، وە بۆ نەترسی و ئازایی و نەبەردی و مەردی و داکۆکی کردن لە سەربەستی و بەناوبانگ بوون، لە گۆڕەپانی سوار چاکی و خۆڕاگریدا سەروەر بوون، لەکاتی شەڕ و تەنگانەدا هەموو بەیەک دەنگ و بەیەک گیانودڵ و بەیەک ئامانج تێکۆشاون و لە کوردستاندا ناویان لەگەڵ سەروەراندایە.

لەم میرنشینەدا، میری بەتوانا و بەهێز و لێهاتوو فەرمانڕەواییان کردووە و توانیویانە میرنشینەکەیان بپارێزن و فراوانی بکەن و لە دەستی دوژمنان دووری بخەنەوە، بەتایبەتی دوژمنانی دورورووبەر.

لەو میرە بەتوانا و لێهاتووانەی کە لە بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورددا دەورێکی گرنگ و بەر چاوی هەبووە میر (بەدرخان)ە کە بە (بەدرخان پاشا) ناوبانگی دەرکردووە و ناسراوە.

ئەم میرە لە ساڵی (١٨٢١ی.ز) لە تەمەنی (١٨)ساڵیدا فەرمانڕەوایی میرنشینەکەی گرتووەتە دەست و بووە بە فەرمانڕەوای میرنشینی (بۆتان).

لە ساڵی (١٨٢٨ی.ز) سوڵتان (مەحموودی دووەم)ی سوڵتانی عوسمانی داگیرکەر، ویستی دەوڵەتی عوسمانی جارێکی تر زیندوو بکاتەوە و بەرگێکی نوێی بە بەردا بکات و (ناوەندگەرای-مەرکەزیەت) لە فەرمانڕەوایی دا بچەسپێنێ، لەم کاتەدا و لە ئەنجامی ئەم سیاسەتەی سوڵتانی عوسمانی بەرامبەر میرنشینە کوردییەکان، بەکاری دەهێنا وای کرد کە ژمارەی میرنشینە کوردییەکان، تەواو کەم بکاتەوە و تەنها چەند میرنشینێکی کەم مابوونەوە کە هەرە گەورەیان و دەسەڵاتدارترینیان (میرنشینی بابان و سۆران و بادینان و هەکاری و بۆتان) بوو بە سەرکردایەتی میر (بەدرخان پاشا).

لەبەر ئەوەی کە سوڵتان (مەحموودی دووەم)ی سوڵتانی عوسمانی بۆ بەدهێنانی ئامانجەکانی لە چەسپاندنی (ناوەند گەرایی-مەرکەزیەت) و دەسەڵاتی عوسمانی لە میرنشینە کوردییەکاندا دەستی پێکرد، بەڵام دەست پێ کردنەکە بە پەلاماردانی میرنشینەکان و میرە کوردەکان و سەرۆکە کوردەکان دەستی پێکرد، بە لابردنیان لە دەزگا و فەرمانڕەواییە جیاجیاکان لە میرنشینەکانی خۆیاندا، تورکی داگیرکەری لە میرنشینە کوردییەکاندا دەکرد بە دەسەڵاتدار، ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایی لای دانیشتوانی میرنشین و میر و دەرەبەگەکانیش، بووە هۆی ورووژاندنی هەستی نەتەوایەتی لە ناوچە کوردییەکان بەتایبەتی میرنشینی (بۆتان).

ناڕەزایی دەربڕینی میر و دەرەبەگەکانی میرنشینە کوردییەکان بەرامبەر بە (ناوەند گەرایی-مەرکەزیەت)ی عوسمانی لەسەردەمی سوڵتان (مەحموودی دووەم)دا، مافی میرایەتی (پشتاو پشت)ی لە میرنشینە کوردییەکان سەندرایەوە، واتە لە باوکەوە بۆ کوڕ، واتە بە (ناوەندگەرایی-مەرکەزیەت) لە بەرژەوەندییان دراو، میللەتیش لە ئەنجامی (ناوەندگەرایی)دا ڕاستەوخۆ کەوتە ژێر دەستی بێگانەوە، ئەمەش باری سەر شانی میللەتی هێندەی تر گرانتر کرد، چونکە جاران لە ژێر دەستی میرەکانی خۆیان بوون کە پەیوەندی هۆزایەتی بەیەکەوەی دەبەستن و بەیەک زمانیش دەدوان، بەڵام ئێستا کەوتوونەتە ژێر دەستی بێگانەی تورکی داگیرکەرەوە، دڵڕەقانە دەیان چەوساندنەوە و باج و سەرانەیەکی زۆریشان خستبووە سەر شانیان.

ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە کێشەکە زیاتر ئاڵۆزتر بکات و بەرژەوەندیان زیاتر مەترسیدارتر بێت، وایکرد کە هەستی نەتەوایەتی یان زیاتر بورووژێ.

سوڵتان مەحموودی دووەمی عوسمانی تەنها بە (ناوەندگەرای-مەرکەزیەت)ەوە نەوەستا بەڵکوو زیاتر پێی لێهەڵبڕی و دەیوست سوپایەکی گەورەش لە کوردەکان دروست بکات و سوودیان لێ وەربگرێت، بۆ ئەم مەبەستەش کەوتە سەربازگیری لە کوردەکان، ئەم کردەوانەی سوڵتان مەحموودی دووەم زیاتر دۆخەکەی ئاڵۆزتر و نالەبارتر کرد و ئەوەندەی تر کێشەکانی بەرەو تەقاندنەوە برد.

هۆی سەرەکی سوڵتان (مەحموودی دووەم) لەم کردەوانەی کە لە کوردستاندا دەی کرد، بۆ چەسپاندنی (ناوەندگەرای-مەرکەزیەت)، بۆ ئەوەنە بوو کە بەشێوەیەکی سەرەکی دەوڵەتی عوسمانی زیندووبکاتەوە، بەڵکوو لەوە گرنگتر لای عوسمانییەکان لەناوبردنی دەسەڵاتی میرنشینە کوردییەکان بوو.

هەر لەبەر ئەمەش بوو کە ئەم سیاسەتەی سوڵتان مەحموودی دەووەم بۆ میرە کوردییەکان ناوەڕۆکێکی نەتەوایەتی وەرگرت، لەبەر ئەوە رۆخساری کوردایەتی و نەتەوایەتی لەو میرنشینە کوردییانەدا کۆبووەوە و بوونە هۆی دەرکەوتنی هەستی نەتەوایەتی و نیشتمان پەروەری و جموجۆڵی زۆر لەناو هێزە کوردییەکاندا سەریهەڵدا و دەستەی هۆشیارانە تیایاندا گەشەی کرد.

ئەو هەوموو ڕق و قینەی ناو دڵی چینی جوتیار و زەحمەتکێشی کورد دژی عوسمانی ڕەگی داکوتابوو، ئەمانە هەمووی هەڕەشەیەکی گەورە بوو بۆ دەوڵەتی عوسمانی، چونکە لابردن و نەمانی ئەو میرنشینانە و ملکەچ کردنی کوردیان کردبووە کارێکی پێویست، هەر بۆیە لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی میر (بەردخان پاشا) هەستی بەو سیاسەتە خراپەی سوڵتانی عوسمانی داگیرکەر سوڵتان مەحموودی دووەم کردبوو، هۆیەکی گرنگ بوو بۆ ڕاپەڕینەکەی میر (بەدرخان پاشا).

میر (بەدرخان پاشا) هەر لە یەکەم ڕۆژی فەرمانڕەواییەکەیدا بیری لە ڕزگار کردنی کوردستانی دەکردەوە لە ستەمی عوسمانییەکان، بۆ ئەم مەبەستەش ویستی هەموو میرنشینەکانی کورد یەک بخات و دەسەڵاتێکی سەربەخۆ بۆ کورد پێکەوە بنێ.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم نەخشەیە، دەبوایە وزەی کورد لە ژێر ئاڵای کوردایەتیدا جۆش بدرێت، هەر وەها بۆ خۆپاراستن و تێکشاندنی هێرشی داگیرکەران دەبوایە کارگەی چەک و کەرەستەی جەنگی لە کوردستاندا دابمەزرێنێ و کەسانی شارەزای بۆ دابین بکرێت، لەبەر ئەوە بۆ یەکخستنی میرنشینە کوردییەکان، میر دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی داواکەی، گەیشتە لای هەموو سەردارەکانی کورد و داوای لە هەموویان کرد کە ڕێزەکانیان یەک بخەن و لە پێناوی ڕزگاری و سەربەخۆی کوردستاندا بکەونە کار و هەموو ڕابەران و سەرانی خێڵەکانی کورد تێکڕای پیاوانی ئایینی و بەشێکی زۆری کۆمەڵانی خەڵکی (وان، هەکاری، مووش، خێزان، سێرت، قارس، مووسڵ، و میرنشینی ئەرەدەڵان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، هاتن بە دەنگ بانگەواز و داواکەی میر بەدرخانەوە و هەموویان پەیمانیان دا کە درێغی نەکەن لە هەوڵەکانیان بۆ ڕزگاری کوردستان و چوونە ڕێزی ئەو پەیمانەوە کە بە پەیمانی (پیرۆز) ناوبانگی دەرکرد.

میر (بەدرخان پاشا) لە هەمان کاتدا دەستی بەخۆ ئامادەکردن کرد لە ڕووی سوپایییەوە بۆ نموونە: لە جزیرە دوو کارگەی دامەزراند، یەکێکیان بۆ دروستکردنی چەک و ئەوەی تریان بۆ دروستکردنی بارووت، لەسەرێکی ترەوە، بۆ پشت بەستن بەخۆی دەستی کرد بە ئامادەکردنی کەسانی شارەزا و کارامە کە بتوانێت لە بابەتی چەکسازی و هێنانە بەرهەمی کەرەستەی جەنگیدا پشتیان پی ببەسترێت، بۆیە کۆمسیۆنێکی چەند کەسی نارد بۆ ئەورووپا بۆ ئەم مەبەستە.

چالاکی و کردەوەکانی میر (بەدرخان پاشا) ئەژنۆی سوڵتانی عوسمانی شکاند، لە سەرەتادا سوڵتانی عوسمانی ویستی بە بەڵێنی درۆ گوایە نیازی وایە سنووری میرنشینی بۆتانی بۆ فراوان بکات بەمە ویستی میری بۆتان بخەڵەتێنێ و بەم جۆرە هەموو نەخشەکانی سەبارەت بە ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستانی پێ لە بار بەرێت، بەڵام (میر بەدرخان) بڕوای پێ نەکرد و سوڵتانی عوسمانیش کە بۆی دەرکەوت لەم بارەیەوە هیچی پێ ناکرێت، بۆیە پەنای بردەبەر سازدانی پیلانی تر و بە فیتی سوڵتان لەناوخۆی کوردستاندا ئاژاوە و پشێوی و پاشا گەردانی ساز کرا، بۆ ئەوەی میر نەپەرژێنە سەر جێبەجیکردنی نەخەشەکانی کە بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ ڕزگار کردنی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە کوردستاندا.

سەرەڕای پیلان و دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان سەرکردە کوردەکان و دژایەتی کردن لەلایەن عوسمانییەکانەوە، بۆ ئەوەی نەخشە و پیلانەکانی بەدرخان پاشا سەرنەگرێت لە ڕزگاری کوردستان، ئینگلیز و فەڕەنسییەکان بە بیانووی جیاجیا بۆ دەستکەوتە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان پشتی دەوڵەتی عوسمانییان گرت و یارمەتی عوسمانییەکانیان دەدا، بەچەک، دوای گەیشتنی یارمەتییەکانی ئینگلیز و فەڕەنسا دەستی کرد بە لەشکرکێشی سوپا دژ بە بەدرخان پاشای میرنشینی بۆتان.

سەرەڕای یارمەتییە دەرەکییەکان کە بە سوپای عوسمانی دەگەیشت، لەشکری عوسمانی نەیتوانی سەر بە گەلی کورد (میرنشینی بۆتان) دابنەوێنێ و ناچار بوو کە دوای چەند شەڕێک بەسەر شۆڕی بگەڕێتەوە و کوردستان بەجێ بهێڵێت.

سەرکەوتنەکانی هێزەکانی بەدرخان پاشا و ژێر کەوتنی سوپای عوسمانی دەرفەتێکی باش و لەباری بۆ (میر بەدرخان پاشا) ڕەخسان کە لە ساڵی (١٨٤٢ی.ز) سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەینێت و پاشان دەستی کرد بە دەرکردنی (پارە) بەناوی خۆیەوە، لە ڕوویەکی دا نووسرابوو (میر بەدرخان بۆتان)وە لە ڕووکەی تریدا نووسرابوو (ساڵی ١٢٥٨ی کۆچی).

سنووری دەوڵەتی بە ئەندازەیەک فراوان کرد کە لە ناوچەی (وان)ەوە هەتاکوو (مەهاباد) و (ڕەواندز) و (مووسڵ) و (دیاربەکر)ی لە ژێر دەستدا بوو، پاشان میر (بەدرخان پاشا) توانی شەنگال و سیرت و وێران شار و سوێرەک و دیاربەکر و شنۆ و ورمێ/ئورمیە، بکاتە بەشێکی دەوڵەتەکەی.

سەرەڕای خراپی دەوڵەتی عوسمانی و هەوڵەکانی بۆ لەناوبردنی ئەم دەوڵەتە ئینگلیز و فەڕەنسییەکانیش لەسەر دامرکاندنەوە جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان پێیان داگرت و ژێر بە ژێر دەوڵەتی عوسمانییان لە کورد هان دەدا و لەشکرێکی نوێی تریان بۆ دامرکاندنەوەی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی کورد پێک هێنا، سەرکردایەتی ئەو لەشکرەش بە عوسمان پاشا و عومەر پاشا و سەبری پاشا)سپێردرا.

یەکەم پێکدادانی چەکدارانەی نێوان عوسمانی و هێزەکانی بەدرخان پاشا لە نزیک ئورمیە/ورمێ ڕوویدا، لە ئەنجامدا سوپای عوسمانی شکا.

لە کاتێکدا میر (بەدرخان پاشا) خەریکی دەرپەڕاندنی دوژمن بوو، هەواڵێک بڵاو بووەوە کە گوایە دەستی چەپی هێزەکانی کورد بە سەرکردایەتی (یەزادن شێر) ئامۆزای میر (بەردخان پاشا) سەنگەری بەرگرییان چۆڵ کردووە و چوونەتە ڕێزی دوۆژمنانەوە، یەزدان شێر بەهۆی ئەوەی لەگەڵ (بەدرخان پاشا) ناکۆک بوو، عوسمانییەکان ئەم ناکۆکییەیان بە هەلزانی و توانیان (یەزدان شێر) فڕیو بدەن و یەزدان شێریش ویستی بەو لادانە تۆڵەی خۆی لە میر بەدرخان پاشا بکاتەوە، لە ئەنجامدا عوسمانییەکان بە پشتیوانی یەزدان شێر ناوچەی جزیرەیان داگیر کرد، بەڵام هێزەکانی بەدرخان پاشا دوای چەند شەڕێکی خوێناوی ناوچەی (جزیرە)یان لە عوسمانییەکان سڕییەوە.

بەڵام جیابوونەوەی یەزدان شێر میر بەردخانی شپرزە کرد و ناچاری کرد بەرەو قەڵای (ئارۆخ) بکشێتەوە، پاشان عوسمانییەکان کە سەر لە نوێ خۆیان یەکخستەوە و هێزی تریان بۆ هات و لەهەر چوار لاوە گەمارۆی قەڵای (ئارۆخ)یان دا.

میر بەدرخان و هێزەکانی ماوەی هەشت مانگ داکۆکیان لە قەڵاکە کرد، پاشان خاروبار و کەرەستەی جەنگاین لێ بڕا، ناچار بوون بێنە دەرەوە و هێرشێکی بەربڵاویان کردە سەر سوپای عوسمانی داگیرکەر و شەڕی مان و نەمانیان کرد، دوای پێکدادانی قارەمانانەی هێزی کورد، شەڕێکی خوێناوی و زیانێکی زۆر، میر و پاش ماوەی هێزەکەی دەستگیر کران، بەم شێوەیە کۆتایی بە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کورد هات و میر ڕەوانەی (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) کرا.

پاشان ئەگەر چی نەوەکانی (بەدرخان پاشا) گەلێک شۆڕشیان دژی عوسمانییەکان بەرپا کردەوە، بەڵام مەخابن سەرنەکەوتن و تیشکی زێڕینی ئەو میرنشینەش کە زۆر بەهێز بوو کوژایەوە، بەڵام لە مێژووی خەباتی نەتەوایەتیماندا هەرگیز ناکوژێتەوە و بە لاپەڕەیەکی پرشنگداری زێڕینی درەوشاوەی ژیانی کوردایەتی دادەنرێت.

هۆکارەکانی تەقینەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ساڵی ١٨٤٢ی.ز لە میرنشینی بۆتان:

١- لەو کاتەدا میرنشینی بۆتان بەهێزترین دەسەڵاتی کوردی بووە.

٢- بوونی سەرۆکێکی ئازا و هۆشیاری لێهاتووی نەتەوایەتی و خاوەن بیری ڕزگاریخوازی کورد وەک میر (بەدرخان پاشا).

٣- لەناوچوونی میرنشینی سۆران بەدەستی دەوڵەتی عوسمانی کە ماوەیەک لەوەوە پێشتر تیاچوو بوو.

٤- لاوازکردنی میرنشینی بابان هەر بەدەستی عوسمانییەکان.

٥- بوونی دەستەیەکی هۆشیار و ڕۆشنبیری کورد و گەڵاڵە بوونی هەستی نەتەوایەتی کوردی لەلایان و کاریگەرییان لەسەر زۆربەی چین و توژێەکانی کۆمەڵەی کوردی.

تعليقات