ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری:-

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری:- 


ئەلف-ماوەی نێوان ساڵانی ١٨٥٠-١٩١٤ی.ز :

شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری:-

لە ناوبردنی دەسەڵاتی میرایەتییەکانی کورد جۆرێک لە نائارامی لە کوردستاندا بەدوای خۆیدا هێنا و عوسمانییەکان سووربوون لەسەر سیاسەتی دەسەڵات سەندنەوە لە میرە کورەکان و سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەند بەسەریاندا.

لە کاتێکدا توانیان دەسەڵات لە کورد بستێننەوە، بەڵام لەسەپاندنی دەسەڵاتی ناوەند بەسەریاندا سەرکەوتوو نەبوون، چونکە دەسەڵاتی عوسمانی ئەو بۆشاییە سیاسییەی پێی پڕ نەکرایەوە کە بەهۆی لەناوبردنی میرنشینەکانی کوردەوە دروست ببوو، بۆیە لەجاران زیاتر ئاڵۆزی و پشێوی کەوتە نێو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردەواری و هۆزەکانی کورد، دەوڵەتی داگیرکەریش بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخەکە ڕێگای هێرش و پەلاماری سەربازی گرتەبەر، بەمەش بارودۆخەکەیان ئاڵۆزتر کرد.

کار بەدەستانی عوسمانی و قاجار بەسەپاندنی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر کوردستاندا زوڵم و ستەمی زۆرتریان بۆ کورد هێنا، باج و سەرانەی زیاتر بەسەر خەڵکدا سەپێندرا، کاربەدەستی بێگانە جێگای کاربەدەستە ناوچەییەکانیان گرتەوە، گەنج و لاوی کورد بە زۆری ڕاپێچی سەربازی دەکران، ئەم بارودۆخە بوو بەکۆسپێکی گەورەی سەر ڕێگای پەرسەندنی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری (سیاسی) و کلتووری خەڵکی کوردستان، لە ژێر سایەی دەسەڵاتی قاجارەکاندا، وێڕای ئەمانە چەوساندنەوەی مەزهەبیش زیادیکرد.

جەنگەکانی نێوان داگیرکەرانی (عوسمانی و ڕووسیا)ش جگە لەوەی بارودۆخی سیاسی و ئابووری عوسمانییەکانی لاوازتر کرد، باری سەرشانی کوردەکانیشی قۆرستر کرد، لە ئەنجامی شکستی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی (۱٨۷۷تاکوو ساڵی۱٨۷٨ی.ز) لەگەڵ ڕووسیادا خەزێنەی دەوڵەتی عوسمانی بەتەواوی نابووت بوو، بۆیە کاربەدەستان کەوتنە بەرزکردنەوەی ڕادەی باج و سەرانە و ڕووتاندنەوەی زیاتری خەڵک، تەنانەت لە کوردستان بارودۆخەکە بە ئاستێک گەیشت ژمارەیەک خەڵک لە برسان مردن، بۆیە تاقە ڕێگا لە بەردەم گەلی کورد لەو کاتەدا ڕزگاربوون بوو لە دەسەڵاتی عوسمانی لە ڕێگای ڕاپەڕینەوە، ڕاپەڕینی کوڕانی میر بەدرخان (حسێن کەنعان پاشا و عوسمان پاشا) لە ساڵانی بەر لە ڕاپەرینەکەی شێخ عوبەیدوڵڵا، وڵامدانەوەی کوردبوو بۆ ئەم دۆخە نالەبارەی کوردستان.

هەموو ئەم ڕووداوە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییانە شێخ عوبەیدوڵڵای خستە بەردەم لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە و سەرئەنجامیش نەخشەدانان بۆ ڕاپەڕین ڕزگارکردنی کوردستان.

شێخ عوبەیدوڵڵا پیاوێکی خاوەن دەسەڵات بوو، ڕێبازی نەقشبەندیش لە ڕێکخستنێ ڕاپەڕینەکەی ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری هەبوو، شێخ سوودی لە بارودۆخی خراپی ناوچە کوردنشیینەکان وەرگرت و بیروباوەڕی خۆی لەسەر بناغەی ئایینی-نەتەوەی داڕشت، بەمجۆرە لە دوای دەسەڵات سەندنەوە لە میرەکانی کورد شێخ عوبەیدوڵڵا دەبێتە یەکەمین ڕێبەر لە مێژووی نوێی کورد کە پێشەنگی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بگرێتە دەست.

لە کۆتایی تەمووزی ساڵی ۱٨٨۰ی.ز شێخ عوبەیدوڵڵا بەمەبەستی یەکخستن و ڕێکخستنی ڕیزەکانی کورد کۆبوونەوەیەکی لە گوندی نەهری ناوچەی شەمزینان لە ویلایەتی هەکاری بەست کە نزیکەی (۲۲۰) سەرکردەی خیڵ و عەشیرەتەکان و دەرەبەگ و ڕیش سپی تێدا ئامادەبوون، لەم کۆبوونەوەیەدا چەندین خاڵی گرنگ باسکرا، لەوانە:-

۱- پێکهێنانی یەکەمین ڕێکخراوی کوردی بەناوی (یەکێتی کوردان).

۲- شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو دەکات، بۆیە داوا لە ئامادەبووان دەکات دژی داگیرکەرانی قاجار و عوسمانی تێبکۆشن.

۳- کۆبوونەوەکە بڕیاری دا یەکەمجار ڕاپەڕین لە ناوچەکانی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی قاجار دەست پێبکات، لەبەر ئەم هۆیانە:-

ئەلف- بێهێزی دەوڵەتی قاجار لەو کاتەدا، بە بەراورد لە گەڵ دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر، چونکە ئەو کاتە قاجارەکان خەریکی شەڕ کردن بوون لەگەڵ هۆزە تورکمانەکانی سنووری باکووری ئێران.

بە- ئەو بەشەی کوردستان لەڕووی کشتوکاڵییەوە دەوڵەمەندتر و بەپیت تر بوو لە باکووری کوردستان، ئەمەش بەپێی گوتارەکەی شێخ سەرچاویەکی دەوڵەمەند بۆ ڕاپەڕینەکە دابین دەکات بۆ بەگژداچوونەوەی دوژمنی دووەم کە بەهێزترە ئەویش عوسمانییەکانن.

جیم- ئەو ستەم و زۆردارییەی کە کوردەکانی ژێر دەسەڵاتی قاجار ڕووبەڕووی ببوونەوە، بەتایبەتی دوای کوشتارەکەی هۆزی و مەنگوڕ و بڵباس، بۆیە تەواوی خەڵکی موکریان لە ستەم و زۆرداری (لوتف عەلی میرزا)ی حاکمی سابلاخ-سابڵاغ بێزار ببوون.

بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە کوردستانی بندەستی عوسمانییەوە هەبوو، شێخ عوبەیدوڵڵا لەبەر ئەم هۆکارانە بڕیاریدا ڕاپەڕین لەناوچەکانی ژێر دەستی عوسمانی بەرپا بکات:-

۱- لە ئەنجامی دوا شەڕی عوسمانی-ڕووسی (۱٨۷۷تاکوو۱٨۷٨ی.ز) بەشێکی کوردستان ببوو بە گۆڕەپانی شەڕ و بەمەش ناوچە کوردییەکان بەتایبەت لە لایەن سوپای عوسمانییەوە دووچاری تاڵان و کاولکاری بوون، قورسایی ژیانی سەربازەکان کەوتبووە سەرشانی خەڵکی لادێیەکانی کوردستان، وێڕای ئەوەی کاربەدەستانی عوسمانی تا دەهات ڕادەی باجیان زیاتر و ماوەی کۆکردنەوەشیان کورتتر دەکردەوە.

۲- لە ئەنجامی هەردوو پەیمانی (سان ستیڤانۆ و کۆنگرەی بەرلین ۱٨۷٨ی.ز) ناوچەیەکی زۆری کوردەواری کەوتە ژێر دەستی ڕووسیای قەیسەری، بەتایبەت ویلایەتی (قارس) و دەورووبەری، ئەمەش خەڵکەکەی ڕووبەڕووی ئاوارەبوون و برسێتی و نەهامەتی کردەوە.

۳- لە هەریەک لە پەیمانی (سان ستیڤانۆ و کۆنگرەی بەرلین)دا، مادەی تایبەت بەمافی گەلی ئەرمەن لە چوارچێوەی سنووری عوسمانیدا دیاری کرابوو، کەچی باسی گەلی کورد و مافەکانی کورد نەکرابوو.

هەرچەندە بابەتی مافی ئەرمەن بۆ دەست خستنە نێو کاروباری دەوڵەتی عوسمانی لە لایەن دەوڵەتە گەورەکانی وەک: ڕووسیا و بەریتانیا و فەڕەنسا بەکار دەهێنرا، بەڵام بۆ کوردیش مایەی هەڕەشە و مەترسی بوو بەتایبەتی ئەگەر ئەو مافانە لەسەر نیشتمانی کورد بەهاتباتە بەر باسکردن.

هەموو ئەو خاڵانە و ئەوانەش کە لە سەرەتای ئەم بەشەدا خستمانە ڕوو، پێویستی ڕزگارکردنی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانییان خستە نێو بەرنامەی سیاسی شێخ عوبەیدوڵڵاێ نەهرییەوە.

هێزەکانی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری بۆ ئازادکردنی کوردستانی بندەستی قاجاری بەسەر سێ قۆڵدا دابەش بوون:-

قوڵی یەکەم: ڕزگار کردنی ناوچەی موکریان، تا دەگاتە تەورێز/تەبرێز، ئەم قۆڵە لەژێر سەرکردایەتی هەمزە ئاغای مەنگوڕ و شێخ عەبدولقادری کوڕیدا بوو.

قۆڵی دووەم: کە ئەرکی ڕزگارکردنی ورمێ/ئورمیە بوو شێخ عوبەیدوڵڵا خۆی سەرکردایەتی دەکرد.

قۆڵی سێیەم: ڕزگارکردنی خوی و سەلماس بوو کە بە (خەلیفە محەممەد سدێق) سپێردرا.

لە قوڵی یەکەم کوردەکان سەرکەوتنی گەورەیان بەدەست هێنا و ناوچەی موکریان تا دروازەکانی تەورێز/تەبرێزیان ڕزگار کرد.

لە قۆڵی دووەمدا ئابڵۆقەی شاری ورمێ/ئورمیە درا و دەورووبەرەکەی ئازادکرا، بەڵام خودی شارەکە ڕزگار نەکرا لەبەر ئەم هۆیانە:-

۱- شێخ عوبەیدوڵڵا ویستی بە بێ شەڕ بچێتە ناو شارەکەوە، بۆیە چەند نامەیەکی بۆ پیاو ماقوڵانی شارەکە نارد و داوای لێ کردن شارەکە بەدەستەوە بدەن، کار بەدەستانی ورمێ/ئورمیە داوای (۳) ڕۆژ مۆڵەتیان کرد بۆ خۆ بەدەستەوەدان، لەو ماوەیەدا توانیان قەڵا و دەروازەکانی شار قایم بکەن و یارمەتی هێزەکانی دەوڵەتی قاجاریان ڵە قوڵی (تەورێز/تەبرێز-سەلماس)ەوە پێ گەیشت.

٢- ئیقبال دەولەی حاکمی شاری ورمێ/ئورمیە وای لە خەڵکی شارەکە گەیاندبوو، کە لەشکری کوردان لە ناوچەی موکریان تاڵان و کوشتنێکی زۆریان لەخەڵک کردووە و ئەگەر بێنە ناو (ورمێ/ئورمیە)ەوە هەمان ستەم و زۆرداری دووبارە دەکەنەوە، بۆیە خەڵکەکە پشتیوانی ئیقبال دەولەیان کرد.

۳- هێزی کورد هێزێکی ناڕێکوپێک بوون، لە ڕووی زانستی سەربازی و تەکنیکی جەنگیدا بە بەراورد لەگەڵ سوپای قاجاریدا، تەنانەت لە کاتی گەمارۆی شاری ورمێ/ئورمیەدا هێزەکانی شێخ پێداویستی و کەرەستەی جەنگیان لێبڕا، بە واتایەکی تر هێزەکانی شێخ هێندە لەسەر بنچینەی خێڵایەتی بوو، هێندە لەسەر بنچینەی زانستی سەربازی نوێ دانەمەزرابوو.

٤- ڕۆڵی دکتۆر کۆچران نێردراوی ئەمریکی لە ورمێ/ئورمیە کە پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ شێخ هەبوو، شێخ عوبەیدوڵڵای لە گرتنی شاری ورمێ سارد کردەوە.

سەرئەنجام هێزەکانی شێخ عوبەیدوڵڵا لە سەرجەم قۆڵەکانەوە پاشەکشەیان کرد و لە کوردستانی بندەستی قاجاریدا سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا.

تێکشاندنی ڕاپەڕینەکەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری دەگەڕێتەوە بۆ زۆر هۆکار، لەوانە:-

١- دەوڵەتی ئێران لەسەرکوتکردن و دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینەکەدا سەرجەمی هێزەکانی خۆی خستە کار، ئەم هێزانەش کە لە ناوچە جیاوزاەکانی ئێرانەوە هێنرابوون، خاوەن مەشقی سوپایی باش و چەک و جبەخانەی زۆر بوون، وێڕای کۆ کردنەوەی هێزە خێڵەکییە ئازەری و کوردەکانی ئازربایجان لەسەر هێزەکانی شێخ عوبەیدوڵڵا.

٢- دەوڵەتە گەورەکانی وەک: بەریتانیا – ڕووسیا – فەڕەنسا – نەمسا – ڕۆڵی کاریگەریان هەبوو لە یارمەتیدان و پشتگیریکردنی دەوڵەتی ئێران دژی ڕاپەڕینەکە جگە لە بوونی ئەفسەرانی فەڕەنسی و نەمسایی لە ڕیزی سوپای ئێراندا، (ئابوت) کە کونسوڵی ئینگلیز بوو لە تەورێز/تەبرێز دوای گەمارۆی شاری ورمێ/ئورمیە دا بوو، سەردانی شێخ عووبەیدوڵڵای کرد، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ تەورێز/تەبرێز، هەواڵ و نهێنی زۆری ڕاپەڕینەکەی دا بەسەرانی لەشکری ئێران، ڕووسیاش ئامادەیی خۆی نیشاندابوو بۆ هاوکاریکردنی ئێران لە ڕووی سوپاییەوە، ئەگەر پێویستی کرد.

٣- تەنیننەوە ڕاپەڕین بۆ ناوچەکانی سنە – کرماشان – هەورامان – ئیلام و لوڕستان و بەختیاری کە بەشێکی فراوان و گەورەی کوردستان بوون.

٤- هێزە جەنگییەکانی شێخ عوبەیدوڵڵا لەسەر بنچینەی عەشیرەتگەری دامەزرا بوون هەر لەسەر بنچینەی بەرژەوەندییە عەشیرەتەکانیش بەشدرایان لە شۆڕشدا دەکرد، بۆیە دەبینین کاتێک بەرژەوەندیان لەگەڵ شۆڕشدا نەدەما دەچوونە پاڵ دەوڵەتی ئێران.

دوای تێکشاندنی لە ئێران و لە گەڵ ئەوەش کە سنوورەکانی عوسمانی – ئێرانی بە لەشکرێکی زۆر تەنرابوو، شێخ و ژمارەیەکی زۆر لاینگرەکانی توانیان خۆیان بگەیننە گوندی نەهری.

شێخ بەنیاز بوو لە کوردستانی بندەستی عوسمانی دەست بە ڕاپەڕین بکاتەوە بۆ ئەم مەبەستەش نامەیەکی بۆ ژمارەیەک لە سەرۆک خێڵەکانی کورد نارد.

لەو کاتەشدا ئێران لە هەوڵی بەردەوام دابوو لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی تا شێخ بگرێت زیندانی بکات.

کاتێک هەوڵەکانی ئێران سوودێکی نەبوو، ئەمجارەیان داوای لە دەوڵەتە گەورەکانی وەک بەریتانیا و ڕووسیا کرد گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی عوسمانی بۆ دەستگیرکردنی شێخ عوبەیدوڵڵا.

ئەوەبوو دواجار دەوڵەتی عوسمانی شێخیان ڕازی کرد بچێت بۆ (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ)، بەڵام دوای ئەوەی شێخ بۆی ڕوون بووەوە دەست بەسەرە نەک میوان، بە نهێنی ڕای کرد و گەڕایەوە بۆ نەهری، بەڵام ئەمجارەیان بەدیل گیرا و بەدەست بەسەری ڕەوانەی حیجاز کرا ساڵی ١٨٨٣ی.ز لەشاری (تائیف) کۆچی دوایی کرد و لە مەککە بەخاک سپێردرا.

*دامەزراندنی سوارەی حەمیدییە:-

دوای شکستی ڕاپەڕینەکەی شێخ عووبەیدوڵڵای نەهری، سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم (١٨٧٦تاکوو١٩٠٩ی.ز) هەوڵیدا سیاسەتی خۆ نزیک کردنەوە لە سەرانی کورد بگرێتە بەر.

ئەوەبوو دەستی کرد بە دامەرزاندنی فەوجەکانی سوارەی حەمیدییە کە یەکێکە لە دیارترین ڕووداوەکانی پاش شکستی ڕاپەڕینەکەی شێخ عوبەیدوڵڵا.

دامەرزاندنی حەمیدییە تەنها بەمەبەستی بەکارهێنانی کورد لە دژی ئەرمەنەکان نەبوو، بەڵکوو پەیوەندی بە ئامانجە ستراتیژیەکانی سوڵتان عەبدولحەمیدەوە هەبوو، کە گرنگترینیان بریتی بوو لە جێگیرکردنی دەسەڵاتی ناوەند، هێنانە کایەی هاوسەنگییەکی نوێی سیاسی – کۆمەڵایەتی، سوود وەرگرتن لەو هێزانە دژی ئەرمەنەکان، بەرگریکردن لە پەلاماری ڕووسیا و ڕێگرتن لە دەسەڵاتی بەریتانیا لە ئەنادۆڵی خۆرهەڵات، هەروەها سەرکوتکردنی جووڵانەوە ڕزگاریخوازەکانی گەلانی ناتورک ئامانجێکی تری حەمیدییە بوو، هەموو ئەو ئامانجەش لەگەڵ سیاسەتی بنچینەی عوسمانی بۆ یەکبوونی ڕیزی موسڵمانان بوو تا توانی لە ساڵی ١٨٩١ی.ز بڕیاری دامەزراندنی سوارەی حەمیدییە بدات.

سوارەی حەمدییە لە کوشتاری بەکۆمەڵی گەلی ئەرمەن دا ڕۆڵێکی خراپی بینی، ئەو کوشتارەی لە ساڵی (١٨٩٤ی.ز)ەوە دەستی پێکرد و بە سەدان هەزار ئەرمەنی تێدا کوژرا.

ئەوەی پەیوەندی بە کوردەوە هەیە ڕاستە بەشێک لە دەرەبەگ و سەرۆک خێڵ و پیاوە ئاینییەکان لە ڕیزی فەوجەکانی سوارەی حەمیدییەدا کۆ ببوونەوە و لە کوشتاری بە کۆمەڵی ئەرمەندا بەشێک بوون لە دام و دەزگا سوپایی و ئیدراییەکانی سوڵتان عەبدولحەمید و بە فەرمانی دەوڵەتیش دەجووڵانەوە ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە کەم نەبوونی ژمارەی ئەو کوردانەی سەرەڕای هەموو مەترسییەکان گیانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەرمەنیان ڕزگار کرد کاتێک لە گوند و ماڵەکانی خۆیاندا بەنهێنی ژیانیان دەپاراستن.

بۆیە هەرگیز ڕاست نییە کە کورد وەک نەتەوەییەک بە کوشتاری ئەرمەن تاوانبار بکرێت، بەڵکوو ئەوەی تاوانی ئەم کوشتارەی دەکەوێتە ئەستۆی سوڵتان عەبدولحەمید و دام و دەزگاکانی دەوڵەتی عوسمانییە نەک کورد کە لە زۆربەی کاتدا هاو خەبات و هاوچارەنووسی گەلی ئەرمەن بووە.

تعليقات