خەوننامەی کوردی، بەشی بە؛ بیناسازی-دروستکردنی باڵەخانە-باڵاخانە:

خەوننامەی کوردی، بەشی بە؛ بیناسازی-دروستکردنی باڵەخانە-باڵاخانە:

ئەگەر لە خەویدا بینی کە مزگەوتێک یان خانەقا یان قوتابخانەی دەکردەوە، واتە باشە و چاکەی دینی دەست دەکەوێت، لەگەڵ پاداشتی ئەم دونیایە.

ئەگەر دیتی زەوییەکی وێرانەی دەکرد بە باڵەخانە، وەکوو دووکان و خانوو و شتی لەو بابەتە، واتە سوود لەم دونیایە دەبینێ.

ئیبن سیرین دەڵێت: ئەگەر دیتی باڵەخانەی نوێی کردەوە، ئەوا بەقەدەر ئەوەی بینیویەتی، قازانجی تایبەتی و گشتی دەست دەکەوێت.

ئەگەر لە خەودا باڵەخانەیەکی لە شوێنێکی ناشارەزادا بینی و نەیزانی هی کێیە؟! واتە ئەو کەسە لە دین و دونیادا خراپ و بێکەڵکە.

ئەگەر لەسەر زەوی و موڵکی خۆی باڵەخانەی ساز کرد، واتە قازانج و بژێوی حەڵاڵی دەست دەکەوێت.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی بە خشتی سوورەوەکراو و گێچ-گەچ باڵەخانەی کردەوە، واتە ماڵ و سامانەکەی بە شێوەیەکی نادروست و حەرام بەدەست دێنێت.

ئەگەر بینایەکی بە خشتی خاو (سوورەوە نەکراو) بەرەو ئاسمان بەرز کردەوە، واتە هەوڵ و چاکەکارییەکەی لە ئاییندا بەرزتر دەبێتەوە.

ئەگەر دیوارێکی لە کەرپووچی سوورەوەکراو بینا کرد و بەرزی کردەوە، واتە لە خواست و کارەکانیدا لە خۆباییە.

ئەگەر ئەوەی کە خەوەکەی بینیوە، خۆی وەستای دیوار بوو (بەننا بوو) و کرێی کارەکەی وەرگرت، مانای وایە قازانجی دەست دەکەوێت.

ئەگەر بینایەکی بە کەرپووچی سوورەوەکراو کردەوە، واتە لە لایەن حاکم و فەرمانڕەواوە قازانجی پێدەگات.

ئەگەر بە خشتی سوورەوەنەکراو (خاو) و گڵ بینای دەکرد، واتە لە لایەن کەسانی سادە و ئاساییەوە قازانجی پێدەگات.

ئیمام جەعەفەری سادق دەفەرمێت: بینینی بیناسازکردن لە خەودا، چوار واتای هەیە.

یەکەم: دەستکەوتنی چاکەی ئەم دونیایە. دووەم: خێر و بەرەکەت. سێیەم: کامەرانی. چوارەم: کرانەوەی دەرگای کارە وەستاوەکان.

ئەگەر کەسێک بینی شارێکی دروست کرد، واتە کۆمەڵێک لە خەڵک لەلای خۆی پەنا دەدات.

ئەگەر قەڵای بینا کرد، واتە لە شەڕی دوژمنان دوور دەبێت و لە ئاسایشدا دەبێت.

ئەگەر کۆشکێکی کردەوە، واتە بەکاری دونیاوە سەرقاڵ دەبێت.

ئەگەر حەوشە و سەرایەکی دروست کرد و لە ناویدا دانیشت، نیشانەی ئەوەیە کە خێر و بەرەکەت دەبینێت.

ئەگەر مزگەوتێکی کردەوە، نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵە کەسێک بۆ کاری چاکە، لە دەوری یەک کۆ دەکاتەوە.

ئەگەر بینی منارەی بنیادنا، ئەوا ناوەکەی بە خێر دێتە سەر زمانان و تۆمار دەکرێت.

ئەگەر کارگەیەکی حەریرچنی بینا کرد، ژن دێنێت.

ئەگەر مادەیەکی دروست کرد، دەکەوێتە ناو خەم و مەینەتییەوە.

ئەگەر باخێکی دروست کرد، ژنێکی خۆپارێز و لەخواترس و دەوڵەمەند دێنێت.

ئەگەر گۆڕستانێکی دروست کرد، بەکاری دونیا و دوواڕۆژەوە سەرقاڵ دەبێت.

ئەگەر لووتکە و گومەزی بینا کرد، بەدووای ڕێز و پلە و پایەدا دەگەڕێت.

ئەوەش بزانە کە بناغەی هەر بینایەک و ئاوەدانییەکی دانا و تەواوی کرد، ئەوا کاری دین و دونیای ئەو کەسە تەواو و کامڵ دەبێت.

ئەگەر بیناسازی و کاری ئاوەدانییەکەی تەواو نەکرد، ئەوا کارەکانی بە ناتەواو دەمێننەوە.

تعليقات