بزووتنەوەی چاکسازی عوسمانی و کاردانەوەی لەسەر وڵاتانی عەرەب و کوردستان:

بزووتنەوەی چاکسازی عوسمانی و کاردانەوەی لەسەر وڵاتانی عەرەب و کوردستان:  


١- بزووتنەوەی چاکسازی عوسمانی:

لە ئەنجامی تێکچوونی دام و دەزگاکانی عوسمانی و دەرکەوتنی سەرەتای هەڵوەشان و پەککەوتنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەتایبەتی هێزەکانی سوپا، هەڵگیرسانی شۆڕش و ڕاپەڕین لە بەشێکی زۆری هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و تێکشکاندنی سوپاکەی لەبەرەکانی جەنگدا و بوونی کۆمەڵە کەسانێک کە شارستانییەتی ئەورووپا کاریگەری لەسەریان هەبوو، هەموو ئەمانە بەسەر یەکەوە هۆکاری گرنگ بوون کە دەوڵەتی عوسمانییان ناچار کرد، بڕیاری چاکسازی هەمە لایەنە بدات.

لایەنگرانی چاکسازی عوسمانی دوو گرووپ بوون: گرووپێکیان پێیان باش بوو چاککردنی دەزگاکانی دەوڵەت لە رێگەی پشت بەستن بە شەریعەتی ئیسلامی و نەریتی ڕەسەنی دەوڵەتی عوسمانی بێت.

گرووپی دووەم پێیان باش بوو چاکسازی لەسەر شێوازی دەوڵەتە ئەورووپییەکان و بە پشت بەستن بە دەوڵەتانی ئەورووپی ئەنجام بدرێت، چونکە ئەورووپییەکان لە بوارەکانی سەربازی و ئابووری و سیاسی و ڕۆشنبیریدا توانیویانە سەرکەوتن بە دەست بهێنن، دواجار بۆ چوونی گرووپی دووەم سەرکەوتنی بەدەست هێنا، بەڵام هەر هەم سیستەمە سیکۆلارە بوو بە هۆی زۆرێک کێشە و گرفت لە نێوان باوەڕداران و بێبڕوایاندا و کوشت و کوشتاری موسڵامانانیش لە سەردەمی ئەتاتورک گەیشتە ئەو پەڕی خۆی و کوردیش لە مافەکانی خۆی بێبەش کرا.

سەرەتا چاکسازی لە سوپادا کرا، دەوڵەت پێویستی بە سوپایەکی بەهێز هەبوو بۆ بەرگریکردن لە سنوورەکانی، دواتریش لایەنەکانی کارگێڕی و فێرکردنی گرتەوە.

سوڵتان سەلیمی سێیەم (١٧٨٩-١٨٠٧ی.ز) کۆبوونەوەی بە بیرمەندان و سیاسەتوانانی وڵاتەکەی کرد، تا دربارەی کێشەی لاوازیەکانی دەوڵەت بیروڕایان بزانێت.

لە ئەنجامدا هەموو ڕایان وابوو، کە دەوڵەت پێویستی بە چاکسازی هەیە و لە ساڵی (١٧٩٢ی.ز) ئەمانە کۆمەڵە پەیڕەو و ئامۆژگارییەکیان بە ناوی (ڕژێمی نوێ)یەوە دەرکرد.

لە ڕژێمی نوێدا چەندین هەنگاوی بۆ چاکسازی تێدابوو لە باری کارگێڕی و دارایی و لە هەمووشیان گرنگتر پێکهێنانی سوپایەکی نوێ بوو لە پیادە و هێزی دەریای بە تازەترین جۆری مەشق و لەسەر شێوازی ئەورووپی، بۆیە خوێندگای سەربازی و دەریای کرانەوە و شارەزایانی فەڕەنسی وانەیان تیا دەگوتنەوە.

کاتێکیش سوڵتان سەلیمی سێیەم بڕیاری کردنەوەی باڵیۆزخانەی عوسمانیدا لە وڵاتە ئەورووپییەکان، بەم کارەی دەرفەتی بۆ لاوە تورکەکان ڕەخساند بۆ تێکەڵبوون بە شارستانییەتی ئەورووپا و فێربوونی زمانەکانیان و ئاشنابوونیان بە بیر و باوەڕیان، چاوەڕوانیش دەکرا ئەم لاوانە ڕۆڵی گرنگ لە بزووتنەوەی چاکسازی عوسمانیدا بگێڕن.

لە ئەنجامی پیلانی ناحەزانی چاکسازی، بزووتنەوەی چاکسازی زۆر جار تووشی کۆسپی گەورە دەبوو.

کاتێک سوڵتان مەحموودی دووەم (١٨٠٨تاکوو١٨٣٩ی.ز) دەسەڵاتی گرتە دەست بۆی دەرکەوت، تا سوپایەکی تازە و بەهێز دابەمەزرێنێت بۆ لە ناوبردنی هێزەکانی ئینکشاری کە دوژمنی سەرسەختی چاکسازی بوون، ئەگینا بزووتنەوەی چاکاسازی سەرناگرێت.

سوڵتان مەحموود وێڕای تەواو کردنی کارەکانی سوڵتانەکانی پێش خۆی، لە گۆڕەپانی خوێندن و خوێندەواریدا چەند قوتابخانەیەکی کردەوە و ژمارەیەک خوێندکاری ناردە ئەورووپا و ڕۆژنامەیەکیشی بەناوی (هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکان٠ تقویم الوقائع)ەوە دەرکرد لەبواری کارگێڕیشدا وەزارەتەکانی (ئەوقاف و ناوەوە دەرەوە) و، ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەر شێوازی ئەورووپا دامەزراند، لە کارە گرنگەکانی تری مەحموودی دووەم دامەزراندنی یەکەم پۆستەخانە بوو لە نێوان ئەسکدار و ئەزمیردا، یاسای سزادان و ئەنجوومەنی حکوومی دادگەری دامەزراند و جلوبەرگ و شێوازی ئەورووپی خستە نێو سوپای عوسمانییەوە.

دوای مەحموودی دووەم، سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکم هاتە سەرکار و قۆناغێکی نوێ لە بزووتنەوەی چاکسازی عوسمانی دەستی پێکرد، سوڵتان عەبدولمەجید بەیاننامەیەکی دەرکرد بە ناوی (خەتی شەریفی گوڵخانە)، ئامانجی ئەم بەیاننامەیە دابینکردنی مافی یەکسانی هەموو ئەندامێکی ناو دەوڵەتی عوسمانی بوو بەبێ لەبەرچاو گرتنی جیاوازی بیروباوەڕی ئاینی و نەتەوەیی، لە رووی باجیشەوە بەیاننامەکە دەڵێت: دەبێت باج بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر هەموو چینەکانی کۆمەڵدا دابەش بکرێت و ڕێگەی کۆ کردنەوەشیان چاک بکرێت و بەیانەکە ماوەی سەربازیش دیاری کردبوو.

هەر لەسەردەمی ئەم سوڵتانەدا بەیننامەیەکی تر بەناوی (خەتی هەمایون)ی دەرکرا ناوەڕۆکی ئەم بەیانەش بریتی بوو لە: دابینکردنی یەکسانی لەنێو خەڵکدا، جێبەجێکردنی یاسا لەسەر هەموو ئەوانەی جیاوازی دەکەن بەهۆی جیاوازی ئایین، زمان، ڕەگەز، هەنگاونان بۆ ڕێکخستنەوەی پۆلیس و دادگاکان و دارایی و دامەزراندنی بانک و دانی نا بە پێویستی دەوڵەت بۆ ئەنجامدانی چاکسازی گشتی، بەڵام ئەمانە تەنها مەرەکەبی سەر کاغەز بوون و هیچی جیبەجێ نەکرا.

دوای عەبدولمەجیدی یەکەم، سوڵتان عەبدولعەزیزی برای جێگەی گرتەوە، گرنگترین یاسا کە لەم سەردەمەدا دەکرا بریتی بوو لە یاسای ویلایاتی نوێی عوسمانی ساڵی (١٨٦٤ی.ز) و بەپێ ئەم یاسایە دەوڵەت بەسەر (٣٠)سی ویلایەتدا دابەشکرا، هەر ویلایەتێک کرا بەچەند لیوایەکەوە کە هەر یەکەیان موتەسەڕیف سەرۆکی بوو، هەر لیوایەکیش دەکرا بەچەند قەزایەکەوە کە پارێزگا سەرۆکی بوو، هەر قەزایەک بەچەند ناحیەیەکەوە کە بەرپرسی ناحیە سەرۆکی بوو.

هەروەها لەم یاسایەد ڕێگە دراوە چەند ئەنجوومەنێکی خۆجێیی دروست بکرێ، واتە بەپێی ئەمە لە هەر ویلایەتێکدا ئەنجوومەنێک و لەهەر لیوایەکدا ئەنجوومەنێک هەبێت، هەر وەها لەهەر قەزا و ناحیەیەکیشدا، بە پێی ئەو یاسایە خەڵکی لە بەڕێوەبردنی کاروباری ویلایەتەکانی خۆیاندا بەشداریان دەکرد بە هاوبەشی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا و دەستە کارگێڕییە جیاوازەکاندا، مەبەستیش لەم یاسایە ئەوە بوو کە هەموو ویلایەتەکان زۆر بە ڕێکی بە حکوومەتی (ناوەندی-مەرکەزی) (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ)ەوە ببەسرێنەوە.

سەردەمی سوڵتان عەبدولمەجیدی دووەمیش زۆر کاری گرنگی بەخۆەوەوە بینی لەوانە: دانانی دەستوورێک بوو بۆ دەوڵەت کە ئامانجی بەدیهێنانی یەکسانی سیاسی و مەدەنی بوو بۆ هەموو هاوڵاتییەکی عوسمانی.

لە پاشدا دەستوور، دیاریکردنی ئەرکی وەزیرەکان و کار بەدەستان دەردەخات، بەدیهێنانی سەربەخۆیی دادگا و چەسپاندنی بوودجەی دەوڵەت و جێبەجێکردنی سیستەمی لامەرکەزی بوو لە ویلایەتەکان.

لە مادەیەکی دەستوورەکەدا باس لە دامەزراندنی پەڕلەمان دەکات کە لە دوو ئەنجوومەن پێکهاتبێ، یەکێکیان ئەنجوومەنی نوێنەران (مەبعووسان) و ئەوی تریشیان ئەنجوومەنی پیران (ئەعیان)بوو.

لە ساڵی (١٨٧٧ی.ز) پەڕلەمان کۆبوونەوەیەکی خۆی دەست پێکرد، بەڵام ڕووسیا بانگی شەڕیدا دژی دەوڵەتی عوسمانی ئەمەش هەلێکی گونجاوی دایە دەست سوڵتان عەبدولمەجید بۆ ئەوەی نیازی خۆی بهێنێتە دەی و دانیشتنی پەڕلەمانی بۆ ماوەیەکی دیاری نەکراو دوا بخات، دواتریش ساڵی (١٨٧٨ی.ز) بەیاننامەی هەڵوەشاندنی پەڕلەمان و لابردنی دەستووری دەرکردبوو بۆ ماوەیەک بە بیانووی ئەوەی کە دەوڵەت بە بارێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت، بەمەشەوە نەوەستا بەڵکوو دەستیکرد بە ئازاردانی چاکسازی خوازان و لایەنگرانیان، هەندێکی لە وڵات دوورخستنەوە وەک (مەدحەت پاشا) کە ناردی بۆ ئەورووپا و دواتریش بەتۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی سوڵتان عەبدولعەزیز دەستگیری کرد.

٢- کاردانەوەی چاکسازی عوسمانی لەسەر وڵاتانی عەرەبی:-

لەسەردەمی محەممەد عەلیدا میسر پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینی، ئەو کارانەی محەممەد عەلی لەم وڵاتە ئەنجامیدا بەپێی سیاست و ویستی خۆی بوو نەک لەسەر داوای دەوڵەتی عوسمانی، بۆیە بزووتنەوەی چاکسازی لە میسر لە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی چاکسازی دەوڵەتی عوسمانیدا ڕووی نەدا.

هەرچی نیمچە دوورگەی عەرەبییە لەبەر ئەوەی بە بارێکی تایبەتدا دەڕۆیشت بەهۆی بەربەرەکانێ و ناکۆکی نێوخۆی نێوان میر و شێخەکانی ناوچەکە، عوسمانییەکان نەیانتوانی هیچ چاکسازییەکی تێدا ئەنجام بدەن.

بەڵام لە هەندێ لە وڵاتانی عەرەبی چاکسازیەکانی عوسمانی کاردانەوەی لەسەریان هەبوو لەوانە:

ئەلف: عێراق:-

بزووتنەوەی چاکسازی عوسمانی شوێنی لە عێراقدا دەرنەکەوت لە سەردەمی مەدحەت پاشادا نەبێت کە لە نێوان ساڵانی (١٨٦٩تاکوو١٨٧٢ی.ز) والی عێراق بوو.

کردەوەکانی مەدحەت پاش لە عێراقدا بەچاکردنی باری کارگێڕی دەستی پێکرد، لەمەشدا یاسای ویلایاتی عوسمانی پاڵپشتی بوو جگە لەوەی دەسەڵاتێکی فراوانی پێدرابوو بۆ بەدیهێنانی چاکسازی لە عێراق.

رێوشوێنەکانی لە هێنانەوەی چاکسازی کارگێڕی و ئابوورییەوە دەستی پێکرد بەتایبەتی لە چارەسەر کردنی کێشەی زەوی و زار.

ڕژێمی تاپۆ بە یەکێک لە کارە دیارەکانی مەدحەت پاشا بەئەژمار دەکرێت لە ڕووی کارگێڕی و ئابوورییەوە، چونکە بەم کارە دەتوانرا سنوورێک بۆ یاخیبوونە خێڵەکیەکان دابنرێت ئەویش لە ڕێگای مسۆگەرکردنی ژیان و گوزەرانەوە بۆیان، بەڵام ئەم سیاسەیەتی مەدحەت پاشا شێخەکانی خێڵەکانی کرد بە موڵکداری زەوی، ئەمەش پەیوەندی کۆنی خێڵایەتی گۆڕی بۆ پەیوەندی لەسەر بنیچینەی بڕی ئەو موڵەکەی کە ئەندامەکە هەیەتی، هەروەها ئەمە وای لە دەوڵەت کرد بۆ کۆکردنەوەی باج، پشت بە سەرۆک خێڵەکان ببەستێت بەمەش حکوومەت ئامانجی ڕامیاری خۆی هێنایە دی، کە لە لایەکەوە ئاسانتر لە جاران باجی کۆ دەکردەوە، لە لایەکی تر بە ئاسانی دەیتوانی ئەندامانی خێڵەکان بکات بە سەرباز.

لە ڕووی هاتووچۆ مەدحەت پاشا کەشتیە کۆنەکانی چاککردەوە و هەندێک کەشتی نوێی کڕی، چەندین وێستگەی سووتەمەنی دامەزراند، سەبارەت بە ڕێگاوبانی ناوخۆیش هێڵی تراموای نێوان بەغدا و کازمیەی دامەزراند.

لەبواری خوێندندا چەند خوێندنگایەکی نوێی کردەوە، وەک روشدیەی سەربازی و ئامادەی سەربازی و خوێندنگایەکی پیشەیشی کردەوە، وێڕای کردنەوەی روشدیەی مەلەکی کە دەرچوانی لە دەزگاکانی میری دادەمەزرێندارن، لە ئەنجامی ئەمەدا ژمارەی فێرخوازان لە عێراقدا زۆر زیادی کرد.

لە بواری جاپەمەنیشدا چاپخانەیەکی میری دامەزراند و ڕۆژنامەیەکیشی بەناوی ڕۆژنامەی (زەورا) دەرکرد، کە بە یەکەم ڕۆژنامەی عێراقی دادەنرێت، هەفتەی دووجار بە زمانی تورکی و عەرەبی دەردەچوو تا داگیرکردنی بەغدا لەلایەن ئینگلزەوە هەر دەردەچوو، هەر لەسەردەمی مەدحەت پاشادا هەردوو شاری ناسریە و ڕۆمادی دروست کران.

لە کارەکانی تری مەدحەت پاشا لە عێراق دروستکردنی خانوو بوو بۆ فەرمانگەکانی میری، کێڵگەیەکی نموونەیی دامەزراند و ئەندازیارانی ناردووە بۆ ڕێکخستنی ئاودێری، هەروەها چەندین نەخۆشخانەی دامەزراند و سیستەمی سەربازگیری جێبەجێکرد.

بە-سووریا:-

کاتێک لە ساڵی (١٨٦٤ی.ز)دا یاسای ویلایەتەکان دەرچوو، بەیروت خرایە سەر ویلایەتی دیمەشق و ناونرا (ویلایەتی سووریا)، بەڵام دواتر بوو بە ویلایەتێکی سەربەخۆ.

هەر ویلایەتێک ئەنجوومەنێکی کارگێڕی خۆی هەبوو، کە لە چەند فەرمانبەرێکی گەورە و ژمارەیەک پیاو ماقوڵ پێک دەهات، کە نوێنەرانی خەڵکی جیاوازی ویلایەت بوون، قازی وەک خۆی مایەوە، بەڵام دادگا شەرعییەکان سنوور بۆ دەسەڵاتیان دانرا و تەنها ئەو کێشانەیان بۆ هێشتنەوە کە پەیوەندی بە کاروباری ئەوقاف و میرات و ژنهێنان و تەڵاق و نەفەقەوە هەبوو، چەند دادگایەکی نوێش دامەزرێندران بۆ سەیرکردنی ئەو کێشانەی کە لە دەسەڵاتی دادگای شەرعیدا نەبوو، هەروەها دوو دادگای بازرگانی یەکیان لە حەڵەب و ئەویتر لە بەیروت دامەزرێندرا، وێڕای دامەزراندنی چەند دادگایەکەی سەرەتایی لە ویالیەتەکاندا.

هەروەها مافی تایبەت بەچەند کۆماپانیایەکی بیانی درا بۆ کردنەوەی ڕێگا و دامەزراندنی پرد، یەکەم هێڵی ئاسن (شەمەندەفەر) لە نێوان (یافا و قودس)دا کرایەوە، دواتر هێڵی ئاسنی نێوان (دیمەش و مەدینە) کرایەوە، هێڵەکانی پۆستە گەیشتە (حەڵەب و دیمەشق) و لە زۆربەی شارەکانی سووریاشدا شارەوانی دامەزرێندرا.

کاتێک مەدحەت پاشا کرا بە والی سووریا (١٨٧٨تاکوو١٨٨٠ی.ز) بایەخێکی گەورەی بە پڕۆسەی خوێندن و فێرکردندا، چەندین خوێندنگای دامەزراند، خوێندنگای گوندەکانی چاککردەوە و بەمەش ژمارەی خوێندنگاکان لە سووریا زیادیان کرد و (کۆمەڵەی مەبەستە چاکەکان)ی لە کۆمەڵێک زانا پێکهێنا کە دەستیان کرد بە کۆ کردنەوەی یارمەتی لەخەڵک و بە هەموو شوێنێکی سووریا بڵاو ببووەوە، هەروەها ئەم کۆمەڵەیە یەکەم چاپخانەی میری لە شام دامەزراند کە ڕۆژنامەی (لوبنان)ی دەرکرد، لە دیمەشقیش چاپخانەیەکی دامەزراند کە ڕۆژنامەی (سووریا) بە هەردوو زمانی عەرەبی و تورکی دەر دەکرد.

٣- کاردانەوەی بزووتنەوەی چاکسازی عوسمانی لەسەر کوردستان:-

هەرچەندە عوسمانی لەسەردەمی سوڵتان مستەفای سێیەمدا لەساڵانی(١٧٥٧تاکوو١٧٧٤ی.ز) دەستی پێکرا و سوڵتانەکان دوای ئەویش لە بوارەکانی سەربازی و ڕامیاری و کارگێڕی و کۆمەڵایەتی و ئابووریدا هەندێک چاکسازیان کردووە، بەڵام ڕەنگدانەوەی ئەم چاکسازیانە لە باشوور و خۆرئاوای کوردستاندا لەسەردەمی دەست بەکاربوونی والی مەدحەت پاشا لە عێراق و سووریا زیاتر هەستی پێدەکرێت چونکە:-

ئەلف- زۆربەی چاکسازیەکانی بەر لە مەدحەت پاشا بواری سەربازی گرتبووەوە وەک نەهێشتنی سوپای ئینکیشاری و دامەزراندنی سوپای نوێ لەسەر شێوازی ئەورووپی.

بە- دامەزراندن و چاککردنەوەی ڕێگاکانی هاتووچۆ و هۆیەکانی گواستنەوە بەشی هەرە زۆری بە مەبەستی سەربازی بوو.

جیم: چاکسازییەکان لە ئەنجامی گوشاری وڵاتانی ئەورووپا یان لە ئەنجامی شکستی سوپایی بووە لە بەرەکانی جەنگدا.

د-زۆربەی ناوچەکانی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی میرایەتی کوردییەکاندا بووە کە تا کۆتایی چلەکانی سەدەی نۆزدە ژیاون و تا ڕادەیەک نیمچە سەربەخۆ بوون، بۆیە هەر چاکسازییەکی کرابێت دوور بووە لە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی عوسمانی، ئەوەش کە مەدحەت پاشا ئەنجامیدا بە تایبەتی لە بواری خوێندندا، ڕێگای خۆشکرد بۆ لاوانی کورد تا لە قوتابخانە سەربازییەکانی عوسمانی درێژە بە خوێندن بدەن، ژمارەیەکی بەرچاوی ڕۆشنبیران و ئەفسەرانی کوردیش لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە و نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا دەرچووی قوتابخانە سەربازییەکانی عوسمانین، جگە لەوەی کە قوتابخانەکانی عوسمانی لە هەندێک لەشارەکانی کوردستان وەک (کەرکووک-سلێمانی-هەولێر-کفری) کرا بوونەوە.

تعليقات