کورتە مێژوویەکی ڕۆژنامەگەری کوردی و پارت و کۆمەڵە و ڕێکخراوە کوردییەکان:

کورتە مێژوویەکی ڕۆژنامەگەری کوردی و پارت و کۆمەڵە و ڕێکخراوە کوردییەکان: 


ئەلف- سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەری کوردی:

مێژووی ڕۆژنامەگەریی کورد، مێژوویەکی پڕ لە خەبات و شکۆ و تێکۆشانە، چونکە هەر زوو ڕووناکبیرانی کورد بیریان لە دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی کردەوە، ئەوەیان خستووەتە بەرچاو کە ئەو ڕۆژنامەیە یان ئەو گۆڤارە بە ئاسانی بە چاو و دڵی داگیرکەرانی کورددا ناچێتە خوارەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆی نیگەرانی و ناسەقامگیری و بێزاربوونیان تا وەکوو ڕێ لە دەرچوونی گۆڤار و ڕۆژنامەکان بگرن و سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازەکەشی سەرنگوم بکەن.

ڕووناکبیرە نیشتمان پەروەرەکانی کورد لە ڕۆژگارێکی دوورەوە ئەم ئەرکە نیشتمانییەیان خستە سەر شانی خۆیان، لە ڕێگەی پیت و وشەوە دەنگی زوڵاڵی ڕۆژنامەیان بە گوێی خوێنەری کورددا چرپاند و چاو و دڵ و هەنگاوەکانیان بۆ ڕووناک کردەوە و زمانەکەیان بۆ پاراو کرد و بەسەدان و هەزران وشەی ڕەسەن، دەوڵەمەندیان کرد و خستیانە ئاستی گەلانی پێشکەوتووی ئەم جیهانەوە.

مێژووی ڕۆژنامەگەرێتی کوردی لاپەڕەیەکی زێڕینە لە مێژووی خەباتی سیاسی و کلتووری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی نەتەوەی کورد، چونکە بەشی هەرە زۆری ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی کورد لە هەموو ئاست و ڕۆژگارێکدا هەر لە ڕیزی پێشەوەی خەباتگێڕانی نەتەوەدا بوون و بەشێکی ڕووناکبیری دانەبڕاوی دیاربوون لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەماندا.

یەکەمین ژمارە لە یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی کە بەناوی (کوردستان) لە (٢٢)ی نیسانی ساڵی (١٨٩٨ی.ز) لە شاری قاهیرە لە لایەن (میقداد مەدحەت بەگ) و لە دواتریش لەلایەن (عەبدولڕەحمان بەگ)ی برایەوە کە لە نەوەی بەدرخان پاشای میری بۆتان بوون، دەرچوو.

نەوەکانی بەدرخان پاشا، بۆ ئەوەی برەو بە خەباتی سیاسی و ڕۆشنبیری کلتووری کورد بدەن، پاش لەناوچوونی میرنشینی بۆتان و دربەدەر بوونیان، هەستیان کرد، کە ڕۆژنامە باشترین و کاریگەرترین چەکە بۆ هۆشیاری نەتەوەی و ڕێگە پیشاندەری نەوەکانە، بەڵام کار بەدەستانی عوسمانی داگیرکەر هەمیشە بەدوایانەوە بوون، بۆ دەمکوت کردن و لەناوبردنیان، بۆیە هەر کاتێک لە شوێنێک ڕۆژنامەکە دادەخرا، ئەوا لە شوێنێکی تر سەری هەڵدەدایەوە.

ئەوەتا لە ژمارەی (١-٥) لە قاهیرە و ژمارەی (٦-١٩) لە ژێنێڤ-جینڤ و ژمارە (٢٠-٢٣) جارێکی تر لە قاهیرە و ژمارە (٢٤) لە لەندەن و ژمارەکانی (٢٥-٢٩) لە (فۆلکستۆن) لە ئینگلترا و هەردوو ژمارەی (٣٠-٣١) جارێکی تر لە ژێنێڤ-جینێڤ لە سوویسرا دەرچوون، ئەم بەردەوام دەربەدەری و راونانە، خۆی لە خۆیدا باشترین بەڵگەی باری سەختی ڕۆژنامەگەری کوردییە.

جێگەی شانازیشە بۆ مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی، کە لە سەرەوە لەلای ڕاستی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی نووسیویەتی (هەر جارەی دوو هەزار ڕۆژنامەی بە خۆڕایی رەوانەی کوردستان دەکا تا بیدەن بە خەڵک) و لە وتارێکی تردا لە ژمارە ٣١دا دەڵێ: (ئێوە دەزانن من کوڕی ئەو پیاوەم کە بە شمشێر-شیر بۆ خۆشبەختی ئێوە غیرەتی زۆری نواند، منیش ئەمڕۆ بە خواستی زەمان بە پێنووس ئەم خزمەتانە پێشکەش دەکەم).مەدحەت بەگ لەسەر وتاری یەکەمین ژمارەی کوردستان دا نووسیویەتی: (بەداخەوە کورد لە زۆر نەتەوە زیاتر خاوەنی بیر و هۆشن، جوامێرن لە ئایینی خۆیاندا ڕەوا و بەهێزن، بەڵام وەکوو نەتەوەکانی تر خوێندەوار و دەوڵەمەند نین، نازانن دراوسێکیانیان چۆنن و چی دەکەن و ئاگایان لێ نییە، بۆیە پشت بەخوا ئەم ڕۆژنامەمان نووسی و بە پشتیوانی خوای گەورە لەمەودوا هەر پانزدە ڕۆژ جارێک بڵاوی دەکەینەوە) (ناوی ڕۆژنامەکەشمان ناوە کوردستان و لەم ڕۆژنامەیەدا سوودەکانی زانست و زانیاری باس دەکەم. لە چ جێگایەک مرۆڤ فێر دەبێت، لە چ جێگایەک شەڕ بێت، هەڵوێستی وڵاتانی گەورە چی دەبێ و چۆن شەڕ دەکەن، چۆن بارزگانی دەکرێت؟ هەمووتان بۆ باس دەکەین).

ناوەڕۆکی باس و بابەت و وتارەکانی کوردستان بەڵگەی ئەوەن، هەم مەدحەت بەگ و هەم عەبدولڕەحمان بەگ دوو کەسی بیر ئازاد و دوو ڕۆشنبیری گەورە و هۆشیاری ئاگاداری سەردەمی خۆیان بوون.

هەر وەها میقداد مەدحەت بەگ (لە ڕێگەی ژمارە-پێنجی-کوردستان)ەوە پێشنیازی بۆ زانا و میر و ئاغایانی کورد کردووە، کە بە برووسکە داوا لە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بکەن، ڕێگە بدات کە ڕۆژنامەی کوردستان بە ئاشکرا بنێردرێتە خاکی نیشتمان، ئەمەش بێگومان دەچێتە خەباتی ڕۆناکبیرانی کوردی ئەو ڕۆژگارە و شێوە و رێبازی ئەو خەباتە نیشان دەدات.

ڕۆژنامەی کوردستان گەلێک لایەنی شاراوەی ئەدەب و مێژووی گەلەکەمانی ڕوون کردووەتەوە و پەردەی لەسەر هەڵماڵیوە.

دوای کوودەتاکەی کۆمەڵەی (ئیتیحاد و تەرقی-الاتحاد و الترقي)ی عوسمانی ساڵی (١٩٠٨ی.ز) گەلێ ڕۆژنامە و گۆڤاری تر دەرچوون، کە زیاتریان زمانحاڵی ئەو کۆمەڵ و ڕێکخراوە کوردیییانە بوون کە لەو ماوەیە دامەزرا بوون، ئەمە جگە لەوەی کورد هەر کاتێک دەسەڵاتێکی کەوتبێتە دەست لایەنی رۆژنامە و بڵاو کراوەی لەبیر نەکردووە هەر وەک لەسەردەمی سمکۆی شکاک و شێخ مەحموودی حەفید و پێشەوا قازی مححەمەد دا روویدا.

٢- کۆمەڵە و رێکخرا و پارتە کوردییەکان:

بە مەبەستی یارمەتی و خۆبەهێز کردن و وشیارکردنەوەی خەڵکی کوردستان، دەمێکە ڕۆشنبیر و پیاوانی سیاسی کورد بیریان لە دروستکردن و پێکەوەنانی کۆمەڵەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و ڕۆشنبیری کردووەتەوە، ئەوەندە بوار هەبووبێ بە نهێنی یان بە ئاشکرا کاریان بۆ کردووە، لەم پێناوەشدا گەلێک ئەرکی گەورەیان خستووەتە سەر شانیان.

هەرچەندە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە کۆبوونەوەکەی گوندی نەهری ناوچەی شەمزینان ساڵی (١٨٨٠ی.ز) بناغەی یەکەم کۆمەڵەی عەشیرەتەکانی کورد (یەکێتی کوردان) بەرێبەرایەتی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری دانرا کە ئامانجی کۆ کردنەوەی کورد بووە لەسەر بنچینەی پەیوەندی نەتەوەیی بەبێ گوێدانە جیاوازی خێزان، بنەماڵە، خێڵ، مەزهەب، ئایین، شێوەی زمان و ناوچە، بە مانایەکی تر ئامانجی هۆشیارکردنەوەی خەڵکی کورد بوو بە گیانی نیشتمانی و نەتەوەیی.

دواتریش کوردانی (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕۆڵیان لە دامەزراندنی چەند کۆمەڵ و ڕێکخراوێکی تری نهێنی دا هەبوو جا چ بەتەنیا وەک کۆمەڵەی (عەزمی قەوی کورد) یاخود بە هاوبەشی لەگەڵ تورکەکان بۆ کۆتایی پێهێنانی حوکمی سوڵتان عەبدولمەجیدی دووەم، بەڵام گرنگترین ئەو کۆمەڵ و رێکخراو و پارتە کوردییە سیاسییانەی کە خاوەنی بەرنامەیەکی ڕوون و ئاشکرا بوون و بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی کورد تێکۆشاون، بەم شێوەیە باسیان لێوە دەکەین:

یەکەم: پارت و کۆمەڵە و ڕێکخراوە کوردییەکانی باکووری کوردستان:

ئەوانە بوون کە لە دوای کوودەتای کۆمەڵەی (ئیتیحاد و تەرەقی-الاتحاد و الترقی)ی بە سەر سوڵتان عەبدول حەمیدی دوووەمی عوسمانی ساڵی ١٩٠٨ی.ز دەرکەوتن کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:

١- کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی کورد:-

یەکێکە لە کۆنترین کۆمەڵە ڕامیاریەکانی کورد کە لە (٢٥)ی ئەیلوولی ١٩٠٨ ی.ز لە (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ)، لە لایەن شێخ عەبدولقادری نەهری (شەمزینی) و ئەمین عالی بەدرخان و ژەنەڕاڵ شەریف پاشای خەندان و خەلیل خەیاڵی و داماد زولکفل پاشا و…هتد، دامەزرێندرا، چەندها ئەفسەر و ڕۆشنبیرانی کورد و قوتابیانی زانکۆیەکان لە (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) پەیوەندییان پێوەی کرد، لقی لە زۆربەی شارە گەورەکانی کوردستان هەبوو وەک دیاربەکر و بەدلیس و مووش و ئەرزڕۆم و وان و مووسڵ.

ئەم کۆمەڵەیە ڕۆژنامەیەکیان بەناوی (تەعاون و تەرەقی کورد) بڵاو کردەوە، کە زمانحاڵی کۆمەڵەکە بوو، ئامانجی کۆمەڵەکەش بریتی بوو لە: کردنەوەی قوتابخانەی زمانی کوردی لە کوردستان و دامەزراندنی کورد لە دام و دەزگا حکوومییەکان و داننان بە زمانی کوردی و ڕێگەدان بە دەرکردنی بڵاو کراوە و ڕۆژنامە و گۆڤار بە زمانی کوردی، بایەخدان بە باری ئابووری کوردستان، ئەم کۆمەڵەیە لە راستیدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە وریاکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی کوردی.

٢- کۆمەڵەی بڵاو کردنەوەی مەعاریفی کورد:-

کۆمەڵەیەکی رۆشنبیری بوو، لە کۆمەڵەی تەعالی و تەرەقی کورد، لە ساڵی ١٩٠٨ی.ز لە (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) دامەزرا و توانی قوتابخانەیەک بۆ مندالانی کورد بکاتەوە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش (عەبدولرەحمان بەدرخان) بوو، ئەم کۆمەڵەیە لەلایەن دەوڵەمەند و دەست ڕۆیشتووەکانی کورد پشتیوانی دەکرا و ئەندامەکانی ئەم کۆمەڵەیەش زۆربەیان لە ڕۆشنبیران و قوتابییانی کوردی قوتابخانەی زانکۆ و پەیمانگەکانی (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) بوون.

شایانی باسە (خەلیل خەیاڵی) بە چالاکترین ئەندامی ئەم کۆمەڵەیە دادەنرا، کە زۆر بایەخی بە فێربوونی منداڵانی کورد دەدا، نەخوێندەواری بە گەورەترین کۆسپ لە ڕێگای پێشکەوتنی کۆمەلەی کوردەواریدا دادەنا.

لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٠٩ی.ز چالاکییەکانی ئەم کۆمەڵەیە بەهۆی بڕیار و سیاسەتی تورکە ئیتیحادییەکان (واتە الاتحاد و الترقی) ڕاوەستا، دوای جەنگی جیهانی یەکەمیش دووبارە هاتەوە مەیدان و دەستی بە کار و چالاکی و خەباتکردن کردەوە.

٣- کۆمەڵەی هێڤی:-

ئەم کۆمەڵەیە لە (٩)ی کانوونی دووەمی (١٩١٠ی.ز) لە (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) لەلایەن قوتابییە کوردەکانی ئامۆژگاری کشتوکاڵی دامەزرا.

لە دواییدا وەردە وردە فراوان بوو، تاکوو هەموو چینە جیاوازەکانی کۆمەڵەی کوردەواری گرتەوە، لە ئەندامە دیارەکانیشی (عومەر بەگ جەمیل پاشا، قەدری جەمیل پاشا، ئەکرەم بەگ جەمیل پاشا، فوئاد تەمۆبەگ و مەمدوح سەلیم) بوون، پاشانیش بەهۆی چالاکییە نەپساوەکانی (خەلیل خەیاڵی)، کە ئەو کاتە (ژمێریاری ئامۆژگاری کشتوکاڵی بوو لە ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) کۆمەڵەکە بوو بە ڕێکخراوێکی سیاسی، پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵەی (مونتەدای وێژەیی=المنتدی الادبی) لە دیمەشق پتەو بوو.

ئەم کۆمەڵەیە گۆڤارێکی بەناوی (ڕۆژی کورد) لە ١٩ی حوزەیرانی (١٩١٣ی.ز) بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی دەردەکرد، پاشان لە (١٤)ی تشرینی یەکەمی ١٩١٣ی.ز دا ناوی گۆڕا بۆ هەتاوی کورد.

٤- کۆمەڵەی تەعالی کوردستان:

ئەم کۆمەڵەیە لە (١٩)ی تشرینی دووەمی ١٩١٧ی.ز لە (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) دامەزرا و لە پێش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم و لە کاتی ئاگربەست و لە دوای جەنگیش، چالاکییەکانی دەست پێ کرد لە بواری سیاسیدا کە بریتی بوون لە داواکردنی سەربەخۆیی و رزگاریی کوردستان و شادبوونی گەلی کورد بە مافەکانی خۆی، ئەویش لە چوارچێوەی (١٤) خاڵەکانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (ودرۆ ولسن) کە داوای مافی چارەنووسی بۆ هەموو گەلانی ژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی کردبوو.

ئەم کۆمەڵەیە گۆڤارێکی بەناوی (ژین) دەرکرد، کە زمانحاڵی کۆمەڵەکە بوو.

٥- کۆمەڵەی سەربەخۆیی کورد:

ئەم کۆمەڵەیەش ساڵی ١٩١٨ی.ز لە (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) لە لایەن شێخ عەبدولقادری نەهری (شەمزینی) و کوڕانی بەدرخان پاشاوە دامەزرا، زۆربەی سەرۆک و میرەکانی کورد ئەندام بوون تیایدا، کە لە پێناوی سەربەخۆیی و یەکبوون و یەکخستنی کوردستاندا، خەباتیان دەکرد.

لق و یانەی نەک تەنها لە شارەکانی کوردستان بەڵکوو لە دەرەوەی کوردستانیش دامەزراند و ئەو لیژنەیەی کە (ئەحمەد سورەیا بەدرخان) لە قاهیرە سەرپەرشتی دەکرد، چەندها پاداشت و برووسکەی بۆ هاپەیمانەکانی نارد لە بارەی مافەکانی کورد و سەربەخۆیی کوردستان.

بەهەمان شێوە (شێخ عەبدولقادری نەهری)یش نامە و پاداشت و بروسکەی ئاراستەی هاوپەیمان کرد، کە هەمان داخوازییەکانی (ئەحمەد سورەیا بەدرخان) بوون.

هەروەها یەکێک لە چالاکییەکانی تری ئەم کۆمەڵەیە ئەوە بوو، کە چوار کەس لە ئەندامانی کۆمەڵەکە بە سەرۆکایەتی (خەلیل بەدرخان) ساڵی ١٩٢١ی.ز چوون بۆ بەغداد، بۆ لای (سێر برسی کۆکس) مەندوبی سامی بەریتانی لە عێراق، داوای یارمەتی و پشتگیری (بەریتانیای)یان بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ دەکرد.

ئەمە جگە لە یەکخستنی هەوڵەکانی (ئەمین عالی بەدرخان) لەگەڵ یۆنانییەکان دژی کەمالییەکان، کە تا دەهات بەهێزتر دەبوون.

٦- ئەمانە و چەندین کۆمەڵە و ڕێکخراوی تری وەک (ڕێکخراوی نەتەوەی کورد)، کە لە کاتی داگیرکردنی (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) لە لایەن هاوپەیمانەکانەوە دامەزرا، هەروەها (کۆمەڵەی تەشکیلاتی کۆمەڵایەتی کورد) و (کۆمەڵەی ئیستخلاسی کورد لە دەوڵەتی عوسمانی)، پاشان (کۆمەڵەی تەعالی ژنانی کورد) کە لە (٥)ی کانوونی دووەمی ١٩١٩ی.ز لە (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) لە لایەن (ئەمینە خانم)ی خێزانی ژەنەڕاڵ شەریف پاشای خەندانەوە دامەزرا، کە لە گرنگترین ئامانجەکانی بریتی بوو لە فێرکردن و کردنەوەی قوتابخانە بۆ ژنان و دۆزینەوەی کار بۆ ژنان و ئیشکردن شان بەشانی پیاوان لە بوارە جیاجیاکانی دام و دەزگا جۆربەجۆرەکانی دەوڵەتدا.

دووەم: پارت و کۆمەڵە ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان:

لە (ڕۆژهەڵاتی کوردستان)یشدا چەند کۆمەڵە و ڕێکخراوێک دامەرزان کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:

١- کۆمەڵەی (جیهاندانی) کە لە ساڵی ١٩١٢ ی.ز لە لایەن سمکۆخانی شکاک و عەبدولڕەزاق بەدرخان لە شاری (خۆی-خوی) دامەرزا و لە (٢٧)ی تشرینی یەکەمی ١٩١٣ی.ز یەکەمین قوتابخانە لە شاری (خۆی-خوی) بە زمانی کوردی لە لایەن ئەم کۆمەڵەیەوە کرایەوە.

٢- هەر لە ساڵی ١٩١٣ی.ز لە شاری ورمێ/ئورمیە (کۆمەڵەی ئیستخلاسی کوردستان) لە لایەن سمکۆ خانی شکاک و سەید تەهای نەهری دامەزرا و داوای لە ڕووسیای قەیسەری کرد بۆ وتووێژ دەربارەی هاوکاری کورد و ڕووس دژی دەوڵەتی عوسمانی، بەو مەرجەی ڕووسیا پشتیوانی لە ئامانجی نەتەوەیی کورد بکات، شایانی باسە شیخ عەبدولسەلام بارزانی پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئەم کۆمەڵەیەدا هەبووە.

٣- ساڵانی پێش جەنگی دووەمی جیهانی ئەلقەیەکی نیشتمان پەروەرانی کورد بەناوی (حیزبی ئازادیخوای کوردستان) بە ڕێبەری (دکتۆر عەزیزی زەندی) لە ساڵی ١٩٣٩ی.ز دامەزرێندرا، ئەم حیزبە لە بەرامبەر سیاسەتی دیکتاتۆرییانەی ڕەزا شادا دامەزرا و هەوڵی بڵاو کردنەوەی بیری ئازادیخوازی لەنێو کورد و ئەرمەن و ئاشوور و تورکدا دەدا، لە ساڵی ١٩٤١ی.ز دا بە یەکجاری لە سەر شانۆی سیاسی ڕووداوەکاندا بوونی نەما.

٤- لە (١٦) ئابی (١٩٤٢)ی.ز پۆلێک لە خەڵکی مەهاباد بەنهێنی کۆبوونەوەیەکیان سازدا (میر حاج ئەحمەد) کە ئەفسەرێکی کوردی باشووری کوردستان و ئەندامی نهێنی حیزی هیواش بوو بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندی کوردی نێوان هەردوو پارچەی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.

لە ئەنجامی کۆبوونەوەکدا بڕیاری دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردی (ژێ کاف) درا لە لایەن عەبدولڕحمان زەبیحی و عەزیزی زەندی و حوسێنی فرووهەر و قاسمی قادری قازی و هەردوو هەڵبەستوانی نەتەوەیی کورد (هێمن مەهابادی) و (هەژار موکریانی) و مەلا عەبدوڵڵای داودی و چەند تێکۆشەرێکی تری کوردەوە، ئەم کۆمەڵەیە کۆمەڵەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموکراتی بووە، بە مەبەستی ئازادکردنی نەتەوەی کورد و یەکخستنەوەی کوردستان و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، شایانی باسە قازی محەممەد لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٤ی.ز بە ئەندام لە کۆمەڵەکە وەردەگیردرێت و بەهاتنە ڕێزی قازی محممەد جەماوەری کۆمەڵەی (ژێ کاف) گەورەتر و فراوان تر دەبێت، چونکە قازی محەممەد کەسایەتییەکی ناسراوی شاری مەهاباد و ناوچەی موکریان بووەوە و بە ژیانی هەردوو کۆمەڵەی شار و لادێ ڕاهاتبوو، بەخەڵکی عەشیرەتی و شارستانیەوە ڕێزیان دەگرت، لە بنەماڵەیەکی ئایینی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیر و خەباتگێڕ بووە، هەروەها قازی محممەد بەر لەوەی بێتە ئەندام لە کۆمەڵەی (ژێ کافدا) لای سۆڤیەتییەکان ناسرابوو، چونکە قازی محەممەد لەگەڵ ئەو وەفدە کوردییە بوو کە لە کۆتایی ساڵی ١٩٤١ی.ز دا سەردانی (باکۆ) یان کردبوو.

پاشان لە سەرووی ئەو وەفدە کوردیەوە، سەردانی دووەمی نوێنەرانی کورد بۆ (باکۆ) لە کۆتاییەکانی ئەیلوولی ساڵی ١٩٤٥ی.ز کۆمەڵەی (ژێکاف) بوو بە بناغەی (پارتی دیمۆکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) لە ١٦ی ئابی ١٩٤٥ی.ز قازی محەممەد بوو بە سەرۆکی حیزب و چەند کەسێکیش بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران، ئەم کۆمەڵەیە گۆڤارێکی بەناوی (نیشتمان)ەوە دەرکرد.

سێیەم: پارت و کۆمەڵە و رێکخراوە کوردییەکانی باشووری کوردستان:

١- ساڵی ١٩٢٢ی.ز لەشاری سلێمانی (کۆمەڵەی کوردستان) لە لایەن (مستەفا پاشای یامولکی) دامەزرا.

٢- لە ساڵی ١٩٣٧ی.ز (حیزبی هیوا) لە شاری کەرکووک دامەزرا، کە سەرەتا ناوی (دارکەران) بوو بەناوی رێکخراوێکی نەتەوەیی ئیتاڵییەوە ناونرابوو، کە داوای یەکێتی ئیتاڵیای دەکرد لە دامەزرێنەرە یەکەمینەکانیشی: مستەفا عوزێری، یونس ڕەئووف، جەلال قادر، مووسا عەبدولسەمەد، ئیحسان حاجی ئەحمەد، خەلیل حەمەد و فەتاح جەبار، بوون کە گشتیان قوتابی ناوەندی و ئامادەیی بوون، پاشان ئەمانە پەیوەندیان بە کەسیایەتی (رەفیق حیلمی)ەوە کرد، کە کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕی بەناوبانگی کورد بوو، ئەو کاتەش پایەی (مفتش-موفەتیش)ی پەروەردە بوو لە وەزارەتی (مەعاریف-پەروەردە)، بۆیە ساڵی ١٩٣٩ی.ز ناوی (دارکەران) گۆڕا بوو بە حیزبی (هیوا) لەسەر ناوی کۆمەڵەی (هێڤی) و ڕەفیق حیلمی کرا بە سەرۆکی باڵای حیزبی هیوا.

٣- لە پاییزی ساڵی ١٩٤٥ی.ز (پارتی شۆرش) لەلایەن ساڵح حەیدەری دامەزرا کە لە بنەڕەتدا ناوی (حیزبی شیوعی لە باشووری کوردستان) بووە، بەڵام بەهۆی بڵاو کراوەکەیانەوە بەناوی (شۆڕش) ناو دەبران.

٤- لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٥ی.ز (پارتی ڕزگاری کورد) دامەزرا، هەروەها لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ (پارتی دیموکراتی کورد) لەشاری بەغداد بە نهێی دامەزرا و لە کۆنگرەی سێی ئەم پارتە کە لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٥٣ی.ز لە شاری کەرکووک بەسترا ناوی پارتەکە بوو بە (پارتی دیموکراتی کوردستان).

چوارەم: پارت و کۆمەڵە رێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان:

١- کوردانی سووریا ڕۆڵی سەرەکی و گرنگیان لە دامەرزاندنی (پارتی خۆیبوون)دا هەبوو، کە لەساڵی ١٩٢٧ی.ز لە هاوینە هەواری (بەحەمدون) لە لوبنان دامەرزا، ئەم پارتە لە یەکگرتنی چوار ڕێکخراو و کۆمەڵەی کوردی ئەو کاتە پێکهاتبوو، ئەوانیش:

کۆمەڵەی تەعالی کوردستان، ڕێکخراوی کوردستان، ڕێکخراوی نەتەوەیی کورد و کۆمەڵەی سەربەخۆبوونی کوردبوون.

خوۆیبوون توانی لە ماوەیەکی کەمدا دەیان لق لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان (ئەورووپا و ئەمریکا)دا بکاتەوە و لە هەموو پارچەیەکی کوردستانیشدا خەڵکی جیاجیا پەیوەندیان پێوە کرد.

پاشان دوای هەرەس هێنانی شۆڕشی (ئاگری داغ- شوڕشی ئارارات- هەستانەوەی ئاگری) لە کۆتایی ساڵی ١٩٣٠ی.ز ئەوە بوو بارەگای سەرەکی پارتەکە لە (ڕۆژئاوای کوردستان-خۆرئاوای کوردستان) دامەزرا.

ئامانجی سەرەکی خۆیبوون خەبات و تێکۆشان بوو لە پێناو بەگژداچوونەوەی دوژمنان و بەدیهێنانی ڕزگاری و سەربەخۆیی و یەکخستنی کوردستان.

ئەم پارتە دوو ڕۆژنامەی بە زمانی کوردی (هاوار لە ساڵی ١٩٣٢ی.ز) و (ڕوناهی لە ساڵی ١٩٤٢ی.ز) بەسەرپەرشتی جەلادەت بەدرخان دەرکرد.

٢- لە ئابی ١٩٥٧ (پارتی دیموکراتی کوردی-ڕۆژئاوای کوردستان) دامەزرا، کە نورەدین زازا بە سەرۆکی پارت و عوسمان سەبری بە سکرتێری گشتی پارت دانرا.

لە گرنگترین ئامانج و بەرنامە ڕامییارییەکانی ئەو پارتە:

(ڕزگاری و یەخستنەوەی کوردستان) و (بەرەنگاربوونەوەی ئیستعمار) و (تێکۆشان لە پێناوی دیموکراتی لە سوریا)دا بوو.

تعليقات