کوردستان لە کات و ساتی دوای جەنگی جیهانی یەکەم:

کوردستان لە کات و ساتی دوای جەنگی جیهانی یەکەم: 


* کوردستان لە ماوەی ساڵانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا (١٩١٤-١٩١٨ی.ز):

ماوەیەک بەر لە دەست پێکردنی جەنگ لایەنە ڕەکابەرەکان بەگەرمی کەوتبوونە خۆ و زانیاریان دەربارەی کوردستان کۆ کردەوە، هەر لە ژمارەی هۆزەکان و ژمارەی ئەندامەکانیانەوە تا دەگەیشتە دابونەریت و جۆری چەکەکانیان و شوێنی جوگرافی و …هتد، بۆیە لە یەکەم ساتەکانی شەڕەوە هەر وەک “لازاریڤ” دەڵێ: (یەکەم تەقەی “جەنگی جیهانی یەکەم” لە خۆرهەڵاتی نزیک ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد)، هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە عوسمانییە داگیرکەرەکان و ئەڵمانەکان-ئاڵمانەکان لەو دەڤەرەدا بەتەنیا هەڕەشەیان لە ڕێگای هیندستان نەدەکرد، کە بەریتانییەکان بەڕژەوەندییەکانی خۆیان تیادا دەدۆزیەوە، بەڵکوو هەڕەشەیان لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری کوردستان و کەنداویش دەکرد.

سەرەتاکانی جەنگ، عوسمانییە داگیرکەرەکان بەناوی (غەزا و جیهاد)ەوە توانیان بەشی زۆری کوردان ڕاکێشنە ناو جەنگ و ناوچەکانی دەوروپشتی( گۆل-دەریاچەی ورمێ-ئورمیە-ڕەزائیە-رەزایە) داگیر بکەن و کاولکاری و تاڵانی تێدا بنێنەوە، بەڵام ساڵێکی نەخایاند عوسمانییەکان لە بەرەی باکووری کوردستان لە شەڕی (ساری قامیش) لە بەرامبەر ڕووسەکاندا ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە بوونەوە، ئەنجامی ئەم شەڕە ئەوە بوو ڕووسەکان پێشڕەویان کرد بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی قارس و ئەرزڕۆم و ورمێ-ئورمیە و موکریان و ڕەواندز و پێنجوێن و خانەقین-خانقین، عوسمانییەکان لەکاتی پاشەکشەیاندا ڕەشبگیر کەوتە گیانی خەڵکی مەدەنی کوردستان و هەر بە بیانووی شەڕەوە زیاتر لە ٧٠٠،٠٠٠هەزار کەسیان لە کوردستان گواستەوە بۆ خۆرئاوای-ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ بە مەرجێکیش نابێ لەوێ لە ٥٪ی دانیشتوانی زیاتر بن و جگە لە زمانی تورکیش نابێ بەهیچ زمانێکی تر قسە بکەن، شایانی باسە ژمارەیەکی زۆر لە ڕێگادا لەبەر سەرما و سوڵەی زستان و لەبەر بێخۆراکی و نەخۆشییەوە مردن.

ڕووسەکانیش لە شارەکانی (وان، مەهاباد، شنۆ) قەسابخانەی گەورەیان خوڵقاند، هەروەها بەرەی (خانەقین-خانقین، کرماشان) شەڕی سەختی نێوان عوسمانییەکان و ڕووسەکانی بەخۆەوە بینی، هەر یەکێکیش لەو هێزانە تۆڵەی شکستی خۆی لە کوردی ناوچەکەی دەسەندەوە و جووتیاری ناوچەکەی دەکوشت و زەویەکەی تاڵان دەکرد و ئاگری تێ بەردەدا.

هەر لەم ساڵانەدا ڕووسەکان لە ڕەوانداز قەسابخانەیەکی گەورەیان خوڵقاند، کە زیاتر لە (٥) پێنج هەزار کەسیان کوشت و لە (٢٠٠٠) دوو هەزار خانووش، تەنیا (٥) خانوو بەسەلامەتی مایەوە ئەوانیش شوێنی حەوانەوەی ئەفسەرە رووسەکان بوون، لەکاتی گەیشتنی هێزەکانی ڕووس بۆ دەوروپشتی کرماشان و خانەقین، عەشیرەتی سنجابی (سەنجاوی) بەرگرییەکی دلێرانەیان لەبەرامبەر لەشکری ڕووس نواند.

بەم جۆرە بەشی کوردستان بەدرێژایی ڕۆژانی جەنگ هەر کاولکاری و تاڵانکردن و سووتاند و کوشتن و بڕین بوو، سەرەڕای ئەو گرانی و برسێتی و نەهامەتیەی کە لە کاتی جەنگدا بڵاو بووەوە بە (گرانی گەورە-سەفەربەرلک) ناسراوە، کە تیایدا زیاتر لە سەد (١٠٠،٠٠٠) کەس هەر تەنها لەبرسان مردن و لەتاو برسێتیدا خەڵک گۆشتی مردووی (مرۆڤ و ئاژەڵ)یان دەخوارد، عوسمانییەکان و ڕووسەکان و ئینگلیزەکان و ئەڵمانەکان و ئێرانییەکان بە هۆکاری سەرەکی سەرجەم ئەو کارەساتانە دادەنرێن، هەرچەندە عوسمانییەکان و ڕووسەکان ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لەم بوارەدا، تەنانەت شوێنی دانیشتنی چەندەها عەشیرەت لە کوردستان گۆڕاوە و چەندها عەشیرەت بۆ دەرەوەی کوردستان ڕاپێچ کراون.

هەر لە گەرمەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، هاوپەیمانەکان لە نێوان خۆیاندا پلانیان دانا بۆ دابەشکردنی موڵکەکانی دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر (کوردستان و ئەرمەنستان و خۆرهەڵاتی عەرەبی و ئەنادۆڵ)، ئەوە بوو لە (١٠)ی ئازاری ١٩١٦ی.ز ڕێککەوتننامەیەکی نهێنی لەشاری “سان پوترسبورگ” (لینینگراد)مۆرکرا لە نێوان (مارک سایکس) نوێنەری بەریتانیا و پسپۆڕ لە کاروباری خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست و( جۆرج بیکۆ) کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە بەیرووت و (سازانۆڤ) وەزیری دەرەوەی ڕووسیای قەیسەری، کە لە مێژوودا ئەم ڕێککەوتننامەیە بە ڕێککەوتننامەی (سایکس-بیکۆ) ناسراوە، ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەکە بریتی بوو لە:

١- ڕووسیای قەیسەری: (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ)ی بۆخۆی دانا لەگەڵ چەند میلێک لەناوەوە لەسەر هەردوو لای گەرووی بۆسفۆر و بەشێکی گەورەی باکووری کوردستان (بەتایبەت ویلایەتەکانی قارس، ئەرزڕۆم، وان، بەدلیس) و لەگەڵ ترابزۆن و هەموو ئەرمەنستان.

٢- فەڕەنسا: تەواوی سووریا و لوبنان و ناوچەی کیلکیا (ئەدەنە)ی تورکیا و ویلایەتەکانی مووسڵ و ماردین و دیاربکەر و ئورفە و عەنتاب و خۆرئاوای کوردستانی بەرکەوت.

٣- بەریتانیا: ناوەڕاست و خوارووی عێراق و خۆرهەڵاتی ئوردون-ئەردەن و هەردوو بەندەری حەیفا و عەککای لە فەلەستین بەرکەوت.

٤- ناوچەیەکی نێودەوڵەتیش لە فەلەستین: (قودس و دەوروبەری) خرایە ژێر سەرپەرشتی نێودەوڵەتییەوە.

دوای هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ساڵی ١٩١٧ی.ز بە سەرۆکایەتی لینین و ڕووخانی ڕووسیای قەیسەری، ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەی سایکس-بیکۆ ئاشکرا کرا، ڕووسیا خۆی لێ کێشایەوە.

*کێشەی ویلایەتی مووسڵ:

(هەولێر،مووسڵ، دهۆک، کەرکووک، سلێمانی) واتە تەواوی باشووری کوردستان دەگرێتەوە، جگە لە ناوچە کوردنشینەکانی سەر بە پارێزگای دیالە واست کە ئەو کاتە سەر بە ویلایەتی بەغدا بوون:

لە ١١ی ئازاری ساڵی ١٩١٧ی.ز هێزەکانی بەریتانیا، کە لە ڕێگای کەنداوەوە هاتن، توانیان بەسەرکردایەتی ژەنەڕاڵ (ستانلی مۆد) شاری بەغداد داگیربکەن و پاشان هێزەکانیان بەرەو باکوور واتە باشووری کوردستان(ویلایەتی مووسڵ) هەڵکشان و شارەکانی کەرکووک و هەولێریان داگیر کرد و بەرەو مەڵبەندی ویلایەتەکە بەڕێکەوتن کە شاری مووسڵ بوو و تەنها (١٢) میلیان مابوو بگەنە ناو مووسڵ، کە ئاگربەستی مۆدرۆس لە لایەن بەریتانیا (بەناوی هاوپیمانەکان) و لە نێوان عوسمانییەکان لە (٣١ی تشرینی یەکەمی ١٩١٨ی.ز) بەسترا لەسەر ئەوە رێککەوتن ناکۆکییەکانی نێوانیان بە ئاشتی و دانوستان چارەسەر بکەن، هەر هێزێکیش لەو شوێنانەی پێی گەیشتووە زیاتر پێشرەوی نەکات، لە ماددەی شەشەمی ئاگر بەستەکەدا هاتووە ((هاوپەیمانەکان بۆیان هەیە هەر شوێنێکی ستراتیژی داگیر بکەن ئەگەر بزانن کار لەسەر ئاسایش و هێمنییان دەکات)).

لە ماددەی شانزدەیەمشدا هاتووە (دەبێ پاشماوەی هەموو هێزەکانی عوسمانی لە حیجاز و یەمەن و سووریا و مێزوپۆتامیا (عێراق و کوردستان) تەسلیم بکەن بەنزیکترین سەرکردەی هاوپیمانەکان لەو ناوچەیەدا).

بەڵام هێزەکانی بەریتانیا بە سەرکردایەتی ژەنەڕاڵ ولیام مارشاڵ بەردەوام بوون لە پێشڕەوی کردن و لە (١٨ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ی.ز) چوونە شاری مووسڵ و پاشان تەواوی ویلایەتی مووسڵ کەوتە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا، بەمجۆرە سەنتەری ویلایەتەکە و دەوروپشتی بەبێ شەڕ داگیر کرا.

دەوڵەتی عوسمانی ڕەخنەی لەم پەلامار و داگیرکردنە گرت و ناڕەزایی دەربڕی بەو پێیەی کە لەگەڵ دەقی ئاگربەستەکەدا ناگونجێت، لە هەمان کاتدا ئەو ناوچەیە (ویلایەتی مووسڵ) بەپێی ڕێککەوتننامەی سایکس-بیکۆ بۆ فەڕنسا دانرابوو، بۆیە ئەمانە لە نێوان بەریتانیا و عوسمانییەکان، دواتریش لەنێوان عێراق و تورکیا کێشەیەکیان دروست کرد کە لە مێژوودا بە کێشەی مووسڵ(کێشەی ویلایەتی مووسڵ) ناسراوە.

کەمالییەکان لە تورکیا دوای ئەوەی بەسەر هەندێ لەتەنگ و چەڵەمەکانی دەرەوە و ناوەوەدا زاڵبوون، ئەوە بوو نوێنەران لە پەیمانی لۆزان لە ٢٤ی تەمووزی ١٩٢٣ی.ز زۆر پێی لەسەر ئەوە دادەگرت کە ویلایەتی مووسڵ بەشێکی خاکی تورکیایە و چەندەها بیانووی پووچیان هێنایەوە، لەوانە: گوایە کورد و تورک لەیەک ڕەگەزن و ناوی چەندەها عەشیرەتی ویلایەتەکەیان بەتورک ناوزەند-ناوزەد کرد، وایان ڕاگەیاند کە بەرژەوەندی ئابووری و پەیوەندی کۆمەڵایەتی ویلایەتی مووسڵ زیاتر لەگەڵ ئەنادۆڵ گونجاوە، کە بێگومان هەموو ئەمانە بەڵگەی پڕوپووچ و نابەجێن، چونکە ئەو لایەنە ناکۆکەکانەی کە ناویان هات هیچیان ئەو مافەیان ڕۆژێک لە ڕۆژان بەسەر ویلایەتەکەدا نەبووە و نییە، بەڵکوو دانیشوانی ڕەسەنی ویلایەتەکە کە بەشی هەرە زۆری کوردن (بە موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی و شەبەک) و عەرەب و تورکمانەوە هەر تەنها ئەوان مافی ئەوەیان هەیە چارەنووسی ویلایەتەکە دیاری بکەن، کەچی تەنانەت لە لکاندنی ویلایەتەکەش بە عێراقی داگیرکەرەوە پرس و ڕاوێژ بە خەڵکەکەی نەکرا، لە کاتێکدا دانیشتوانی ویلایەتەکە دوو بۆچوونیان هەبوو: یان ئەوەتا بخرێنە سەر ئەو دەوڵەتە کوردیەی کە لە باکووری کوردستان بەپێی پەیمانی سیڤەر لە (١٠ی ئابی ١٩٢٠ی.ز) بڕیاری دامەزراندنی درابوو، یاخود ویلایەتەکە دەوڵەتێکی سەربەخۆی لەژێر فەرمانڕەوایی شێخ مەحموودی حەفید لێ دروست بکرێ، بەڵام بەریتانیا دژی هەموو ئەو ڕا و داخوازیانە وەستا و هەوڵی ئەوەی دەدا ویلایەتی مووسڵ بخرێتە سەر ئەو دەوڵەتە عەرەبییەی کە لە هەردوو ویلایەتی بەغداد و بەسرە پێکهاتبوو دواتر بە (عێراق)ی داگیرکەر ناسرا، بەریتانیا لەمەدا چەند مەبەستێکی هەبوو:

١- دەستگرتن بەسەر ناوچە نەوتییەکانی ویلایەتەکە (بەتایبەتی کانەکانی کەرکووک).

٢- بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی بهێنێتە دی کە بریتی بوو لە دەستگرتن بەسەر ئەو ڕێگا بازرگانییە گرنگەی کە بە کەرکووک و خانەقین و قەسری شیرین و کرماشاندا دەڕوات و دەریای ناوەڕاست بە هیندستانەوە دەبەستێتەوە.

٣- بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی بهێنێتە دی، کە بریتی بوو لەوەی چەند حکوومەتێکی دەستکرد لای خۆی لە ناوچەکەدا دروست بکات، تا دەسەڵاتی پتەوتربێت و ئەو حکوومەتانە لە سەرێکەوە ببنە بەربەستێک لە بەردەم تەوژمی کۆمۆنیزمی سۆڤیەت و لەسەرێکی تریشەوە مەرامەکانی بەریتانیا بهێننە دی.

هەر بۆیەش سەرەتا پشتیوانیان لە حکوومەتی شێخ مەحموود کرد، هەروەها بەهەمان شێوەش حکوومەتەکانی عێراق و ئێرانیان هێنایە سەرکار هەر وەک چۆنێک بێت کێشەی مووسڵ خرایە بەردەم کۆمەڵەی نەتەوەکان و لە (٢٩)ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٤ی.ز لە کاتی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی نەتەوەکان سنوورێکی دەستکرد و کاتی لە نێوان عێراق و تورکیای داگیرکەردا دانرا کە بە (هێڵی برووکسل) ناسرا.

لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا لیژنەیەک لە لایەن کۆمەڵەی نەتەوەکان، کە لەسێ کەس پێکهاتبوو بۆ ئەوەی ڕەوانەی ویلایەتەکە بکرێت ئەمانیش:

١- کۆنت پول تیلیکی (جوگرافی ناسی بەناوبانگ و سەرۆک وەزیرانی پێشووی مەجەر).

٢-ئای. ئێف. ڤێرسن ( وەزیری ڕێپێدراوی سوید لە بوخارست).

٣- ئەی. پولص-پولس (عەقیدی خانەنشین لە سوپای بەلژیکی-بەلجیکی).

ئەمانە لە مانگی کانوونی دووەمی ١٩٢٥ی.زدا گەیشتنە مووسڵ، لیژنەکە گەشتێکیان بە ناوچەکەدا کرد و ڕووی زەوی و پێکهاتەی دانیشتووانەکەیان لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەوە خستە بەر لێکۆڵینەوە و سەرژمێرییەکی بەپەلەی ویلایەتەکەیان کرد، ڕاوبۆچوونی خەڵکانێکیان وەرگرت، دواجار ئەمانەیان بەگشتی لە ڕاپۆرتێکدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ویلایەتەکە پێشکەش بە کۆمەڵەی نەتەوەکان کرد، کە پووختەکەی بریتی بوو لە:-

١- پێوستە هێڵی برووکس بەهێڵی سنووری نێوان عێراق و تورکیا دابنرێت.

٢- دەبێ ڕژێمی سەرپەرشتیکردن (ئینتداب-الانتداب)ی بەریتانیا بۆ ماوەی (٢٥) ساڵ بەسەر عێراق دا بجێبەجێ بکرێت.

٣- کورد تەواوی مافی خۆی دەبێت لە بەڕێوەبردن و کارگێڕی و دادگای تایبەتیدا و زمانی کوردی زمانی ڕەسمی لە قوتابخانە و دام و دەزگاکان.

سەبارەت بە عێراق ئەوە بوو کە مەلیک فەیسەڵ و ئەنجوومەنی وەزیران دەیانویست کە پەیمانێکی نوێ ببەستن لەگەڵ بەریتانیا کە جێگای پەیمانی ١٩٢٢ی.ز بگرێتەوە و ماوەی ئینتداب (سەرپەرشتیکردن) بۆ ماوەی (٢٥) ساڵ دیاری بکات و سەربەخۆیی عێراق بپارێزێت، بەڵام بەریتانیا بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبوو دەستکاری پەیمانی ١٩٢٢ بکرێ و داواشی لە ئەنجوومەنی دامەرزاندن و مەلیک فەیسەڵ کرد تا (١١)ی حوزەیرانی ١٩٢٤ی.ز دەبێ ڕازی بن بە بەندەکانی پەیمانەکە کە بەریتانیا بەندەکانی داڕشتووە، دوو ڕیگاشی بۆ هەڵبژاردن:

١- یان دەبێ پەیمانەکە پەسەند بکەن وەک چۆن بەریتانیا دایڕشتووە.

٢- یان ویلایەتی مووسڵ دەخاتە سەر تورکیا.

بەمجۆرە مەلیک فەیسەڵ و ئەنجوومەنی دامەزراندن و ئەنجوومەنی وەزیران گشتیان ئامادە بوون ببنە نۆکەر و ئەڵقە لەگوێی بەریتانیا هەر تەنها لەبەر ئەوەی باشووری کوردستان (ویلایەتی مووسڵ)یان لەدەست نەچێت و کوردیش بکەن بە ژێر دەستە و کۆیلەی خۆیان.

ئەوەی مایەوە تورکیا بوو، ئەوە بوو لە (٥) حوزەیرانی ١٩٢٥ی.ز پەیمانێکی سێ قۆڵی لە نێوان بەریتانیا و عێراق و تورکیا بەسترا، کە لە گرنگترین بەندەکانی ئەو پەیمانەشدا هاتووە:

١. عێراق و تورکیا بەڵێن دەدەن بە پچڕاندنی پەیوەندیان لەگەڵ هەر سەرۆک و سەرۆک هۆزێک کە لەناو دەوڵەتەکەی تردا دەژی.

٢- ڕێگە پێنەدانی دامەزراندنی هیچ ڕێکخراوێک کە دژی هەر کام لەم دوو دەوڵەتە داگیرکەرانە بێت.

٣- تورکیا ڕازی دەبێت کە واز لە ویلایەتی مووسڵ بێنێت بەرامبەر بەشە نەوتی ویلایەتەکە ئەویش بە ڕێژەی دە لەسەدی ١٠٪ و بۆ ماوەی (٢٥) ساڵ.

بەڵام پاشان تورکیا وازی لەم بەشە نەوتەی خۆشی هێنا بە وەرگرتنی (٥٠٠) هەزار جونەیهی ئیسترلینی و ڕێگە دان بە تورکیا کە دەست بەرەڵڵا بێت لە دامرکاندنەوەی ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانەی کە لە باکووری کوردستان دژی کەمالییەکان بەرپا دەکران.

لە کۆتاییدا کۆمەڵەی نەتەوەکان لە ١٦/١٢/١٩٢٥ی.ز دا ویلاەتی مووسڵ بخرێتە سەر عێراق و بێ ئەوەی پرس و راوێژ بە دانیشتوانەکەی بکرێت.

*شۆڕش و راپەڕینەکەی کوردستان و عێراق ١٩١٩-١٩٢٠ی.ز:

لە نێوان ساڵانی (١٩١٩-١٩٢٠ی.ز) زنجیرەیەک شۆڕش و ڕاپەڕین سنووری عێراق (کە هێشتا وەک دەوڵەت دانەمەزرابوو)ی گرتەوە، لەوانە شۆڕشی شێخ مەحموودی نەمر- کە دواتر باسی لێوە دەکەین، لە ٢٤ی نیسانی ١٩١٩ی.ز ڕاپەڕینی کوردی گۆیان لەناوچەی زاخۆ دەستی پێکرد و لە ١٥ی تەمووزی ١٩١٩ی.ز ناوچەی ئامێدی گرتەوە لە ١٠ی ئابی ١٩١٩ی.ز گەیشتە ناوچەی سۆران (ڕەواندز و باڵەکایەتی) وئینجا هەریر و باتاس، لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٩١٩ی.ز شۆڕش ناوچەکانی ئاکرێ و زێبار (بارزان)ی گرتەوە و حاکمی سیاسی مووسڵ لە لایەن بارزانییەکان کوژرا.

لە (٦)ی حوزەیرانی ١٩٢٠ی.ز شۆڕش لە (تەلەعەفەر) لە لایەن هۆزە کورد و تورکمان و عەرەبەکانی ناوچەکە دەستی پێکرد و دواتر شەنگال (سەنجار-سنجار)یشی گرتەوە.

بارودۆخی هەولێریش زۆر ئاڵۆز ببوو، دانیشتوانی شار بە هەموو چین و توێژێکەوە چەند جار کۆبوونەوەیان ئەنجام دابوو، پشتگیری و پشتیوانی خۆشیان بۆ حکوومەتەکەی شێخ مەحموود لە سلێمانی ڕاگەیاند بوو، دواتریش کە شێخ مەحموود دوور خرایەوە، دانیشتوانی شار حوکمێکی خۆییان پێکهێنا و لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە ئینگلیزەکان لە شار وەدەرنێن، ئەوە بوو حاکمی سیاسی ئینگلیز لە هەولێر (دبلیو. ئار . های) لە (١٢)ی ئابی ١٩٢٠ی.ز لە بۆسەیەکدا زۆر بەسەر سووڕمان لە مردن ڕزگاری بوو، ئەم بارودۆخە شڵەژاوەی هەولێر، حاکمی سیاسی گشتی ئەوسای عێراق (ئارنۆڵد ویلس)ی ناچار کرد بە فڕۆکەیەکی تایبەتی بچێتە هەولێر بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و لە نزیکەوە قسەکردن بۆ خەڵک، بەڵام گشت ئەمانە دانیشتوانی هەولێری سارد نەکردەوە بۆیە دوای گەڕانەوەی (یولسن) بۆ بەغدا جارێکی تر شۆڕش سەری هەڵدایەوە و ئینگلیزەکان ناچار بوون دوو هێزی گەورە لە هەردوو قۆڵی کەرکووک و مووسڵ ڕەوانەی هەولێر بکەن، دواتریش (کۆیە) چووە پاڵ شارە ڕاپەڕیوەکانی تر.

لە ناوچەی گەرمەسێر و گەرمیانیش شۆڕش زۆر بەسەختی تەشەنەی کرد و کوردان توانیان شاری (قزرابات-السعدیە) و دەوروپشتی ئازاد بکەن پاشان کڵپەی ڕاپەڕین خانەقین و مەندەلی گرتەوە و هۆزە کوردەکانی ئەوێ هێرشیان کردە سەر کۆمپانیای نەوتی بەریتانی-ئێرانی لە (نەفت خانە)، هەروەها هێڵی شەمەندەفەری نێوان (خانەقین و بەغدا) و (خانەقین و کەرکووک)یان تێکدا بۆ ئەوەی یارمەتی سەربازی نەگاتە دەستی ئینگلیزەکان.

گرنگترین شۆڕشەکانی گەرمیانیش، شۆرشەکەی برایم خانی دەلۆ بوو لە کفری، کە لە گرنگترین هۆیەکانی:

١- شوێنی شاری کفری کە کوتووەتە نێوان شاری بەغداد و سلێمانی، چونکە دەنگ و باسی هەر ڕووداوێک بە زووی دەگەیشتە شارەکە کاریگەری خۆی لەسەر دادەنا.

٢- کاتێک کە شێخ مەحموود شوڕەشەکەی لە سلێمانی بەرپاکرد برایم خان یەکێک بوو لەوانەی کە چووە پاڵ شۆڕشەکە و پشتگیریان لێکرد، کاتێکیش کە ئینگلیزەکان دەستیان کرد بە بڵاو کردنەوەی پڕوپاگەندە و دووریان خستەوە دژ بە ئینگلزەکان وەستایەوە و شۆڕشی لە دژیان بەرپاکرد.

٣- ڕەفتاری خراپی حاکمی سیاسی شار کە ناوی (سۆلۆمۆن) بوو بەرامبەر بە دانیشتوانی کفری و هەلسوکەوتی ناشیرینی لە گەڵیاندا.

٤- ئاواتی برایم خان لەسەربەخۆیی کوردستان و ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی بێگانە و ناحەزان.

ئەوە بوو شۆڕشگێران بەسەرۆکایەتی برایم خان دەستیان بەسەر شاردا گرت و کاپتن (سۆلۆمۆن)یش بەر سزای گەل کەوت و بۆ ماوەی چەند مانگێک کفری بە ئازادکراوی مایەوە، بەڵام ئینگلیزەکان لەشکرێکی گەوەریان لە کەرکووکەوە نارد و هەردوولا لە دەشتی گەرمیان بەیەک گەیشتن، دواجار لەشکری کوردان شکا و کفری دەستی بەسەردا گیرایەوە.

شایانی باسە دوای ئازادکردنی کفری شاری دوز لە لایەن هۆزە کورد و تورکمانەکانی ناوچەکەوە ئازاد کرا.

لە فوراتی ناوەڕاستیشدا هۆی ڕاستەوخۆی شۆڕشی ١٩٢٠ی.ز ئەوە بوو کە ئینگلیزەکان (شێخ شەعلان ئەبولجون- شعلان ابولجون)ی سەرۆکی عەشیرەتی (زەوالم-الظوالم)یان لە بەندیخانەی (رەمیسە-رمثە) بەندکرد، ئەوە بوو لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٢٠ی.ز لە بەندیخانە دەرچوو ئیتر ئاگری شۆڕش هەڵکرا و گشت ناوەڕاست و باشووری عێراقی گرتەوە، کە گشت چین و توێژ و گەورە و بچووک بەشدرایان تێدا کرد و زیاتر لە پێنج مانگ بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا (٢٢٦٩)کەس لە هێزەکانی بەریتانیا کوژران و بزربوون و بدەیل گیران، زیانی مادی ئینگلیزەکانیش گەیشتە زیاتر لە (٤٠) ملیۆن پاوەندی ئیسترلینی.

* دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق:

دوای ئەم هەموو شۆڕش و راپەڕینە بەر بڵاوانەی کە سەرتاپای عێراقی گرتەوە و ئەو زیانە گیانی و مادییەی بەر هێزەکانی بەریتانیا کەوت (ئارنۆلد ویلسن) لابراو (سێر برسی کۆکس) کرا بە مەندوبی سامی بەریتانی لە عێراق، ئینگلیزەکان بەڵێن و پەیمانیان بە گەلانی عێراق و کوردستاندا کە ئامادەن ڕێڕەوی ئیداری و سیاسی خۆیان بگۆڕن.

لە تشرینی یەکەمی ١٩٢٠ی.ز کۆکس گەیشتە بەغدا و بانگەوازی دەرکرد کە لە ژێر سایە و سەرپەرشتی خۆیدا حکوومەتێکی خۆیی دروست دەکات، وێڕای ئەوەش کۆکس لە هەڕەشەدا دەستێکی باڵای هەبوو، ئەوە بوو لە ٢٥ی.ز تشرینی یەکەمی ١٩٢٠ی.ز حکوومەتێکی کاتی عێراقی دامەزرا (تەنها لە هەردوو ویلایەتی بەسرە و بەغداد) دوای ئەوەی کە کۆکس توانی قەناعەت بە نەقیبی ئەشرافی بەغداد (عەبدولڕەحمان نەقیب گەیلانی-عبدالرحمن نقیب گیلانی) بکات کە ببێتە سەرۆکی ئەو حکوومەتە (واتە سەرۆک وەزیران).

لە ئازاری ١٩٢١ی.ز کۆنگرەی قاهیرە بەسەرپەرشتی (ونستۆن چەرچل)ی وەزیری داگیرکەکانی بەریتانی و ئامادەبوونی گشت مەندوبەکانی سامی بەریتانی بەسترا و لەوێدا باس لەچوار خاڵی سەرەکی کرا:-

١- دەست نیشانکردنی فەیسەڵ کوڕی حوسێن بۆ پۆستی پاشایەتی عێراق.

٢- مانەوەی هێزەکانی بەریتانیا لە عێراق و کەمکردنەوەی خەرجی بەریتانیا بۆ هێزەکانی.

٣- ویلایەتی مووسڵ (باشووری کوردستان) بڕیاردرا حوکمێکی سەربەخۆی لێ پێک بهێنرێت و ڕاستەوخۆ لەلایەن مەندوبی سامی بەریتانییەوە بەڕێوە ببرێت.

٤- کێشەی نەتەوەکانی عێراق (داواکاریەکانیان، پێداویستەکانیان) و چۆنیەتی چارەسەکردنیان.

ئەوە بوو لە ڕۆژی ٢٣ی ئابی ١٩٢١ی.ز ئاهەنگی ڕەسمی بوونە پادشای فەیسەڵ سازکرا، پاشان دەسەڵاتی ئینگلیز لە ١٢ی تەمووزی ١٩٢٢ی.ز دا هەڵبژاردنێکی ساختەیان بۆکرد، لەم هەڵبژاردنەدا لیوای سلێمانی بەشداری نەکرد (بەبیانوی شۆڕشی شێخ مەحموود و نائارامی ناوچەکە)، لیوای کەرکووک دژی مەلیک فەیسەڵ دەنگیاندا، لیوای هەولێر و لیوای مووسڵ (ئەو کاتە دهۆک قەزایەکی سەر بە مووسڵ بوو) بەو مەرجە بریاریاندا دەنگ بدەنە مەلیک فەیسەڵ کە دەبێت تەواوی مافی سیاسی و مەدەنی و ڕۆشنبیریەکانی کورد (بە جیاوازی ئایین و مەزهەبەوە) دابین بکرێت و بپارێزرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجامی مەلیک فەیسەڵ بەهۆی هەڵبژاردنە ساختەکەوە دەرچوو کرا بە پاشای عێراق.

*گرنگترین پەیمانەکانی عێراق-بەریتانیا:

مەلیک فەیسەڵ شان بەشانی عێراقییەکان وەستا لەوەی کە دەبێ ڕژێمی سەرپەرشتیکردن (ئینداب-الانتداب) بگۆڕدرێت تاوەکوو ئەو دەسەڵاتەی وەریگرتووە شێوەیەکی سەربەخۆیی وەربگرێت، بۆیە باشترین رێگاچارە بۆ دیاریکردنی پەیوەندی نێوان عێراق و بەریتانیا بەستنی پەیمانێک بوو کە ماف و سنووری دەسەڵاتی هەردوو لا دەستنیشان بکات، لەبەر ئەوە مەلیک فەیسەڵ ئەو پێشنیارەی بەریتانیای پەسەند کرد، کە پەیمانێکی عێراقی-بەریتانی ببەسترێت بەو مەرجەی جێی ئینتداب بگرێتەوە، چونکە پەیمان بەستن ئەوە دەگەینێت کە لەسەر بەرژەوەندی هەردوولا مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن، نەک لەسەر بناغەی ئاغا و نۆکەر یان سەردەست و ژێر دەست، لەبەر ئەوە مەلیک و عیراقییەکان پڕۆژەی پەیمانی عێراقی-بەریتانی ساڵی ١٩٢٢ی.ز یان ڕەت کردەوە، بەریتانیا ویستی برگە و خاڵەکانی ئینتداب بەشێوەی پەیمان دابڕێژێت، هەروەک لە بەندەکانیدا هاتووە:

١- پەیمانەکە بۆ ماوەی (٢٠) ساڵ دانرا.

٢- عێراق دەبێت پرس و ڕاوێژ بە بەریتانیا لە کاروباری ئابووری (دارایی) و دەرەوە و سەربازیدا بکات.

ساڵی ١٩٣٠ی.ز پەیمانێکی تری عێراقی-بەریتانی بەسترا بۆ گۆڕین و دەستکاریکردنی پەیمانی ١٩٢٢ی.ز کە لە گرنگترین بەندەکانی پەیمانەکە داهاتووە:

١- بەریتانیا دان دەنێت بەسەربەخۆیی عێراق لە حاڵەتێکدا ئەگەر عێراق بووە ئەندام لە کۆمەڵەی نەتەوەکان.

٢- بەریتانیا بۆی هەیە لەکاتی جەنگدا خاکی عێراق بەکار بهێنێت.

٣- هەردوو بنکەی ئاسمانی (بەسرە و حەبانیە) لەژێر دەستی هێزی ئاسمانی پادشایەتی بەریتانیدا دەمێننەوە.

٤- لە کاروباری دەرەوەدا پرس و ڕاوێژ لە نێوان عێراق و بەریتانیادا دەکرێت.

٥- لە کاتی بە ئەندامبوونی عێراق لە کۆمەڵەی نەتەوەکان پەیمانەکە جێبەجێ دەکرێت و هەر بەردەوام دەبێت.

٦- ماوەی پەیمانەکەش ٢٥ساڵە.

ساڵی ١٩٣٢ی.ز لە کۆمەڵەی نەتەوەکاندا بوو بە ئەندام، ساڵی ١٩٣٣ی.ز مەلیک فەیسەڵ مرد و مەلیک غازی جێگای دەگرێتەوە تا ساڵی ١٩٣٩ی.ز لە حوکمدا مایەوە.

تعليقات