كۆنترین نەخشەی كوردستان لە سەردەمی عەباسییەكاندا.
نەخشەی شوێنی جوگرافی دەرکەوتنی بەشێک لە دەسەڵاتدار و میرنشینە کوردییەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا (سەردەمی خەلافەتی ئیسلامی عەباسی – ١٣٢ – ٦٥٦کۆچی):
– نەخشەی ژمارە ١ نەخشەی هەرێمی چیاکان (واتە: ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی دەشتی شارەزوور و بەرزاییەکانی باکووری شاری کرماشان تا ناوچەی ئازەربایجان).
– نەخشەی ژمارە ٢ نەخشەی هەرێمی ئەرمینیا و ئاران ( واتە: ئازەربایجانی ئێرانی ئێستا، کە مەڵبەندەکەی تەبرێز-تەورێز و هەروەها وڵاتی ئازەربایجانی ئەمڕۆش دەگرێتەوە، ئەوی تریشیان وڵاتی ئەرمینیای ئەمڕۆیە).
سەدەی ٤ی كۆچی و ١٠ی زاینی.
نەخشەی هەرێمی چیا (كوردستان) كە لەلایەن (ئیبن حەوقەل)ی نووسەر و مێژوونووس و جوگرافیناس و گەڕیدەی خەڵكی شاری (نەسیبەین)ی باكووری كوردستانەوە دروست كراوە لە سەردەمی خەلافەی عەباسییەكاندا لە دەوروبەری ساڵی ٣٥٠ی كۆچی.
نەخشەكە بەڵگەیەكی زۆر گرنگە لەسەر خاكی كوردستان و جیاكردنەوەی لە خاكی فارس و عەرەب و زۆر لەو ناوچانەی لەخۆ گرتووە كە ئێستا فارس و عەرەب بە خاكی خۆیانی دەزانن، سەرباری جیاكردنەوەی زۆر لە شارە گرنگەكانی كوردستان و لە جێگەی ناوی كوردستان وشەی (الاكراد) كوردەكانی بەكار هێناوە.
جێگەی ئاماژەیە ئیبن حەوقەل بە بەناوبانگترین جوگرافیناسی سەردەمی خۆی دادەنرێت و جگە لە نەخشەی كوردستان، نەخشەی جیهانیشی دروست كردووە، لە ساڵی (٣٦٧کۆچی/ ٩٧٧ی. ز) كۆچی دوایی كردووە.
سەرچاوەی نەخشە: لە کتێبی صورة الأرض ابن حوقل وەرگیراوە.
Comments
Post a Comment