میرنشینی بابان (١٦٥٠-١٨٥٠):-

میرنشینی بابان (١٦٥٠-١٨٥٠):-


ناوچەی سلێمانی لە پێشدا لە ژێر دەسەڵاتی میرنشینی ئەردەڵان بوو، مێژوونووسان کۆکن لەسەر ئەوەی کە (میر بۆداغ بەگ بەبە) کوڕی (ئەبداڵ بەگ)ی موکریان دامەزرێنەری ئەو میرنشینەیە و هەر بە ناوی ئەویشەوە ناونراوە (بابان) یاخود (بەبە)، بە واتای (باوک)وە بە هەموو خێزانەکانیشیان گوتراوە (بابان).

میر (بۆداغ بەگ بەبە)، ناوچەی (لاجان)ی لە خێڵانی زەرزا و ناوچەی (سیوەیل)ی لە میرنشینی سۆران و (سەلدۆز)ی لە قزڵباشەکان و (شارباژێر)ی لە میرنشینی ئەردەڵان، سەندووەتەوە و کەرکووکیشی خستووەتە سەر میرنشینەکەی.

لە دوای کۆچی دوایی میر بۆداغ برازاکەی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابانی بەڕێیەوە بردووە.

مێژووی ئەم میرنشینە (میرنشینی بابان) لە ساڵی (١٦٨٦ی.ز)ەوە زیاتر ڕوون و دیارە، بەتایبەتی لە سەردەمی (فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە)، کە نازناوی (بەبە)ی بۆخۆی هەڵبژاردووە و بە دامەزرێنەری دوا بنەماڵەی میرنشینەکە دادەنرێت و یەکێکە لە سەرۆک عەشیرەتەکانی ناوچەی (پشدەر و مەرگە).

ئەم میرنشینە چەند پایتەختێکی هەبووە، کە پێی بارودۆخی سیاسی بۆ هەر یەکێک لەم شوێنانە گواستوویەتییەوە لەوانە: (دارەشمانە، ماوەت، قەڵای بەکراوا، قەڵاچۆالان، سلێمانی کە لە ساڵی ١٧٨٤ی.ز دا دروست کراوە).

هەر لە سەرەتای فراوانبوونی ئەم میرنشینەوە هەردوو دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی و سەفەویی لێ ترساون و مەترسیان لێ نیشتووە بەرامبەری، زۆربەی کات ئەم میرنشینە سەربەست و سەربەخۆ ژیاوە و هیچ پەیوەندیەکی بە عوسمانی و سەفەوییەوە نەبووە، بەڵام ئەوەشدا هەندێک جار سەر بە یەکێک لەو دوو دەوڵەتە بووە.

لەم میرنشینەدا ژمارەیەکی زۆر میر، فەرمانڕەواییان کردووە کە هەندێکیان زۆر بە توانا و لێهتاوو بوون و توانیان لە ڕۆژئاواوەوە میرنشینەکە بگەیەننە ئەودیوی شاری کفری و سەنگاو و شوان و کەرکووک و لە ڕۆژهەڵاتیشیەوە تا ئەو دیوی ڕووباری سیروانی بەرن و لە باشووریشەوە هەموو ناوچەکانی بەدرە و جەسان بگرێتەوە، لە باکووریشەوە ناوچەی هەولێر و زێی بچووک داپۆشێت، هەر بۆیەشە مێژوونووسێکی وەک لۆنگریک میرنشینی بابان بە ئیمپڕاتۆریەتی بابان ناو دەبات.

میرنشینی بابان پتر لە دووسەد ساڵ مایەوە و فەرمانڕەواییان کردووە و دەورێکی گرنگ و ئاشکرای هەبووە لە ناوچەکەدا و هەندێک بەتایبەتی لە کاتی بەهێزبوونیدا، کە دەسەڵات و توانیان پەرەی دەسەند، شەڕیان لەگەڵ سەفەوییەکان و مەمالیکەکانی ژێر دەستی عوسمانییەکان دەکرد، هەندێک جاریش ئەو شەڕانە ئەوەندە گەرم دەبوون و تەشەنەیان دەکرد و مەسەلەی کوردیان دەبزواند و دەیان خستە بەر چاو و لە چوارچێوەی شەڕی ناوخۆیی ناوچەکەدا دەردەچوو، دەبووە کێشەی جیهانی.

شوێنی ستراتیژی ئەم میرنشینە کە لە نێوان دوو هێزی گەورەی وەک دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی بوو، هەمیشە بووەتە هۆی چاوتێبڕینی تەماحکاری و حیساب بۆ کردنی بەتایبەتی کە هەندێک لە پاشاکانی ئەم میرنشینەش خاوەنی ئامانج و هیوا و هەستی نەتەوایەتی خۆیان بوون و دایم چاویان لەوە بووە کە میرنشینەکە بکەنە بەردی بناغەی دامەزراندنی دام و دەزگایەکی گەورەی سەربەخۆ.

نموونەی ئەم هەوڵە سەربەخۆییەش، ئەو هەوڵ و تەقاڵایەی میری بەناوبانگی ئەم میرنشینە میر (سلێمان بەبەی گەورە)یە کە لەو ڕووەوە باشترین نموونەیە کە دەیوست بگاتە دام و دەزگایەکی کوردی سەربەخۆ.

ئەم میرە بەناوبانگەی میرنشینی بابان دەسەڵاتی بەرفراوانی بووە و دەسەڵاتەکەی گەیشتووەتە ڕادەیەکی وا کە دەوڵەتی عوسمانی مەترسی لێنیشتووە وە لێی ترساوە و بە تەنها نەیتوانیوە پەلاماری بدات، لەبەر ئەوە لەگەڵ سەفەوییەکاندا یەک لە دوای یەک هێرشیان کردووەتە سەر و پەلاماریان دواوە و تا ساڵی (١٦٩٩ی.ز)دا بەسەریاندا زاڵ بوون.

یەکێکی تر لە میرە بەناوبانگەکانی تری ئەم میرنشینە کوردییە (ئیبراهیم پاشای بابان)ە کە بە یەکێک لە میرە لێهاتووەکانی ئەم میرنشینە دادەنرێت.

ئیبراهیم پاشای بابان لە ساڵی (١٧٨٤ی.ز)دا نزیک دێی (مەڵکەندی) نزیک سەرای (مەحموود پاشای مامی) بناغەی شاری سلێمانی داناوە و هەر لەو ساڵەدا واتە (١٧٨٤ی.ز) دام و دەزگای ئیداری و فەرمانڕەوایی تیایدا دروست کراوە و هەموو دام و دەزگاکانی لە قەڵاچوالانەوە گواستووەتەوە ئەو شارە نوێیە واتە (سلێمانی).

هەر ئەم میرە توانیویەتی مزگەوت و گەرماو و بازاڕ و سەرا و چەند خانوویەک بۆ ئیش و کاری کاربەدەستان و لێپرسراوانی حکوومەتەکەی (میرنشی بابان) دروست بکات.

یەکێکی تر لەو میرە بەناوبانگانەی میرنشینی بابان میر (عەبدولرەحمان پاشای بابان)ە، ئەمیش نموونەیەکی تری ئاشکرای ئەوە کە ویستوویەتی میرنشینەکەی بەرەو سەربەخۆی بەرێت، یەکێک بووە لەو میرانەی کە ناوی بە زیرەکی و ژیری دەرکردووە و خواست و خەونی نەتەوایەتی ئاشکرای هەبووە و وەک گوتمان بە ئاواتی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوایەتی بوو، بەڵام ململانێی نێوان بنەماڵەکە هەلی جێبەجێکردنی بۆ نەڕەخساند.

هەوڵەکانی ئەم میرە لە ئاوەدانکردنەوە و خۆ ئامادەکردن بۆ سەربەخۆ بوون، وای لە دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر کردووە، کە مەترسی لێ پەیدا بکات و عوسمانییەکانی هێناوەتە لەرزە، لە سەردەمی ئەم میرەدا میرنشینی بابان لەو پەڕی دەسەڵات و بەهێزبوون و سەربەخۆیی تەواودا بوو، هەر لەبەر ئەوەش بوو کە کاربەدەستانی عوسمانی بە درێژایی بیست و سێ ساڵ لە فەرمانڕەوایی ئەم میرنشینە، وازیان لێ نەهێناوە و هەمیشە لە پیلانگێڕان و نەخشەدانان بوون بۆ لەناوبردن و بەگژداچوونی، هەرچی هەوڵیان دا هیچیان لەگەڵ ئەو میرەدا پێ نەکراوە، چ بە کڕینی ئەم و ئەو، یاخود سوپا ناردن و دەسیسە و سیخوڕیکردن بێت، هەمووی وەک بڵقی سەر ئاو دەتەقێ بەرامبەر زیرەکی و خۆڕاگری میر (عەبدولرەحمان پاشای بابان).

لە میرە بەناوبانگەکانی تری میرنشینی بابان (سلێمان پاشای بابان) کە دوای عەبدولرەحمان پاشای بابان فەرمانڕەوایی میرنشینی بابانی کردووە، ئەم میرە بە پێچەوانەی زۆربەی میرەکانی دیکەی پێش خۆی کە شەڕ و شۆڕی دژی عوسمانی و سەفەوی تیادا ڕووی نەداوە، هێمنی و ئاسایش باڵی کێشا بوو بەسەر میرنشینەکەی، ئەم شێوە فەرمانڕەواییە لە هێمنی و ئاسایش بووە هۆی پێشکەوتنی ڕواڵەتە شارستانێتییەکان لەو چەند ساڵی فەرمانڕەواییەیدا کە لە ساڵانی (١٨٣١-١٨٣٨ی.ز)دا بوو.

کە دەتوانین پێشکەوتنەکانی ڕەواڵەتە شارستانییەکان لە سەردەمی (سلێمان پاشا)دا بەم شێوەیە ڕیزبەند بکەین:

١- گەشەکردنی باری ئابووری.

٢- گەشەکردنی بواری فێرکردن و خوێندن لە حوجرەی مزگەوتەکاندا.

٣- دەرکەوتنی هونەری کوردی و گەشەسەندنی.

٤- دەرکەوتنی ڕێبازی ئایینی وەک ڕێبازی نەقشبەندی و قادری.

٥- دامەزراندنی ڕێبازی ئەدەبی کلاسیکی کوردی لەسەر دیالێکتی کرمانجی ناوەڕاست و ئەدەبی یەکگرتووی کوردی کە گەورەترین دەستکەوتی میرنشینی بابانە.

لە میرە بەناوبانگەکانی تری میرنشینی بابان کە دوا میری میرنشینی بابانە ئەویش میر (ئەحمەد پاشا)یە کە بە یەکێک لە میرە سەربەخۆەکانی ئەم میرنشینە دادەنرێت، دایم لە هەوڵی سەربەخۆیی میرنشینەکەیدا بووە.

ئەم میرە سوار چاک و لێهاتوو و زیرەک و ڕۆشنبیر بووە و ئاواتی سەربەخۆیی وڵاتەکەی لەسەردا بووە و هەوڵ و تێکۆشانیشی لە پێناودا کردووە.

ئەم میرە (ئەحمەد پاشا) پەیوەندی لەگەڵ سەفەوییەکان و عوسمانییەکاندا باش نەبووە، لەبەر ئەوە سەفەوییەکانیش بە بەردەوامی لە هەوڵ و پیلانگێڕاندا بووەنە دژی ئەم میرە.

وە هەروەها دەوڵەتی عوسمانیش بە هەمان شێوە دژایەتییان کردووە، چونکە عوسمانییەکان هەموو کوردستانیان بە موڵک و سنووری دەوڵەتی خۆیان زانیوە، لەبەر ئەوە عوسمانییەکان دەیانویست میرنشینی بابان ملکەچیان بێت و گوێڕایەڵی سوڵتانی عوسمانی بێت.

ئەم بۆچوونانەی عوسمانی و سەفەوی بەرامبەر ئەم میرە زۆر پێچەوانە بوو، چونکە ئەم میرە (ئەحمەد پاشای بابان) هیچ گوێڕایەڵێیەکی، بۆ عوسمانییەکان و سەفەوییەکان پیشان نەداوە، لەبەر ئەوە ئەو دوو دەوڵەتە داگیرکەرەش دژایەتیان دەکرد، تا وای لێهات عوسمانییەکان سوپایان هێنایە سەری.

ئەوەی ئەم میرەی زیاتر بە ئاراستەی سەربەخۆییەدا دەبرد، ئەو هەستە نەتەوایەتیە و ڕۆشنبیرییە پێشکەوتوانەی ئەورووپا بوو کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەری هەڵدا بوو، ئینجا لەبەر ئەوەی (ئەحمەد پاشای بابان) خۆشی ڕۆشبیر و هۆشیار بوو، سەرەڕای ئەوەی کە (ئەحمەد پاشا) بێ ئاگا نەبوو لەم بابەتانەدا، بەڵکوو بە پەرۆشەوە هەوڵی بۆ دەدا کە سەربەخۆ بێت.

لە سەردەمی (ئەحمەد پاشای بابان)دا شارستانی بابان زۆر گەشەی بەخۆیەوە دی، چونکە لە هەوڵدانی ڕۆشنبیرکردنی خەڵکەکەی دابوو، بەوەی کە ژمارەیەکی زۆر مزگەوتی دروستکرد و لەناو مزگەوتەکانیشدا حوجرەی بۆ خوێندن دروست کرد و بایەخێکی تایبەتی بەم حوجرانە دەدا.

وە لە ناو مزگەوتی گەورەدا کتێبخانەیەکی تایبەتی دروستکرد کە بە کتێبخانەی بابان ناسراوە، خۆی واتە میر (ئەحمەد پاشا) گەلێک ناوچە گەڕاوە بۆ پەیداکردنی کتێب، وەک چووە بۆ بەغداد و ئیستانبووڵ و خۆشی ئاشنا کردووە بە کتێبە ئەورووپییەکان و ژمارەیەکیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتەوە بۆ سلێمانی و لەو کتێبخانەیدا دای ناون.

ئەمە سەرەڕای گەشەکردنی باری ئابووری میرنشینەکەی کە لە گەشەکردنێکی بەرچاودا بووە.

بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵ و تێکۆشانەی میرانی میرنشینی بابان دەیاندا بۆ ئەوەی سەربەخۆ بن و بە سەربەست بژین و دووربن لە ئاژاوە و ئاژاوەگێڕی، کەچی دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی و کاربەدەستانیان لە پیلان گێڕان و ئاژاوە نانەوە و دووبەرەکی دروستکردن دژی ئەم میرنشینە دەستیان هەڵ نەدەگرت و بەردەوام بوون لە دژایەتی کردنی.

لەبەر ئەو هەموو هەوڵانەی دوژمنانی دەیاندا بۆ لاوازکردنی میرنشینی بابان، (ئەحمەد پاشا) کە دوا میری ئەم میرنشینە بوو هەستی پێ کردبوون.

لەبەر ئەوە هەوڵی سەربەخۆیی میرنشینەکەی دەدا، سوپایەکی تری دامەزراند لەسەر شێوەی تازە، کە ئەم سوپا نوێیە بە چەک و جبەخانە و تۆپ پڕ چەک کرابوون، تەنانەت جلو بەرگی تایبەتییان بۆ دابین کرا، لەسەر شێوەی نوێی ئەورووپی و بە هەمان شێوە ڕاهێنانێان پێ دەکرا، ئەمە بێجگە لەو ژمارەیەی کە یاساوڵی خۆی بوون کە نزیکەی (٢٥)هەزار سەرباز دەبوون و سەرەڕای سوپا کۆنەکەی میرنشینی بابان.

ئەم خۆ پڕ چەک کردن و زیادکردنی ژمارەیە لە سەرباز، بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە میرەکانی میرنشینی بابان، بەتایبەتی (ئەحمەد پاشا) هەستیان بە مەترسی هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی کردووە، بۆ هێرشکردنە سەری، سەرەڕای ئەوەی ئەو دوو دەوڵەتەش پڕ بە دڵ لەو هەنگاوانەی ئەم میرنشینە ترساون کە بەرەو پێش دەچوو، ئەم میرنشینە وای لێ هاتبوو لە ڕووی چەکدار و هێزەکانییەوە کە ئەو دوو دەوڵەتە نەیان دەتوانی بە تەنها هێرشی بکەنە سەر.

دەست تێوەردانی بەردەوامی دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی لە کاروباری ناوخۆی میرنشینەکەدا و هەروەها ناکۆکی ناوخۆی نێوان خودی ئەندامانی بنەماڵەی بابانیش هۆیەکی تری لاوازبوون و ڕووخانی میرنشینەکەیە، ئەوەتا (ئەحمەد پاشا)ی بابان ئاماژە بەوە دەکات و دان بەو ڕاستییە تاڵەدا دەنێت و بە گەڕیدەیەکی وەک (کلۆدۆس جێمس ریچ) دەڵێت: ((ئەنجامی دووبەرەکی میرەکانمان تێداچوونی خۆمانە، ئەگینا عوسمانی و سەفەوییەکان دەرەقەتمان نەهاتن گەر ئەم دووبەرەکییانەیان نەکردایەتە هەل و داردەست بە دەستیانەوە)).

هەروەها بەهۆی شەڕ و ئاژاوەی نێوان میرنشینەکانی دراوسێی بەتایبەتی میرنشینی سۆران و ئەردەڵان، کە ئەمەش کۆسپێک بوو لەبەردەم سەربەخۆ بوون و یەکگرتنی میرنشینەکان دژی هێزە بێگانەکانی عوسمانی و سەفەوی.

بێگۆمان شتێکی ئاشکرایە کە لەو کاتەدا ڕژێمی میرنشینەکانیش ڕژێمی چینایەتی دەرەبەگایەتی بووە، ئەمەش دۆخی ئابووری بەرەو وەستان و پەشێوان دەبرد، لەبەر ئەوە ئابووری میرنشینەکە وای لێ دەهات کە بەرەو لاوازی بڕوات، ئەمەش دۆخێکی وا دواکەوتوویی دەڕەخسان کە کاریگەری خراپی دروست کرد لەسەر باری کۆمەڵایەتی و ئابووری و بەرەو دواوەوی دەبرد، میرنشینەکان لە بارودۆخێکی دواکەوتوویی وادا دەژیان کە پڕ بوو لەشەڕ و هەرا و ناکۆکی بۆیە سەرمایە ڕووی تێ نەدەکردن تا ئابوورییەکەیان ببووژێتەوە.

بەڵام جگە لەم هۆکارانە بە ناوەند کردنی دەوڵەتی عوسمانی کە لە سەردەمی سوڵتان مەحموودی دوومەوە دەستی پێکرد، هۆیەکی تری سەرەکی ڕووخانی ئەم میرنشینەیە بە تایبەتی دوای ڕێکەوتننامەی ئەرزروومی دووەم (١٨٤٧ی.ز).

تعليقات