میرنشینی بادینان:

میرنشینی بادینان: 


ئەم میرنشینە کوردییە لە ساڵی (١٢٦٢ی.ز) لە شاری ئامێدی لە لایەن (شێخ بەهادین شێخ شەمسەدین) دامەزراوە و هەر بە ناوی خۆیەوە (بادینان) کە کورتکراوەی (بەهادین)ە ناونراوە و ناوبانگی دەرکردووە.

بنەماڵەی شێخ بەهادین لە پێشدا لە قەڵای (تارون) بوون و ئەم قەڵایەیان بە دەستەوە بووە کە سەر بە شەمزینانە.
کە واتە ئەم میرە (شێخ بەهادین) لە بنچەدا خەڵکی قەڵای (تارون)ی وڵاتی شەمزینانە و لەوێوە، بەرەو ئامێدی هاتوون.
شێخ بەهادین پیاوێکی زیرەک و دانا و ئازا و لێهاتوو بووە، زۆر حەز و ئارەزووی لە ئاوەدانکردنەوە و، ڕازاندنەوە و جوانکردنی میرنشینەکە بووە.
لەسەردەمی شێخ بەهادیندا لە ئامێدی گەلێک مزگەوت و شوێنی خوێندنی لێ درووست کراوە و مەلا و زانای بەناوبانگی بەسەرەوە داناون کە ئامۆژگاری و ڕابەری زۆریان بۆ خەڵک کردووە لەم سەردەمەدا، واتە لە کاتی فەرمانڕەوایی شێخ بەهادیندا، شارەکە زۆر لە خۆشی و ئاسایش و هێمنی دابووە و بەردەوام بە ڕاپرسی کاری فەرمانڕەوایی بەجێ هێناوە.
لە سەردەمی میرنشینی بادیناندا (زاخۆ)ش کە لەوەو پێش سەربەخۆ بووە، خراوەتە سەر ئامێدی و لە لایەن میری میرنشینی بادینانەوە فەمانڕەوایی کراوە و بووە بە بەشێک لە میرنشینی بادینان.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە جوولەکە و ئەرمەن و ئاشووری و یەزیدی لە پەنایاندا ژیاون بەشێوەیەکی ئاشتی.
لە مێژووی ئەم میرنشینەدا، بەتایبەتی لە دوای ئەم میرە گەورە و بەناوبانگەدا (شێخ بەهادین) گەلێک میری دیکە یەک لە دوای یەک هاتوون و فەرمانڕوایی میرنشینەکەیان کردووە کە ژمارەیان لە (٢٥) میر تێپەڕ دەکات، کە لە ناو ئەوانەدا هەندێک میری بە توانا هەبوون کە توانیویانە وڵاتەکەیان بپارێزن و ئاوەدانکردنەوەشی تیایدا بەردەوام بکەن و لە ناوچەکەیاندا جێ دەستیان دیار بێت.
لە میرە بەناوبانگەکانی ئەم میرنشینە کوردییە میر (زەینەدین-زەین الدین)ە کە لە سەردەمیدا ئامێدی واتە (میرنشینی بادینان) بە سەربەزی و شانازیکردن بە خۆیان کامەرانی و خوشگوزەرانی ژیاوە.
لە دوای ئەمیش میر (سەیفەدین-سیف الدین) کوڕی (زەینەدین-زەین الدین) کە لە دوای باوکی فەرمانڕەوا بووە و هەرچی ناخۆشی و ژان و ئازار هەبووە، بەهۆی سۆز و بەزیی و دلۆڤانی خۆیەوە لەبیر هەژارانی میرنشینەکەی بردووەتەوە.
یەکێکی تر لە میرە بەناوبانگەکانی ئەم میرنشینە (میرنشینی بادینان) میر (حەسن کوڕی سەیفەدین-سیف الدین) بووە کە سەرەڕای ئەوەی لە سەردەمی فەرمانڕەواییدا میرنشینەکە لەو پەری ئاشتی و هێمنی و ئاسایشدا ژیاوە و خەڵکەکەی خوشگوزرەان بوون، ئەم میرە توانیوەتی لەشکری (ئاق قوینلۆ) کە بە سەرکردایەتی (سلێمان بەگ بێژەن ئۆغلو) بوو هێرشی کردووەتە سەر میرنشینەکەی و ویستوویەتی قەڵای ئامێدی داگیر بکات، بەڵام نەیتوانی ئەم قەڵایە داگیر بکات و ئەو لەشکرە داگیرکەرەی شکاندووە و ناچاری کردووە کە بگەڕێتەوە.
ئەم میرە توانی دەست بگرێت بەسەر قەڵای دهۆک دا و تەواوی پارێزگای ئێستای دهۆکیش بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە.
هەروەها لە میرە بەناوبانگەکانی تری میرنشینی بادینان میر (مرادخان)ە کە پیاوێکی زۆر ئازا و بەجەرگ و خۆڕاگر بووە، لەگەڵ ئەوەی حەزی بە شەڕ و ناکۆکی و دووبەرەکی نەکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆر لە سوپا و سەربازی هەبووە، سەرەڕای ئەوەی میرشینەکەی بە ئاشتی و ئاسایش و هێمنی ژیاوە، بەڵام ژمارەی سەربازەکانی بیست هەزار سەربازی پڕ چەک و جبەخانەی هەبووە و کە هەموو کاتێک ئامادەبوون بۆ هەر هێرشێکی بێگانە کە بکرێتە سەریان و میرشینەکەیان بپارێزن.
ئەم میرە (مرادخان) لە هەموو کردارێکیدا سەربەخۆ و سەربەست بووە، پەیوەندی بە ئیستانبووڵەوە نەبووە، تەنها ئەوندە نەبێت لە مزگەوتەکاندا ناوی سوڵتان هاتووە.
خێزانەکەی خۆشکی میری سۆران بووە، بۆیە لە کاتی فەرمانڕەوایی ئەو میرەدا، پەیوەندییەکی زۆر باش و بەهێز لە نێوان (میرنشینی بادینان و سۆران)دا هەبووە.
ئەم میرە زۆر حەزی لە دۆستایەتی کردووە لە گەڵ میرنشینە کوردییەکاندا، زۆر بە حزمەت بووە بۆ میرنشینەکەی خۆی، هەوڵی زۆری داوە لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی بینای گەورە و قوتابخانە بۆ گەشەدان بە خوێندەواری لە ناو میرنشینەکەیدا.
لەو بینا گەورانەی کە لە کاتی فەرمانڕوواییەکەیدا دروستی کردووە، بینای قوتابخانەی (مرادخان)ە لە ئامێدی کە هەتا ئێستا شوێنەواری لە نزیک دەرگای ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە ماوەتەوە.

تعليقات