خەوننامەی کوردی، بەشی بە؛ بەیت ئەلمەعموور (البيت المعمور):

خەوننامەی کوردی، بەشی بە؛ بەیت ئەلمەعموور (البيت المعمور):


بەیت ئەلمەعموور ماڵێکە لە ئاسمانی چوارەم، لە بەرامبەر کەعبە، کە شوێنی حەجکردنی فریشتەکانە.

ئیبن سیرین دەڵێ: ئەگەر کەسێک چووە نێو ( بەیت ئەلمەعموور) ، ئەوا لە نێوان خەڵکیدا بە کەسێکی دەست پاک و زانستپەروەر دەناسرێت و دەردەکەوێت و حەجیش دەکات و لە شەڕ و بەڵای دوژمنان پارێزراو دەبێت.

ئەگەر بەیت ئەلمەعمووری لەسەر زەوی دیت، ئەوا لەگەڵ فەرمانڕەوایەکی زانای دادپەروەردا یەک دەگرن و دەبنە هاودەست.

ئەگەر لە بەیت ئەلمەعمووردا خانووی دروست کرد یان خەوت، واتە کاتی مردنی نزیک بووەتەوە.

ئەگەر لە داوێنی بەیت ئەلمەعموورەکەدا تەوافی دەکرد و بە دەوریدا دەسووڕایەوە، واتە لە دونیا دەردەچێت و نامێنێت.

ئەگەر بەیت ئەلمەعمووری وەکوو مزگەوتێک هاتە بەرچاو و نوێژی تێدا دەکرد، واتە هەموو خواست و ئاواتەکانی دێتە دی.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی نێوان زەوی و بەیت ئەلمەعموور واڵا و کراوە بوو، واتە خەڵک لەو ساڵە حەج و عەمرەی زۆر ئەنجام دەدەن.

ئەگەر بەیت ئەلمەعموور ڕازێنرابوویەوە و فریشتەکان بە دەوریدا دەسووڕانەوە و تەوافیان دەکرد، واتە زانا و یارانی ئایین و ئایینپەروەران ڕێکوپێک و بە نیزام دەبن و پێکەوە پێگە و پلەوپایە بە دەست دێنن.

تعليقات