مێژووی سەرهەڵدانی میرنشینی سۆران:

مێژووی سەرهەڵدانی میرنشینی سۆران:


ئەم میرنشینە لە سەرەتاکانی سەدەی پازدەیەمی زاینییەوە لە لایەن میر (عیسا کوڕی کەلوس بەگ) لە ناوچەی ڕەواندز دامەزراوە.

لەم میرنشینەدا نزیکەی (٢٤) میر فەرمانڕەوایان کردووە، کە لەوانە یەکێکیان ئافرەت بووە، بەناوی (خانزاد).

ئەم میرنشینە بەهۆی بارودۆخی جیاوازی جیاجیا و سەربازییەوە، چەند پایتەختێکی لە کاتی جیاجیادا هەبووە، وەک: (هاودیان، دوین، هەولێر، شەقڵاوە، هەریر، خەلیفان)، پاشان بۆ دوواجار شاری ڕەواندز دووا پایتەختی ئەم میرنشینە بووە.

لە میرە هەرە بەناوبانگەکانی ئەم میرنشینە میر (محەممەد کوڕی مستەفا بەگ) بوو کە لە بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورددا دەورێکی گرنگ و کاریگەری هەبووە، میر محەممەد بە میری گەورەی ڕەواندز، یاخود بە پاشای گەورە، یاخود “کۆرە” ناسراوە، کە لە ساڵی (١٨٢٦ی.ز) دا بووە بە میری میرنشینی سۆران و پایتەختەکەی ڕەواندز بووە، کە تا سەردەمی میر محەممەد، پاشای وا بەهێزی بەخۆیەوە نەدیوە.

ئەم میرە، هەر زوو خولیایەتی سەربەخۆیی میرنشینەکەی کەوتووەتە مێشکەوە، ویستوویەتی لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دەری بکات و سەربەخۆ ببێت.

هەر لەگەڵ دەست بەکاربوونی لە فەرمانڕەواییدا ناوچە کوردنشینەکانی محەممەد بریتی بوون لە، دامەزراندنی چەند لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتی کاروباری ئیداری میرنشینەکە، وەکوو دامەرزاندنی ئەنجوومەنی سەروەری، کە پاشای گەورە خۆی سەرۆکی بوو، هەروەها لیژنەی سەربازی کە (ئەحمەد بەگ)ی برای سەرۆکایەتی دەکرد و پێکهێنانی لیژنەی زانایان بۆ دانانی یاسا مەدەنییەکان و ئاینییەکان و سەرپەرشتیکردنی حوکمەکانی شەریعەت و لیژنەی بنیادنان و دروستکردن بۆ سەرپەرشتی دروستکردنی قەڵا و شوورە و سەنگەر و پرد و لیژنەی بارزگانی دامەزراند، بۆ سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەچوونی کاروباری بازرگانی و بازاڕ.

هەروەها یەکێکی تر لە ئیشە گرنگەکانی کە لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ چووە و دەیسەلمێنێت کە ئەم میرە چەند بە تەنگ سەربەخۆیی و سەربەستی میرنشینەکەیەوە بووە، بریتی بووە لە لێدانی (سکە) واتە پارەی تایبەت بە میرنشینەکەی دەرکردووە و کە لە یەکێک لە ڕووەکانی پارەکە مۆری میری سەرکەوتوو (محەممەد بەگ)ی لێ دراوە و لە دیوەکەی تری نووسراوە ( لە ڕەواندز لێ دراوە)، کە ئەمەش وەکوو گوتمان بەڵگەیەکی ڕوونە و دەیسەلمێنێ کە میرنشینەکەی پاشای گەورەی ڕەواندز میر محمەممەد سەربەخۆ بووە و میر بەمەشەوە نەوەستاوە و لایەنی سەربازیشی پشتگوێ نەخستووە، بەڵکوو توانیویەتی سوپایەکی بەهێز دابمەزرێنێ کە پیادە و سوارە و تۆپخانەی هەبووە، کارگەیەکیشی بۆ دروستکردنی تۆپ و دەمانچە و تفەنگ و خەنجەر و بارووت دامەزراندووە.

هەروەها سنوورێکی بۆ دزی و ڕاو و ڕووت و تاڵانکردن داناوە و سزای بۆ تاوانباران و ئەنجامدەرانی دیاری کردووە.

میری سۆران توانیویەتی پەیوەندی دروست بکات، لە نێوان خۆی و (ئیبراهیم پاشای کوڕی محەممەد عەلی) پاشای میسر، بۆ یەکخستنی هەوڵەکانیان دژی دەوڵەتی عوسمانی.

میری سۆران میر محەممەد بەهۆی بەهێزی سوپاکەی کە ژمارەی لە پەنجا هەزار زیاتر دەبوو، توانیویەتی جووڵانەوەیەکی سەربەخۆ خوازی لە ساڵی (١٨٢٦ی.ز)دا بە دەست بهێنێ و بڕیار لەسەر ڕزگاربوونی کوردستان بدات، ئەویش دووای یەکخستنی میرنشینەکانی دراوسێی وەک: شێروان و برادۆست، ئینجا دەستی بە جووڵانەوە ڕزگاریخوازییەکەی کرد.

هێزەکانی میر محەممەد پاشا واتە میری میرنشینی سۆران، ناوچەکانی شێروان و برادۆست، سوورچی، خۆشناوەتی، هەریر، هەولێر، پردێ، کۆیە و ڕانیەیان ڕزگار کرد و پاشان ناوچەی بادینان و شەنگال و دورووبەری موسڵ و جزیرەی خستە سەر میرنشینەکەی.

لەو کاتە دەوڵەتی عوسمانی بەرامبەر بەو پەلهاویشتن و کردەوانەی میری سۆران ، بێگۆمان نیگەران بوو، بۆیە سوپایەکی گەورەی ئامادە کرد بۆ بەربەرەکانێ کردنی میری سۆران بە سەرکردایەتی ڕەشید پاشا (سەدری ئەعزەمی) پێشووی عوسمانی، پاشان لە دوو لاوە پەلاماری میرنشینی سۆران درا، یەکێکیان لە موسڵەوە و ئەویتریشیان لە بەغداوە، سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەتی عوسمانی واتە سوڵتان، بە والی موسڵ و بەغدادی ڕاگەیاندبوو کە دەبێ ملکەچی ڕەشید پاشا بن و هەرچییەکی دەوێ بۆی دابین بکەن.

دووای چەند شەڕێکی خوێناوی هێزەکانی عوسمانی و میرنشینی سۆران، لەم کاتەشدا ئێرانییە-قاجاڕیە داگیرکەرەکانیش هێزەکانی خۆیان کۆ کردەوە بۆ گەمارۆدانی میرنشینی سۆران لە دیوەکەی دیکەدا.

هێزەکانی عوسمانی گەیشتنە دەشتی هەریر و نامەیان بۆ میری سۆران نارد، تا ڕازی بکەن بەرگری نەکات و گوایە لە پێناوی پاراستنی خوێنی موسڵماناندا خۆی بدات بە دەستەوە، بەڵام میر خۆی ئامادە کرد بۆ بەگریکردن لە میرنشینەکەی و پایتەختەکەی، پاشان شەڕ بەردەوام بوو، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، میر خۆی دا بەدەستەوە، بەم شێوەیە میر نێردرا بۆ (ئیستانبووڵ-ئەستەنبۆڵ-ئیستانبوڵ) و لە ساڵی ١٨٣٧ی.ز لە شاری سیواسی باکووری کوردستان لە سێدارە درا.

بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین لەسەر ئەو سەرکەوتنانەی کە پاشای گەورە لە سەرەتادا بە شێوەیەکی خێرا بەدەستی هێنا لە فراوانخوازی و بەهێزبوونی دەسەڵاتەکەیدا، دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک لەوانە:-

١- ناوچەی ڕەواندز شوێنێکی سەختە و ناوچەیەکی شاخاوی بەرزە و دوژمن بە ئاسانی نەیدەتوانی بەرەو پیری بچێت و داگیری بکات.

٢- ڕێگایەکی سەرەکی کاروانچی بەسەرەوە بوو، کە دایم بۆ میرنشینی سۆران ببووە مایەی خێر و خۆشی، چونکە لەسەرێکەوە دەسەڵاتی سیاسی تێدا بەرپا بووەوە و لە سەرێکی تریشەوە، بەهۆی باج و سەرانەوە سامانێکی زۆری دەست دەکەوت.

٣- لاوازی ئەو کاتەی دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی کە هۆیەکی سەرەکی بوو، کە میری سۆران بە تەواوی و بەبێ خەم، پەل بهاوێت و ئەو هەموو ناوچانە بخاتە سەر میرنشینەکەی، بەبێ ئەوەی هیچ حیسابێک بۆ دەوڵەتی عوسمانی بکات.

٤- لاوازی میرنشینی بابان لەو سەردەمەدا دەورێکی زۆری هەبوو، چونکە عوسمانییەکان حەزیان دەکرد هێزێکی تر هەبێت لە ناوچەکەدا شوێنی میرنشینی بابان پڕ بکاتەوە، بۆ ئەوەی وەک دیوارێک بوەستێ بەرامبەر بە (ئێرانییەکان-قاجاڕیییەکان).

٥- کەسێتی پاشای گەورە خۆیشی کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر میرنشینەکە، پەرەسەندن و پێشکەوتنی لەبەر توانا و لێهاتووی و ئەو ڕێزە زۆرەی کە لە ناوچەکەدا هەیبوو، توانی میرنشینەکە گەورەتر بکاتەوە.

٦- ئەو هێزە سوپایەی کە دروستی کردبوو لەوە نەدەچوو کە هی میرنشینێکی بچووک بێت، بەڵکوو زیاتر لە هی دەوڵەتێک دەچوو، ئەمە یەکەم جار بوو سوپای کورد ئەوەندە چەکی قورس و جبەخانەی هەبێت، هەر ژمارەی پاسەوانە تایبەتەکانی پاشای گەورە خۆی لە ۳۰سی هەزار کەس زیاتر دەبوو. لەگەڵ ئەم هەموو خاڵە باشانەی پاشا، کە میرنشینەکەیان بەو شێوەیە فراوان و پێش خست لە ماویەکی کەم و دیارکراوی وا کەمدا، کەچی لە بارودۆخێکی زۆر نائاساییدا و لە پڕ لە دووای ئەو هەموو سەرکەوتنانە کە میری سۆران بەدەستی هێنا، میرنشینەکە هەرەسی هێنا و زۆر بە خێرایی لەناوچوو و بووە هۆی خۆ بەدەستدانی میر و ڕووخاندنی میرنشینەکە.

ئەم هۆکارانەش کە بوونە هۆی لاوازی و لە دەستدانی میر و میرنشینەکە، دەتوانین بەم شێوەی خوارەوە دەست نیشانی بکەین:-

ئەلف- هۆکارە ناوخۆییەکان:-

١- ناکۆکی و دووبەرەکێی نێوان ئەندامانی بنەماڵەی میری سۆران خۆیان لە لایەک و ناکۆکی نێوان میرنشینی سۆران و میرنشینە کوردییەکانی تر لە لایەکی ترەوە.

٢- زەبر و زەنگ و توند و تیژی زۆری پاشای گەورە وایکرد، کە ناحەزی لە ناوخۆیدا زیاتر بێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە میری سۆران خستبوونییە سەر میرنشینەکەی وەک (شەنگال و ئامێدی).

٣- هەژاری و ڕەش و ڕووتی خەڵکی میرنشینی سۆران، بەهۆی هەڕەشە زۆرەکانی پاشای گەورە، سەرەڕای بەخێوکردنی سوپا گەورەکەشی کە لەسەر شانی خەڵکی میرنشینەکە بوو، کە ئەمەش باری سەر شانی خەڵکی میرنشینەکەی گرانتر کردبوو.

بە- هۆکارە دەرەکییەکان:-

١- دەوڵەتی عوسمانی کاتێک هەستی بە هەوڵ و پەلهاویشتنانەی میری سۆران کرد، کەوتە پیلاندانان بۆ لەناوبردنی میرنشینەکە.

٢- لەو کاتەدا میری سۆران هۆشیاری زۆری لە سیاسەت کردندا نەبوو، چونکە لە کاتێکدا کە هێزەکانی عوسمانی خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر میرنشینی سۆران ئامادە کردبوو، کەچی پاشای گەورە پەلاماری چەند ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی ئێرانییەکانیدا-قاجاڕییەکانیدا، بەمەش ئێرانییەکانی کردە دوژمنی خۆی.

٣- میری سۆران بە ئاسانی بڕوای بە بەڵێنەکانی ئینگلیز و عوسمانی کرد و خۆی دا بە دەستەوە.

٤- ئینگلیز ئەو کاتە، بەباشی نەدەزانی کە عوسمانییەکان لەوە زیاتر لاواز ببن، بۆیە وەک چۆن دژی دەسەڵاتەکەی محەممەد عەلی لە میسردا وەستا، ئاواش دژی میرنشینی سۆران وەستایەوە، سەرەڕای ئەوەی کە هانی عوسمانی و ئێرانییەکانی دەدا، کە تا بەیەکەوە پەلاماری میرنشینی سۆران بدەن.

٥- سەرەڕای ئەوەی ڕووسیای قەیسەریش بۆ لەناوبردنی ئەم میرنشینە گەورەیە لە هەوڵداندا بوون، بەوەی لە لایکەوە یارمەتی عوسمانی و ئینگلیزی دەدا و لە لایەکی تریشەوە یارمەتی ئێرانییەکانی دەدا.

بەم شێوەیە میرنشینی سۆران لاواز بوو، بەتایبەتی وەک باسمان کرد دووای خۆ بە دەستەوەدانی میری سۆران لە ساڵی (١٨٣٦ی.ز) و پاشان لە ساڵی (١٨٤٧ی.ز)دا بە یەکجاری کۆتایی بە دەسەڵاتی میرنشینی سۆران هات، بەتایبەتی دووای مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی ئەرزڕوومی دووەم کە لە ساڵی (١٨٤٧ی.ز) لە نێوان دوو بە ناو دەوڵەتی داگیرکەری عوسمانی و ئێرانیدا-قاجاڕیدا مۆر کرا.



















































تعليقات