ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ ڕاپەڕینەکەی مەلا سەلیمی بەدلیسی:-

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ ڕاپەڕینەکەی مەلا سەلیمی بەدلیسی:- 


شێخ سەلیم یەکێک بوو لە شێخە گەورەکانی ناوچەی (خیزان)ی سەر بە ویلایەتی (بەدلیس).

بەهۆی خەبات و تێکۆشانی لە پێناو گەلی کورددا لە لایەن سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمەوە دوور خرایەوە بۆ مەدینە.

لە مەدینەدا و لە وەرزی حەجکردندا، چاوی بە ژمارەیەکی زۆر لە شێخ و پیاوە ئاییەنییەکانی کوردی ناوچە جیاجیایەکانی کوردستان کەوت، هەر لەوێدا سوێندیان خوارد کە کار بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ بکەن.

مەلا سەلیم دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان، بیروباوەڕی خۆی گەیاندە ناوچە دوورەکانی قارس و ئەرزرۆم و ئەرزنجان، هەروەها لە ناوچەکانی وان و بەدلیس و دیاربەکریش.

بزووتنەوەکەی مەلا سەلیم تا دەهات لایەنگر و موریدی زۆرتر دەبوو، بەتایبەتی پاش ئەوەی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی (یەکگرتن و بەرەوپێشچوون) سیاسەتی بەتورک کردنیان گرتەبەر و کەوتنە هەوڵدان بۆ تواندنەوە و سڕینەوەی گەلانی ناتورک.

کاتێک ئیتیحادییەکان (یەکگرتووەکان) بەمەیان زانی ساڵی (۱۹۱۰ی.ز) هێزێکیان ڕەوانەی سەر شێخ سەلیم کرد و لەڕێگای نێوان (وان-بەدلیس) دەستبەسەریان کرد.

بەڵام پاش شەڕێکی تۆند بە یارمەتی شێخ شەهابەدین توانرا شێخ سەلیم ئازاد بکرێت، لەم شەڕەدا کوردەکان چەک و تەقەمەنییەکی زۆریان دەستکەوت و نزیکەی (۳۲۰)سەربازی تورکیش بەدیل گیران، (٥۰)جەنگاوەری کوردیش لە شەڕەکەدا شەهید بوون.

ساڵی ۱۹۱۳ی.ز تەواو نەببوو، کە تەواوی ویلایەتی بەدلیس کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی شێخ سەلیمەوە، تەنها شاری بەدلیس نەبێت، کە بەدەست توڕکەکانەوە مابوو، بەڵام دوای شەڕێکی پێنج کاتژمێری شێخ سەلیم و هاودلیەکانی توانیان بچنە نێو شاری بەدلیس و ژمارەیەکی زۆریش سەربازی تورکیان کوشت، بەڵام کە ڕۆژ بووەوە هێزەکانی تورک لە چەندین قۆڵەوە هێرشیان کردە سەر بەدلیس و شێخ سەلیم لەگەڵ “دە” کەس لە هاوڕێیەکانی کە مابوونەوە پەنایان بردە بەر باڵیۆزخانی ڕووس لە بەدلیس و لەوێدا مانەوە.

بەڵام کە جەنگی یەکەمی جیهانی دەستی پێکرد، تورکە داگیرکەرەکان پەلاماری باڵیۆزخانەی ڕووسیایان دا و شێخ سەلیم و هاوڕێیەکانیان دەستبەسەرکرد و لە بەردەم بالیۆزخانەدا لە سێدارەیان دان.

تعليقات