خەوننامەی کوردی، بەشی پە؛ پارە-درهەم:

خەوننامەی کوردی، بەشی پە؛ پارە-درهەم:



ئیبن سیرین دەڵێ: سرووشتی مرۆڤەکان جیاوازە و بینینی پارە و درهەم لە خەودا، بەدەستهێنانی پارە و درهەمە بە ڕاستەقینەیی و دەڵێن: هەرکەسێ لە خەودا پارە و درهەمێکی کەم ببینێت، قسە و هەواڵی خۆش دەبیستێت لە بێداری و ڕاستەقینەیی، یانیش وشەی یەکتاپەرستی (خودا) دەڵێتەوە، بەتایبەت ئەگەر پارە و درهەمەکە سپی بوو.

ئەگەر پارەکە ڕەش بوو و یەکێ لە ڕووەکانی وێنەی دەموچای مرۆڤی لەسەر بوو، نیشانەی شەڕ و ناکۆکییە و پارەی ساغ نیشانەی شتێکی ڕاست و دروستە و پارەی شکاو، نیشانەی قسەی درۆیە.

ئەگەر بینی کەسێک لە توورەکەیەکدا یان هەنبانەیەکدا پارەی پێدا، واتە ئەو کەسە قسەی لەگەڵ دەکات و ڕاوبۆچوونەکانی وەردەگرێت و ئەوەیش کە خەوەکەی بینیوە، سڕییات و نهێنییەکانی لە دڵی خۆیدا دەهێڵێتەوە.
هەندێک لە لێکدەرەوانی خەو دەڵێن:

ئەگەر کەسێک بینی پارە و درهەمی بچووکی دۆزییەوە، نیشانەی منداڵ و زارۆکە.

ئەگەر بینی پارە و درهەمەکەی لێ بزر بوو، یان کەسێک لێی دزی، واتە بەهۆی منداڵەکەیەوە ڕەنج و ئازار دەچێژێت.

ئەگەر دیتی پارە و درهەمی بچووکی بزر کرد و نەیدیتەوە، واتە خەم و ئازار لە دڵێ نامێنێت.

ئەگەر بینی پارە و درهەمی دیتەوە، یان کەسێک پێیدا، واتە لەگەڵ کەسێک دەکەوێتە گفتوگۆ و دەبێتە هاوڕێ.

ئەگەر بینی پارە و درهەمەکەی وێنەی (کێشان-تەرازوو)ی لە سەر بوو، ئەوا بەقەدەر ئەوە، نەیاری بۆ پەیدا دەبێت.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی پارە و درهەمی بەدەستەوە بوو، ئەوا گوێی لە قسەی باش دەبێت و پارە و درهەمی شکاو، قسەی پەرت و بڵاوە و پارە و درهەم زیاتر نیشانەی ماڵ و سامانە.

ئەگەر بینی پارە و درهەمی زۆری لە نێو خزم و کەسەکانیدا دابەش کرد، واتە دادوەری و هاوبەشی زۆر دەکەوێتە نێوانیان.

ئەگەر بینی پارە و درهەمەکە شکا بوو، واتە لە نێوانیاندا قسەی لاوەکی و بچووک دەکرێت.

ئەگەر بینی لەناو خانووەکەیدا پارە و درهەمی لەناو خەروار دانابوو، یان لە ناو خەروار دەری دەهێنا، واتە بەو ئەندازەیە سەروەت و سامانی دەست دەکەوێت.

ئەگەر بینی پارە و درهەمی زۆری هەیە و کۆی کردەوە، واتە وا لە خەڵکی دەکات لە ڕێگای ڕاستی لابدەن.

ئەگەر پارە و درهەمێکی سپی لە نێو دەستی خۆی دیت، ئەوا منداڵێکی دەبێت.

ئەگەر بینی پارە و درهەمەکەی ناو دەستی لەناو چوو و بزر بوو، واتە منداڵەکەی دەمرێت.

ئەگەر دیتی کیسەی پارە و درهەم و دیناری دۆزیەوە، واتە سەروەت و سامان و ڕزق و ڕۆزی حەڵاڵی دەست دەکەوێت.

جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر کەسێک لە خەودا پارە و درهەمی سپی بینی، ئەوا بەڕاستی پارە و درهەمی ڕەشی دەست دەکەوێت.

ئەگەر پارە و درهەمی ڕەشی دۆزیەوە، ئەوا بەڕاستی پارە و درهەمی سپی دەست دەکەوێت و زۆر کەس بە بێداری هەمان شتیان دەست دەکەوێت کە لە خەودا بینیوانە.

ئەگەر بینی پارە و درهەمی زۆری هەبوون، ئەوا ئەگەر بازرگان بوو، مایەپووچ دەبێت و ئەگەر جووتیار بێ هیچ قازانجی دەست ناکەوێت و ئەگەر پاشا بوو، پلەکەی دێتە خوارەوە و بەهۆی تووڕەیی و ناکۆکییەوە تووشی هەژاری و بێنەوای دەبێت.

هەرەوەها بە فارسی بە پارە و درهەم دەڵێن فلس، فلسیش لە ئەفلاسەوە وەرگیراوە و واتای موفلیس بوون یان مایەپووچی دەگەینێت.

ئیسماعیلی کوڕی ئەشعەس دەڵێ: پارە و درهەمی باش لە خەودا، خۆشی دین و دونیای ئەو کەسەیە و پارە و درهەمی خراپ و کەم بەها لە خەودا، لێکدانەوەکەی بە پێچەوانەوەیە و پارە و درهەمی تەواو، قسەی دروستە لەگەڵ حکوومەتدا.

هەروەها پارە و درهەمی شکاو ناکۆکی و پێویست بوونە بە دادوەری و پارە و درهەمی زیو، سەروەت و سامانە و پارە و درهەمی ڕەش لە لێکدانەوەدا باشترە لە پارە و درهەمی سپی، هەروەها پارە و درهەمی زۆر لەناو خەزێنەدا، نیشانەی زۆری و فرەیی قسەیە.

ئەگەر بینی پاشایەک پارە و درهەمی پێبەخشی، واتە لەو پاشایەوە خەم و مەینەتی تووش دەبێت، بەتایبەت ئەگەر پارە و درهەمەکە ناتەواو بوو.
ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی پارە و درهەمی ساغ و نەشکاو لە خەودا، دوازدە واتای هەیە.

یەکەم: قسەی ڕاست. دووەم: بەجێهێنانی کارەکانی لە ئەستۆیەتی. سێیەم: دەسەڵات. چوارەم: سامانی کۆکراوە. پێنجەم: دۆست. شەشەم: منداڵ. حەوتەم: هاوڕێ. هەشتەم: ڕزق و ڕۆزی زۆر. نۆیەم: ئارامی و ئاسایش. دەیەم: کەنیزەک. یازدەیەم: بەدەستهێنانی پلە و پایە. دۆازدەیەم: پێگەی لەناو خەڵک، بەتایبەت ئەگەر زانی بینەری خەوەکە خۆپارێزە.

هەر وەها پارە و درهەمی شکاو لە خەودا. چوار واتای هەیە:

یەکەم: قسەی ناشرین. دووەم: شەڕ و ناکۆکی. سێیەم: کۆت و زیندان. چوارەم: گفتوگۆ.

تعليقات