ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ ڕاپەڕینی بەردەرکی سەرا لە سلێمانی:

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ ڕاپەڕینی بەردەرکی سەرا لە سلێمانی:


 لە ٦ی ئەیلوولی ۱۹۳۰ی.ز لە بەردەرکی سەرای حکوومەت لە سلێمانی ڕاپەڕینێکی بەکۆمەڵ هەڵگیرسا کە تیایدا بۆ یەکەمجار بوو خوێندەواران و ڕۆشنبیران (مامۆستایان، فەرمانبەران، قوتابیان) شانبەشانی پیاوماقوڵان و کاسبکاران و بازرگان و جووتیاران و کرێکاران، پێشڕەوی سەرکردایەتی ڕاپەڕینەکە بگرنە دەست و بەشداری تێدا بکەن.

گرنگترین هۆکارەکانی ئەم ڕاپەڕینە بریتی بوون لە:

۱. پەیمانی عێراق-بەریتانی ساڵی ۱۹۳۰ی.ز هیچ بەندێکی لە بارەی کورد و مافەکانی گەلی کورد لە باشووری کوردستان تێدا نەبوو.

۲. ئەو کاتەی بەناو سیاستەمەداران و ڕۆشنبیرانی عەرەب لە عێراقی تازەدامەزراودا ڕێگایان پێدرابوو پارت و ڕێکخراو و کۆمەڵەی سیاسی دابمەزرێنن، بەڵام کورد لەم مافانە بێبەش کرابوو.

۳. نائۆمێدی کورد لەوەی کە مافەکانیان لە چوارچێوەی عێراقی داگیرکەردا، یان لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە دابین بکرێت.

٤. ئارەزووی کورد بۆ سەربەخۆی و بەڕێوەبردنی کوردستان لەلایەن کورد خۆیەوە، بۆ نموونە لەو گەشتەی کە وەفدێکی حکوومەتی عێراقی داگیرکەر بۆ شارەکانی (کەرکووک-هەولێر-سلێمانی) کردی و لەگەڵ پیاوماقوڵان و نوێنەرانی شارەکان کۆبوونەوە بۆیان دەرکەوت، کە خەڵکی کوردستان دەیانەۆێت سەربەخۆبن و لە عێراقی دەستکردی بەریتانیا جیا ببنەوە.

٥- لادانی “تۆفیق وەهبی” لە پۆستی (پارێزگاری-موتەسەریف)ی سلێمانی کە نیشتیمانپەروەر و کورد پەروەرێکی تێکۆشەر بوو.

ڕۆژی ٦ی ئەیلوول کە بڕیار بوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام بدرێت، خۆپیشاندەران لەبەردەم دەرکی سەرا کۆبوونەوە (فایەق بێکەس)ی هەڵبەستوان و نیشتمانپەروەر لە ریزی پێشەوەی ئەو کەسانە بوو کە قوتابیانی کۆ کردبووە و دواتریش چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تریش هاتنە ریزی خۆپیشاندەران و دەرگای دوکان و بازاڕەکان داخران و ژمارەی خۆپیشاندەران گەیشتە (٢تا٣) هەزار کەس.

حکوومەت بۆ سەرکوتکردنی راپەڕینەکە هێزێکی ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کرد، ئەم هێزە کەوتە گوللەبارانکردنی خەڵکەکە و ژمارەیەکیان لێکوشتن و ژمارەیەکیشان لێ بریندار کردن.

ئەمڕۆژە هەستی زۆر لە هەڵبەستوانانی کوردی ئەو سەردەمەی جوڵاند بەتایبەتی (پیرەمێرد-حەمدی-بێکەس-گۆران-ئەخۆل) کە چەندین هۆنراوەیان بۆ هۆنیوەتەوە و بە (ڕۆژە ڕەشەکە) ناویان بردووە.

ئەم ڕاپەڕینە چەند نیشانەیەکی تایبەت بەخۆی هەبوو کە جیای دەکاتەوە لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی پێش خۆی لەوانە:

١. لەجیاتی شێخ و سەرۆک عەشیرەت و دەرەبەگە گەورەکان، ئەمجارەیان ڕۆشنبیران (مامۆستایان، فەرمانبەران، قوتابیان و پیاوماقوڵان و کاسبکاران و بازرگانەکان) سەرکردایەتی ڕاپەڕینەکەیان دەکرد.

٢. بەر لە شەڕ و بە یەکدادانی سەربازی، کاری سیاسی ئاشتیانە و شێوازی دیپلۆماسیانە تاقیکرایەوە، وەک (خۆپیشاندان، مانگرتن، نووسین و یاداشت و داواکردنی گفتوگۆ).

٣. لە نێو ئەو یاداشتانەی بۆ کۆمەڵەی گەلان بەرزکرانەوە، ژنانی کورد ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی بۆ داواکردنی مافەکانی کورد، یاداشتەکەی حەپسەخانی نەقیب نموونەی ئەو ڕاستیەیە.

٤. لە جیاتی ناوچە شاخاوییە سەختەکان، ئەمجارە ناوەندنی شارەکان (قوتابخانە و بازاڕ و دامودەزگا حکوومییەکان) کرانە مەڵبەندی چالاکی شۆڕشگێڕانە و ڕاپەڕین، تا ئەو کاتەی شێخ مەحموود لە گوندی پیران لەسەر سنووری ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان نیشتەجێ بوو، دوای ڕاپەڕینەکەی بەردەرکی سەرا، ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانیانی راپەڕینەکە چوونە لای شێخ و داوایان لێکرد تۆڵەیان بۆ بستێنێتەوە، هەروەها ژمارەیەکیش لە خەڵک لە نێویاندا ئەفسەران و ڕووناکبیرانیش هەبوو پشتگیری و ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ سەر لەنوێ دەست پێکردنەوەی شۆڕش.

شێخ مەحموود یەکسەر دەستی نەدایەوە چەک، سەرەتا چەند برووسکە و یاداشتێکی ئاراستەی کاربەدەستانی حکوومەتی عێراقی و مەندووبی سامی بەریتانی لە بەغدا و کۆمەڵەی گەلان کرد، لەو یاداشتانەدا شێخ کوشتارەکەی بەردەرکی سەرا و دەستگیرکردنی ڕۆشنبیران و پیاوماقوڵانی کورد و ڕەفتاری خراپی سەرانی حکوومەتی عیراقی تێدا ڕوون کردبووەوە.

هەروەها داویکردبوو کە پێویستە حکوومەت سەرجەم دەزگا مەدەنی و سیاسییە عەرەبییەکانی لە کوردستان هەر لە زاخۆەوە تا خانقین بێکشێنێتەوە و دامودەزگای کوردی لەو ناوچانەدا دابمەزرێنن جا لە ژێر سەرپەرشتی هەر دەوڵەتێکی گەورەی تر کە کۆمەڵەی گەلان دەستنیشانی بکات.

کە شێخ مەحموود وڵامی نەدرایەوە دەستی بەسەر بەشێکی زۆری ناوچەکانی سلێمانیدا گرت، ئینجا بۆ ئازادکرنی کەرکووک بەرەو گەرمیان پێشڕەویان کرد.

سەرەنجام لەساڵی ١٩٣١ی.ز لە ئاوباریک شەڕ لە نێوان هێزەکانی شێخ و لەشکری عێراقی داگیرکەری تازە دامەرزاودا ڕوویدا.

لەم شەڕەدا هێزی ئاسمانی بەریتانیای داگیرکەر و هێزەکانی پیادە و سوارەی حکوومەت و هێزەکانی _لیڤی) بەشداریانکرد.

دووای ئەوەی شێخ مەحموود شکستی خوارد جارێکیتر ڕوویکردەوە سەر سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام ئەمجارەیان حکوومەتی ڕەزا شای پەهلەوی گۆڕبەگۆڕ بەپێی ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٢٩ی.ز لەگەڵ حکوومەتی پاشایەتی عێراق ڕێککەوتبوو لەسەر لێدانی بزووتنەوەی نەتەویی کورد، بۆیە شێخ بەناچاری لە ١٣ی مایسی ١٩٣١ی.زدا خۆیدا بدەستەوە و بەدەست بەسەری نێردرا بۆ (سەماوە) لە باشووری عێراق، بەمەش جووڵانەوە سیاسییەکانی شێخ مەحموود کۆتاییان پێهات.

بۆردوومانی شاری سلێمانی لە سەردەمی شێخ مەحموود لەلایەن ھێزی ئاسمانی بەریتانیاوە ساڵی ١٩٢٤ 



تعليقات