خەوننامەی کوردی، بەشی پە؛ پارە-دینار:

خەوننامەی کوردی، بەشی پە؛ پارە-دینار:




دانیاڵ پێغەمبەر دەفەرمێ: پارەی دینار لە خەودا، ئەگەر ژمارەیان لە چوار دانە زیاتر بوو، واتە کارێکی ناخۆشی تووش دەبێت، یان قسەیەک دەبیستێت کە پێی ناخۆشە، ئەوەش بەقەدەر زۆری و کەمی پارە و دینارەکە دەبێت، ئەگەر دینارەکە باش بوو، ئەوا ئەوەی کە گوتمان کەمتر دەبێت.

ئیبن سیرین دەڵێ: ئەگەر بینی ژمارەی دینارەکە پێنج دانە بوو، واتە کارێکی باش و پەسەندکراو ئەنجام دەدات.

ئەگەر بینی دیناری پێبوو کە نە گەورە بوو و نە بچووک، واتە خانوویەکی بچووک و تازەی دەست دەکەوێت لەلایەن کەسێکی ناسراوی باشەوە کە ئەو دینارەی پێ دەدات.

ئەگەر بینی سەد دینار یان هەزار دیناری پێیە، واتە زانستێک هەڵدەبژێرێت کە حەزی لێدەکات، بەڵام دەبێ ژمارەی دینارەکەی جووت بن، نەک تاک.

ئەگەر بینی پارەیدا، یان لێی ون بوو، واتە بەقەدەر ئەو پارەیە کە داویەتی یان خەرجی کردووە، زانستەکەی لە بیر دەچێتەوە.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی یەک دیناری دۆزیەوە یان کەسێک پێیدا، واتە منداڵێکی دەبێت.

ئەگەر بینی دیناری لێ ون بوو، واتە لەلایەن منداڵەکەیەوە تووشی بەڵا و موسیبەت دەبێت.

ئەگەر دیتی دیناری زۆری هەیە، واتە ڕەنج و ئازاری پێدەگات.

لێکدەرەوانی خەو دەڵێن: بینینی دینار لە خەودا، نیشانەی دانەوەی ئامانەتە.
ئەگەر لە ناو لەپی دەستی خۆیدا پێنج هەزاری بینی، واتە دەبێ پینج نوێژ بە ئەنجام بگەیەنێت.

ئەگەر بینی لەو پێنج دینارە، دوو دیناریان ون بوون، واتە ئەو نوێژانەی کە ئەنجامی داون، بەپێی ژمارەی دینارەکان دەردەکەوێت.

ئەگەر دیتی دیناری زۆری دۆزیەوە و لە شوێنێکی قامیدا داینا، واتە ئامانەتی موسڵمانان هەڵدەگرێت، بەتایبەت نۆێژەکان.

ئەگەر دیتی سکەی دیناری لێدەدا، واتە لە نێو خەڵکدا کاری باشە ئەنجام دەدات و ئامانەتییەکانیان دەداتەوە.

ئەگەر بینی یەک دیناری دۆزیەوە، واتە قەواڵە و بەڵگەی لەسەر دەنووسن بۆ ئەو ئەمانەتییانەی کە پێیان داوە و زۆر جاریش ئەوانەی کە لە خەودا دینار دەدۆزنەوە، لە بێداری و بە ئاگایشدا هەر هەمان شت ڕوو دەدات.

ئیسماعیلی کوڕی ئەشعەس دەڵێ: بینینی دیناری باش لە خەودا، دین و ڕێگەی ڕاستە، بەتایبەت ئەگەر وێنەی لەسەر نەبێ، بەڵام ئەگەر دیناری خەڵیفەکانی بینی و دیناری خراپی بینی کە وێنەیان لەسەر کێشراوە، نیشانەی بێدینی و ڕێگەی ناڕاستە و کیسەی دیناریش نیشانەی ماڵ و سامانی زۆرە.

ئەگەر کەسێک دیتی دیناری پێبوو و لەسەر ڕووییەکیان وێنەی بت کێشرابوو و لەسەر ڕووەکەی تریان ناوی خودای پەروەردگاری لەسەر بوو، ئەوا ئەگەر موسڵمان بوو، لە ئیسلام هەڵدەگەڕێتەوە و ئەگەریش کافر و بێ بڕوا بوو، موسڵمان دەبێت.

ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی دینار ئەگەر بە ژمارە پێنج بوو، نیشانەی پێنج فەرزەی نوێژە.

ئەگەر ژمارەی پارەکان جووت بوون، دینی پاک و زانست بەخشە، ئەگەر بە ژمارە تاک بوون، لێکدانەوەکەی بە پێچەوانەوەیە.

ئەگەر بینی دیناری زۆریدا بە کەسێک یان لێی ون بوو، یان دزییان، ئەمانە هەموو نیشانەی خەم و مەینەتییە و ئەگەر لە یەک دینارەوە تا چوار دیناری لە خەڵک سەند، یان کەسێک پێیدا، نیشانەی ڕێز و گەورەیی و پێگەیە کە لەلایەن ژنانەوە پێی دەگات.

لێکدەرەوانی خەو دەڵێن: دینار لە خەودا، ژن و کەنیزەک و منداڵەکانییەتی و دیناری زۆر، سەروەت و سامانە کە بە ڕەنج و زەحمەت بەدەستی دەهێنێت.

تعليقات