ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ شۆڕشی سمکۆی شکاک:

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ شۆڕشی سمکۆی شکاک:


 ئیسماعیل ئاغا (سمکۆی شکاک) لە دوای مردنی باوکی بوو بە سەرۆک عەشیرەتی شکاک.

یەکێکە لە ناسراوترین ئەو سەرکردە کوردانەی کە پێش جەنگی یەکەمی جیهانی دژی دەسەڵاتی قاجاری لە ئێران جەنگاوە و لە ساڵانی دوای جەنگیش لە خەباتێکی بێوچاندا بووە بۆ بەدیهێنانی مافەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی/خۆرهەڵاتی کوردستان دەسەڵاتی سمکۆ لە ناوچەکانی خۆرئاوای دەریاچەی ورمێ/ئورمیە (مەڵبەندی سەرەکی عەشیرەتی شکاک) فراوان بوو، هەروەها شێخ عەبدولسەلام بارزانیش کە لە دەست عوسمانییەکان ڕایکردبوو، ماوەیەک لە نیو ئەم عەشیرەتە مایەوە و دواتریش لەگەڵ سمکۆدا چوون بۆ دیدەنی جێگری باڵیۆزی ڕووسیا لە قەفقاس تا داوای پشتیوانی و یارمەتی بزووتنەوەی کوردیان لێبکەن.

جگە لەمانە سمکۆ کچێکی (شێخ محەممەد سدیق)ی هێنابوو، شێخ محەممەد سدیق کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و باوکی (سەید تەها)بوو، کە یەکێک لە سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕەکانی ئەو سەردەمە بوو، ئەم خزمایەتییە هاوکاری نێوان بنەماڵەی شەمزینان بەتایبەت سەید تەها و سمکۆی پتەوتر دەکرد.

لە ساڵانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، ناوچەی دەسەڵاتی سمکۆ کەوتە بەر شاڵاوی عوسمانییەکان، بەڵام کاتێک ڕووسەکان عوسمانییەکانیان تێکشکان ژمارەیەکی زۆری سەربازە کوردەکانی ناو سوپای عوسمانی بەخۆیان و چەکەکانیانەوە پەیوەندییان بە سمکۆەوە کرد و هاتنە ڕیزی لەشکرەکەیەوە بەهڵگیرسانی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی (١٩١٧ی.ز) و پاشەکشەی هێزەکانی ڕووس لە ناوچەکە، بەدەست بەسەرداگرتنی بەسەر ناوچەی تردا دەسەڵاتی سمکۆ فراوانتر بوو.

دوای کۆتایی هاتنی جەنگیش جێنشینی والی ئازەربایجان لە تەورێز/تەبرێز پیلانێکی بۆ کوشتنی سمکۆ داڕشت، هەرچەندە سمکۆ لە پیلانەکە ڕزگاری بوو، بەڵام برایەکی و چەند کەسێکی تری لە ناوچوون.

ئەم کارە زیاتر سمکۆی ڕق ئەستوور کرد لە بەرامبەر عەجەمەکان، چونکە ساڵێک پێش شۆڕش دەستووری ئێران (نیزام سەڵتەنە)ی والی ئازەربایجان لە تەورێز/تەبرێز بەناوی داوەتە (جەعفەر ئاغا)ی برای گەورەی سمکۆ و دوو هاوڕێی کوشت دوای ئەوەی سمکۆ بۆی دەرکەوت قاجارییەکان دەست لە پیلان گێڕان و دوژمنایەتی هەڵناگرن، کەوتە هاندنانی کورد بۆ ڕاپەڕین و شۆرش لە پێناوی ئازادی و سەربەخۆیی.

سمکۆ شارەکانی (خانە، شنۆ، نەغەدە، بوکان، مەهاباد، میاندواو، سەردەشت)ی ڕزگار کرد، هەروەها جگە لە ڕزگارکردنی شارەکانی (خوی، سەلماس، ماکو) گەمارۆی شاری (ورمێ/ئورمیە)شیدا، دوای گەماورۆیەکی (٢٥) ڕۆژی هێزەکانی کورد بەشێکی شارەکەیان ئازاد کرد، بەڵام ئینگلیزەکان و ئەمریکییەکان بەهانای حاکمی شارەکەوە هاتن و نەیانهێشت تەواوی شارەکە بکەوێتە دەست سمکۆ.

لەم ماوەیەدا سمکۆ هەوڵید پشتگیری دەوڵەتە گەورەکان بۆ خۆی مسۆگەر بکات، سەید تەهای نارد بۆ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بەریتانیا، سمکۆ خۆیشی نامەیەکی بۆ (ویلسن) حاکمی سیاسی بەریتانیای لە عێراق نارد، بەڵام ئەم هەوڵانە سەریان نەگرت، بۆیە ئەمجارە پەیوەندی بە کەمالییەکانەوە کرد کە تازە خەریکی چالاکییەکانیان بوون لە کوردستان.

لەم کاتانەدا ڕەزا شای پەهلەوی هاتە سەر حوکم و کۆتایی بە دەسەڵاتی قاجارییەکان هێنا، ڕەزا شا بە پشتیوانی وڵاتانی گەورەی دونیا توانی لە ماوەیەکی کورتدا دەسەڵات بە سەرتاسەری ئێراندا بسەپێنێتەوە، جگە لە چەند ناوەچەیەکی کوردستان کە یەکێک لەوانە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سمکۆی شکاک بوو.

ڕەزا شا هێزێکی گەوەری لە (تەورێز/تەبرێز)ەوە ناردە سەر سمکۆ، بەڵام بە هاوکاری هۆزەکانی کورد سمکۆ توانی زەبرێکی کوشندەیان لێبدات، بەمەش ناوچەی دەسەڵاتی سمکۆ بۆ دەورووبەری (سنە) فراوانبوو، سمکۆ توانی بۆ ماوەی چوارساڵ لەبەرامبەر هێرش و پەلامارەکانی ڕەزا شادا خۆی ڕابگرێت و لە زۆربەی شەڕەکانیشدا سەرکەوتوو بوو.

بۆ ئازاد کردنی شاری (سنە) سمکۆ پەیوەندی بە (مەحموود خانی کانی سان) و (مەحموود خانی دزڵی) و (سەردار ڕەشید)ەوە کرد، هەموو لایەک بۆ ئەم مەبەستە هاو هەڵوێست بوون، بەڵام پەلاماری لە ناکاوی هێزەکانی ئێرانی داگیرکەر بۆ سەر ناوچەکانی عەشیرەتی شکاک، ڕێگای ڕزگار کردنی سنە و ناوچەکانی باشووری لە سمکۆ گرت، ئەمە وێڕای ئەوەی عەشیرەتەکانی (لوڕستان)یش ئامادەییان نیشاندابوو بۆ هاتنە ڕیزی بزووتنەوەکەی سمکۆ و کوردەکانی بندەستی عێراق تورکیاش واتە(باشوورو باکووری)کوردستانیش پەیوەندی دۆستایەتییان لەگەڵ سمکۆ دامەرزاند بوو.

لە هاوینی ١٩٢٢ی.ز شەڕی گەورەی شەرکەیازی لەنێوان هێزەکانی سمکۆ و سوپای ئێراندا هەڵگیرسا، هەرچەندە کوردەکان بۆ ماوەیەک خۆیان ڕاگرت، بەڵام لە کۆتاییدا هێزەکانی شمکۆ شکستیان خوراد و ناوچەکەیان دەستی بەسەرداگیرا، سمکۆ پەنای بردە بەر تورکیای داگیرکەر، لە ئەنجامی پەلاماری تورکەکانیش ژنەکەی کوژرا و کۆڕێکیشی بەدیل گیرا، بۆیە ئەمجارە سمکۆ ڕوویکردە باشووری کوردستان ساڵی ١٩٢٣ی.ز لە لایەن شێخ مەحموودەوە پشێوازییەکی شاهانەی لێکرا.

سمکۆ لەسەر دوای ئینگلیزەکان بڕیاریدا بگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی/خۆرهەڵاتی کوردستان، بەو پێیەی ئینگلیز داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە لە سمکۆ خۆشبن، پاش ئەوەی سمکۆ لە هاوکاری ئینگلیز و تورکە کەمالییەکان بێ ئۆمید بوو، ئەمریکاش نەیدەویست تەرازووی هێزەکان لەناوچەکە تێک بچێت، بۆیە ئەم جارەیان سمکۆ ویستی هاوکاری یەکێتی سۆڤیەت مسۆگەر بکات، بەڵام ئەمەشی بۆ جێبەجێ نەبوو، چونکە سۆڤیەت ڕێککەوتننامەی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ هەردوو ڕژێمی داگیرکەری (ڕەزا شای پەهلەوی و مستەفا کەمام ئەتاتورکدا) مۆرد کرد بوو، بۆیە سەرئەنجام لەسەر داواکەی ئینگلیز دەگەڕیتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی/خۆرهەڵاتی کوردستان.

بەڵام کاتێک تێدەگات ڕەزا شا نیازپاک نییە، لە ساڵی ١٩٢٥ی.ز و لە ژێر کاریگەری شۆرشەکانی شێخ سەعیدی پیران کە لە باکووری کوردستانن دژی کەمالییەکان هەڵگیرسا بوو، دەستدەکاتەوە بە شۆڕش، بەڵام ئەمجارەشیان ڕووبەڕووی شکست دەبێتەوە و پەراگەندەی سەر سنوورە دەستکردەکانی (تورکیا-عێراق-ئێران) دەبێت، تاساڵی ١٩٣٠ی.ز ئەو کاتەی پەیامێکی لێبووردنی لە تەورێز/تەبرێزەوە پێدەگات، وێڕای بڕیاری دانانی بە حاکمی ناوچەی شنۆ.

سمکۆ کەوتە هەڵەیەکی سیاسی گەورەوە کە بڕوای بەم بەڵێنی لێبوردنە کرد، چونکە هەر ئەو ساڵە بەهەمان شێوەی جەعفەر ئاغای برای بە پیلانێکی داڕێژراو کوژرا، بە کۆتایی ژیانیشی کۆتایی بە جووڵانەوە سیاسیەکانی هات.

تعليقات