ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران ساڵی ١٩٢٥ی.ز:-

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران ساڵی ١٩٢٥ی.ز:- 

لە یاسای نوێی دەوڵەتی تورکیای کەمالی، تەنها دان بە بوونی نەتەوەیی تورک دادەنرا و سەرجەم نەتەوەکانی تریش بە تورک ناوزێد کرابوون، تەنانەت ناویان لە کورد نابوو (تورکی چیایی-تورکی شاخاوی).

ساڵی ١٩٢٥ی.ز لەماوەی خەریکبوونی بەریتانیا و فەڕەنسا و کۆمەڵەی گەلان بە کێشەی ویلایەتی مووسڵ و دیاریکردنی سنووری کۆماری تورکیای نوێ لەگەڵ ڕژێمی پاشایەتی عێراق دا، شۆڕشێکی گەورەی نەتەوەیی لە باکووری کوردستان لە هەرێمی دیاربکەر و دەورووپشتی دا بە ڕێبەرایەتی شێخ سەعیدی پیران بۆ بەدی هێنانی مافەکانی گەلی کورد لە سەربەخۆیی و ئازادی، هەڵگیرسا، گرنگترین هۆکارەکانی شۆڕش ئەمانە بوون:-

١- شۆڕشەکە مۆرکی نەتەوەییانەی هەبوو، وەک پەرچە کردارێک لە بەرامبەر سیاسەتی پڕ لە ستەم و زۆرداری کەمالییە داگیرکەرەکان درهەق بە گەلی کورد، بەتایبەتی دوای پەیمانی لۆزان (١٩٢٣ی.ز)، کە نکۆڵیان لە هەموو ئەو بەڵێنانە کرد، کە بە کوردیان دابوو، لەوانەش دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد بوو لە تورکیای دەستکردی داگیرکەر.

٢- یاسای نوێی دەوڵەتی تورکیای کەمالی، تەنها دانی بە بوونی نەتەوەیی تورک دادەنا لە تورکیا و سەرجەم نەتەوەکانی تریشی بە تورک دانابوو تەنانەت ناویان لە کورد نابوو (تورکی چیایی-تورکی شاخاوی).

بەمجۆرە زمانی تورکی کرا بە زمانی ڕەسمی دەوڵەت و زمانی کوردی بۆ ماوەی زیاتر لە ٨٠ ساڵ قەدغە کرا، هەموو ئەو یانە و ڕێکخراو و کۆمەڵە و گۆڤارە کوردیانەش کە هەبوون قەدەغەکران.

٣- سیاسەتی ڕاگواستن و دربەدەرکردنی کورد لەسەر زەوی باب و باپیرانیان بۆ خۆرئاوای ئەنادۆڵ واتە (ناوچە تورک نشینەکان) و نیشتەجێکردنی تورک لە شوێنیاندا، هەروەها گرتن و دوورخستنەوە و کوشتنی سەرکردە و تێکۆشەرانی کورد.

٤- ئەو گوشارە ئابورییەی کەمالییە داگیرکەرەکان لە کوردستاندا پیادەیان دەکرد، دەستیان بەسەر بەپیتترین زەویە کشتوکاڵییەکانی کورددا گرت و دەیاندا بە تورکی داگیرکەر، بەمجۆرە تا دەهات جووتیارانی کورد بێ زەوی و بێکار دەمانەوە، بۆیە گرانییەکی گەورە لە کوردستان پەیدا بوو، بەتایبەتیش دوای ڕەوانەکردنی ئەو ژمارە زۆرەی سەربازە تورکەکان بۆ کوردستان بۆ ئەوەی پەیوەندی بارزگانی و ئابووری باکووری کوردستان لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستاندا بپچڕێنن، وێڕای ئەوانەش باج و سەرانەیەکی زۆریان بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاند بوو.

سەرکردە نیشتیمانییەکانی کورد لە ساڵی ١٩٢٤ی.ز کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاراندا لە ڕۆژی جەژنی نەورۆزدا (٢١ی ئازاری ١٩٢٥ی.ز) شۆڕشێک دژ بە سیاسەتی تورکیای داگیرکەر دەست پێبکەن، بەڵام کاتێک هێزێکی کەمالییەکان لە مانگی شوبات دا بە مەبەستی دەست بەسەرداگرتنی کوردستان گەیشتە گوندی پیران (بارەگای شێخ سەعید و شۆڕشگێڕان)، لە ئەنجامدا شەڕ لە نێوان هەردوو لادا دەستی پێکرد و کوردەکان توانیان هێزەکەی تورک بشکێنن.

بەمجۆرە شۆڕش پێش وادەی دیارکراوی خۆی ڕاگەیندرا و لە ماوەی دوو هەفتەدا چەندین شاری گەوەری باکووری کوردستان وەک (خەرپووت، دەرسیم، مووش، ئورفە، مەلاتییە، بینگۆل، مەلاز گرد، پالو) ئازادکردان، دواتر شۆڕشگێڕان ڕوویانکردە ڕزگارکردنی شاری دیاربەکر و دوای شەڕێکی خوێناوی و کوژرانی ژمارەیەک لە هەردوولا، شارەکە ئازاد کرا.

ئازاد کردنی دیاربکەر وای لە ئەنجوومەنی گەورەی نیشتمانی تورکیای داگیرکەر کرد، کۆبوونەوەیەک ساز بدەن بۆ چۆنیەتی لە ناوبردنی شۆڕش، بۆ ئەم مەبەستەش ئەم بڕیارەیاندا:-

١- حوکمی عورفی لە زۆربەی ویلایەتەکانی ( باکووری کوردستان) ڕاگەیاندرا.

٢- ڕەوانەکردنی (٢٥) هەزار سەرباز لە ڕێگای هێڵی شەمەندەفەری سووریا لە باکووری حەڵەب، ئەویش دوای ئەوەی فەڕنسییەکان ڕێگەیان پێدان و هاوکاریان کردن و سنووری ڕۆژئاوای کوردستانیان لەبەردەم واڵاکردن.

٣- ناردنی (٩) تیپی پیادە و (٩) لیوای تۆپخانە و (٣) تیپی سوارە، پێشتریش لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٤ی.ز (٦) تیپی پیادە ڕەوانەی (قارس و سەعرەت و ماردین و میدیات) کرابوو.

٤- بانگهێشت کردنی هەموو ئەو لاوە تورکانەی تەمەنیان لە نێوان (٢٠-٢٨)ساڵیدا بوو بۆ خزمەتی سەربازی.

٥- دامەزراندنی دادگاکانی سەربەخۆیی لە دیاربەکر و ئەنقەرە و شوێنەکانی تر کە هەموو دەسەڵاتێکیان پێدرا بوو لە دەرکردن و جێبەجێکردنی هەر بڕیار و حوکمێک سەبارەت بە خنکاندن و لە سێدارەدانی شۆڕشگێڕان.

٦- عیسمەت پاشا ناسراو بە (عیسمەت ئینۆنۆ) کە دۆستێکی نزیک مستەفا کەمال بوو، لە جێگای فەتحی بەگ کرا بەسەرۆک وەزیران، ئەویش هێزێکی تری مەشق پێکراوی چەکی تازەی خۆرئاوایی ناردە کوردستان، ئەم هێزە لە (٨) تیپ پێکهاتبوو، ژمارەی سەربازەکانی لە (٢٥) هەزار سەرباز زیاتر بوو، لەگەڵ هەشت فڕۆکەی جەنگی.

دوای چەندین شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی شۆڕشگێڕانی کورد بەرامبەر لەشکری گەورەی تورک، سەرنجام بنکەی شۆڕشگێڕان لە (دارەخان) دەستی بەسەرداگیرا و شێخ سەعید و دکتۆر فوئاد و هاوڕێکانیان بە دیل گیران و هەرهەمان ساڵ (١٩٢٥ی.ز) دوای دادگاییەکی ڕووکەش لەشاری دیاربەکر لە سێدارەدران.

وێڕای ئەو هەموو ئامادەباشی و هەنگاوانەی ئەنجوومەنی نیشتمانی تورکیای داگیرکەر گرتییە بەر بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشەکە و هەروەها هاوکاری و پشتگیری دەوڵەتانی فەڕنسا و بەریتانیا و سۆڤیەت بۆ کەمالییەکان، کەچی چەند هۆکارێکی تریش کە پەیوەندی بەکورد خۆیەوە هەبوو ڕۆڵی گرنگیان لە سەرنەکەوتنی شۆڕشەکەدا بینی، لەوانەش:

١- شۆڕش بەر لە لە وادەی دیارکراوی خۆی بەرپا بوو، بەمەش بەرنامە و پلانی شۆرشەکە تێکچوو.

٢- زۆربەی سەرکردە سەربازییە کوردەکان، بەر لە هەڵگیرسانی شۆڕش لە لایەن کەمالییەکانەوە دەستگیر کران، بەمەش شۆڕش لە زۆربەی کادیر و شارەزایانی بێبەش کرا.

٣- زۆربەی ئەوانەی سەرکردایەتی شۆڕشەکەیان دەکرد، شارەزاییەکی ئەوتۆیان لە هونەری شەڕ و نهێنییەکانی شۆڕش و نەخشە دانانی ڕزگارکردنی شارە گەورەکان و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو شارانەیان نەبوو.

٤- خیانەتی چەند سەرۆک عەشیرەتێک و پەیوەندی کردنیان بە کەمالییەکانەوە، دانیشتوانی چەند شارێکیش نەهاتنە پاڵ شۆڕش و دوورە پەرێز وەستان، ئەمەش بەهۆی پڕوپاگەندەی کەمالییەکان بوو کە دەرحەق بە شۆڕش و سەرکردە کوردەکان ئەنجامیان دەدا، ناوناتۆرەی خراپیان دەدانە پاڵ و بە کۆنەپەرست و بەکرێگیراویان ناوزێد دەکردن، هەروەها وایان بڵاو کردبووەوە کە شۆڕشەکە بەفیتی دوژمنانی دەرەوە هەڵگیرساوە.

بەڵام ڕاستییەکەی ئەمانە جگە لە پڕوپاگەندەی تورکە کەمالییە داگیرکەرەکان هیچی تر نەبوون، چونکە لە کاتی داگیرکردنی سەرکردەکانی شۆڕش هەموو ئەم پڕوپاگەندانەی کەمالییەکان بۆ شۆڕش و سەرکردەکانی شۆڕشیان هەڵبەستبوو، بە درۆ خرانەوە.

تعليقات