ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ شۆڕشی ئاگری داغ (ئارارات) ١٩٢٧-١٩٣١ی.ز:

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ شۆڕشی ئاگری داغ (ئارارات) ١٩٢٧-١٩٣١ی.ز:


 پاش سەرکوتکردنی شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران، کەمالییە داگیرکەرەکان توندتر لە جاران دەستیان دایە سیاسەتی ڕاگواستنی کورد و بە زۆرکردن بە تورک و تواندنەوەی کورد.

بۆیە ڕۆشنبیران و نیشتیمانپەروەرانی کورد بە یەکخستنی دەنگیان و وەستانەوە لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە پڕ لە ستەمە نەتەوەییەی کەمالییە داگیرکەرەکان دەیکەن بەرانبەر بە کورد لە باکووری کوردستان، ساڵی ١٩٢٧ی.ز لە ناوچەی (بیحەمدون) لە لوبنان کۆنگرەیەکیان بەست و تێیایدا بڕیاری دامەزراندنی کۆمەڵەی (خۆیبون)درا.

خۆیبون بڕیاریدا چیای ئاگری داغ لە باکووری کوردستان بکرێتە مەڵبەندی هەڵگیرسانی شۆڕش دژی کەمالییەکان و سەرکردایەتی شۆڕشەکەش بە جەنەراڵ ئیحسان نووری پاشا سپێردرا، کە ئەفسەرێکی کورد بوو لە سوپای عوسمانی داگیرکەر و خەڵکی شاری بەدلیس بوو.

لە ٢٨ تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٢٧ی.ز سەربەخۆیی کوردستان لە چیای (ئاگری داغ)ەوە ڕاگەیەندرا و ئاڵای کوردستان هەڵکرا، دوای ئەوەی پارتیزانانی کورد بە سەرۆکایەتی ئیحسان نووری پاشا توانیان ناوچەکە ئازاد بکەن، بیسڕنەوە لە سەربازانی تورک.

دواتر هێزەکانی تورکی داگیرکەر لە هەموو لایەکەوە پەلاماری ئەو ناوچە سەختەی کوردستانیاندا، بەڵام کوردەکان زەبرێکی کوشندەیان لێوەشاندن و زیانی سەدەها کوژراو و بریندار و دیلیان لێدان، وێڕای خستنە خوارەوەی (١٢) فڕۆکە جەنگی، دەست بەسەرداگرتنی (٦٠) ڕەشاش و (٦٠) تۆپ و (٥٠) مەترە لۆزو (١٥٠) چادر و (٣)هەزار تفەنگ/چەک و (٥٠) بار خاروبار/ئازوقە، زیاتر لە (٤) هەزار سەربازیش لە ڕیزەکانی سوپای تورکدا ڕایانکرد، بەمجۆرە ناوچەیەکی فراوان لە (وان و ئاگری و ئیغدیر و بایەزید و قارس و مووش) کەوتە دەست شۆڕشگێڕانی کورد.

کاتێک حکوومەتی تورکیا سەیری کرد بینی تەنها دوو فەیلەقی (٧،٨) و پاشماوەی چەند فەیلەقێکی تر لەناوچەکە مابوونەوە، بۆیە بڕیاریدا، لەدایکبووانی ساڵانی (١٩٠١-١٩٠٦)ی.ز بۆ خزمەتی سەربازی بانگهێشت بکات، هەروەها تورکەکان درۆیەکی گەورەیان کرد و ڕایانگەیاند کە ئەم هێزانەیان بۆ لێدانی دز و چەتە و ڕێگرەکانە کە لە دیوی سنووری (ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە) دزەیان کردووە و هاتوونەتە نێو سنووری (باکووری کوردستان)ەوە.

دوای ئەوەی هێرشێکی بەربڵاوی تورکی داگیرکەر دەستی پێکرد، هەرچی گوند و کێڵگەی کشتوکاڵی هاتە سەر ڕێیان ئاگریان تێبەردا و سووتاندیان، بەڵام بەمەش نەیانتوانی بەسەر شۆڕشگێڕاندا زاڵ بن.

بۆیە دواجار کەمالییەکان پەنایان بردە بەر حکوومەتی ڕەزا شای گۆڕبەگۆڕی پەهلەوی لە ئێرانی داگیرکەر و ئەویش ڕەزامەندی خۆی لەسەر بەکارهێنانی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەلایەن تورکەکانەوە پیشاندا، بۆ لێدان و گەمارۆدانی شۆڕشگێڕان، بەمجۆرە دوای شەڕێکی نابەرامبەر و دەستەویەخە، هێزەکانی تورک لە هەموو لایەکەوە گەمارۆی بنکەی شۆڕشگێڕانیان لە چیای (ئاگری داغ)دا داو داگیریان کردەوە و خەڵکێکی زۆریشیان کوشت.

تعليقات