بەشی پەنجا و یەکەمی ئەدەب، سەرەتای ڕۆمان نووسین لە ئەدەبی کوردیدا؛ قۆناغی گەشەسەندن:

دیارە ڕووداوی سیاسی و باسی خەباتی ڕەوای کورد، ژیانی پێشمەرگایەتی نێو شاخ و داخی کوردستان بووە هەوێنی چاو هەڵهێنانی ئەم بەرهەمە تازانە.


ئەم قۆناغە لە ساڵانی هەشتای سەدەی بیستەم دەست پێ دەکات کە دوو دیاردەی ئاشکرا دەبیندرێت.
١- ژمارەی ڕۆمانی خۆماڵی نووسرا بە زمانی کوردی زیاتر دەبیندرێت لە چاو قۆناغەکانی پێشوو.
٢- هەروەها ژمارەی ڕۆمانی وەرگێڕاو لە زمانی بێگانە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
ئەم دوو دیاردەیە لەم سەردەمەدا دوو دیاردەی دڵخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی ببنە ڕێگا خوشکەر بۆ گەشەسەندنی ڕۆمان لە زمانی کوردی لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕین.
بۆ نموونە “حسێن عارف” لە ساڵانی هەشتا هەردوو ڕۆمانی “شار” و “ئەندیشەی مڕۆڤێک”ی چاپکرد، “عەریزی مەلا ڕەش”یش ” کوێخا سێوێ” و “غەوارە” خەسرو جاف ” کۆردەرە” و “هیچ”ی چاپکرد.
لە شاخیش دوور لە سانسۆری حکوومەت “محەممەد موکری” ڕۆمانەکانی “سەگوەڕ” و “تۆڵە” و “هەرەس”ی بە دوو بەرگ چاپکرد، “حەمە کەریم عارف”یش “کۆچی سوور”ی چاپکرد.
لە ئەورووپاش بەتایبەتی لە سوید هەندێک ڕۆمان بە زمانی کوردی چاپکران لەوانە ڕۆمانی” مرنا کاڵەکەی ڕەند” و “هاوارا دیجلەیێ” محەممەد ئۆزۆن بە دیالێکتی کرمانجی ژووروو (سەروو).
دیارە ڕووداوی سیاسی و باسی خەباتی ڕەوای کورد، ژیانی پێشمەرگایەتی نێو شاخ و داخی کوردستان بووە هەوێنی چاو هەڵهێنانی ئەم بەرهەمە تازانە.
زمانی ڕۆمانەکەش پاڕاوتر و پوختتر و چڕتر کراونەتەوە ئەمە لەپاڵ دیاردەی بایەخدان بە شێوازی ناوچەیی جوتیاران لەم ڕۆمانانەدا هەروەها باس لە کێشەی گوند نشینەکان دەکەن وەکوو ڕۆمانەکانی عەزیزی مەلار ڕەش.
ئەگەر چی لەم قۆناغانەشدا شێوازی گێڕانەوە بە زۆربەی ڕۆمانەکانەوە دەبیندرێت هەست بەوەش دەکرێت کە ڕۆمان نووسەکان بایەخیان بە تەکنیکی نوێ و مۆنۆلۆج داوە سەرکەوتووانەش بەکاریان هێناون.
دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەم قۆناغە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی کە ڕۆمانی کوردی لە قۆناغی نەوەدەکان زۆر زیاتر پێشبکەوێت، گەشەسەندنێکی وا بەخۆیەوە ببینێت کە هەرگیز گەشەسەندنی وای بە خۆیەوە نەبینێبێت.
لەپاڵ ئەم ڕۆمانە کوردییانەدا کۆمەڵێک ڕۆماننووسی کورد هەن کە بە زمانی بێگانە ڕۆمان دەنووسن بە ڕەچەڵەکیش کوردن و ناوبانگی جیهانییان هەیە وەک “یەشار کەمال” کە بە تورکی دەنووسێت و هەندێک لە ڕۆمانەکانی کراون بە کوردی وەک ” ئەفسانەی چیای ئاگری” و ” حەمەدۆک” بە چوار بەرگ “کاریتە” و هی تر… (سەلیم بەرەکات) بە عەرەبی دەنووسێت کە کوردێکی رۆژئاوای کوردستانە وەک ڕۆمانەکانی “پەڕ” و “دڵشاد” کە کراون بە کوردی یان (ئیبراهیمی یونسی) کە بە فارسی دەنووسیت کە ڕۆمانی “دایکم دوو جار گریا’ کراوە بە کوردی ئەم ڕۆمانەی دەربارەی کارەساتی ئەنفالکردنی گەلی کوردە لەلایەن ڕژێمی بەعسی دڕندەوە، هەروەها، عەبدولمەجیدی لوتفی) کە ئەویش بە زمانی عەرەبی ڕۆمانی دەنووسییەوە وەک ڕۆمانی “پێشبینی لێزانە قەرەجەکان” کە کراوە بە کوردی لەلایەن شکور مستەفا.
ئەگەر چی ئەم ڕۆمانانە لە ڕووی زمانەوە بە کوردی دانانرێن بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکەوە بەشێکی زۆریان باسی ژیان و خەباتی ڕەوای گەلی کورد دەکەن.

بەشی پەنجا و یەکەمی ئەدەب، #سەرەتای #ڕۆمان #نووسین لە #ئەدەبی #کوردیدا؛ #قۆناغی #گەشەسەندن: دیارە ڕووداوی سیاسی و باسی خەباتی ڕەوای کورد، ژیانی #پێشمەرگایەتی نێو #شاخ و #داخی #کوردستان بووە هەوێنی چاو هەڵهێنانی ئەم بەرهەمە تازانە.

تعليقات