بەشی دووازدەیەمی ئابووری؛ یەکەم؛ داهاتی نەتەوەیی و بارگۆڕانی ئابووری؛ ئەو هۆکارانەی ئاستی داهاتی نەتەویی دیاری دەکەن:
ئەگەر لە وڵاتێکی دیاریکراودا ئاوی زۆر و زەوی کشتووکاڵی بوونی هەبێت، ئەوە مانای ئەوەیە کە توانای پەرەپێدانی ئابووری لە وڵاتە ئاسانتر دەبێت.
ئاستی داهاتی نەتەوە و ڕادەی پەرەسەندنی پشت دەبەستێت بەم هۆکارانەی خوارەوە:
١. بڕ و جۆری دەرامەتە ئابوورییەکان:
بڕ و جۆری دەرامەتە ئابوورییەکان ( سرووشتی و مرۆیی) بە گرنگترین هۆکار دادەنرێن لە دیارکردنی ئاستی داهاتی نەتەوە و توانای پەرەسەندنی، چونکە ئەگەر لە وڵاتێکی دیاریکراودا ئاوی زۆر و زەوی کشتووکاڵی بوونی هەبێت، ئەوە مانای ئەوەیە کە توانای پەرەپێدانی ئابووری لە وڵاتە ئاسانتر دەبێت لە چاو دەوڵەتێک کە زەوییەکانی لەبار نەبێت بۆ کشتوکاڵکردن.
٢. شارەزایی هونەریی:
شارەزایی هونەری و ڕادەی کەڵک وەرگرتن لە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا بووە بە دیارترین هۆکار لە دیارکردنی داهاتی نەتەوە و خێرا پەرەسەندنی، چونکە ئەو لێکۆڵینەوانەی لە دەوڵەتە پێشکەوتووەکاندا ئەنجام دراون ئەوەیان دووپات کرووەتەوە کە وەبەرهێنان لە سەرمایەی مرۆییدا هۆکارێکە بۆ زیادکردنی بەرهەمێهنان و پەرەپێدانی ئابووری.
هەر بۆیە نزمی ئاستی شارەزایی هونەریی لەو گرفتە سەرەکییانەیە کە ڕوبەڕووی دەوڵەتە پێنەگەیشتووەکان دەبێتەوە لە کاتی هەوڵدانیان بۆ زیادکردنی بەرهەم و بەرهەمداریی و بەرزکردنەوەی ئاستی گوزەرانی گەلەکانیان.
٣. سەقامگیری ڕامیاری (سیاسی):
ئەزموونی زۆربەی دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەکان ئەوەیان سەلماندووە کە سەقامگیرنەبوونی باری ڕامیاری (سیاسی) یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانە کە دەبێتە کۆسپ لەبەردەم پەرەسەندی ئابووریەکەیان، چونکە سەقامگیر نەبوونی باری ڕامیاری (سیاسی) دەبێتە هۆ شلەژانی چالاکییە ئابوورییەکان و بێ هێزی و لاوزی هاندەر بۆ وەبەرهێنان، بەتایبەتیش لە کەرتی تایبەتی کەدەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و گەشەکردنی ئابووری.
٤. ڕامیاری ئابووری (ئابووری سیاسی):
میری لە ڕێگەی ڕامییارییە ئابوورییەکانی (دارای-نەختینەیی-بازرگانی) ڕۆڵێکی گرنگ لە زیادکردنی داهاتی نەتەوەیی و هاندان و ئاراستەکردنی وەبەرهێنان بۆ کەرتە جیاوازەکانی ئابووری دەبینێت کە لەگەڵ هێنانەدی ئاواتەکانی کۆمەڵگە و خوشگوزەرانییاندا بگونجێت.
٥. ئاستی خستنەگەڕی بنەماکانی بەرهەمێهنان:
بەرهەمی نەتەوەیی کۆمەڵگە ناگاتە ئەوپەڕی قەبارەی بەرهەمهێنانی خۆی، ئەگەر ئاستی خستنەگەڕی هۆیەکانی بەرهەمێنان کەمتر بێت، لە ئاستی خستنەگەڕی تەواوەتی خۆی، ئەمەش مانای بەفیڕۆدان و فەوتاندنی دەرامەتە ئابورییە ڕەخساوەکانە، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی لەدەستدانی دەرفەتی پێشکەوتن و پەرەسەندنی ئابووری.
Comments
Post a Comment