خەوننامەی کوردی، بەشی بە؛ بزن:

خەوننامەی کوردی، بەشی بە؛ بزن:


ئیبن سیرین دەڵێت: بزن لە خەودا، نیشانەی پیاوێکی گەورەیە و بزنی مێیەش نیشانەی ژنێکی گەورەیە.

ئەگەر بینی بزنێکی نەناسراوی کوشت، واتە بەسەر پیاوێکی گەورەدا زاڵ دەبێت.

ئەگەر پێستی بزنی کەوڵ دەکرد، واتە ماڵ و سامانێکی زۆری لێدەستێنێت و خەرجی دەکات.

ئەگەر بینی لە گۆشتی بزنەکەی خوارد کە کوشتوویەتی، واتە ماڵ و سامانی پیاوێکی گەورە دەخوات.

ئەگەر بینی سواری پشتی بوو و بۆ هەموو شوێنێکی ڕاودەنا، واتە فێڵ لە پیاوێکی گەورە دەکات و چۆن بییەوێت، هەڵیدەسووڕێنێ.

ئەگەر بزنەکە، ئەوی لەسەر پشتی خستە خوارەوە، واتە ئەو پیاوە گەورە، لە پێگە و پلە و پایەی دەخات.

ئەگەر بینی هەردوو شاخی (قۆچی) بزنەکە شکا، واتە ڕێگری لە کاری پیاوەکە دەکات.

ئەگەر بینی شاخەکانی (قۆچەکانی) بزنەکە درێژ بوون، یان ژمارەی شاخەکانی زیاد بوون، واتە لە کارەکەی خۆی بەرەوپێش دەچێت و بەهێز و زاڵ دەبێت.

ئەگەر تووکی بزنەکە زۆر ببوو، واتە ماڵ و سامانەکەی زۆر دەبێت.

ئەگەر خوریەکەی لێکردەوە بۆخۆی، واتە هێندەی خوریەکەی، ماڵ و سامان لە منداڵەکەی دەستێنێ.

ئەگەر بینی بزنی مێیەی دیتەوە، یان کەسێک پێی بەخشی، واتە ژنێک دەخوازێت.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێت: ئەگەر بینی بزنە مێچکەیەکی دەدۆشی و شیرەکەی دەخوارد، واتە لەلایەن ژنێکەوە ماڵ و سامانی وەچنگ دەکەوێت.

ئەگەر بزنە مێچکەکەی کوشت و گۆشتەکەی خوارد، واتە لەلایەن ئەو ژنەوە خواستەکانی بەدی دێن.

ئەگەر بینی بزنە مێینەکەی کوشت و مەبەستی لە بەدەستهێنانی گۆشتەکەی نەبوو، واتە ژنێک مارە دەکات، بەڵام سوودی لێ نابینێ.

ئەگەر بزنی مێینە لە ماڵەکەی چووە دەرەوە، واتە ژنەکەی تەڵاق دەدات.

ئەگەر ڕانە بزنی لە ماڵەکەی، یان لە شوێنێکی تردا بینی و زانی کە هی خویەتی، واتە بە ئەندازەی ئەو ڕانە بزنە، ماڵ و نیعمەت و دەستکەوتی بە دەست دەکەوێت.

ئەگەر ڕانە مەڕ و مێگەلی مەڕی لە بیاباندا دەلەوڕاند و بۆ هەرکوێ دەیویست، دیبردن، واتە لە ویلایەتێکی عەرەب یان عەجەمدا دبێتە حاکم و فەرمانڕەوا.

جابری مەغریبی دەڵێت: ئەگەر بینی لە گۆشتی بزنی مێیەی دەخوارد، واتە نەخۆش دەکەوێت و زووش چاک دەبێتەوە و پێست و خوری و شیری بزن لە خەودا، خێر و بەرەکەتی سامان و داراییە، کە پێی دەگات.

ئەگەر کارژۆڵەیان پێدا، یان دۆزیەوە و یانیش کڕی، واتە منداڵکێکی پیرۆزی لە دایک دەبێت.

ئەگەر کارژۆڵەی کوشت، واتە منداڵەکەی دەمرێت.

ئەگەر گوشتی کارژۆڵەی خوارد، واتە هەندێک لەماڵ و سامانی منداڵەکەی دەخوات.

ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێت: بزنی نێرە لەخەودا، پێشڕەوی لەشکرە.ئەگەر بینی بزنی نێرەی دۆزیەوە و سواری پشتی بوو، واتە ئەو پیاوە دەبێتە پێشڕەوی لەشکر.

ئەگەر بینەری خەوەکە کەسی ئاسایی بوو، ئەوا ئەو کەسە لەگەڵ پێشڕەوی لەشکر، نێوانیان خۆش دەبێت و دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو دەبێت.

هەروەها دەفەرمێت: لە پێغەمبەر دروودی خوای لەسەر بێت، بیستم کە دەیفەرموو: هەرکەسێ بەچکە بزنی لە خەودا بینی کە دەیکڕی و دەیبردەوە بۆ ماڵی خۆیان، واتە تا چل ساڵ هەژاری لێ دوور دەکەوێتەوە.

بینینی بزن فرۆش لە خەودا، پیاوێکە کە پیاوان و ژنان پێکەوە کۆ دەکاتەوە و پێکیان دەگەینێت.

کرمانی دەبێژێت: بینینی بزنی مێیە و خواردنی گۆشتەکەی لە خەودا، نیشانەی کۆکردنەوە ماڵ و سامانە، هەندێ لە لێکدەرەوانی خەویش دەڵێن: دەبێتە خاوەنی ماڵ و سامانێک، کە کۆی دەکاتەوە.

جابری مەغریبی دەڵێت: بینینی بزنی مێیە و خواردنی گۆشتەکەی، ئەگەر تامەکەی خۆش بوو، نیشانەی خێر و قازانج و چاکەیە، ئەگەر تامەکەی ناخۆش بوو، نیشانەی خەم و مەینەتییە.



تعليقات