بەشی پەنجا و سێیەمی ئەدەب، میر شەرەفخانی کوڕی میر شەمسەدینی بەدلیسی ڕۆژەکی؛ لە دایک بووی ((١٥٤٣-١٦٠٣ یان ١٦٠٤))ی.ز:

شەرەفخانی بەدلیسی سیاسەتوان و مێژوونووسی ناوداری کورد و خاوەن کتێبی مێژوونامەی شەرەفنامەیە.


شەرفخانی بەدلیسی گەورەترین ڕووناکبیر و نووسەری سەردەمی خۆیەتی، بە نووسینی شەرەفنامە زانیاریی لەمەڕ جوگرافیا و ژیانی ڕامیاری و دەسەڵاتی کورد و زمان و ڕووە ھەمەجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردیی ئەو دەمە تۆمارکردووە.
شەرفخان کوڕی شەمسەدینی بەدلیسی لە ٢٥ی شوباتی ١٥٤٣ لە گوندی گەرمەڕووی سەر بەشاری (قوم)ی ژێر دەسەڵاتی سەفەویدا لە دایکبووە.
لە دیوەخانی شا تەھماسپی یەکەم لە ساڵی ١٥٤٣ تا ١٥٧٦ لەگەڵ کوڕەکانی ئەودا ژیاوە.
لە ٩ ساڵیدا لەگەڵ شازادان لە کۆشکی تەهماسبی سەفەوی بۆ ماوەی سێ ساڵان خوێندوویەتی، لە ١٢ ساڵیدا لەسەر داواکاری هۆزەکەیان کراوە بە میر چونکە باوکی گوشەگیریی هەڵبژاردووە.
ناردراوەتە سەر سالیان و مەحموود ئاباد لە لای شیروانانەوە، پاش ماوەیەک چووەتە لای خاڵی بە ناوی محمەممەد بەگ کە حاکمی هەمەدان بووە و لە هەمەدان چەند ساڵێک ژیاوە و کچی خاڵی مارە کردووە، سێ ساڵیش لە هەمەدان ماوەتەوە.
لە هەرای سوڵتان بایەزیدا کە پەنای بە شای ئێران هێنابوو، باوکی کرایەوە میر و دەسەڵاتیان دایە دەستی بابی شەرەفخانەوە، دوای چەند ساڵێک دیسان باوکی میراتگری خۆی دایە دەستی کوڕی خۆی.
شەرەفخان بۆ ماوەی دوو ساڵ هەمیشە وەک یاوەر ڕاوێژکاری شای بوو و لێی جیا نەدەبووەوە، بە لەشکر ناردیانە سەر ئەحمەد خانی (بیە)وە و سەرپەرشتی ئەو شوێنەی پێ سپێردرا.
سوڵتان هاشمی حاکمی گەیلان بە ١٨ هەزار سوارەوە هێرشی بردە سەر شەرفخان کە لە چوارسەد و پەنجا سوار پتری نەبوو.
شەرفخان لەشکری گەیلانی شکاند و سێ منارەی لەسەریان بەرزکردەوە و گەیلانی دەستبەسەر کرد و لە پاشان لەسەر خواستی خۆی چووە شاری قەزوین، دیسان لەسەر خواستی خۆی ناردوویانەتەوە وڵاتی شێراوان و ناوچەکانی دەورووبەری وەک، تەرکات و ئەرش و ئاق داش و قەباڵە و باکۆ و کەناراوی دراوەتێ کە خۆی و هۆزەکەی لەوێدا بژین.
شا ئیسماعیلی سەفەوی ساڵی ١٥٧٦ پایە و نازناوی میری میران دەبەخشێتە شەرەفخان و دەیکاتە سەرۆکی ھۆزی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە پاش هەشت مانگ لەوێ بووە، شاه تەهماسب مردووە و ئیسماعیل میزا شەرەفخانی ناردووە و بردوویەتیە قەزوین و کردوویەتی بە میری کوردستان و لوڕستان و گۆران و هەر کوردێک کاری بەشای سەفەوی بووایە لە ڕێگەی میرشەرەفەوە دەبوایە پەیامەکەی خۆی بگەیاندبا.
دوایی شایان لێی ڕەنجادووە و شا شەرەفخانی ناردووەتە نەخچەوان…
ساڵێک و چوار مانگ حاکمی نەخچەوان بووە، سوڵتان مورادی سێیەم بەهۆی خوسرە و پاشای میری میرانی وان، نامەی لێخۆشبوونی بۆ شەرەفخان ناردووە و شەرەفخانیش گەڕاوەتەوە بەدلیس بۆ شوێنی باو وباپیرانی، ناوچەی مووش و چەند جێگەیەکی تری بۆ خراوەتە سەر بەدلیس و ساڵانە ٤١٠ هەزار ئاقچەی لە لایەن عوسمانییەکانەوە پێدراوە.
خۆی دەڵێ: ئەمڕۆکە دوامین ڕۆژی مانگی قوربانی ساڵی ١٠٠٥ی کۆچی بەرامبەر بە ١٥٩٦ی ز، لە سایەی سەری سوڵتان محەممەد خانەوە فەرمانڕەوای بەدلیسم و کاروباری خۆم داوەتە دەست شەمسەدینی کوڕم ، میر شەرفخان لە ساڵی ١٠٠٥ کۆچی ١٥٩٦ زایینیدا تەواو بوو لە دانانی پەرتووکی شەرەفنامە، ئەو کتێبەی کە باسی میرەکانی کوردی تێدا کراوە.
لە کانوونی دووەمی ١٥٧٨ لە جەنگی نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکان دا پشتی سەفەوییەکان بەردەدات و لایەنگری عوسمانییەکان دەکات بەخۆی و ٤٠٠ چەکدارەوە دژ بە سەفەوییەکان دەوەستێ و سەرکردایەتی عوسمانییەکان دەکات، لە ساڵی ١٥٨٩ سوڵتان مورادی سێیەم دژ بە سەفەوییەکان پایە و نازناوی خان دەبەخشێتە شەرەفخان و دەیکاتە میری ویلایەتی بەدلیس.
لە ساڵی ١٥٩٠ واتا لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا پێشڕەوی فەرمانڕەوایی خۆی دەداتە دەست کوڕەکەی خۆی واتە شەمسەدین بەگ.
لە ساڵانی ١٥٩١ تا ١٥٩٢ دەست دەکات بە نووسینی شەرەفنامە و لە ٤ی ئابی ١٥٩٦-١٥٩٧ لە نووسینی شەرەفنامە تەواو دەبێت و پوختەی نووسینەکانی لە دوادوای ساڵی ١٥٩٧دا کۆتایی پێدێنێت.
میر شەرەفخان لە ساڵی ١٠١٢ی کۆچی دا بەرامبەر بە ١٦٠٣ یان ١٦٠٤ کۆچی دوایی کردووە.
بەساڵنامەی زایینی ٦٠ ساڵ ژیاوە و بە ساڵنامەی کۆچیش ٦٣ ساڵ ژیاوە.
شەرەفنامە گەلێ بابەتی سەرەکی و گرنگی گرتووەتەخۆ وەکوو ئەمانەی خوارەوە:
حکوومەتە کوردییەکانی مەڕوانی و حەسنەوی و فەچلەوی و ئەیووبی.
حاکمە کوردییەکانی پشتاوپشت حوکمڕانیان کردووە.
ئەو حاکمە کوردانەی پارەیان لێداوە و وتاریان بەناو خوێندراوەتەوە.
جگە لەمانەش بە دوور و درێژی باسی حکوومەتی بتلیسی-بەدلیسی کردووە.
ئەم پەرتووکەی شەرفنامە لە کۆنەوە گرنگییەکی زۆری پێدراوە لە ساڵی ١٩٧٨ی کۆچی بەرامبەری ١٦٦٧ی زایینی لە زمانی فارسیەوە لەلایەن شامی ناوێکەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی تورکی و لەدواییدا “ولیامینۆف”ی ڕووسی کردوویەتییە ڕووسی و بە چاپی گەیاندووە و “کارمۆی” مێژوونووسی فەڕەنسیش کردوییتەتیە فەڕەنسی و لە میسریش مێژوونووسی کورد لە چلەکانی سەدەی رابردوو بە فارسی چاپی کردووە و مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی لە ساڵی ١٩٥٣دا بە پەراوێزی بەنرخەوە کردوویەتییە عەرەبی و بە چاپی گەیاندووە، دواجاریش ھەژار موکریانی بە پەراوێزو پێشەکیەکی درێژەوە کردوویەتییە کوردی و لە ساڵی ١٩٧٢دا لەچاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد لە بەغدا لە چاپ دراوە.
بەشی پەنجا و سێیەمی #ئەدەب، #میر #شەرەفخانی #کوڕی میر #شەمسەدینی #بەدلیسی ڕۆژەکی؛ لە دایک بووی ((١٥٤٣-١٦٠٣ یان ١٦٠٤))ی.ز: 
شەرەفخانی بەدلیسی #سیاسەتوان و #مێژوونووسی ناوداری #کورد و خاوەن #کتێبی #مێژوونامەی #شەرەفنامەیە.

تعليقات